ئایا شۆڕشی ئۆكتۆبەر چی بۆ ژنان پێبوو؟

ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشدا

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

شۆڕشی ڕووسیا نەك تەنها ژیانی ژنانی گۆڕی، بەڵكو هەروەها لێدانێكی كوشندەش بوو لە سێكسیزم كە تا ئەو ڕۆژگارە هەرگیز هاوشێوەى ئەمە ڕووینەدابوو، تەنانەت تا ئەمڕۆش مەسەلەى تەڵاق، لەباربردن، كرێی ژنان، سێكسیزم، LGBT، نەك تەنها وەك ئەوەى پێیدەڵێن جیهانی سێیەم و ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نەكراوە، بەڵكو لەجیهانی سەرمایەداریی نیۆلیبراڵیشدا بەڕێژەى بەرچاو ماوەتەوە؛ تا ئەمڕۆش ژنان بەشێوەیەكی بەرچاو دەكەونە بەر هێرشی سێكسیزم و چەوساندنەوە و هەموو بەرهەم و لێكۆڵینەوەى بیرمەندانی ئەم بوارە تا ئەمڕۆ دەریدەخەن، جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریی، ئەم سیستەمە قەیرانەكانی چارەسەر نەكردووە.

لە سان پیترزبۆرگ لە ڕۆژی جیهانیی ژنان، لە 1917دا، شۆڕشی ڕووسی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەستیپێكرد. 7 هەزار ژنی كرێكار لە كارگەكانی ڕستن و چنین لەبەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا ڕژانە سەر شەقامەكانەوە. كرێی خراپ، ناڵاندن بەدەست برسێتییەوە و شەكەتیی و ماندووێتیی، بەبێ هیچ جۆرە خۆراكێك بۆ ماوەى چەند ڕۆژ لە هۆكارەكانی ڕژانی ژنان بوون بۆ سەر شەقامەكان.

لە 23ی شوبات، ڕۆژی ژنان، مانگرتن لەلایەن زۆرینەى كرێكارانی كارگە و كۆمپانیاكان دەستیپێكرد و ڕاگەیەنرا و وەك ڕەشەبا بە هەموو وڵاتدا بڵاو بووەوە. ژنان تەواو ببوونە خەباتگێڕ، نەك تەنها ژنانی كرێكار، بەڵكو هەروەها جەماوەری ژنان خەباتیان بۆ نان و سوتەمەنی كرد. دەستیانكرد بە بەستنی كۆبوونەوە و خڕبوونەوە سیاسییەكان، هەرەزۆری ئەم كۆبوونەوانەش لە شەقامەكاندا ئەنجام دران، بەرەو دومای ڕووسیا بەڕێكەوتن، هاتوچۆی ترامەكانیان وەستاند. و هاواریان كرد: هاوڕێیان وەرنەدەرەوە! بەجۆش و خرۆش و بە تەعەجوبەوە هاواریان دەكرد. شار خرۆشابوو، هەوای ڕاپەڕین وەك جەژن وابوو، تەنها لەوەى كەم بوو یاری ئاگرینە بەئاسماندا بڵاو بكرێتەوە. ژنان شۆڕشێكیان بەرپا كرد زیاتر لە سەمایەكی جوانیناسانە و فەلسەفەى ئێستێتیك دەچوو تا لە شۆڕشێكی جەماوەری. لەخۆوە نەبوو لینین هێندە بەجوانی ناوی لە شۆڕش نابوو: “فیستیڤاڵی چەوساوەكان”. ئەوان چوونە بەردەم كارگەكان و داوایان لەهاوسەر و كوڕ و خزمانی خۆیان كرد بێنە دەرەوە و ئامرازەكانیان بەدەستەوە بگرن و ئامادە بوون. هەر ئەوە بوو، ڕۆژی جیهانیی ژنان، گەورەترین سەركەوتن بوو لە هەڵگیرسانی ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕیدا.

دەمەوئێوارە، ژمارەى مانگرتووان 90 هەزاری تێپەڕاند، و هاواری “نان” تێكەڵی خواستگەلێكی دیكە بوو: “بڕوخێ ستەمكاریی”، “كۆتاییهێنان بەجەنگ” و “هەرئێستا ئاشتیی”. لە ڕۆژی سێیەمدا، بزووتنەوەى مانگرتووان بەرەو مانگرتنی جەماوەریی و سەرتاسەریی هەڵكشا. سەربازان یەكە یەكە دەردەكەوتن بەبێ ئەوەى تەقە لە مانگرتووان بكەن. قەیسەر لەوبەرەوە ناچار دەكرا دەستبەرداری دەسەڵات بێت و حكومەتی كاتیش دەستی بەكارەكانی كرد.

هەلومەرجی ژیانی ژنان – كە بەشێكی ستەملێكراوترین و سەركوتكراوترین تاكەكانی ڕووسیای قەیسەریی بوون – بەهۆى شۆڕشەوە، گۆڕان و وەرچەرخانی تەواوی بەسەردا هات. خەڵك هەموویان سوودیان لە بەپیشەسازیبوون – كە لەڕێگای بەنیشتمانیكردنی پیشەسازییەكان و پلاندانانی سەنتڕاڵەوە هاتبووە ئارا – وەردەگرت. بەڵام هەروەك كەیت میلێت لە كتێبەكەیدا، سیاسەتی ڕەگەزیی، ئاماژەى پێدەكات، تەنها دوای ماوەیەكی كورت لە شۆڕشی ڕووسیا، سیاسەتە پێشڕەوییە سەرەتاییەكانی دەوڵەتی سۆڤێت بۆ ئازادیی ژنان، تەواو وەرچەرخا و گۆڕانی بەسەردا هات. بۆیە دەنووسێت:

“پێشكەوتنەكانی ژنان لەمیانەى مانگەكانی دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917 – وەك لەباربردنی خۆڕایی بۆ ئەوانەى خۆیان داوای دەكەن، یاساییبوونی ژیانی هاوبەش بەبێ تۆماركردنی حكومی، ئازادیی مافی جیابوونەوە (تەڵاق)، گەرەنتیی پشتیوانیی دەوڵەت لە ژنانی بێ سەرپەرشت و منداڵەكانیان، لابردنی یاسای ناشەرعیی منداڵ، كرێی یەكسان، مۆڵەتی دایكانە بۆ هەموو ژنان، لابردنی سزا لەسەر هۆمۆسێكسوالیی، لابردنی تەمەنی گەشەى سێكسی، توانا كۆمەڵایەتییە ڕێكخراوەكان بە بودجەى دەوڵەتیی وەك خواردنە گشتییەكان، شوێنی جلوبەرگ شۆری لە ماڵەكان و دایەنگا سەرتاسەری و خۆڕاییە حكومییەكان”[1] – لەو جۆرە هەنگاوانەیە كە تا ئێستاش دوای یەك سەدەی تەواو، هێشتا هیچ دەوڵەتێك نەیتوانیوە بەتەواوی بگات بەم دەستكەوتانە.

ئەو ڕاستییەى دەڵێت ژنان لە یەكێتیی سۆڤێت یان وڵاتانی دیكە كە شۆڕشی سۆسیالیستییان بەرپاكردووە، نەگەیشتوون بە ئازادییەكی تەواو، پرسیارێكی دیكەى ئاشكرامان دەخاتە بەردەم: ئایا سۆسیالیزم، ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئازادیی ژنان؟ بێگومان خواستە بنچینەییەكانی بزووتنەوەى ژنان، لەڕێگای پەرەپێدان بەم بیرۆكەیەوە كە دەڵێت ئەركی خێزان (چاودێرییكردنی منداڵان، تەباخی، جلشۆری، پاككردنەوە، چاودێرییە پزیشكییەكان و هتد) دەبێت كۆمەڵگا بیانگرێتە خۆى، واتا بەدەربڕینێكی دیكە، بەشێوەیەكی خۆڕایی بكەوێتە بەردەستی هەمووان، ڕێگا بەرەو سۆسیالیزم هەمووار و خۆش دەكات. بەڵام هەروەك كەیت میلێت ئاماژەى پێدەكات، لەیەكێتیی سۆڤێتدا، زۆرێك لەو دەستكەوتانەى ژنان لە شۆڕشدا بەدەستیان هێنابوو، عاقیبەت لەدەستچوون. پێكهاتەى خێزانی بنچینەیی، گەڕێنرایەوە و ژنان وەك ژێردەستە حسابیان بۆ دەكرایەوە، كارە تاقەتپڕوكێنەكانی ماڵ و چاودێریكردنی منداڵان بە ژنان سپێردرایەوە و بۆ دامەزراندنیش دەكەوتنە بەردەم تەحەڕوش و دەستدرێژیی سێكسییەوە.

ترۆتسكی، یەكێك لەڕابەرە دیارەكانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر و دامەزرێنەری سوپای سور، دیدگاكانی دەربارەى ژنان و خێزان، بەگەڕانەوە بۆ كتێبی بنەچەى خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەتی فرەدریش ئەنگڵس، لە ساڵی 1938دا، دوای هەموو ئەو هێرشانەى كرایە سەر ئازادیی ژنان و ڕووسیای ستالینیستیی بەرەو كۆنەپارێزترین سیستەم بەرانبەر بە ژنان گەڕایەوە، دەڵێت:

“هەلومەرجی ژن، ڕوونترین و بەرچاوترین و دیارترین خەسڵەتە بۆ هەڵسەنگاندنی سیستەمێكی كۆمەڵایەتیی و سیاسەتەكانی دەوڵەت. شۆڕشی ئۆكتۆبەر، ڕزگاریی ژنانی كردە یەكەم ئەجێندای خۆی و پێشكەوتووخوازترین یاسای مێژووی دەربارەى هاوسەرگیریی و خێزان هێنایە ئاراوە. ئەڵبەتە بەو مانایە نییە كە ڕاستەوخۆ ژیانێكی نوێ بۆ ژنانی سۆڤێت هاتە ئاراوە. ڕزگاربوونی ڕاستەقینەى ژنان، بەبێ پێشكەوتنی كۆى ئابووریی و كولتوور، بەبێ لەناوبردنی خێزانیی ئابووریی وردەبۆرژوازیی و بەبێ بەكۆمەڵایەتییكردنی سیستەمی خۆراك و پەروەردە و فێركردن، مەحاڵ دەبێت. لەم میانەیەدا، بیرۆكراسیی ستالینی، كاریگەر بە غەریزە كۆنزەرڤاتیڤ و موحافەزەكارانەكەى، زەنگی مەترسیی لەناوچوونی خێزانی لێدا. دەربارەى خواردنی ماڵەوە و جلشۆریی ماڵەوە، واتا هەمان كۆیلایەتیی ماڵەوەى ژنان، دەستیكرد بۆ هۆنینەوەى شیعر و پەخشان و پیاهەڵدان بە [خێزانی سوننەتیدا] و بۆ تەواوكردن و تەكمیلەكردنی كارەكەشی، لەڕێگای زیندووكردنەوەى یاسای سزادانی لەباربردن، ژنانی بەڕەسمیی كرد بە سۆزانیی. چینی باڵادەست، لەدژایەتیكردنی تەواوی پرەنسیپەكانی كۆمۆنیزمدا، كۆنەپارێزترین و دواكەوتووترین بنچینەى سیستەمی چینایەتیی – واتا خێزانی وردەبۆرژوازیی – دووبارە زیندووكردەوە”[2].

لێرەدا نامەوێت باس لە گەڕانەوەى كۆنەپارێزیی و لەدەستچوونی دەستكەوتەكانی ژنان بكەم، بەڵكو دەمەوێت جەخت لەسەر شۆڕشی ئۆكتۆبەر و دەستكەوتەكانی بكەمەوە. بەهیوام ئەگەر توانیم بەشی دیكە بۆ ئەم بابەتە بنووسم، باس لەسەر قۆناغی گەڕانەوەى كۆنەپارێزیی و ژیانی ڕۆژانە لەژێر هەژموونی ستالینیزمدا بكەم.

ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕووسیادا

ڕووداوێك، وەك ئەوەى جۆن ڕید ناوی دەنێت، شۆككردن یان هەژاندنی جیهان، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا، لە ڕووسیا ڕوودەدات، بەجۆرێك خەڵكانێك چێژ لە ڕاپەڕین دەبینن، خۆشییەك بۆ شۆڕش بەرپا دەكەن، كە وا لە لینین دەكات، ناو لەم جۆش و خرۆشە بنێت، شۆڕش بریتییە لە “فیستیڤاڵی ستەملێكراوان”؛ پەیوەندیی فیستیڤاڵ و شۆڕش لەوەدایە، كە شۆڕشی ئۆكتۆبەر بەپێچەوانەى شۆڕشە بۆرژوا دیموكراتییەكانەوە، كەمترین توندوتیژیی تێدا ئەنجامدراوە، هەر بەڕاستی لە كەرنەڤاڵ چووە، نیگایەك لە فیلمی ئۆكتۆبەری ئایزنشتاین، ئەم جۆش و خرۆشە شۆڕشگێڕییە لە فۆرمی جەژن و كەرنەڤاڵدا دەردەخات. لە شۆڕشی 1917ی بەلشەڤیكەكاندا خوێنێكی زۆر نەڕژا. لەڕاستیدا، دەست بەسەر گەلێك ناوچەى سەرەكی مۆسكۆدا گیرا بەبێ ئەوەى تەنانەت یەك گوللە یان فیشەكی تێدا بتەقێنرێت. بە قەولی ئیزاك دویچەر حكومەتی كاتیی “بە پاڵنانێكی هێواش داڕووخا”، چونكە خەڵكی ئاسایی بە پێداگرییەكی تەواوەوە پشتیوانی شۆڕشگێڕەكانیان كرد. ئەوكاتەى سیستەمی سۆڤێتی دواى حەفتا ساڵ كەوت، ئەو خوێنەى لەكاتی كەوتنی ئەم دەوڵەتە گەورەترینەى جیهان، بە مێژوویەكی پڕ لە پێكدادانە خوێناوییەكان ڕژا، زیاتر نەبوو لەو كوشتارەى كە لە كاتی بونیادنانی دەوڵەتەكەدا ڕوویدا[3]. تەنانەت پێشتر كاڕڵ ماركس، لە دەفتەری تێبینیی تێزی دكتۆراكەیدا (1839): جیاوازیی فەلسەفەى سروشتیی دیمۆكریت و ئەپیكۆر، ڕیالیزەبوون و بەدیهاتن و بەواقیعیبوونی فەلسەفە بە كەرنەڤاڵ دەچوێنێت، كە لە نامیلكە شۆڕشگێڕییەكەى دواتریدا، بەشداریكردن لە ڕەخنەى فەلسەفەى مافی هێگڵ(1843)، فەلسەفە و واقیعیبوونی ئەم فەلسەفەیە واتا ئەم كەرنەڤاڵە، دەكاتە چەكی دەستی پرۆلیتاریا و شۆڕشەكەى و دەڵێت: “مێشكی ئەم ڕزگاربوونە، فەلسەفەیە، دڵەكەیشی پرۆلیتاریایە. فەلسەفە ناتوانێت خۆى بەبێ بەرزكردنەوەى پرۆلیتاریا، ڕیالیزە بكات و بەدیبهێنێت، و پرۆلیتاریاش بەبێ بەدیهاتنی فەلسەفە، ناتوانێت بەرز ببێتەوە”[4]. هەر لەبەرئەوەش، بێهۆ نییە لە مێژوودا تەنها شۆڕشی ئۆكتۆبەر لە كەرنەڤاڵ چووە و لینین بەدروستیی ناوی لێناوە.

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی شۆڕشی ڕووسیا بدەینەوە، سێ ساڵ بەسەر یەكەم جەنگی جیهانیدا تێپەڕ دەبێت. ئەمەش دەرەنجامگەلێكی بەرچاوی لەئاستی جیهانیدا لێدەكەوێتەوە: خەڵك لە شارەكاندا ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتی دەبنەوە بەهۆى برسێتیی و سەرماوە. ژنان ترسیان لێنیشتبوو سەبارەت بە بارودۆخی هاوسەرەكانیان، براكانیان، منداڵ و هاوڕێكانیان یان باوكانیان كە لە سەنگەرەكاندا دەجەنگان. لە هەمانكاتدا چینی كرێكار ڕۆژ بەڕۆژ تووشی كارەسات دەبووەوە، چونكە پیاوان لە سەنگەرەكاندا دەجەنگان و لەناودەچوون. لە سانت پیترزبۆرگدا، ژنان زیاتر لە نیوەى كرێكارانی پیشەسازییەكانیان پێكدەهێنا.

لە ڕۆژی جیهانیی ژنان لە 23ی شوباتی 1917 بە تەقویمی كۆنی قەیسەریی و بە تەقویمی نوێی زایینیی 8ی مارسدا، كرێكارانی كارگەى ڕستن و چنینی پیتزبۆرگ ڕژانە سەر شەقامەكان و مانگرتنیان ڕاگەیاند، هەر ئەو هاتنەدەرەوەیەی لە كەرنەڤاڵ دەچوو. خواستەكانیان كۆتاییهێنان بوو بە جەنگ و دابینكردنی نان بوو. هەر بەزوویی، خواستێكی دیكەش ئیزافەكرا: ڕووخاندن و كۆتاییهێنان بە قەیسەرییەت لەو وڵاتەدا. بەوەشەوە نەوەستان، دەستیانكرد بە ڕێكخستنی كرێكاران لە كارگەكانی دیكەدا. تا كاتی شەو مانگرتووان گەیشتنە 90 هەزار كرێكار.

ڕۆژی دواتر دەستیانكرد بە بانگەشە بۆ ڕێكخستنی سەرتاسەریی لەپێناوی مانگرتنی گشتیدا. هەر بەزوویی قەیسەرییەت ڕووخا و بوو بەدوكەڵ و بەهەوادا چوو، بەبێ ئەوەى خوێنێكی ئەوتۆی تێدا بڕژێت. حكومەتی كاتیی دامەزرا و لەهەمانكاتدا كرێكاران و سەربازان دەستیانكرد بە دامەزراندن و ڕێكخستنی شوراكانیان كە بەڕووسی پێیدەگوترێت سۆڤێتەكان. حكومەتی ئینتقیالیی نەیدەویست كۆتایی بە جەنگ بهێنێت و پشتیوانیی لە مانەوەى خاوەندارێتیی تایبەت دەكرد. لە ئۆكتۆبەردا، بۆیە، لەلایەن شوراكان و بەڕابەرایەتیی پارتی بەلشەڤییەوە، كۆتایی بە سەرمایەدارەكان و كۆتاییان بەخاوەندارێتیی تایبەت هێنا[5].

لەگەڵ شۆڕشی ئۆكتۆبەردا، دوای چەند مانگێك، وەرچەرخانێكی گەورە بەسەر ژیانی سیاسیی، ئابووریی، كۆمەڵایەتیی و كولتووریی ئەو وڵاتەدا هات، كە مێژوو بەخۆیەوە نەبینیبوو. وەك لەسەرەوە باسكرا هەموو یاسا نەریتییە ڕیشەداكوتاوەكان كۆتاییان پێهات و هەڵوەشێنرانەوە، ژنان و پیاوان بە موتڵەقی یەكسان كران.

ڕزگاریی ژنان و شۆڕش

ڕاستەوخۆ دوای سەركەوتنی شۆڕش، حكومەتی نوێی سۆڤێت دەستیكرد بە جێبەجێكردنی پێدانی كرێی یەكسان بە كرێكارانی ژن، كە پێشتر یەك لەسەر سێی كرێی كرێكارانی پیاویان وەردەگرت. ڕاستەوخۆ هەشت سەعات كاركردن لە ڕۆژدا جێبەجێكرا و ژنانیش هاوشانی پیاوان مافی یەكسانیان لە خۆراك لە ژیانی كۆمەڵایەتیی و سیاسییدا وەرگرت. هەروەها تەندروستیی و یاساكانی سەلامەتیی و ئاساییشی ژنانی دووگیان داهێنرا و یاسای پشتیوانیی لە ژنانی بەخێوكەری منداڵ و دایكایەتیی داهێنرا واتا بۆ ئەو ژنانەى خۆیان دەیانویست بەتەنها كاری بەخێوكردنی منداڵەكانیان بگرنە ئەستۆ، بەپێی یاسا كرێی یەكسانیان بۆ بڕدرایەوە. جیابوونەوەى ژنان (تەڵاق) لە پیاوان و بەپێچەوانەوە بەیاسایی كرا و ژنان سەرپشكبوون لە مافی بڕیاردان بۆ جیابوونەوە، ئەو بڕیارەى لەسەردەمی قەیسەرییدا تاوان بوو و لەسەردەمی ستالینیشدا بەهەمان شێوە، ئەو ژنانەى داوای جیابوونەوەیان دەكرد لەلایەن دەوڵەتەوە كرێیان بۆ دەبڕدرایەوە تا كاریان دەستدەكەوت و كرێی چاودێرییكردنی منداڵەكانیشیان بۆ دابین دەكرا. هەروەها لەلایەكی دیكەوە مەسەلەى لەباربردن بەیاسایی كرا كە تا ئەمڕۆش لە زۆربەى وڵاتانی پێشكەوتووی سەرمایەداریدا بەیاسایی نەكراوە و ئیرلەندا یەكێكە لەو وڵاتانە و ئەڵمانیاش، ئەگەرچی تیایدا بەیاسا ڕێگاپێدراوە، بەڵام هەزاران كۆت و بەندی بیرۆكراسیی و ئایینیی لەبەردەمدا دروست دەكرێت و تەنانەت ئێستا پارتی ڕاسیستی ئەو وڵاتە (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) بەڕەسمیی داوای هەڵوەشانەوەى یاسای لەباربردن دەكات و خۆپیشاندانیشیان لەو پێناوەدا كردووە. ئەم یاسایە كە لەسۆڤێت داهێنرا، لەسەردەمی ستالیندا، دووبارە قەدەغە كرایەوە[6].

كۆنگرەى یەكەمی ژنان، لە 19ی نۆڤەمبەری 1917دا بەسترا. پێنج سەد ئەندام هەڵبژێردران، 80 هەزار نوێنەری ژنان لە كارگەكان، مانیفاكتۆرەكان، یەكێتییە كرێكارییەكان و پارتەكانی دیكەوە بەشداریان كردبوو. كۆنگرەى سەرتاسەری ژنانی كرێكاری ڕووسیا دوای ساڵێك بەسترا. ئەنیسا ئارماندا، ئەلێكساندرا كۆلۆنتای، كلاودیا نیكۆلایێڤا و یاكۆڤ سڤێردلۆڤ ئەم كۆنگرەیەیان ڕێكخستبوو. چالاكوانان لەسەرتاسەری وڵاتدا كەمپینی هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بەگەڕخست. لە 1147 ژنان لە مۆسكۆ كۆبوونەوە و هەڵبژێردران، بەگشتیش ژنانی كرێكار و جووتیار بوون چوونە ناو شووراكانی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە. ئەوان دەستیانكرد بە گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر ئەوەى چۆن ژنانی زیاتر بێنە ناو شورا (سۆڤێت)ـەكانەوە بۆ كاركردن، هەروەها چۆن پەرە بە فراكسیۆنی ژنان بدەن لە ناو كاری حزبیدا (هەروەها چۆن ژنان ڕێكبخەن و خۆیان ڕێكبخەن)، هەورەها كەمپینێكی گەورەیان بۆ كۆتاییهێنان بە بەرهەمهێنانەوەى كاری ماڵەوە هێنا لەلایەن ژنانەوە و ژیانێكی ئازادیان لەدەرەوەى كۆت و بەندی خێزان بۆ ژنان بەدیهێنا، دیمەنی ئەم چالاكییانە لە هونەری سەماكردن دەچوو.

ژنان پێگەیەكی گەورەیان بەدەستهێنا لە پۆستە حكومی و سیاسییەكاندا، تەنانەت هەشت ژن بوونە دیارترین دەموچاوی شۆڕشی ئۆكتۆبەر كە ئەمانەن:

  1. 1. نادژابا كروپسكایا، ژنێكی سیاسیی و ماركسیی مولتەزیم و بەرپرسیار بوو، وێڕای ئەوە، هاوسەری لینینیش بوو. لە خێزانێكی خانەدان و ئەفسەری سوپای سانت پیترزبۆرگ لەدایكبووە و ساڵی 1896 بەهۆى چالاكییە شۆڕشگێڕییەكانییەوە بۆ سیبریا دوورخراوەتەوە. هەروەها پێش شۆڕش چالاكترین ژن بووە لە بەچاپگەیاندنی ڕۆژنامەى ئایسكرا و سەرنووسەری ڕۆژنامەكەش بووە. لەگەڵ ئاناتۆلی لوناچارسكی، وەزیری پەروەردەى سۆڤێت، كروپسكایا وەك جێگیری وەزیری پەروەردەی سۆڤێت خزمەتی كردووە بۆ ماوەى دە سال. پاشان پاشان بزووتنەوەى پێشڕەوی دامەزراند.
  2. ئینێسا ئارماندا، فیمینیست و كۆمۆنیست بوو، یەكێك بوو لە گرنگترین كەسایەتییەكانی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی و خۆشەویستترین كەسایەتییش بوو لە ژیانی لینیندا و زۆرترین نامە گۆڕینەوەى فیكری، سیاسیی، ئەدەبی و فەلسەفییان بەیەكەوە هەیە. ئارماندا لە خێزانێكی هونەرمەند لەدایكببوو لە پاریس. دوای ئەوەى لە ساڵی 1907 بەهۆى چالاكییە سیاسییەكانییەوە گیرا، دوورخرایەوە بۆ باكووری ڕووسیا، ئارماندا لەلایەن لینینەوە ڕاسپێردرا بۆ ڕێكخستنی كەمپینی بەلشەڤییەكان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی لە هەڵبژاردنی دومادا وەك نوێنەری حزب. دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر، ئارماندا بەڕێوەبەری تسیندۆتێل (Zhenotdel) [كەرتی ژنانی سكرتاریەتی كۆمیتە مەركەزیی پارتی بەلشەڤیی]، هەروەها لەو پێگەیەدا دەستیكرد بە ڕێكخستن و بەگەڕخستنی خەبات بۆ یەكسانیی ژنان لە پارتی كۆمۆنیست و یەكێتییە كرێكارییەكاندا. هەروەها پاشان بوو سەرۆكی یەكەم كۆنگرەى ئەنتەرناسیۆنالی ژنانی كۆمۆنیست.
  3. ناتالیا سیدۆڤا، ژنێكی شۆڕشگێڕی ڕووسیا و هاوسەری لیۆن ترۆتسكی بوو، سەرەتا لە لەندەن لەگەڵ ترۆستكی ڕۆژنامەى ئایسكرایان دەردەكرد و بەهاوبەشی بەشداریی شۆڕشی 1905یان كرد. دوای بەشداریی چالاكانەى لە شۆڕشی ئۆكتۆبەردا، پۆستی كۆمیسیاری پەروەردەى پێبەخشرا و پاشان بەرپرسیارێتیی مۆزەخانە و مۆنۆمێنتەكانی وەرگرت. دوای دوورخستنەوەى لەگەڵ ترۆتسكی لە 1929 و تیرۆركردنی لە 1940 لە مەكسیكۆسیتی لەلایەن بەكرێگیراوێكی ستالینەوە، سیدۆڤا چووە پاریس بۆ پەیوەندیكردن بە شۆڕشگێڕە دوورخراوەكانەوە و ڕێكخستنەوەیان.
  4. ئەلێكساندرا كۆلۆنتای، شۆڕشگێڕێكی ڕووسیی، سیاسیی و دیپلۆمات و یەكەم ژن بوو بووە وەزیر لە مێژووی ئەو ڵاتەدا. لە ئۆكرانیا لەدایكبوو بەڵام لە پیترزبۆرگ پەروەردە بوو. گەورەترین ڕۆڵی لە وشیاریی ژنان و خەباتی ژناندا بینیوە و زۆرترین كاریگەریی لە شۆڕشی ئۆكتۆبەر و دواتردا هەبووە و لەهەمانكاتدا یەكێك بووە لە تیۆریزەكەرە گەورەكانی بواری ماركسیزم و فیمینیزم[7].

هەروەها چەندان ژنی دیكەى شۆڕشگێڕ و دیار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، كە ڕیزكردنی ناوەكانیان كتێبێكی دەوێت.

شۆڕشی ئۆكتۆبەر و سێكسیزم و هۆمۆسێكسوالیتە

پێش ئۆكتۆبەر ئەفسانەیەك لە ئارادابوو و ئێستاش لە زۆرینەى وڵاتانی دیموكراتییدا هەیە، كە ژنان بە سروشت دەبێت لەماڵەوە بن و ئەركی بەخێوكردنی منداڵیان لە ئەستۆیە، ئەم مەسەلەیەیان لە ئایدۆلۆژیاوە گۆڕی بۆ بایۆلۆژیا و دەیان بیانووی بایۆلۆژیی بۆ ئەم مەسەلەیە هێندراوەتەوە. شۆڕشی ڕووسیا بەدەستپێكی ژنان و بەشداریی چالاكیان لە شۆڕشدا، وایكرد چەوساندنەوەى ڕەگەزی و جێندەر و سێكسیزم ڕووبەڕووی تەحەدایەكی گەورە بكرێتەوە.

یەكێك لە ڕابەرانی ژنی بەلشەڤیی ئەم دیاردەیەى سێكسیزمەى لە میتینگێكی لاوانی شۆڕشگێڕیدا بینی. ئەو دەڵێت: یەكێك لە بابەتەكانی ئەو رۆژە بریتی بوو لەوەى هەموو ئەندامان دەبێت فێری دروومان ببن، كە لەو كاتەدا كوڕێكی لاوی بەلشەڤیی دەڵێت: “بۆچی دەبێت هەموومان فێری دروومان ببین؟ دیارە دەبێت كچان فێر ببن، چونكە لە داهاتوودا ئەوان دەبێت بتوانن قۆپچەى پانتۆڵی هاوسەرەكانیان ببەستن؛ بەڵام بۆ دەبێت ئێمە فێری ببین؟”.

خستنەڕووی ئەم ڕستانە تۆفانێكی تووڕەیی بەدوای خۆیدا هێنا. نەك تەنها كچان، بەڵكو هەمووان تووڕە و كەللەیی ببوون و لەسەر كورسییەكانیان ئارامیان نەدەگرت، “دەبێت بۆ هاوسەرانیان قۆبچە ببەستن؟ مەبەستت چییە؟ ئایا دەتەوێت درێژە بە یاساكانی كۆیلەیی ژنان بدەیت؟ هاوسەرێك، هاوڕێیەكی هاوسەرەكەیەتی، نەك خزمەتكارێك”. لە كۆتاییدا ئەو كوڕە لاوەى ئەم قسەیەكی كردبوو، بەناچاری پاشەكشەى لە قسەكەى خۆى كرد[8].

هەروەها لەڕووسیای پێش شۆڕشدا هەموو كردەوەیەكی سێكسی بە توندوتیژیی و ستەمەوە ئەنجام دەدرا و ڕەفتاری سێكسیی لەلایەن كڵێسا و دوڵەتەوە بەتوندیی كۆنتڕۆڵ دەكرا. هۆمۆسێكسوالیتە (هاوڕەگەزبازیی) نایاسایی بوو. لەگەڵ ئەوەى ڕووسیا وردە وردە بەهۆى ناڕەزایەتییە بەردەوامەكان و گۆڕانكاریی و وەرچەرخانە شۆڕشگێڕییەكان، ڕووبەڕووی گۆڕانكاریی ببووەوە و گروپ و لایەن دەركەوتبوون. لەو میانەیەدا گروپی “دونیای بچووكی هۆمۆسێكسوالەكان” – وەك سەب كولتوور (كولتووری بچووك)ی هۆمۆسێكسوالی دەركەوت. پیاوان دەچوونە پاركەكان و تەوالێتە گشتییەكان بۆ سێكسكردن. لەبەرانبەردا پیاوانی دەوڵەمەند لە گەرماوەكاندا پەیوەندیی سێكسیان لەگەڵ خزمەتكاران و نۆكەران و سەرباز و پیاوانی لەشفرۆشدا دروست دەكرد. بۆ ژنانی لیزبیان (هاوڕەگەزباز) ژیان زۆر سەختتر بوو. ژنانی دەوڵەمەند هێندە كاتی بەتاڵیان هەبوو كە بەشداریی لە كۆڕ و كۆبوونەوە و بازنە ئەدەبییەكان و گردبوونەوە باوەكاندا بۆ ژنانی هاوشێوەى خۆیاندا بكەن[9].

تەنانەت ژیان بۆ ژنانی چینی كرێكار كە زۆرینەى كۆمەڵگای ڕووسیان پێكدەهێنا، زۆر سەخت بوو، هەزارەها ناو و ناتۆرەى جێندەریی و سێكسوالیان لە ژنانی كرێكار دەنا، وەك قاحبە و قاحبەخانەكان مەڵبەندی ئەو ژنانەن، “كۆشكییەكان” یان بە ژنانی كرێكار و لیزبیان دەگوترا “پشیلە نێرەكان”، وەك ناوێك بۆ سوكایەتیكردن بە ژنانی لیزبیانی چینی كرێكار دەگوترا، وێڕای ئەوەش لەلایەن دەوڵەت و كڵێساوە بە توندی سەركوت دەكران. بێهۆ نییە ترۆتسكی یەكەم هەنگاوی ڕزگاربوون لە زیهنییەتی پیاوسالاریی و شۆڕشی ئۆكتۆبەر دەبەستێتەوە بە پاككردنەوەى زمان و وتاری “خەبات بۆ گوتاری كولتووریانە” دەنووسێت كە دەبێتە مانیفێستی پاككردنەوەى زمان لە ڕەگەزە جێندەری و سێكسوالیی و وشە نەشیاو و ناشرینەكان و نموونەیەكیش دەهێنێتەوە و دەڵێت: “كرێكارانی كارگەى پێڵاو دوای كۆمۆنەى پاریس، پەیماننامەیەك لەنێوان خۆیاندا مۆردەكەن، كە جوێندان و زمانپیسیی قەدەغە بكرێت و سزای لەسەربێت”.

دكتۆر گریگۆری باتكیس، سەرۆكی پەیمانگای مۆسكۆ بۆ تەندروستیی سێكسوالیی، سەرپەرشتیاری ئەنجوومەنی نێردراوی سۆڤێت بۆ كۆنفرانسی “یەكێتیی جیهانیی ئزادادیی سێكسوالیی” (ساڵی 1923) بوو لە بەرلین.

لەوێ ئاراستەی كۆمەڵگای نوێی ڕوون كردەوە: “یاسادانەرانی سۆڤێت… بەموتڵەقی ڕایدەگەیەنن دەوڵەت و كۆمەڵگا مافی تەداخولیان لە كاروباری سێكسوالیدا نییە، نابێت دەستدرێژیی بكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی هیچ كەسێك… لەپەیوەندیدا بە هۆمۆسێكسوالەكان، سۆدۆمی (لەواتی) و فۆرمەكانی دیكەى تێربوون و چێژی سێكسیی، كە لە یاسا ئەوروپییەكاندا وەك كردەوەى دژە بەرژەوەندیی گشتیی و ئەخلاقی گشتیی لەقەڵەم دەدرێن، یاساكانی سۆڤێت وەك “تێكەڵبوونی سروشتیی” مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە بابەتانەدا دەكەن”. ئەگەرچی بەهاتنە سەركاری ستالین، هەموو ئەم دەستكەوتانە بەتەواوی پێچەوانە كرانەوە و سزای توند بۆ LGBT و هۆمۆسێكسوال وهتد دەرچوو و ژنان گەڕێنرانەوە پێگەى پێش شۆڕش و ئەركیان بەخێوكردنی منداڵ و دابینكردنی پێداویستیی پیاوان بوو. بەڵام ئێرە شوێنی ئەم لێكۆڵینەوەیە نییە و لەكاتی خۆیدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە.

پەراوێزەكان:

  1. Kate Millet, Sexual Policy, in:
    https://www.marxists.org/subject/women/authors/millett-kate/theory.htm
  2. Leon Trotsky, Writings of (1937-1938), Pathfinder, New York, 1970, p.170.
  3. بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بەپەیوەندیی توندوتیژیی و شۆڕش بڕوانە: تێری ئیگڵتن، بۆچی ماركس لەسەرحەق بوو، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، چاپی دووەم، ناوەندی توێژینەوەى شەهید ئارام، سلێمانی، 2016.
  4. كاڕڵ ماركس: بەشداریكردن لە ڕەخنەى فەلسەفەى مافی هێگڵ، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوەى شەهید ئارام، سلێمانی، 2016.
  5. Katherin Schierbach, Das Festival der Unterdrückten, in Theori21 Ausgabe: 100 Jahre Oktoberrevolution, Aurora Edition, Berlin, 2017.
  6. Megan Trudell, The Women of 1917, Jacobin Magazine, https://www.jacobinmag.com/2017/05/women-workers-strike-russian-revolution-bolshevik-party-feminism.
  7. Alina Safronova, Eight Women of the Russian Revolution, http://www.russia-direct.org/analysis/eight-women-russian-revolution.

هەروەها بڕوانە:

Alexandra Kollontai: Die neue Moral und die Arbeiterklasse, Münster 1977 (der Text ist erstmals 1918 erschienen)

  1. لویز ئۆشی، ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕووسیادا، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، لە وێب سایتی سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیۆنال بڵاوبووەتەوە: isk21.org.
  2. Colin Wilson, Russia’s sexual revolution after 1917, https://socialistworker.co.uk/art/19929/Russias+sexual+revolution+after+1917

Leave a Reply

ئەدرەسی ئیمایلەکەت بڵاو نابێتەوە... مەرجە ئەو بەشانەی ئەستێرەی لەسەر پڕبکرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەتان *

*