تۆنی كلیف
و. پێشڕەو محەمەد
دەوڵەتی ئیسرائیل توندوتیژییەكی وەحشیگەرانەى دژی خەڵكی فەڵەستین بەڕێوەبردووە و دەبات و سەدان فەڵەستینی قەتڵ و عام كردووە لە ماوەكانی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ. لە ساڵی 1982دا، سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ، تۆنی كلیف، ئەم توندوتیژییە ڕووندەكاتەوە كە بۆچی ئیسرائیل ئەم ڕێگایە دەگرێتەبەر. تۆنی كلیف بۆ خۆى وەك ڕوونی دەكاتەوە جولەكە و لەخێزانێكی زایۆنیستی توندڕەو بووە.
…….
هەركە سەیری ئەزموونی خۆم دەكەم لە فەڵەستین، دەتوانم تیرۆر و تۆقاندنی ڕوولەگەشەى ئەمڕۆ هەر لەسەرەتای دەستپێكردنییەوە دەستنیشان بكەم. زایۆنیزم، بە جیاكاریی جولەكە و باوەڕبوون بە نیشتمانی جولەكە، بەرەو دەوڵەتی توندوتیژ گەشەی كرد و ملی نا. دایك و باوكی من لە پێشەنگانی زایۆنیستەكان بوون، لە ساڵی 1902 ڕووسیایان بەرەو فەڵەستین بەجێهێشت تا بچنە نێو كۆمەڵەى گشتیی زایۆنیستییەوە كە تەنها چەند هەزار كەسێك دەبوون.
من زایۆنیستێكی گەشەكردووم، بەڵام زایۆنیزم هێشتا ئەو دەموچاوە قێزەونەى نەبوو كە ئێمە ئەمڕۆ دەیبینین. ئەگەرچی، بەردەوام درزێكی بنچینەیی و گەورە لەنێوان زایۆنیستەكان و عەرەبەكاندا هەبوو. هەر ئەم درزە بوو زایۆنیستەكانی لەو خەڵكە ئاساییە جیادەكردەوە كە لە وڵاتە ڕەسەنەكانی خۆیاندا دەژیان.
كە سەیری سەدەى نۆزدەى ڕووسیا دەكەن ئەم شتە ڕوون دەبێتەوە. لە ساڵی 1891دا قەیسەر ئەلێكساندەری دووەم تیرۆركرا. لە ساڵی دواتردا ڕاستڕەوە توندڕەوەكانی ڕووسیا قەتڵوعامێكیان دژی جولەكەكان بەڕێخست. دەیانگوت “جولەكەیەك بكوژە و ڕووسیا بپارێزە”. سۆسیالیستەكان لەڕێگای بانگەواز بۆ یەكێتیی دژی قەیسەرییەت و ڕاستڕەوەكان، وەڵامیان دانەوە. بەڵام وەڵامێكی دووەمیش بوونی هەبوو: زایۆنیزم. زایۆنیستەكان دەیانگوت: “جولەكەكان جگە لەخۆیان ناتوانن متمانە بە كەسانی دیكە بكەن”، و یەكەم جولەكەكان ڕووسیایان بەرەو فەڵەستین بەجێهێشت. هەر قەتڵوعامێكی دواتر هەمان دوو وەڵامدانەوەیان بەرهەم دەهێنایەوە. هەندێكیان چوونە نێو بزووتنەوەى گشتیی شۆڕشگێڕییەوە – ئەوانیدیكە جیابوونەوەیان هەڵبژارد.
لەو كاتەوەى زایۆنیستەكان هاتن بۆ فەڵەستین، پێداگرییان لەسەر جیابوونەوەكەیان خۆیانكرد و بەردەوام بوون. زایۆنیستەكان خاكی عەرەبەكانیان بەدەستەوەگرت، و زۆرینەى خاوەن زەوییەكانیان ناچاردەكرد ئەو شوێنانە چۆڵ بكەن. و زایۆنیستەكان بەشێوەیەكی سیستەماتیك هەزاران عەرەبی بێكاریان خستبووە ژێر تیشكی جیاكاریی و دیسكریمینەیشنەوە. ئەگەرچی عەرەبەكان لانیكەم 80%ی دانیشتووانیان پێكدەهێنا، كەچی هیچ یەكێكیان لە قوتابخانەكەى من نەبوون.
دایك و باوكی من زایۆنیستی توندڕەو بوون و باوكم پێیگوتم: “تەنها ڕێگای تەماشاكردنی عەرەبێك لەڕێگای سەیركردنی دەمانچەیەكەوەیە”. من هیچ كاتێك لەگەڵ عەرەبێك لە ماڵێكدا نەژیام.
زایۆنیستەكان یەكێتییە كرێكارییەكانی خۆیان ڕێكدەخست، هیستادروت، دوو پشتیوانیی سیاسیی دامەزراند. یەكێكیان بریتی بوو لە “بەرگریكردن لە كرێكاری عیبری” و ئەویدیكەیان “بەرگریكردن لە بەرهەمە عیبرییەكان”. ئەم پشتیوانیانە تەرخانكران و بەكارهێنران بۆ بەگەڕخستنی كۆمەڵەیەك بۆ بەرگرتن لە دامەزراندنی كرێكاری عەرەب لە سەرمایەگوزارییەكانی جولەكەكان و وەستاندنی بەرهەمهی عەرەبی بۆ نێو بازاڕەكانی جولەكەكان. هیستادروت هیچ كات زیانی بەكارو كەسابەتی كۆمپانیا زایۆنیستییەكان نەگەیاند.
لە ساڵی 1944، ئێمە لە نزیكی بازاڕی تەل ئەڤیڤ دەژیاین. بەیانییەك هاوسەرەكەم پیاوێكی لاوی بینی كە دەستیكرد بە قسەكردن لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەى خەریكی كڕین بوون. كاری بەهەندێكیان نەبوو، بەڵام بەپێچەوانەوە لەسەر سەوزەواتەكانی دیكە پارافینی ڕشت و هێلكەكانی شكاندن. هاوسەرەكەم، كە تازە لە ئەفریقای باشوورەوە هاتبوو، نەیدەتوانی باوەڕ بەمە بكات. پرسیاری كرد “ئەوە چییە لێرە ڕوودەدات؟”.
مەسەلەكە زۆر سادە بوو: ئەو پیاوە خەریكی پشكنین بوو ئەگەر بەرهەمەكان عیبری بان یان عەرەبیی و ئەوا هەموو بەرهەمە عەرەبییەكانی دەشكاند و لەناوی دەبردن. ئەوسا ئەم ڕەفتارانە هێشتا كەم بوون و هەندێك لە زایۆنیستەكانیش وەك چەپڕەوەكان دەدوان. بۆ نوونە، بڵاوكارە زایۆنیستییەكان بەرهەمەكانی لینین و ترۆتسكیان چاپ دەكرد.
بەڵام ناكۆكیی و دژایەتیكردنی عەرەبەكان هەر وەك خۆى مابووەوە. هیچ عەرەبێك نەیتوانی بۆ ئەبەد بچێتە نێو بزووتنەوەى كیبوتز بە كشتوكاڵە دەستەجەمعییە “سۆسیالیستی”یەكەیەوە. زۆرینەى جولەكەى خاوەن زەوی سەر بە پشتیوانی دارایی نەتەوەیی جولەكە بوو، كە دەستورەكەیان مۆڵەتدانی بە عەرەبەكان قەدەغە كردبوو. بەو مانایە دەبوو كۆی دانیشتووانی عەرەبی ڕەسەن لە كۆی ئەو ناوچەیە دەربكرێن.
ئەو كاتەى من فەڵەستینم لە ساڵی 1946 بەجێهێشت، تەل ئەڤیڤ، شارێك بە دانیشتوانی 300 هەزار كەسییەوە، تەنانەت یەك دانیشتووی عەرەبی نەبوو. وێنای ئەوە بكەن ئێمە بگەینە شاری نۆتینگهام، شارێكی هاوشێوەى تەل ئەڤیڤ، و لەوێ تەنانەت یەك كەسی ئینگلیز نەبینینەوە.
بەئاشكرا و بەرچاو دوژمنایەتیی نێوان زایۆنیستەكان و عەرەبەكان هەبوو. زایۆنیستەكان – ئەو كەمینەیەى باوەڕی بە زۆرینە نەبوو – پێویستی بە پشتیوانیی هەبوو و هەمیشە چاوی لەسەر دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەكان بوو یارمەتی بدەن كە فەڵەستینیان كۆنتڕۆڵ كردبوو. ئەمە لەسەرەتادا زۆر دیار و بەرچاو نەبوو. ڕابەرانی زایۆنیستیی بەردەوام بە حوكمڕانە ئەڵمانییەكانیان دەگوت لەبەرژەوەندیی ئەواندایە ئەگەر زایۆنیزم لە فەڵەستیندا بدرەوشێتەوە.
ئەو كاتەى بریتانیا لە ساڵی 1917 فەڵەستینی داگیركرد، ڕابەرانی زایۆنیستیی بۆ بەلفۆری وەزیری دەرەوەى كۆنزەرڤاتیڤەكانیان نووسی كە لە بەرژەوەندیی بریتانیاندایە ئەگەر حزورێكی بەهێزی زایۆنیستیی لە فەڵەستین هەبێت. و لە میانەى دووەم جەنگی جیهانییەوە، ئەوە ڕوون بووەوە كە ئەمریكا سەرەكیترین دەسەڵاتی ئیمپریالیستیی بوو، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕابەرانی زایۆنیستی ئەمجارە ڕووی خۆیان بەرەو واشینگتۆن سوڕاند.
ئەگەرچی زایۆنیستەكان بۆ فرۆشتن نەبوون، بەڵام هەمیشە ئامادەى خۆبەكرێدان بوون. لۆژیكی زایۆنیزم، جیابوونەوە بوو لەخەڵكی نا جولەكە چ لە ڕووسیا و چ لە پۆڵەندا و فەڵەستین و ئەمەش بووە هۆى ئەوەى ببنە پاشكۆی ئیمپریالیزم. سەرهەڵدانی نازیزم ئەوانی بەیەكەوە بەستەوە. سەرمایەگوزاریی گەورەى ئەڵمانیی پشتیوانیی لە هیتلەر كرد نەك لەترسی جولەكەكان، بەڵكو لە ترسی چینی كرێكاری ئەڵمانیی. هەم جولەكەكان و هەم چینی كرێكاری ئەڵمانیی بوونە قوربانیی بەدەستی هیتلەرەوە.
گرنگترین ئەركی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەكان دەبوو خەباتی چینی كرێكار دژی نازییەكان ڕێكبخەن. زایۆنیستەكان خۆیان لەمە بەدوورگرت. ئەوان دەیانگوت: “جولەكەكان قوربانیین بەدەستی هیتلەرەوە”، و تۆمەتی ئەوەیان دەبەخشییەوە كە هەموو ئەڵمانەكان دوژمنی جولەكەكانن.
ئەو كاتەى لە ساڵی 1933 بەبێ هیچ خەباتێكی جەماوەری دژی هیتلەر چینی كرێكاری ئەڵمانیی تێكشكا، زایۆنیزم بێ ئەندازە بەهێز بوو. كاتێك بزووتنەوەیەك خێراییەكی تایبەت بەخۆیەوە دەگرێت، ناكرێت بووەستێنرێت، مەگەر لەڕێگای بززوتنەوەیەكی نوێوە بێت كە زۆر لەو گەورەتر بێت. كاتێك جولەكەكان نەیاندەتوانی متمانە بە ئەڵمانەكان بكەن، بۆیە بەسروشت تەنها ئەو ڕێگاچارەیەى بیری لێكرابووەوە، بریتی بوو لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی بەهێزی زایۆنیستیی.
لە فەڵەستین لە هەمانكاتدا دەستدرێژییەكانی زایۆنیستەكان هەمیشە ڕووی لەگەشە و بەرزبوونەوە بوو. لە ساڵی 1948دا دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر بنەمای كەمپینێكی تیرۆریستی مەوجودییەتی خۆى ڕاگەیاند كە بەهۆیەوە هەزاران فەڵەستینیی لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرپەڕێندران. لەدایكبوونی ئەم دەوڵەتە بەهۆى كوشتارێكی بەكۆمەڵی “سنووردار” لە 240 مەدەنیی لە گوندی دەیر یاسین هاتەئاراوە.
پیاوان، ژنان و منداڵان قەتڵوعام كران، هەندێكیان بەزیدوویی فڕێدرانە ناو چاڵە ئاوەكانی گوندەكەوە. ئەوێ ئەو شوێنە بوو كە من زۆر باش دەیناسم، تەنها چەند كیلۆمەترێك لە شوێنی ژیانی منەوە دوور بوو. عەرەبەكان تەنها كەسانێك نەبوون كە لەوەوە بەدواوە لەم پێناوەدا دەبوو باج بدەن. گەڕانی هەمیشەیی ئیسرائیل بۆ پەیداكردنی هاوپەیمانیی، ئەو دەوڵەتەى كردبوو بە دابینكەری چەكە سەربازییەكان بۆ كۆنەپارێزترین ڕژێمەكانی جیهان.
مۆشە دایان، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ساڵی 1966 دوو مانگ لە ڤێتنامی باشوور مایەوە و ڕاوێژكاریی بۆ دەوڵەتە دامەزرێنەراوەكەى ئەمریكا لەوێ دەكرد. ئیسرائیل چەك و تەقەمەنیی بۆ چیلی ژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆرییەتی ژەنەڕاڵ پینۆشە دەنارد، ئیسرائیل هەروەها چەكی بۆ ڕژێمی ئاپارتایدی یان سمیس لە ڕۆدیزیا (زیمبابۆی ئەمڕۆ) و هەموو ئەو وڵاتانەى دیكە دەنارد كە جیمی كارتەری سەرۆكی ئەمریكا بەهۆى پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، فەرمانی قەدەغەكردنی چەكی بۆ ئەو وڵاتانە دەركردبوو.
پۆلیسی نهێنیی ئیسرائیل ڕاوێژكاریی بۆ شای ئێرانیش دەكرد، لەهەمان ئەو كاتەى زانایانی شا لەگەڵ دەوڵەتی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور دەستیانكردبوو بە فراوانكردنی چەكی ئەتۆمیی. ژمارەیەك كەس ئەمڕۆ دەڵێن ستەمكردن هەمیشە دەبێتە هۆى پێشكەوتن. جولەكەكان بەشێوەیەكی ترسناك لەژێر ستەم و چەوساندنەوەدا بوون، بەڵام هیچ گەرەنتییەك بۆ ئەوە نەبوو بۆ ئەوەى ئەوان ببنە پێشكەوتووخواز یان شۆڕشگێڕ. لەڕاستیدا، ئەو ستەمەى ئاوێتەى بێدەسەڵاتیی و بێتوانایی بكرێت، دەبێتە هۆى سەرهەڵدانی كۆنەپارێزیی. مادام كرۆكی زایۆنیزم دابڕان بوو لەهەموو هێزە پێشڕەو و پێشكەوتووخوازەكان – هەر لە هێزە شۆڕشگێڕییەكانی ڕووسیاوە بیگرە تا دەكاتە هێزە ئەنتی ئیمپریالیستەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست – ئەوا ئەم دەرەنجامەى زایۆنیستەكان لەپێشەوە پێشبینیی كرابوو.
ئێستا ئیسرائیل لە لوبنان كار لەگەڵ فالانژیستەكان دەكات، كە ڕێكخراوێكی بەئاشكرا فاشیستن. من تووشی سەرسوڕمان نەبووم. دێتەوە بیرم لە ساڵی 1930 ئەو كاتەى ڕێكخراوەكەى بەیگن (سەرۆكوەزیرانی ئێستای ئیسرائیل-1983) شێوازی سڵاوكردنی هیلتەری بەكارهێنا و تیشێرتی قاوەیی لەبەركردبوو.
لە ساڵی 1935دا، نەمدەتوانی بیر لەوە بكەمەوە زایۆنیستەكان كەسێكی ئاسایی بكوژن؛ ئەوان جیاكارییان بەرانبەر عەرەبەكان دەكرد، نەك شتێكی دیكە. بەڵام لە دونیای ئاڵۆز و سەختی ئەمڕۆدا هەموو درزێك گەورەتر و قوڵتر دەبێتەوە و درزی دابڕانی جولەكەكانیش دەبێتە هۆى ئەم وەحشیگەرایی و تۆقینە كە ئێمە بەڕوونی لە لوبنان بینیمان. ئەم ترس و تۆقینە وەحشیگەرییە لەنێو لۆژیكی زایۆنیزمدایە. من لەوە دەترسم كە زۆربەمان شتی زۆر خراپتر لەم جولەكانە چاوەڕوان بكەین.
كرێكاران چارەسەریان پێیە
چینی كرێكاری عەرەب لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەتەنها دەسەڵاتی وەستاندنی زایۆنیزم و شكستپێهێنانی ئیمپریالیزمی هەیە. دەوڵەتە باڵادەستەكانی ئەمڕۆ ناتوانن ئەم ئەركە ئەنجام بدەن. بەهۆى بەرژەوەندییە نەوتییەكانەوە، پاشایەتیی عەرەبستانی سعوودیە دەروێشێكی ئەڵقەلەگوێی ئەمریكایە.
ڕژێمەكەى ئەسەد لە سوریا ناسەقامگیر و گەندەڵە و بەستراوەتەوە بە باربووە داراییەكانی سعوودییەكانەوە. لەگەڵ ئەوەى ڕژێمەكەى میسر خۆى ملیۆنان كرێكار و جووتیاری هەژاری هەروا بەجێهێشتووە. ملیۆنان كرێكار لە سلەمەكان و كەلاوەنشینەكاندا دەژین و ملیۆنان دووتیار بەهۆى خراپترین بەڵاكانەوە دەناڵێنن، چونكە ئەوان هەر زۆر بەسادەیی دەستیان بە ئاوی پاك بۆ خواردنەوە ناگات.
ئەم ڕژێمانە ناتوانن هیچ بكەن و ناتوانن خەبات دژی هیچ كەسێك بكەن چ بگات بەوەى خەبات دژی زایۆنیزم و ئیمپریالیزم بكەن. ڕێكخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین وابەستەیە بە پارەى سعوودییەكانەوە، و مانەوەشیان لەڕووی فیزیكییەوە بەستراوەتەوە بە سوریاوە. سەرجەمی ئازایەتییە گەریلاییەكانی ڕێكخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین ناتوانێت هیچ ڕێگایەك بۆ دەرچوون لەم بنبەستە پەیدا بكات. ئەوە كرێكارانی عەرەبن كە كلیلی دەرچوونن لەم بنبەستە. چینی كرێكاری میسر بەتاقی تەنها هاوشێوەى قەبارەى چینی كرێكاری ڕووسیایە لە 1917دا. ئەم كرێكارانە دەسەڵاتی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هەیە.
Roots of Israel’s violence
(3 July 1982)
Tony Cliff, From Zionism to Genocide, Socialist Worker, No. 790, 3 July 1982.
Reprinted under the present title in Socialist Worker, No. 1743, 14 April 2001.