یەك: دێنیالیزم
چەمكی نكوڵییخوازیی (denialism)، چەمكێكی زۆر تازەى ناو كۆمەڵگا خۆرئاواییەكان نییە، بەڵكو ڕیشە سیاسییە ئاراستەكراوەكەى دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی دووەمی جیهان. لە سایۆكۆلۆژیای ڕەفتاری مرۆییدا، دێنیالیزم بژاردەیەكی تاكەكەسییە بۆ نكوڵییكردن لە واقیع وەك ڕێگایەك بۆ خۆبەدوورگرتن لە حەقیقەتێكی نائارامكەری سایكۆلۆژییانە. دێنیالیزم بەگوێرەى فەرهەنگە باوەكانیش، لە جەوهەردا ڕێگا و كردەوەیەكی ناعەقڵانییە كە نكوڵیی لە حەقیقەتی ئەزموون یان ڕووداوێكی مێژوویی دەكات، ئەمەش كاتێك ڕوودەدات كە كەسێك یان ئایدیۆلۆژییەك ڕەتیدەكاتەوە دان بەو واقیعەدا بنێت كە هەیە یان ڕوویداوە. نكوڵیكردن لە تاوانەكانی فاشیزم، هەروەها نكوڵیكردن لە تاوانەكانی كۆڵۆنیالیزم و پاشان نكوڵیكردن لە هەبوونی هۆلۆكۆست و ئاوشڤیتز، تا كارگەیشتە ئەوەى وەك دروستكراو و دیسان پیلانگێڕیی دەستی جولەكە لەقەڵەم بدرێت. نكوڵیخوازیی بووە بە ڕەوتێكی باڵادەستی نێو هێز، بزووتنەوە و گروپە ڕاستڕەوەكانی خۆرئاوا. ئەم نكوڵیكردنە تا پێش كۆرۆناڤایرۆس، پەیوەندیی بە گۆڕانی كەش و هەواوە هەبوو، هەڵبەت بە ئێستاشەوە. دۆناڵد ترەمپ و بۆلسۆنارۆ، بە دوو نوێنەری سەرسەختی دێنیالیزم (نكوڵیخوازیی) لە گۆڕانی كەش و هەوا و ژینگە ناسرابوو. ترەمپ بە گاڵت و ڕابواردنەوە باس لە گۆڕانی كەش و هەوا دەكات و بۆلسۆنارۆش دەڵێت پڕۆژەیەكی پیلانگێڕانەى ماركسیستەكانە بۆ ڕێگریكردن لە گەشەى ئابووریی خۆرئاوا و خزمەتكردن بە چین. كۆرۆناڤایرۆس ئەم نكوڵیخوازییەى زەقتركردەوە. بەوەدا جگە لەوەى سەرەتا نكوڵییان لێدەكرد (ترەمپ و دیسان بۆلسۆنارۆ)، بەڵام كە بەرۆكی گرتن، هێشتا نكوڵیی لەوە دەكەن سەرمایەداریی بەرپرس بێت لەم ڤایرۆسە. هەردووكیان بەگاڵت و ڕابواردنەوە بە ڤایرۆسی چینیی ناوی دەبەن كە لە خواردنی شەمشەمەكوێرەوە سەرچاوەى گرتووە.
دێنیالیزمی كۆڤید-19 كەشێكی نوێی دێنیالیزم و نكوڵیخوازییە. هەمان كارەكتەر و توێژەكانن و گۆڕانێكی سەیر ڕووینەداوە – سیاسەتمەدارە كۆنزەرڤاتیڤەكان، فۆكس نیوس، ملیاردێرەكان و كۆمپانیاكان. و هۆكاریش هەر هەمان هۆكارە: كەڵەكەكردنی سەرمایە، قازانج لە پێش خەڵك. كاتێك سەرمایەگوزاریی سەرمایەداریی، سەرمایەگوزارییە، ئەوا ڕێژە و بڕی هەڵكشاوی مەرگ، شتێكی نامۆ و دەرەكییە، بەڵام ئەو هەموو هاتوهاوارەى لەسەر تەرخانكردنی بودجە دەینێنەوە، بەگشتیی لە بەرژەوەندیی خەڵك نییە.
بۆ نموونە لە ئەمریكا، سەرەتا كۆرۆناڤایرۆس وەك شتێكی بێگانە، دوور، پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، شتێك كاریگەریی لەسەر ئێمە نییە و دەكرێت فەرامۆش بكرێت، لێكدەدرایەوە و دەبینرا. پاشان كە ڕێژەكە بەرز بووەوە جەماعەتی یارانی سەرەوە گوتیان تەنها هەڵامەتێكی ئاساییە – هاوشێوەى گەرمبوونی كەش و هەوا، تەنها شتێكی وەرزیی و ئاوهەوایە. دواتر كە لە دەرگای دا و لە هەڵامەتی ئاسایی تێپەڕی، ئیتر دەگوترا ڕاستە هەیە بەڵام زیادەڕۆیی تێدا دەكرێت. فەرمان و بڕیار بۆ مەودای كۆمەڵایەتیی و مانەوە لە ماڵەوە ئاگاداركەرەوە و ترسێنەر بوون. پشكنینی گونجاو و كافی بوونیان نییە، چونكە داتا، زانیاریی، ڕاستییەكان و هتد وێنەیەكی تەواو ڕوون دەدەن بەدەستەوە – وێنەیەك كە بەرەى ڕاست بەئاسانی دەتوانێت نكوڵی لە هەموو شتێك بكات، چونكە داتاكان شاراوەن و بەئاسانیی ئاشكرا ناكرێن. بەڵام لەبەرانبەردا ترەمپ دیسان دەڵێت پێویستە تا جەژنی ئیستەر، واتا چەند ڕۆژی دیكە، هەموان بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان. لە بریتانیاش سەرەتا نكوڵیی دەكرا، پاشان بە هەمان چارەنووسی ئەمریكا گەیشت، پاشان كۆنزەرڤاتیڤەكان دەیانگوت لێگەڕێن با گەنجەكان بیگرن تا سیستەمی بەرگریی لەشیان بەهێزببێت، تا كارگەیشتە ئەوەى سەرۆك وەزیرانیش گرتی. ئەمە بۆ هەموو وڵاتانی سەرمایەداریی ڕاستە.
دوو جۆر دێنیالیزمی نەریتیی ڤێرژنەكانی كۆڤید-19: 1) نكوڵیی ڕەسمیی و 2) نكوڵیی نەرمی قێزەون (یاخود كەمتر ڕەسمیی). ڕەسمیی (سەرچاوەكەى دۆناڵد ترەمپ و هاوشێوەكانی) دەڵێت چارەسەر خراپترە لە نەخۆشییەكە، ئەرگومێنتێك دەڵێت هەر هەوڵێك بۆ بەرگریكردن لە خەڵكی كرێكار و هێشتنەوەیان لە ماڵەوە دەبێتە هۆى مەترسیی لەدەستدانی كارەكانیان (لەبەرئەوە ئەگەر بڕۆنە سەركارەكانیان مەترسیی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەكە و كوشتنیان زیاتر دەبێت لە مەترسیی لەدەستدانی كارەكانیان). ئەمە نكوڵیی لە كاریگەریی مەرگباری ڤایرۆسەكە دەكات، كتومت هاوشێوەى نكوڵیكەرانی سووتەمەنییە فوسیلییەكان دەڵێن هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەى كاریگەرییەكانی گەرمیی، پێویستی بە قوربانییەكی زۆر گەورە و گۆڕانكارییەكی زۆر هەیە. دووەم نكوڵییكردن، كە بە نكوڵیی نەرمی قێزەون ناسراوە، بریتییە لە تیۆری پیلانگێڕیی كە نەخۆشیناسانی پەتایی هێندە دەڕۆنە پێشەوە و دەڵێن ئەمە نكوڵییكردنە لە سەركەوتنی ترەمپ بكرێت لە هەڵبژاردنی نۆڤەمبەردا (خاڵێك ترەمپ خۆشی باسیكردووە). مەودای كۆمەڵایەتیی نەخشەیەكی قوڵی دەوڵەتییە هەوڵ بۆ تەواوكردنی ئەو شتە دەدات كە پرۆسەى ئیمپیچمێنت (پرۆسەى دوورخستنەوەى ترەمپ لە دەسەڵات) نەیتوانی ئەنجامی بدات. ژمارەیەكی زۆری ڤێنتیلاتۆر هەن، هەموو ژمارەكان هەڵەن – هەواڵی ساختە و هەڵە. ئێمە ساڵانێكە دەست و پەنجە لەگەڵ ئەم درۆیانەدا نەرم دەكەین. هەر ئەوەى پێشتر لە دێنیالیزمی گۆڕانی كەش و هەوادا بینیمان.
با جارێ باسی ئەو دەرفەتانە نەكەین كە یاوەریی قەیرانەكە دەكەن – پارەیەكی زۆر بۆ بانكەكان و كۆمپانیاكان، قۆرخكاریی كەرەستەى خاو، هەروەها كەمترین خەرجی و تێچوون و پشتیوانییكردن بۆ نەخۆشخانەكان و هتد. چونكە ساڵانێكە ئەم سیستەمانە خەریكی بڕینی تێچوونە گشتییەكانی نەخۆشخانەكانن یاخود زۆربەى هەرە زۆریان بە كەرتی تایبەت فرۆشراون. ئەم سەردەمە وایلێكردووین بڵێین دووبارە لەنێو جەنگێكی ناوخۆیی جیهانییدا دەژین: جەنگی دەوڵەتان و جەنگی نوێنەرانی دەوڵەتان دژی خەڵكانی هەژار. بەڵام جەنگی دەوڵەتان و سەرمایەداران دژی خەڵكانی هەژار، جەنگێكی چیتر نێوان دوو سەرباز، دوو بەرەى جەنگ، و دوو مەیدان نییە، جەنگی ژیان و مەرگە.
دێنیالیزمی كۆڤید-19 پەرتەوازەیی/بەلاڕێدابردنی ئایدیۆلۆژییە كە ڕێگا لەبەردەم گۆڕانكاریی لەپێناوی پێداویستییەكانی خەڵكی كرێكاردا قورستر دەكات، بۆ نموونە ئاساییشی كۆمەڵایەتیی، بیمەى تەندروستیی، تێچوونی نەخۆشیی، دابینكردنی لانیكەمی بژێویی مەودای كۆمەڵایەتیی، گەرەنتیكردنی مووچە، پێدانی مووچەى مانگانە بە شێوەیەكی گونجاو و لەكاتی خۆیدا، با جارێ باسی كەرەستەكان و ڤێنتیلاتۆرەكانی ماددەى پێویستی بەرگریی تاكەكەسیی لە نەخۆشخانەكان كە بەگشتیی نیانە. هەندێك خەڵك پێیانوایە ئەگەر ئەم پەتا سەرتاپاگیرو جیهانییە بەردەوام خراپتر و خراپتر ببێت، چیتر دێنیالیزم بوونی نامێنێت. من لەوە دڵنیا نیم. دێنیالیزم جەوهەر و شووناسی سەرەكیی بزووتنەوە ڕاستڕەو و كۆنزەرڤاتیڤەكان و كۆمپانیاكانە.
بەكورتیی: جەنگی ناوخۆیی تەنها جەگێكی ئایدیاكان نییە. بەڵكو جەنگێكی ڕاستەقینەیە بە تێچوونە ڕاستەقینەكانەوە، ئەم جەنگەش پەیوەندیی بەهەموومانەوە هەیە.
دوو: سینۆفۆبیا: ڕاسیزمی نوێی ترس لە چینییەكان
كۆڤید-19 ڕەگی ڕاسیزمێكی دیكەى زەقتركردەوە: ترس لە چینییەكان یاخود چینۆفۆبیا یا سینۆفۆبیا. جگە لە سیۆفۆبیا، بێگومان ڕاستڕەوەكان لە هەموو وڵاتانی خۆرئاوادا خەریكی بەدەستەوەگرتنی ئەم چەكەن و لەدژی خەڵكانی بێگانە، فیمینیستەكان، دژە-فاشیستەكان و خەڵكانی دژە-سەرمایەداریی، بەكاریدەهێنن. هەڵبەت زۆر ڕەهەندی دیكە هەن ئەم ڤایرۆسە لە بەرەى ڕاستدا بووەتە چەكێكی مەترسیدار، هێندەى كوشندەیی ڤایرۆسەكە مەترسیدار، بەڵام من لەم نووسینەدا بەدیاریكراویی تەنها لەسەر پرسی سینۆفۆبیا دەوەستم. هەموو هەستێكی هاوبەشی دژایەتیكردنی خەڵكی چین یان چینییەكان بە سینۆفۆبیا ناسراوە. ئەم چەمكەش لە بنەڕەتەوە لە وشەى لاتینیی سینای (واتا چین) و فۆبۆسی یۆنانیی، واتا ترس سەرچاوەى گرتووە و بووە بە سینۆفۆبیا. ئەم ترسە و دژایەتیكردنەى خەڵكی چین بەگشتیی لە میدیای خۆرئاوا و لە ناو كۆمەڵگادا زیاتر ڕەهەندێكی كولتووریی وەرگرتووە و كورتكراوەتەوە بۆ دژایەتیكردنی چینییەكان و كولتوورەكەیان، بەڵام سەرمایەداریی بە مەبەستی دژایەتیكردنی ئابووریی هەڵكشاوی وڵاتی چین، ئەم كولتوورە بەرهەم دەهێنێت و دووبارە بەرهەمی دەهێنێتەوە. ترس لە ئابووریی چین، باڵادەستبوونی بەسەر بەشێكی زۆری جیهاندا، ڕەگ و دەماری پیاوی سپی پێستی خۆرئاوایی گرژكردووە و بەدیاریكراوییش سەرمایەدارەكان و ئیمپریالیزمی سپی پێستی تووڕەكردووە. بێ هۆ نییە لە هەموو تویت و گوتارەكانی ترەمپدا، بە كۆرۆناڤایرۆس دەگوترێت: ڤایرۆسی چینیی، یاخود ڤایرۆسی ووهانیی. ئەم ڕاسیزمە بەگشتیی كۆمەڵە و كۆمۆنیتیی چینییەكان لە دەرەوەى چین و بەدیاریكراوی لە وڵاتانی خۆرئاوا دەكاتە ئامانج، هێرش دەكاتە سەر ناوەندە ئابووریی و سەرمایەگوزارییەكانیان و ئەمەش بەگشتیی پاشماوەی دەقیقی میراتی ئیمپریالیزم و ڕاسیزمە ماوەتەوە. ڕاسیزم هەموو ساتێك بەدوای بەهانەیەكدا دەگەڕێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات و خزمەت بە باڵادەستیی سپی پێست و ئابووریی سەرمایەداریی خۆرئاوا بكات. بەتەنها سەیرێكی ڕێژەى بڵاوكردنەوەى ترس و تۆقین لە چینییەكان، لەناو كۆمەڵگا خۆرئاواییەكان بكەین، تێدەگەین ئەم ڕاسیزمە بە چ ڕادەیەك گەورە و مەترسیدارە. ئەو وێنەیەى ئەمڕۆ بۆ چینییەكان دروست دەكرێت، درێژكراوەى هەمان وێنەی سەدەى نۆزدە و بیستە لە دروستكردنی وێنەى جولەكەدا، كە لە فاشیزمدا گەیشتە لوتكەى كارەساتی خۆى. ئەوەى ئێستا من دەمەوێت بەدیاریكراوی گفتوگۆی لەسەر بكەم، كۆرۆناڤایرۆس و زەقتربوونەوەى سینۆفۆبیایە.
هەركە كۆرۆناڤایرۆس بوو بە هەواڵی مەینستریم میدیا (میدیای باڵادەست) لە خۆرئاوا، ئەم ڕاسیزمەش سەرەتا بەشێوەیەكی ئۆنلاین خۆی دەرخستەوە. ئەوانەى لە پێگە كۆمەڵایەتییەكان و پەیجەكانی فەیسبووك كۆمێنتیان دەنووسیی و بابەتیان لەسەر ئەم پرسانە شەیر دەكرد، زوومیان دەكردە سەر ڕووداوێكی تاقانە: بڵاوكردنەوەى ڤیدیۆی ئەستێرەیەكی میدیای كۆمەڵایەتیی (influencer) خەریكی خواردنی شەمشەمەكوێرەیەكە لە پالاو، ناوچەى مایكرۆنێزیا لە ئۆقیانووس، لەڕاستیدا ڤیدیۆكە تازە نییە و هی چەند ساڵ لەمەوبەرە – و گشتاندنی ئەم مامەڵەیەی شەمشەمەكوێرەخۆرییە بۆ سەرجەمی دانیشتوانی چینیی. ئەم لۆژیكەى ڕاسیزمی نوێ دەڵێت بەهۆى خوڵق و عادەت و نەریتی قێزەون و خراپی خواردن و تەندروستیی خراپەوە ڤایرۆسەكە بڵاوبووەتەوە و ئەم لۆژیكە پێشنیاری ئەوەش دەكات و دەڵێت ئەو خەڵكانەى “ئەمجۆرە ژیانە هەڵدەبژێرن” شایستەى ئەوەن نەخۆش ببن، ئازار بچێژن و بمرن. لەڕاستیدا زۆربەى هەرە زۆری ئەو خەڵكانەى ئەم ڤیدیۆیەیان بڵاوكردۆتەوە و ئەم ڕاسیزمەیان بڵاودەكردەوە، توانای ئەوەیان نەبووە لە نەخشەدا بگەڕێن و شاری ووهان ببینەوە، كە ڤایرۆسەكەى تێدا بڵاوبووەتەوە تا نەكەونە ئەم هەموو هەڵەی جیۆگرافییەوە لە بڵاوكردنەوەی ڕاسیزمەكەیاندا. پالاو لە مایكرۆنیزیایە (لە ئۆقیانووسی ئارام) و هەزاران فرسەخ وڵاتی چین لە ویلایەتی هوبای، شاری ووهان دوورە. ئەگەر وایانكردبا و تۆزێك زانیارییان بەدەستهێنابا، ڕەنگبوو ئیعتبارێكی كەم بە بانگەشەكانیان ببەخشن.
لەبەرئەوە، كاتێك وێنەكانی شەمشەمەكوێرەخۆریی لە ئۆنلاین بڵاوكرانەوە، ڕاستەوخۆ وەك خەسڵەت و نوێنەری خەڵكی چینیی دەبینران، و دواتر سەری كێشا بۆ سەپاندنی بەسەر هەموو خەڵكانی ئاسیادا. ئەمەش وایكرد متمانەبەخۆبوونێك لەنێو كۆمێنتنووسان و پۆستچیان و فەیسبووكەوانان دروست ببێت كە لە ئیتیۆلۆژیی (هۆكارناسیی) سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە تێبگەن و ئیتر مردن و ئازارچەشتن و تووشبوونی خەڵك چیتر بۆیان گرنگ نەبوو، بەڵكو كەوتبوونە جەژنگێڕان كە ڕیشەى ڤایرۆسەكەیان دۆزیوەتەوە و مادام خەڵكیش شەمشەمەخۆرن، كەواتە شایستەى مردنن. ڕاسیزمی مرۆڤی سپی پێست بەرانبەر بە ئاسیاییەكان یاخود چینییەكان بەرەو قۆناغی مەترسیدار ڕۆیشت. بەرەو كاردانەوە و بایكۆتكردنی كاڵای چینیی، هێرشی جەستەیی بۆسەر خەڵكانی چینیی و سوكایەتی پێكردن و لەناو قیتار و میترۆكان بەچاوی سەیرەوە سەیركردنیان و خۆلادان لێیان. بەشێكی ئەوانەش كە ئەم ڕاسیزمەیان گەیاندۆتە لوتكە، دان بەوەدا دەنێنن كە سینۆفۆبیا بوونی هەیە، بەڵام بەسانایی نكوڵیی لە قورساییەكەى دەكەن. كەواتە دەتوانین بە ئاسانیی ناو لەو بەشەیان بنێین “نكوڵییكردنی نەرم” یاخود “نكوڵییكردن بەخێرایی كیسەڵ” (implicatory denialism)، زاراوەیەكە بۆ یەكەمجار ستانلی كوهن لە كتێبەكەیدا بەناوی “دۆخەكانی نكوڵییكردن: زانین لەسەر دڕندەییەكان و ئازار” (2013). “نكوڵییكردنی نەرم” ئەوەیە كە نكوڵیی لە واقیع و فاكتەكان ناكات، بەڵام “نكوڵییكردن و بەكەمگرتنی ئەو ئاماژە سایكۆلۆژیی، سیاسیی یاخود ئەخلاقییانەیە كە خۆیان دەیگرنەبەر” (كوهن، 2013، ل8). بۆ تێگەیشتن لەوەى بۆچی ئەمجۆرە نكوڵییخوازیی یاخود دێنیالیزمە هێندە كێشەیە، پێویستمان بە تێگەیشتن لە پاڵنەرەكان، مەبەستەكان یاخود بەڵگەهێنانەوەكانی خەڵك نییە كە دەچنە ڕیزی دێنیالیزمی نەرمەوە. ڕاسیزم شتێكی بونیادیی و بنچینەییە و كاریگەرییەكانیشی بەهەمان شێوەن. گرنگ نییە خەڵك چ مەبەستێكیان هەیە، ئەوەی گرنگە كاریگەرییەكانیانە. با بپرسین: ئەم دێنیالیزمە كۆمەك بەكێ دەكات و كێ ئازار دەدات؟ چینی حاكم و سەرمایەداران بەرهەمەكەى دەچننەوە و خەڵكانی خوارەوەی كۆمەڵگاش زیانبار دەبن، بەدیاریكراویش، خەڵكانی كۆمۆنیتی و كۆمەڵە جیاوازەكان، بێگانەكان، دژەفاشیستەكان، دژە-سەرمایەدارەكان و دواجار بەشێكی زۆری چینی كرێكار.