قەیرانی کۆڕۆنا وەک چانسێک بۆ سۆسیالیزمێکی نوێ
ئەگەر سەرمایەداریی برێکەکەی بکێشێتە دواوە.
ئۆلیڤەر ناختڤەی
و. لەئەڵمانییەوە: هێرۆ خوسرەوی
ئۆلیڤەر ناختڤەی پڕۆفیسیۆری شیکاری کولتوورە کۆمەڵایەتییەکانە لە زانکۆی باسێل، لەگەڵ ئەمانەشدا توێژینەوە دەکات لەسەر کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی جیهانی کارکردنی دیجیتاڵی و سەرپەرشتیاری کتێبی “کارل مارکس – ڕەخنەی سەرمایەداریی”ـە.
جەوهەری تەندروستییمان پەیوەستە بە بازاڕەوە. كاتێك پەتایەک دەبێتە کێشەیەک، ئیتر کاتی ڕیفۆرمكردنی تێکڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی(خۆشگوزەرانی) و ژیانی ئابووریمانە، و هەروەها ئامادەبوون بۆ تەحەداکردنێکی دیکە. ئەوەی کە هەبوو، شتێکی کەمی لێ دەمێنێتەوە. قەیرانی کۆڕۆنا هێشتا نەگەیشتووە بە بەرزترین خاڵی قەیران. کێشەکان، ئازارچەشتن، حاڵەتەکانی مردن لەهەفتەکانی داهاتوودا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبن. لێرەدا دەکرێت ئەمە وەک پارادۆکسێک دەربکەوێت: بەڵام قەیرانی کۆڕۆنا ساتەوەختێکی شاراوە و باڵادەستبووی هەیە، کە لەڕێگەی ئاماژە خەفەتبارە یەک لەدوای یەکەکانی دەشاردرێتەوە.
سەرمایەداریی سیستەمێکە لەسەر بنەمای بەخێراییکردنی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و بەکارهێنان دروست بووە. ئێستا پێویستە برێکەکە ڕابکێشێتەوە (لەجوڵە بکەوێت). لەم کاتەدا ئەزموونی دابڕانێکی بەهێزی ژیانی ڕۆژانەمان دەکەین لە مێژووی مۆدێرندا. تەنانەت لەکاتی جەنگی جیهانیشدا ڕێستۆرانتەکان، هۆڵی شانۆکان و دوکان بازاڕەکان لە ڕاستیدا بەکراوەیی مابوونەوە. هەڵبەتە لەهەر کاتێکدابێت کافێکان، باڕەکان و ڕێستۆرانتەکان دەکرێنەوە، و دووبارە ژیانی ڕۆژانە دەگەڕێتەوە. لە هەر کاتێکدا دووبارە دەستەکان بۆ تەوقەکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەیەک دەدرێنەوە، گاڵتەو گەپ و لەزەت لەژیان دەکرێتەوە. بەڵام هەر کەسێک لەئێمە ئەزمونێکی وجودیمان کردووە: دەکرێت ژیانی ڕۆژانەمان لە ڕۆژێکەوە بۆ رۆژێکی دیكە گۆڕانی بەسەردا بێت، و ئەمەش بەدڵنیاییەوە لە سەر بانگەوازێک و ئاماژەکردنێک بەندە.
لەدەستچوونی لەناكاوی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە فیزیكییەكانی ڕۆژانە بەئازارەوە هۆشیارمان دەکاتەوە، کە چەندە مرۆڤەکان بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتین. زیاتر لەوەش: ئەو کۆمەڵگایانەی تیایاندا دابەشکردنی کار ڕێژەیەکی بەرزی هەیە، كە تا چ ڕادەیەك وابەستەیە بەکۆمەڵگاکانی دیکەوە. مارگرێت تاتچەر و زۆرێک لە نیولیبڕاڵەکان ئەم پرەنسیپەی کۆمەڵگایان تا بنەقاقا ڕەتدەکردەوە، کە مرۆڤەکان تەنیا تاکەکەسن و تەنها دەیانەوێت بە خێزانەكانیان ئاشنا بن. ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەمەش دەریدەخات هەموو شتێک، چەندە وابەستەى یەكترن. زۆرێک لە خەڵک سەڕەڕای ئەم بارودۆخە لەماڵەکانیان دەمێننەوە و ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە کە ئایدیاکەی کۆمەڵناسی فەڕەنسی ئەمیل دورکهایم، لەناو ئەوکۆمەڵگایانەی کە بە ڕێژەیەکی بەرز دابەشکردنی کار هەیە، فۆڕمێکی “سۆڵیدارێتییەكی ئۆرگانیی” لەناو زانین و پەیوەندییەکی وابەستەیی هەمەلایەنە دێتە ئاراوە، لەمەشدا ڕەنگە ئەو لەسەر حەق بووبێت.
ڕاگرتن و وەستاندنی سەرمایەداریی تەنیا بەدیاریکراوی تیشک دەخاتە سەر چەند لق و بەشێك و هەندێک کارەوە. زۆرێک لە کارپێدراوان دەنێردرێنەوە ماڵەکانیان، بەڵام کەرتەکانی وەك تەندروستیی، چاودێریی تەندروستیی، لۆگیستیک (گواستنەوەو بارکردنی کەل و پەل) و کەسابەتە بچووکەکان بەبێ چاوپۆشییکردن لێیان بۆ هێشتنەوەی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا هێشتا كاردەكەن. دکتۆرەکان، پەرستارەکان، کارمەندانی پۆست و گواستنەوە، کارمەندان لە دوکانە خواردەمەنییەکان، پڕکەرەوانی ڕەفەکانی خۆراك و خواردەمەنی، دەستی کاری خاوێنکردنەوە، كاركەرانی بواری میكانیكیی و تەكنیككارەكان، پەروەردەکارانی باخچەى ساوایان، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان بەتایبەتی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان هەروەها کرێکارەکانی کشتوکاڵ، هەموو ئەمانە کۆمەڵگا لەسەر هێلی ڕۆیشتن دەهێڵنەوە.
بەردەوام گوێبیستی پارادۆکسەکانی سەرمایەداریی دەبین، کە هەر کار و چالاکییەک کە وابەستە بەو سیستەمە بێت، لەژێر پەردەی فیتیشیزمی كاڵاییدا (Commodity fetishism) دەشاردرێنەوە و هەر کار و چالاکییەک کە سودمەندیان جێگەی گومانە، لەگەڵ زۆرێک لە (Glamour) [گۆڤاری فاشن] لەپێشتر دادەنرێت. ئێمە ئێستا پێویستییەكی گرنگمان بە پەرستارەكان هەیە، بەڵام ڕاوێژكاران [ڕاوێژكارانی باج، بانكەكان و هتد] سوودێكی ئەوتۆیان نییە. کارپێدراوەکانی ناو کارەکانی وابەستە بەو سیستەمە، سێ لەسەر چواریان ژنانن، کە لەم ئاڕاستەیەدا لەژێر سنوری پارەداندان. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێزی بازاڕی کار باشتربووە.
قەیرانی کۆڕۆنا بۆ چەشنێكی تایبەت و بەهێز ناڕوات کە قەیرانێک بۆ سووڕی بەرز و نزمبوونەوەی تێکڕای بەهەمهێنانی ناوخۆیی دروست بکات، وەک ئەوەی کە لەناو کتێبە ئابوورییەکاندا وەک “شۆکی دەرەکیی” مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هەر لە دوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨دا کێشەی سووڕی بەرز و نزمبوونەوەی تێکڕای بەهەمهێنانی ناوخۆیی ئیتر کێشەیەکی سادە نەماوە، بەڵکو قوڵتربووەتەوە، لەبەرئەوەی ئینیستیتیوتە گرنگەکانی سەرمایەداریی -بانکەکان و سیستەمی دارایی- خۆیان لەناو ئەم قەیرانەدا بوون.
تەنیا دەستێوەردانی دەوڵەتیی بەشێوەیەکی هەماهەنگ و بەرچاو دەتوانێت ئابووریی دوبارە جێگیربکاتەوە. ئەم قەیرانە تازە دەستپێکردووە، زۆر تودنڕەوترە، چونکە بەر پڕەنسیپی سەنتراڵی سەرمایەداریی دەکەوێت: یەکەی خزمەتگوزاریی و ئاڵوگۆڕی کاڵا. لەهەندێک لق و بەشەکاندا زۆر بەکەمی دەست بە جۆڵەی کارکردن دەکرێت – بە کاریگەرییە کارەساتبارییەکای بۆ بازاڕی کار.
پەیڕەوانی سیاسی لەبەر ئەم هۆکارە لەناکاو دەکەونە جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی کە لەچەند ساڵی ڕابردوودا وەك مایەى پەسەندنەكردن دەردەکەوتن. سکهەڵگووشینی ئابووریی (Austerity) کۆتایی پێهاتووە. بڕێکی زەبەلاح لە ماوەیەکی کاتیی کەمدا دەردەهێنرێت. بەڵام كاریگەریی ئەمانە كاتێك بەڕوونیی دەردەكەوێت ئەگەر ژیانی كاركردنی ناو كارگە و شوێنەكانی دیكەی كۆمەڵگا بگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان. ئەگەر ئاگرێک ئۆکسجینی پێبدرێت، زیاتر ئاگرەکە خۆش دەکات. حکومەت ڕەنگە پێویستبێت زۆرێک لە کۆمپانیاکان ڕزگاربکات. ئیتر دواتر دەبێت و دەکرێت ئەو کۆمپانیایانە دیموکراتیزەبکرێن. کۆمپانیایەک کە ڕزگاربکرێت، بەمشێوەیە دەکرێت ئەمە وەک فەرمانێک ببینرێت بەرامبەر بەکۆمپانیاکان، کە نەتوانن هیچ کەسێک لە کارەکانیان دەربکەن، بەهیچ شێوەیەک کرێی مانگانەیان کەم نەکرێتەوە و هەل بۆ کرێکاران و کارمەندان بڕەخسێنن بەشداربن لە هەر شتێک کە ڕووبدات.
لەم قەیرانەدا نەک تەنیا بانکەکان و یەکە پیشەسازییەکان بەڵکو تەنانەت کۆمپانیا بچووکەکانیش بەپارە پشتیوانی دەکرێن. پێدانی کرێی کار لەزۆرێک لەوڵاتەکان کورت دەهێنێت بەتایبەت بۆ ئەو کرێکارانەی کە ئێستا لەدۆخێکی نادیاردان و پارەش کورتی هێناوە. دەکرێت بگووترێت لە گۆشەنیگایەكی فراوانتردا: پێدانی ١٢٠٠ دۆلار بە هەموو ئەمریکییەکان موچەیەکی بنەڕەتییە بەبێ مەرج.
لە پێش هەموو ئەمانەشەوە گۆڕینی بیرکردنەوەی گشتیی خۆی لە پەیوەندییدا بە ژێرخانی کۆمەڵایەتییەوە دەردەخات: یان ماوەیەک لەمەوپێش دەبوایە زۆرێک لە نەخۆشخانەکان دابخرێن و ئەمەش بەردەوامبوو، كە زیاتر بایەخە ئابوورییەکان بەسەر یەکەی تەندروستیدا زاڵببن. ئێستا ئەمە ڕوون بۆتەوە كە ئاوێتەكردنی یەكەكانی تەندروستیی بۆ نێو بازاڕ بەشێکی کێشەکەیە. کارمەندانێکی زۆر کەم هەن، کەمی لە جل و بەرگی کار وەک پۆشاکی پزیشکی، توانایەکی نزم و کەمی دۆخی لەناكاوی تەندروستیی. کۆمپانیاکانی دەرمانسازی وازیان لە لێکۆڵینەوەکانیان بۆ سارس(لەگەڵیشیدا بۆ ئەنتیبیۆتیک) هێناوە، چونکە بەرز و نزمیی نرخە چاوەڕوانکراوەکان ناجێگیرە. دەوڵەت ئێستا ئەو داخوازییە ئابوورییانە جێبەجێدەکات، کە یەكسانن بە خواستی کۆمەڵایەتیی و نەک پڕەنسیپەکانی ئابووریی. بۆنموونە وڵاتێكی وەك ئەمریکا ژەنەڕاڵ مۆتۆری ناچار کرد، ئامێری تەواو بۆ دام و دەزگاکان بەرهەمبهێنن. لەڕووی ئەنتەرناسیۆنالییەوە زنجیرەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەکان دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و کۆنتڕۆڵ دەکرێن بۆ کارکردن لەسەر قەیرانی کۆڕۆنا.
زۆربەی قسەکان لەبارەی جەنگێکەوەن دژی ڤایرۆسەکە، مێتافۆڕێک کە لەگەڵیدا پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە بکرێت. خۆی لەواقیعدا قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی جەنگەکان هاندەرێکن بۆ داهێنانە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان، کە کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگایەکی باشتر بەقابیلییەتێکی باشترەوە دەگۆڕن. لەناوەڕاستی جەنگی جیهانی دووەمدا، لەساڵی ١٩٤٢ لە بەریتانیا ڕاپۆرتی بێڤیرێج[1] دەرکەوت، کە پلانی سەرەتایی(Blaupause)ی بۆ سیستەمی تەندروستیی جیهانیی و خۆشگوزەرانیی دەوڵەتی بەریتانیا داڕشت. ئەمڕۆ کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی دیکەیە: زیاتر گڵۆبەلیزەترە، زیاتر دابەشکەری کارە، بەڵام زیاتر وابەستەتریشە و هەروەها بەرچاوتریشە. بەڵام ڕەنگە کاتێک بێت بۆ ڕاپۆرتێکی نوێی بێڤێرێج، ڕێکارێکی نوێ بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ئامادەباش لەکاتی مەترسیدا. بەڕاستەوخۆیی پێشنیاری دروست و گرنگ هەیە بۆ بەرنامەی هەنوكەیی و تائەندازەیەکیش ڕێوشوێنی کۆنکرێتی، کە دەتوانن کۆمەڵگاکەمان جێگیربکەن: دواخستنی کاتی(یاسایی) بۆ کرێی خانووەکان، بەجۆرێک کە هیچ کەسێک لەم قەیرانەدا ماڵەکەی خۆی لەدەست نەدات. هیچ کەسێک نابێت بێبەش بکرێت لە کارەبا، ئاو و ئێنتەرنێت. موچەیەکی بنەڕەتیی بەبێ هیچ مەرجێک بۆ هەموو ئەوانەی کە کارەکانیان لەدەست داوە و یاخود دەرامەتیان لە ئاستێکی نزم دایە.
ئەگەر ئەم ڕێو شوێنانە بۆ ماوەیەکی درێژ بگیرێنەبەر، دەتوانن یەکەی تەندروستیی دەسەڵاتی بازاڕ بکێشێنێتەوە دواوە، کۆمپانیا گەورەکان ناچاردەكرێن چالاکی و کردە ئابوورییەکانیان بەبەهێزی بەپێی خواستی هەموان هەماهەنگ بکەن، ئیتر ئەمە دەبێتە هەنگاوێک بە ئاڕاستەی ژێرخانێکی سۆسیالیستی. و ڕەنگە ئەم ڕێ و شوێنانەش لەگەڵ زۆرینەی پراکتیکی و سیاسی هاووڵاتیان یەکبگرن، کە لەڕێگەی ئەزموونکردنی هاولایەنی پەیوەستبوونەوە بونیادنراون. دەکرێت چاوپۆشی بکرێت لە گەشتی فڕۆكەیی ناوخۆیی، دەکرێت بە ڤیدیۆ کۆنفڕانسەکان بکرێن، کار بەشێوەی هۆم ئۆفیس ئەنجام بدرێت و بەمەش کاری ماڵەوە و پەروەردەکردنی مناڵ باشتر دابەش بکرێت.
[1] ڕاپۆرتی بێڤریج، بە ڕەسمیی بە “بیمەی كۆمەڵایەتیی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان” ناسراوە، ڕاپۆرتێكی حكومییە كە لە نۆڤەمبەری 1942دا بڵاوكراوەتەوە، كاریگەریی لەسەر دامەزراندن و بونیادنانی دەوڵەتی خۆشگوزەران لە بەریتانیا هەبووە.
سەرچاوەى وەرگێڕان