نووسینی: پێشڕەو محەمەد
لەبیرتان بێت یاخود لەبیرتان كردبێت، ساڵی 2011، وەك ساڵێك لە یادەوەریی مرۆڤدا دەمێنێتەوە كە خەڵكانی ئاسایی و خوارەوەى كۆمەڵگا جارێكی دیكە هاتنەوە سەر سەكۆی مێژوو. چەندان شۆڕش سەریانهەڵدا كە سەرەتا وڵاتی توسن و پاشان بەشێوەیەكی بەرفراوان میسریان هەژاند، كە ئیلهامی بە ملیۆنان مرۆڤ بەخشی لە سەرتاسەری هەسارەكەدا. شۆڕشەكان ڕوودەدەن و لەگەڵ خۆشیاندا گڕی مەشخەڵی شۆڕش لە هەموو كون و قوژبنەكانی دونیا خۆشتر دەكەن. شۆڕشەكانی تونس و میسر بووە هۆى سەرهەڵدانی چەندین ناڕەزایەتیی، خۆپیشاندان و مانگرتن لە ئەوروپا لە هەمان ساڵدا. كرێكاران و ناڕازییان و بزووتنەوەى جەماوەریی لەسەرتاسەری دونیا دەیانگوت “ئەگەر میسر بتوانێت شۆڕش بكات، ئەى بۆ ئێمە ناتوانین هەمان شت لێرە دووبارە بكەینەوە”. نیۆلیبراڵیزم سیاسەتی تەقەشوف و سگهەڵگوشین و دەستپێوەگرتنی ئابووریی سەپاندووە و وایكردووە خەڵكانی هەژار و چینی كرێكار باجی قەیرانە ئابوورییەكان بدەن، ئەى ئێمە چۆن وەڵام بدەینەوە؟ شۆڕش. ساڵی 2011 ساڵێكی سەرنجڕاكێش و سەرسوڕهێنەر بوو بۆ شۆڕشگێڕان لەسەرتاپای جیهاندا. ڕەنگە كەسانێك بڵێن وڵاتانی تونس و میسر، وڵاتانی سەرمایەداریی نین یاخود هەندێكی دیكە بڵێن سەرمایەدارییەكی تێكەڵ بە ئایین و خێڵ حوكمڕانیی دەكات. بەڵام بیرمان نەچێت، لەسەردەمی نیۆلیبراڵیزمی ئابوورییدا شتێك نەماوەتەوە تێكەڵی ئەم ئەڵقەیە نەبووبێت و وەك ترۆتسكی دەیگوت، سەرمایەداریی زۆربەى جار لە ئەڵقە لاوازەكانیدا شكست دەهێنێت و تەشەنە دەكات بۆ ئەڵقە بەهێزەكان. باشترین نموونەش شۆڕشی ئۆكتۆبەر خۆی بوو، لە وڵاتێكی دواكەوتووی وەك ڕووسیا سەریهەڵدا و پڕیشكی شۆڕشەكە سەرتاپای دونیای گرتووە، هەر لە چركەساتی ئۆكتۆبەری 1917ـەوە شۆڕش جیهانی تەنییەوە.
ئێستا كەسانێكی دیكە هەن و دەڵێن ئەگەر باشە ئەمە شۆڕش بوو، ئەى بۆ شكستی هێنا؟ بۆ هیچی نەگۆڕی؟ بەپێچەوانەوە شۆڕشەكە سەركەوتوو بوو، گۆڕانكاریی لە وشیاریی خەڵكدا دروستكرد، ئەگەر نەیتوانیبێت هەڕەمی دەسەڵات بگۆڕێت، توانیویەتی وشیاریی شۆڕشگێڕیی لای خەڵك زیندوو بكاتەوە و ئەم شۆڕشەش لە 2011دا نەوەستا، تا سەردەمی كۆرۆناڤایرۆس درێژبووەوە، ئەمجارە سودان و عێڕاقیشی گرتەوە. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر شۆڕشێكدا و لەگەڵ شكستی هەر شۆڕشێكدا، دەبێت بپرسین: ئایا چ ستراتیژێكمان گرتەبەر؟ پرسیاری ستراتیژ، ئیتر بابەتەكە تەواو ڕوون دەكاتەوە. شۆڕش ئاسان نییە و پرۆسەیەكی یەكگرتووش نییە. لە ساتە شۆڕشگێڕییەكاندا كۆمەڵێك ساتی دیكە هەن بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی دەڕواتە پێشەوە، ئێستێك دەكات و دەوەستێت و یاخود دەبێت پاشەكشێ بكات. ئیتر لەگەڵ پرسی ستراتیژ لەم ساتانەدا، پرسی ڕێكخستن دێتە ئاراوە، چۆن شۆڕشگێڕان بۆ تێپەڕاندنی مەترسیی و تۆقینەكانی سیستەمی سەرمایەداریی و دامەزراندنی جیهانێكی نوێ، خۆیان و بزووتنەوەكەیان ڕێكدەخەن؟
لە مەیدانی شۆڕشگێڕییدا، دوو بزووتنەوە هاوشانی یەك دێنە شەقامەوە: ماركسیزم و ئەنارشیزم. مێژووی ئەم دوو بزووتنەوەیە، بەنزیكەیی هاوكاتە و ڕابەر و دامەزرێنەرانیشیان بەهەمان شێوە. جگە لە هاوڕێیەتیی بەشێك لە دامەزرێنەرانی ئەم دوو ڕەوتە، و بەشدارییان لە بزووتنەوەى شۆڕشگێڕییدا، و هەبوونی چەندین خاڵی چوونیەك و هاوبەش، بەڵام خاڵی ناكۆكیشیان زۆرە، ئەوەى ماركسیزم و ئەنارشیزم لەیەك جیادەكاتەوە: دەسەڵات، ڕێكخستن، حزب، پرسی دەوڵەت، ڕابەرایەتیی شۆڕشگێڕیی لەنێوان كرێكاران و جووتیاران و توێژەكانی دیكە و بەدەستەوەگرتنی ئامرازەكانی بەرهەمهێنان. ئەگەر لەیەك كاتدا بچنە ناو بزووتنەوەى شۆڕشگێڕییەوە و هاوكات پەلاماری یەك دوژمنی هاوبەش بدەن، بەڵام لەم پرسانە لەیەكتر جیادەبنەوە و كێشەش بۆیەكتر دروست دەكەن. مێژووی ماركسیزم مێژوویەكی واقیعیترە، مێژووی ئەنارشیزم زیاتر لە خەیاڵەوە نزیكە، مێژووی ماركسیزم سەركەوتنی زیاترە و ئەگەرەكانی بردنەوەى جەماوەر و كۆمەڵگای زیاترە، ئەنارشیزم پەرتەوازەتر و شكستی زیاترە لە سەركەوتنی. ئەمە بۆ بەمجۆرەیە؟ وەك باسمكرد، ماركسیزم و ئەنارشیزم دوو ڕەوتی سەرەكیی بیری دژە-سەرمایەداریین. پەیوەندییشیان هەیە، بەڵام زۆرجار پەیوەندییەكەیان چەشنی تۆفان وەردەگرێت. ئەنارشیستەكانیش، هاوشێوەى ماركسیستەكان، ڕقیان لە سەرمایەدارییە – كۆمەڵگایەك لەلایەن كەمینەیەكەوە كۆنتڕۆڵكراوە، كە زۆربەمان ناچار دەكات كاری بۆ بكەین، سامانیان بۆ هەڵبكشێنین و واز لە هەموو توانا و ئیمكاناتی خۆمان بهێنین تا گیرفانی ئەو كەمینەیە پڕبكەین. سیستەمی سەرمایەداریی، سیستەمی جەنگ و ڕاسیزمە، سیستەمی نامۆكردنی خەڵك و دروستكردنی هەژارییە. سیستەمێكە تەنها دەتوانێت گەرەنتیی مانەوەى خۆی لەڕێگای دەوڵەت، سەربازانی پیادە و هێزی ئاسمانیی، سیستەمی دادوەریی، و پۆلیس و دەزگا ئایدیۆلۆژییەكانی وەك مزگەوت، كڵێسا، سیناگۆگ، پەرستگاكانی دیكە، زانكۆ، قوتابخانە، تەلەڤزیۆن و میدیاكانی دیكەوە بكات. بەم ئامرازانەوە ئێمە لەو شوێنە ڕادەگرێت كە ئێستا تیایداین.
لەم نووسینەدا نامەوێت زۆر بچمە ناو وردەكارییەكانی ئەم باسەوە، چونكە كتێبەكەى مالینۆ خۆی ئەوپەڕی وردەكاریی و ڕوونبێژیی ڕەچاوكردووە و ئەم كتێبە “ئەنارشیزم: لەڕوانگەى ڕەخنەى ماركسیزمەوە” ئێستا بە زمانی كوردیی لەبەردەستە و بابان ئەنوەر بە زمانێكی ڕوون و ڕەوان، كە شایستەى كتێبەكەیە، كردوویەتی بە كوردیی و لەم كورتە نووسینەدا دەمەوێت گرنگیی ڕەخنەكەى مالینۆ هەڵبسەنگێنم و خوێندنەوەى كتێبەكە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم. جۆن مالینۆ لەم كتێبەدا وەڵامێكی ئێنجگار عەقڵانیی و زیرەكانە بۆ حەزی نوێ بەرانبەر بە ئەنارشیزم هەم وەك بزووتنەوە و هەم وەك ئایدیۆلۆژیا بەدەستەوە دەدات. ئەم كتێبە تێگەیشتنێكی ئێجگار ڕوون و ڕەوانە بۆ مێژوو و فەلسەفەى ئەنارشیزم. مالینۆ شیكارییەكەى خۆی لە میخایل باكونینەوە بۆ جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا، و تا بەهاری عەرەبیی درێژ دەكاتەوە. پەنجە لەسەر لاوازییەكانی ئەنارشیزم دادەنێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك خاڵە سەرنجڕاكێش و گرنگەكانی ئەنارشیزم فەرامۆش ناكات. لەبەرئەوە، كتێبەكەى مالینۆ ئامرازێكی گونجاوە بۆ تێگەیشتن لە جیاوازییە ناوەكییەكانی نێوان بەگشتیی هەڵەتێگەیشتنەكان لە بزووتنەوە ئەنارشیستییەكان و ماركسیزم. زۆرێك لە نووسەرانی چەپ و ماركسیستی ئەرسەدۆكس ئایدیا ئەنارشیستییەكان وەك كۆمەڵە ئایدیایەكی گەڕەلاوژە و كۆنەپارێز دەبینن، كەچی مالینۆ ستایشی بزووتنەوەكان بەوجۆرە دەكات كە هەن. بەڵام لە هەمانكاتدا بەرگریی لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی، ڕێكخستن و ڕەتكردنەوەى ئایدیۆلۆژیای تاكگەراییانەى ڕەق دەكات.
ڕەتكردنەوەى دەسەڵات و قوچەكییەت (هیرارشییەت) كە بنچینەى ڕەخنەى ئەنارشیزمە، كۆمەڵێك مەترسیی بۆ ئەوانە لە پشتەوەیە كە دەیانەوێت خۆیان لەدژی سیستەمەكە ڕێكبخەن. لەبەرئەوەیە مالینۆ كۆمەڵە بیروبۆچوون و ئەرگومێنتێك لەدژی ئەو چالاكوانانە دەخاتەڕوو كە ستراتیژییان بۆ گۆڕینی جیهان پشتی بە ئەنارشیزم بەستووە، یاخود ئەوەى ئەمڕۆ زیاتر باوە، ئۆتۆنۆمیزم. سەرەڕای ڕەتكردنەوەی ئەم تیۆر و ئایدیایانە، مالینۆ مێژوویەكی گەرم و گوڕی ئەنارشیزم دەنووسێتەوە كە من نامەوێت لێرەدا باسی بكەم، چونكە خۆی تەواو ڕوون و ڕەوانە، و هەروەها پەنجە لەسەر گەشترین قۆناغی مێژوویی ئەنارشیزم دادەنێت، بەڵام بەشێوەیەكی ڕەخنەیی (شۆڕشی ئیسپانیی لە 1936، كاتێك چوونە ناو حكومەتی بەرەى جەماوەرییەوە) و هەروەها قۆناغی دواتری 1870. پێویستە زۆرینەى ئەنارشیستەكان لە ڕەخنەگرتن لەم قۆناغانە لەلایەن ماركسیستەكانەوە وریا بن و ئاگایان لەم ڕەخنانە بێت، مالینۆ بە وردیی پەنجەى لەسەر داناون كە من نامەوێت لێرەدا دووبارەیان بكەمەوە. بەڵام دوو ڕەهەندی گرنگ لە ڕەخنەكانی مالینۆدا هەن پێویستە دووبارە بەكورتیی باسبكرێنەوە. یەكەم، بریتییە لە ڕۆڵی دەوڵەت، و دووەم قوچەكێتیی. سەرەتا مالینۆ باس لەوە دەكات كە ئەوە خەون و خەیاڵە پێمانوابێت دەتوانین سەرمایەداریی بڕووخێنین و سیستەمێكی بێدەوڵەت لە شەو و ڕۆژێكدا لەجێی سەرمایەداریی دابنێین. میسرییەكان بەباشی ئەمەیان بینی كاتێك حكومەتەكەى موبارەك كەوت، سیستەم دەگەڕێتەوە و لولەى تفەنگەكەى دەكاتەوە تۆ و ئەو شتە بەدەستدەهێنێتەوە كە لەدەستی داوە. دوای شۆڕشی ڕووسیا، یاخود سەركەوتنی كۆمۆنەى پاریس لە 1871، نەزمی كۆن وازی نەهێنا و بڕواتە ماڵەوە. ئەوان خۆیان ڕێكخست بۆ وێرانكردن و لەناوبردنی شۆڕشەكان و شۆڕشگێڕان. لە كۆمۆنەى پاریسەوە بیگرە تا شۆڕشی ئۆكتۆبەر و ڕووداوەكانی ئەو دواییانە. هەموو ئەوانەى پێیانوابوو شۆڕشی ئۆكتۆبەر دەبوو واز لە دەسەڵات و ڕێكخستن بهێنێت، لەوە تێنەگەیشتبوون كە چەند مانگێك بەسەر شۆڕشی تازەلاودا تێپەڕ نەبوو كە سوپای سپی پاشماوەى ڕاستڕەوەكانی ڕووسیای سەر بەقەیسەر بە پشتیوانیی 18 سوپای وڵاتانی ئیمپریالیست، پەلاماری شۆڕشەكەیان دا و جەنگێكی خوێناویی ناوخۆییان لەو وڵاتەدا خوڵقاند. ئەگەرچی بەلشەڤییەكان ئیمپریالیزم و دژەشۆڕشیان وەدەرنا، بەڵام بە بەهای تێداچوونی بڕێكی گەورەى زیانی مرۆیی و ماددیی.
كەواتە ڕێكخستنی شۆڕشگێڕان ئێجگار گرنكە، وەك چۆن دەوڵەتی كرێكارانیش لەدوای شۆڕشەوە. دەوڵەت هێزێكە بۆ پاراستنی حوكمی چینایەتیی. ئەمە سەبارەت بە دەوڵەتی سەرمایەداریی و دەوڵەتی كرێكارییش ڕاستە. بەڵام ماركسیستەكان هەرگیز باوەڕیان بەوە نییە كە لە كۆمەڵگایەكی كۆمۆنیستیدا، كاتێك شۆڕش بڵاودەبێتەوە و خۆی بەرجەستە دەكاتەوە، دەوڵەت بۆ ئەبەد بوونی دەبێت. هەركە هەڕەشە دەرەكییەكان لەسەر شۆڕش نەمان، ئەوا زەروورەتی دەوڵەتیش بوونی نامێنێت. مادام شۆڕش بڵاونەبووەتەوە و هەڕەشەى ئیمپریالیزم و سەرمایەدارییش لە لوتكەدایە، ئێمە ناتوانین بەبێ ڕێكخستن لە بردنەوەى بەشێكی جیهان، بەرگریی لەو سەركەوتنە بكەین. ئەوەى ئەنارشیستەكان پێیانوایە دەتوانین بە شەو و ڕۆژێك لە سیستەمێكی دەوڵەتخوازەوە بەرەو سیستەمێكی بێ دەوڵەت بڕۆین، زیاتر لە خەیاڵ دەچێت و ئەمەش وادەكات هەمیشە خەباتی ئەنارشیزم و ئۆتۆنۆمیزم بە شكست و پەرتەوازەیی كۆتایی بێت. لەدوای ئەم شكستەش سەردەمی خەم، میلانكۆلیی و خەمۆكیی و نائومێدیی بۆ ماوەیەكی زۆر بگەڕێتەوە و بەرۆكی شۆڕشگێڕان بگرێت و بەشێكی زۆریش لە شۆڕشگێڕان هەم لە ڕابردوویان پەشیمان بكاتەوە و هەمیش بیانبات بەرەو لانەى نائومێدیی.
بێگومان نابێت ئەوەش لەبیر بكەین، كە ڕێكخراوە ماركسیستییەكانیش، وەك مالینۆ خۆشی باسی دەكات و خۆشم بەدرێژایی نووسین و چالاكییەكانم ئاماژەم پێكردووە، لاوازیی خۆیان هەیە و پێویستە دانیان پێدا بنرێت و پەنجەیان لەسەر دابنرێت. بەڵام سەرەڕای ئەمانە، بزووتنەوە و ڕێكخراوی شۆڕشگێڕ پێویستی بە ڕابەرایەتیی (leadership) هەیە، بەڵام با لەگەڵ چەمكی ڕابەر (leader) تێكەڵی نەكەین، تاكەكەسێك لە لوتكەى دەسەڵاتدا. ڕابەرایەتیی واتا پرۆسەى بڕیاردانی دەستەجەمعیی كە دەبێتە هۆی ئەوەى ڕێككەوتن و جوڵەى پێكەوەیی بەرانبەر بە ئامانجێكی هاوبەش بێتەئاراوە. كرۆكی ڕەخنە و ئەرگومێنتەكەی مالینۆش ئەمەیە: “ئەنارشیزم ناتوانێت بیباتەوە”، چونكە ستراتیژێكی یەكگرتوو و بەهێزی بۆ گۆڕینی ئایدیالەكانی خۆی و پاڵەوانێتییەكەى بۆ نێو واقیع پێنییە. ئەنارشیزم بزووتنەوەیەك بووە دونیایەك پاڵەوانی هەبووە و پاڵەوانەكانیشی بوونەتە قوربانی ئایدیالێكی مرۆیی. بەڵام پاڵەوانپەرستیی فەردیی ناتوانێت بڕێكی زۆر لە دونیا بگۆڕێت. هەڵبەت ئەمەش بەو مانایە نایەت كە مرۆڤایەتیی ناتوانێت بگات بە یەكسانیی و دادپەروەریی، مێژوو پێچەوانەكەى سەلماندووە.
یەكێكی دیكە لە كێشەكانی ئەنارشیزم پەیوەندیی بە بێتوانایی ئەم بزووتنەوەیەوە هەیە لە تێگەیشتن و مامەڵەكردن لەگەڵ ناهاوسەنگیی وشیاریی و ئایدیاكانی كرێكاران لەناو سیستەمی سەرمایەدارییدا. مادام سەرمایەداریی هەیە و هەردوو دەزگای سەركوتی دەوڵەتیی و دەزگای ئایدیۆلۆژیی بەدەستەوەیە كەواتە ئایدیۆلۆژیاكەى كاریگەریی و هەیمەنەیەكی بەرچاو لەسەر بیركردنەوەى كرێكاران تاقیدەكاتەوە. كەواتە هەر ئەوەندە بەس نییە چاوەڕوانی خەباتی عەفەویی و خۆڕسك بین بۆ سڕینەوە و نەزۆككردن و لابردنی كاریگەریی ئایدیا سەرمایەدارییەكان لەنێو زەین و مێشكی كرێكاران و جەماوەردا. لەبەرئەوەیە هەمیشە خەباتێك بۆ ڕابەرایەتیی لەناوەوەى بزووتنەوەى كرێكارییدا هەیە، چ دانی پێدا بنێین یاخود نا. ئەگەر بەڕاستی نكوڵیی لەم مەسەلەیە بكەین ئەوا بەسانایی كێشەكان فریومان دەدەن و سەریان لێدەرناكەین. پێویستمان بە بەگەڕخستن و پێشخستنی ڕابەرایەتییەكە بتوانێت خەبات لەپێناوی كۆمەڵگایەكی دیموكراتیی و یەكسانییخوازدا بەڕێوەبەرێت.
ئەگەر ئەم پرسە كۆنكریتیتر بكەینەوە، و چاوێكیش لە كوردستان بكەین، ئەوا ڕەنگە پرسی گرنگیی ڕابەرایەتیی زیاتر دەربكەوێت. ئەگەرچی لە كوردستاندا بزووتنەوەی ئەنارشیستیی گەشەی نەكردووە و لەناو بزووتنەوەى جەماوەرییدا بەپێچەوانەى بزووتنەوەى چەپ و ماركسیزمەوە، پێگەیەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام ئایدیالی خۆڕسكیی بزووتنەوەى جەماوەریی و گرنگیینەدان بە ڕابەرایەتیی، بووەتە هۆى ئەوەى سەرجەمی بزووتنەوە جەماوەرییەكانی 20 ساڵی ڕابردوو لە كوردستان شكست بهێنن و هەرجارێكیش كۆمەڵگا بچێتە نێو ئەوپەڕی نائومێدیی و پەشیمانییەوە. دیارترین بزووتنەوەى جەماوەریی، 17ی شوبات، بەدەرنەبوو لەم بێ ئاسۆییەى ڕابەرایەتیی، و ڕۆشنبیران و ڕێكخەرانی چینی ناوەڕاستی بزووتنەوەكە، ئاقاری بزووتنەوەكەیان بە شكستێكی سەرتاسەرییدا برد، بەڵام بزووتنەوەى جەماوەریی لە كوردستان نەمرد و ناشمرێت. ئەوەى گرنگە چۆن لە شكستەكانی ڕابردووی تێبگات و چۆن خۆی ڕێكبخات و گرنگیی بە بەدیهێنانی ڕابەرایەتییەكی دیموكراتیی و بەهێز بدات. ئا لێرەوەیە كتێبەكەى مالینۆ بۆ دۆخی ئێمە گرنگیی خۆى پەیدا دەكات، سەرەڕای ڕەهەندە جیهانییەكەى.
كتێبەكەى مالینۆ ئێجگار سەرنجڕاكێش و بەسوودە. هەرگیز هێندە لوتبەرز و ڕەخنەگرێكی بێباك نییە و زۆر بەئاسانیی دەڵێت ماركسیستەكان و ئەنارشیستەكان دەیانەوێت جیهان بگۆڕن. ستایشی پاڵەوانپەرستییەكانی ئەنارشیستەكان لە ڕابردوودا دەكات و هەروەها گرنگییش بەو خەباتە دەدات كە ویستوویانە بیگرنەبەر. بەڵام یەك خاڵ مەكینەى جوڵێنەری كتێبەكەیە: ئارەزوو بۆ “بردنەوە”ی جیهان، كە ئەنارشیستەكان شكستی تێدا دەهێنن.
لەبەرئەوەى پێموایە خەڵكێكی زۆر كتێبەكەیان خوێندۆتەوە و ئەم پێداچوونەوەیەى منیش دەخوێننەوە، چ لە بەرەى ئەنارشیستەكان بێت، یاخود ماركسیستەكان و چەپەكان و كەسانی دیكەش بەگشتیی، ئەوا پێشنیاری خوێندنەوەى ئەم كتێبە بۆ هەموان دەكەم. وەرگێڕانێكی ڕوون و ڕەوان، بە قەبارەیەكی بچكۆلە و جوان كە خوێندنەوەى بێزارت ناكات و سەرەڕای ئەوەش، نرخێكی هەرزان، پێموایە پێش داشكاندن تەنها چوار هەزار دیناربووە و ئێستا بێگومان لە كتێبخانەكانی كوردستان بەداشكاندنەوە دەستدەكەوێت. ئەوانەى دەیانەوێت جیهانێك بۆ بردنەوە بەدەستبهێنن و خەباتی لەپێناودا بكەن، پێویستە لە هەڵەكانی ڕابردووەوە فێرببن، ئەم كتێبە بە ئاراستەى یارمەتیدان لەم پرسەدا دەڕوات.