نوسینی: هێرۆ خوسرەوی
ئەمڕۆ لەیادی ٢٠٢ ساڵەی لەدایکبوونی مارکسدا پێویستە گرنگیی و هێشتا ئەمڕۆییبوونی ئایدیاکانی مارکس باس بكرێن و دووبارە لەگەڵ بارو دۆخ و ئەم سەردەمەدا بخوێندرێنەوە. وەک دەزانین جیهان گۆڕانکارییەکی وەها بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، زۆر کات ئەو ئارگومێنتانە دەهێنرێنەوە، کە ئیتر ئایدیا کۆنەکان کاتیان بەسەرچووە، ئێستا سات و سەردەمێکی دیکەیە، ئەویش سەردەمی دیجیتالیزە و بەتەکنەلۆژیابوون و گلۆبالیزەبوونە.
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییەکانی مرۆڤ بەسروشتەوە، بە کۆمەڵگاوە و بە ئۆبژێکتەکانی دەوروبەرییەوە هەموویان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و هیچ شتێک لە قاڵبی پێشووی خۆیدا نەماوەتەوە، تەنانەت سەرمایەدارییش چیتر هەمان سیستەمەكەى سەدەى نۆزدە نییە. بۆئەمش پێویستە ئایدیا و تیۆری دیەکەمان هەبێت، یان بەلایەنی کەمەوە کاریان لەسەر بکرێت و بەئەمڕۆیی بکرێن.
بەڵێ بەدڵنیاییەوە هەر لەکۆمەڵگا سەرەتایی و سادەکانەوە بگرە تا کۆمەڵگا گەشەساندووە ئوربانیزەکراوەکان (بەشارییكراوەكان) ئەم گۆڕانکارییانە بەزەقی دەکەونە دبینرێن. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە بپرسین ئایا سەرمایەداریی بەزانین و ئاگاداربوون لە تیۆرییەکانی مارکس لەبارەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و ئابووریی، توانیوییەتی گۆڕانکارییەک لە سیستەم و بەرنامەکەی خۆیدا بکات، ئایا هەر لەسەر هەمان ڕێڕەوی پێشتری دەڕوات یان ئەوەی زیاتر توندڕەوتر و بەربەریتربووە؟
مارکس لە مێژووی ئایدیاکاندا
مێژووی ئایدیاکان بریتییە لە کارکرن لەسەر مێژووی فکر و ئایدیاکان، بەدوای هۆکار و زەرورییەتی دروستبوونی ئایدیایەکی نوێدا دەگەڕێت، هەوڵ دەدات ڕیشە و بنەماکانی ئایدیا کۆنەکان شیبکاتەوە کە بۆچی ئەو ئایدیایانە ئیتر لە باوکەوتوون. هەر ئەم ئایدیایانەش هۆکارێکی بزوێنەربوون بۆ وەرچەرخان و شۆڕشەکان. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو بەدیاریکراوی مێژووی پێش تیۆری ماتریالیزمی مارکسیستی، بەسەردەمێکی دیکە ئاشنا دەبین. هەر ئەمەش بۆ لێکۆلەرەوانی بورای مێژووی ئایدیاکان گرنگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە، کە چ هەلومەرجێك ئەوەی ڕەخساندووە بۆ دروستبوونی ئایدیای ماتریالیزمی مێژوویی مارکسیستی.
ئارتور ئۆنكن لەڤجۆی (Arthur Oncken Lovejoy) مێژوونوسی ئەمریکیی، کە وەک دامەزرێنەری مێژووی ئایدیاکان دەناسرێت، لەتوێی لێکۆڵینەوەکانی بۆ مێژووی ئایدیاکان، باس لە کاریگەریی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە دەکات، وەک جۆرێك وەهم و فریو (Illusion)، کە ئەو پێیوایە، لەتەواوی مێژووی فکر و ئایدیادا فەیلەسوفان ئایدیاکانیان لە چەند ئایدیایەکی سەرەتایی زیاتر بڕی نەکردووە، بەڵام بە شێوازی جۆراو جۆر و لێکدانەوەی جۆراوجۆرەوە هەوڵیانداوە ئایدیایەکی نوێ بخوڵقێنن، بەڵام ئەگەر بەوردیی وەک کەسێك کە لێکۆلەری ئەو ئایدیایانە بێت، بگەڕێینەوە بۆیان، زۆر ئاسان پەی بەمە دەبەین.”تەواوی سیستەمی فەیلەسوفان یان ئاراستە فەلسەفییەکان هەمیشە تێکەڵیەکی ئاڵۆز بوون”(Arthur Oncken Lovejoy). لەمەدا خاڵێکی هاوبەش لەنێوان ئایدیای لەڤجۆی و مارکسدا دەدۆزینەوە، مارکس لە تێزە بەناوبانگەكەی 1845یدا دەربارەى فۆیەرباخ دەڵێت: “فەیلەسوفان تا ئێستا بەشێوازی جۆراوجۆر تەنها تەفسیری جیهانیان كردووە، بەڵام خاڵەكە بریتییە لە گۆڕینی جیهان”.
هەر ئەمە ئەم خاڵەیە بۆ بونیادنانی ماتریالیزمی مێژوویی و مارکسیستی. کە ئیتر مارکس نەک تەنیا نەهات هەمان ئەو ئایدیا سەرەتاییانە شیبکاتەوە و جێگەیەکی دیكەیان لە فەلسەفەدا بۆ بکەتەوە، بەڵکو هەستا بە هەڵگەڕاندنەوەی ئەو ئایدیایانەو ڕیشەی ڕاستەقینەی ئایدیاكانی دۆزییەوە. هەروەک مارکس و ئەنگڵس لە کتێبی “ئایدۆلۆژیای ئەڵمانیی“دا دەنوسن، فەلسەفەی ئەڵمانی بەکارکردن لەسەر ئایین و تەفسیرکردنی مەسیحییەتەوە خەریکبووە. بۆ ئەوان جەنگان بەرامبەر بە کێشەکان خەبات کردنبووە بەرانبەر بە میتافیزیك و بەهیچ شێوەیەک خەبات کردننەبووە بەرامبەر بە واقیعییەتی ئەو جیهانەی کە مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا بە جوڵە و ڕاستییەکاندا هەیانە. بۆ مارکس و ئەنگڵس فەلسەفەی ئەڵمانیی کەوتۆتە ناو وەهمێکەوە و دابڕاو لە واقیعێکی ماتریالی. لەمەشەوە مارکس تیۆرییەکی دامەزراند کە تەواو پێچەوانەی فەلسەفەی ئەڵمانیی کە وەک ئەوەی لە ئاسمانەوە بۆ زەوی دابەزیبێت و هیچ شتێکی لەگەڵ واقیع و ژیانکردنی مرۆڤەکاندا نەگونجاوە، تیۆرییەک کە هەڵقوڵاو لەناو کۆمەڵانی خەڵک و لەناو دڵی مرۆڤایەتییەوە. هەڵبەت دیسان ئەمەش لەلایەن زۆرێك لە فەیلەسوفە نەریتیی و ئایدیالیستەكانەوە والێكدەدرایەوە كە ماركس دژ بە تەفسیر و لێكدانەوە بێت، بەپێچەوانەوە، تەنها نیگایەكی بچووك بەسە تێبگەین لەوەى میراتێكی هێندە گەورەى تەفسیر و نووسین و لێكدانەوەى بەجێهێشتووە كە تا سەردەمی ئەو و دواتریش هیچ بیرمەند و فەیلەسوفێك نەیتوانیوە میراتێكی هێندە گەورە و مەزنی هەبێت. بەڵام ئەوەى ماركس لە تیۆری فەلسەفەى ڕووت جیادەكاتەوە، دۆزینەوەى ڕیشەى واقیعیی ئایدیاكانە، نەك گەڕان بەدووی ڕیشە وەهمیی و خەیاڵییەكانیدا. هەر ئەمەش وادەكات لێكدانەوەى ماركس بۆ مێژوو، كۆمەڵگا، ئابووریی، سەرخانی كولتووریی، سیاسیی، كۆمەڵایەتیی و فیكریی تا ئەمڕۆش بەزیندوویی خۆیەوە بمێنێتەوە.
چەند قۆناغێك هەن كە ئایدیاكان فۆرمی واقیع وەردەگرن، واتا بەرجەستە دەبن و لە فۆرمی زیندوودا خۆیان نمایش دەكەن. یەكێك لەو مێژوو و قۆناغانەى ئایدیاكانی ماركس بە قوڵیی وەرگێڕدرانە سەر واقیع و بازدانێكی گەورەیان بەسەر مێژووی چەند هەزار ساڵەدا كرد، شۆڕشی ئۆكتۆبەر بوو، كە لێرەدا پێویست ناكات قسەى لەسەر بكەین، چونكە ملیاران لاپەڕەى لەسەر پڕكراوەتەوە و بۆ هەموان ئاشنایە، قۆناغێك لەگەڵ جەنگی یەكەمی جیهانیدا، وەك بڵێیت كۆی مرۆڤە چەوساوە و كرێكارانی جیهان لە تۆڕێكی بەیەكەوە بەستراوەدا بوون لە سەروبەندی 1917 و كۆتاییەكانی جەنگی یەكەمی جیهان، بەیەك ئاواز، لە گۆشە و كەنارەكانی دونیا بە ئیلهام وەرگرتن لە شۆڕشی ئۆكتۆبەر وەك هەورەبروسكە پەلاماری سەرمایەدارییان دا. قۆناغێكی دیكە شۆڕشە ڕزگاریخواز و نەتەوەیی و كۆمۆنیستییەكانی دوای جەنگی دووەم بوون، ئەگەرچی پاڵنەری ئەم شۆڕشانە زۆر جیاوازن لە قۆناغی یەكەم، هێندەى ڕاستەوخۆ پەلاماری سەر چەوساندنەوەى ئیمپریالیستیی بوون، هێندە هاوشێوەى قۆناغی یەكەم وشیاریی ڕاستەوخۆی چینایەتیی نەبوون، نموونەى چین و ڤێتنام و كوبا و هتد. بەڵام قۆناغێکی دیكە لە مێژووی ئایدیاکان بزوتنەوەی خوێندکارانی ٦٨ـە و بەیەکێكی دیکە لە قۆناغە مێژووییەکان دادەنرێت، کە ئەو نەوەیەی جەنگیان ئەزموون کردبوو و ئەو نەوە تازەیەی کە بەڕوانگەیەکی تیۆریی ڕەخنەییەوە بەرامبەر بە جەنگی ئەمریکا بۆ سەر ڤێتنام وەستانەوە. و ئەو بارو دۆخەی لێیەوە هەڵقوڵابوو و ئەو زەرورەتەی دەرفەتی بۆ دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیە ڕەخساندبوو. کاراکتەر و کاریگەرییەکانی مارکس و مارکسیزم تێیدا زەقترین كاریگەریی بوو. ئەوەندە بەسە سەیرێكی كارەكتەر و خەسڵەتی ڕاپەڕین و شۆڕشەكان و كارەكتەر و ڕابەرەكانیان بكەین تا لە ئامادەیی قورسی ماركس لەو قۆناغە تێبگەین کەواتە مارکس بەشێکی گرنگی نەک تەنیا مێژووی ئایدیاکان، بەڵکو مێژووی واقیعی مرۆڤایەتییە. بێگومان قۆناغی دیكەش لەپێشمانن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تا ئێستا ئایدیاکانی مارکس بەشێکی گرنگن و نكوڵیان لێناكرێت، سەڕەڕای ئەم گۆڕانە زەمەنییەی کە هەیە، هێشتا دەخوێندرێن و بەپێی هەلومەرجی نوێ شیکاریی تازەشیان بۆ دەکرێت. لەم زەمەنەی ئێستاشدا پێویستبوونی ئایدیاکانی مارکس خۆی دووپات دەکاتەوە، بێگومان سەردەمەکان گۆرانکاریان بەسەردا هاتووە، بەڵام سەرمایەداریی نەک تەنیا لاواز نەبووە بەڵکو باشتر ڕیشەی خۆی داكوتاوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات، تا سەرمایەداریی و سیستەمەکان و ئەو سیاسەتانەى خزمەتی پێدەکەن هەبن، مارکس و مارکسیزمیش گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و ئەمڕۆییە.
مارکس وەک ئیکۆلۆژێك
لەگەڵ ناوهێنانی مارکس یەکسەر زەینمان بۆ مانیفێستی کۆمۆنیست و کتێبی سەرمایە دەچێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەخنە جددیی و قوڵەی مارکس لە سیستەمی سەرمایداریی، کە تێیدا سەرهەڵدانی ئالوگۆڕ و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و پێدانی بەها و گۆڕینی بەهای کاڵاکان بەشێوەیەکی بنچنەیی شیدەکاتەوە. ئەو مارکسەی کە زۆربەمان بە فیکرەکانی ئاشناین، مارکسێکە وەك ڕەخنەگری ئابووریی ڕەق، یان فەیلەسوفێك، یان هەندێك جار وەک ئەنترۆپۆلۆگێك دێتە بەرچاومان.
بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مارکس دەکرێت ئیکۆلۆژیستیش بێت؟ لەم سەردەمەی ئێستادا، بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەش و هەوا بەدەستی مرۆڤ، بابەتی ئیکۆلۆژیی گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە، چونکە لەو بڕوایەدام تەنیا لەڕێگەی ئیکۆلۆژییەکی سۆسیالیستیەوە دەکرێت، بەر بەو قەیران و گۆرانکارییانە بگیرێت. ئایا مارکس کە ئەوەندە گرنگیی هەیە، دەکرێت شتێکیشی بۆ ئەم قەیرانانەی ئەم سەردەمە هەبوو بێت؟ بێگومان لەسەردەمی مارکسدا شتێک نەبووە بەناوی گۆڕانی کەش و هەوا و ژینگەوە.
تێما و بابەتی گەرمبوونی زەوی لەدوای ساڵانی ١٨٩٦ـەوە بەشێکی جێگیرکراوی گرنگە لە توێژینەوە و زانستە سروشتیی و مرۆییەكاندا، زانا و لێکۆڵەری سویدی ‘سڤانتە ئارێنیوس’ یەکەم کەس بوو کە چڕبوونەوە و زۆر دەرپەڕاندنی دوانەئۆکسیدی کاربۆنی هەژمارکرد، هەر لەگەڵ دەرپەڕاندنی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیشدا دەرپەڕاندنی گازەکانی دیكە بۆ ناوبەرگە هەوای زەوی، چربوونەوەی بەرگەهەوا بەو گازانە و گەرمبوونی زەوی خەمڵاندووە و ئاگاداری کردووینەتەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر زەوی و ژیان لەسەر زەوی. ئەمەش واتا ١٣ ساڵی دوای کۆچی دوایی مارکس لە 1883دا.
بەڵام ئایدیای ئەوەی کە سەرمایەداریی ژینگە لە پێوانەیەکی مەزندا وێران دەکات و وڵاتە هەژارنشین و خەڵکی کۆلۆنیالیزەکراو دەچەوسێنێتەوە، لە سەدەی نۆزدەهەم لەناو کارەکانی مارکس و ئەنگڵسدا بە وردیی باسكراون، ئایدیاکانی ئەوان ئەوەندە بنچینەیی بوون کە دەرئەنجامەکانی سیستەمی سەرمایدارییان تا کۆتایی خەمڵاندووە.
لە بەرگی یەكەمی کتێبی سەرمایەدا، لە یەکێک لە بەشەکاندا باسی ئیمپریالیزمی بەریتانی دەکات کە لە چەند دەیەیەکی داهاتوودا، هەرچی زەوی ئیرلەندا دەگوازێتەوە بۆ خۆی، بەبێ ئەوەی شتێك بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی کە دوبارە شتێک لەسەر ئەو زەوییە ببوژێتەوە. لە شوێنێکی دیکەدا کارێکی کیمیاگەرێکی ئەڵمانی بە ناوی “یوستوس فۆن لیبیگ ( Justus von Liebig) دەهێنێتەوە، کە لەساڵی ١٨٦٢ بەم شێوەیە باسیکردووە: بەریتانیا سەرچاوە سەرەکییەکانی بوژانەوەی زەویی وڵاتانی دیکە دەڕنێتەوە. و هەمان چەساندنەوەی سیستەماتیکی زەویی ئیرلەنداش وەک نمونەیەکی بەرچاو باس دەکات.
لەمەشەوە دەتوانین لە سیستەمی بەرهەمهێنان تێبگەین، کە بەڕێژەیەكی زۆر لە سروشت وەردەگرێت وەک لەوەی کە بۆی بگەڕێنێتەوە. بۆیە لیبیگ بۆ لێكدانەوەى ئەم سیستەمە کشتوکاڵییە- پیشەسازییە چەمکی “سیستەمی ڕنینەوە” دەخاتەپاڵی. مارکس لە چەند شوێنێکی دیکەدا ئەمە دەخاتەڕوو، کە سەرچاوە کانزایی و گرنگەکانی زەوی لە فۆڕمی خۆراک و کەرەستەی پێداویستیی ڕەوانەی شارەکان دەکرێن. لێرەشەوە لەجیاتی ئەوەی کارێک بکەن بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەم کەرەستە و سەرچاوانە، لە لایەکی شارەکاندا وەک زبڵ و خاشاک فڕێ دەدرێن، و ئەمەش ئاکامێکی مەترسیداری هەیە بۆ تەندروستیی و ژیانی مرۆیی.
بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی بەپێی مارکس، تەنیا بەرهەمهێنەری تەکنیک و پڕۆسەکانی بەرهەمهێنانە و وەک تێکشکانێکی چاکنەکراوە لەقەڵەمی دەدات. ئەوەی لەناو ئەم سیستەمەدا لەبەرچاو ناگیرێت سروشت و مرۆڤە. چونکە سەرمایەداریی خۆی نەک تەنها بە خاوەنی کرێکارەکان بەڵکو زەوی و سروشت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەزانێت. بۆیە بەپێی شیکارییەکانی مارکس کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکان دژیەکییەکی ئیکۆلۆژیان لەگەڵ سروشتدا هەیە. مارکس لەگەل ئەوەدابووە کە بەشێوەیەک پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان ڕێکبخرێن ئیتر لەسەر بنەمای زۆرترین بەرهەم و کەمترین تێچون نەبن، بەڵکو بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ بەروبووم و سەرچاوە سروشتییەکاندا بکرێن کە بگونجێت هەموان بەیەکسانیی و نەوەکانی داهاتووش لێی سودمەندببن، نەك بەهەدەردانی سامان و سەرچاوە سروشتییەكان لەپێناوی بەرهەمهێنانی قازانجێكی زۆر لە یەك قۆناغی دیاریكراودا.
ئەمڕۆ تێگەیشتنێکی دیالەکتیکیی پەیوەندیی پێکەوەیی نێوان سروشت و کۆمەڵگا، بەو شێوەیەی کە مارکس و ئەنگڵس ڕوونیانکردۆتەوە، واتایەکی دیاركراوی بۆ هەموان هەیە، ئەوەش لەبەر ئەو قەیرانە جیهانییەی ژینگە و گەرمبوونی زەوی تێیكەوتووە. بەبێ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی- ئابوورییەکان بەدڵنیاییەوە هیچ ڕێگەچارەیەک بۆ کێشە ئیکۆلۆژییەکانیش بوونی نییە. هەر بۆیە لێرەدا ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی و مانەوەی زەوی بۆ هەموان و بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دوو ئامانجی بەیەکەوە بەستراون، کە بنەمای سۆسیالیزمێکی سەدەی بیست و یەکەم پێکدەهێنن.
سەرچاوەکان:
Marx, Karl (2014). das Kapital (Kritik der politischen Ökonimie). 2 Auflage. Hamburg : Nikol Vergesellschaft mbH & Co. KG.
Sample, Ian (2005). The Father of Climate Change, The Guardian, Online: https://www.theguardian.com/environment/2005/jun/30/climatechange.climatechangeenvironment2
Marx, Karl/ Engel, Friedrich (1845). Die deutsche Ideologie. PDF. Datei
Arthur O. Lovejoy. Die Beschäftigung mit der Ideengeschichte. PDF. Datei