نووسینی: تۆنی کلیف
وهرگێڕانی: بابان ئهنوهر
ئەمرۆ رۆژی نەکبەیە (Nakba Day) بیرەوەری تاڵی ٧٢ ساڵەی دەرکردنی فەلەستینیەکان و راگەیاندنی دەوڵەتی زایۆنیستی ئیسرائیل. بەم بۆنەوە ئەم وتارەی تۆنی کلیف بڵاودەکەینەوە کە خۆی یەکێکە لە شاهێدە زیندوەکانی ئەم ڕووداوە. تۆنی کلیف خۆی جولەکەی فەلەسیتنییە و زانیاری وردی هەیە لە سەر ئەم ڕووداوانەی لە رابردوودا لە فەلەستین روویان داوە.
ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان
١٥/٥/٢٠٢٠
لەدایکبوونی زایۆنیزم
شۆڕشیی فەڕەنسی بووەهۆی ئازادکردنی جولەکە. لەنێوان (ساڵی ١٧٨٩ و دەستپێکی شۆڕشی فەڕەنسی) و (سەردەمی بەدیهاتنی یەکێتیی لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، دوای نزیکەی سەدەیەک لە شۆڕشی فەڕەنسی)، گیتۆ بە گشت فۆڕمە فیزیکیی و ئابووریی و ڕۆشنبیرییەکانیەوە بزربوو، ئیدی کەسایەتییەکانی وەک ماندلسۆن و هاین و مارکس -کە گشتیان جولەکە بوون- بوونە کەسایەتی گرنگ لە چوارچێوەی کولتووری ئەڵمانیدا. بەڵام لە بەرەیەکی دیکەی کیشوەری ئەوروپا، ئەنتی سیمیتیزم (دژایەتی جولەکە) لە بڵاوبوونەوەدا بوو، چەندین قەسابخانە بۆ جولەکەکان ڕێکخران. ئەمە بە ئاشکرا لە ڕوسیای قەیسەرییدا بەدەرکەوت، کاتێک فیودالیزم لە بوژانەوەدا بوو، بەڵام سەرمایەداریی مۆدێرن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەکردنیدا بوو. بەڵام کاتێک سەرمایەداریی گهیشته قۆناغی پیربوونی خۆی، بەتایبەت دوای داکشانەوەی گەورەی سییەکانی سەدەی بیستەم، ئیدی سەرمایەداریی بووە دژبەری گشت ئەو دەستکەوتە دیموکراتییانەی لە دەمی لاوی خۆیدا بەدەستیهێنابوون. ئەوکات نەک هەر پاڵی بە جولەکەوە نا بچنە ناو گیتۆ، بەڵکو پاڵی پێوەنان بۆناو ژوره پڕ لە گازهکان.
لەنێوان ئەو دوو ماوەیەدا، جۆرێکی توند لە ئهنتی سیمیتیزم لە فەڕەنسا بهدەرکەوت. لەساڵی ١٨٩٥دا، دریفۆس -کە سەرکردەیەکی جولەکە بوو لە سوپادا- بە ئەنجامدانی کاری سیخوڕی بۆ ئەڵمانیا تۆمەتبار کرا. ئەم دادگاییە سهریکێشا بۆ هێنانهئارای دۆخیکی هیستریی دژ بە جولەکەکان. ئەم شەپۆلەی ئەنتی سیمیتیزم یەکێک بوو لە دەرئەنجامەکانی شەڕی نێوان ئیمپریالیزمی دهرکهوتووی فەڕەنسیی لەلایەک و ئیمپریالیزمی ئەڵمانی لەلایەکی دیکە. لەو کاتەدا و لە پاریس، ژۆرنالیستێکی ناودار هەبوو بە ناوی (تیۆدۆر هێرزڵ) کە لە ڤییەناوە هاتبوو. هێرزڵ پێیوابوو ئەو بارودۆخە لە ئهنتی سیمیتیزم شتێکی سروشتییە و حهتمییه.
(هێرزڵ) لە مانگی جونی ١٨٩٥دا دەنوسێت:” وەک پێشتر گوتم لە پاریس گەیشتم بە تێڕوانینێکی سەربەخۆ دەربارەی پرسی ئەنتی سیمیتیزم، که ئێستا خەریکم لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە لێی تێبگەم و بتوانم چاوپۆشی لێبکەم. لەوهش گرنگتر، درکم بە بێسوودیی و قورسییەکی زۆر کرد لە دژوەستانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەنتی سیمیتیزمدا”.
هێرزڵ ڕەخنە لە ئێمیل زۆلا و فەڕەنسییەکانی دیکە دەگرێت، بەتایبەت لهو سۆسیالیستانهی، کە بەرگرییان لە دریفۆس دەکرد. هەروەها هێرزڵ گلەیی لەوە دەکرد کە جولەکەکان “بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە لەلایەن سۆسیالیستەکان و ئەوانەی سیستەمی مەدەنیی باڵادهستی ئێستایان وێرانکردووە، بەرگرییان لێبکرێت… ناتوانین ئەوانە بە جولەکەی ڕاستەقینە دابنێین، هەروەها فەڕەنسییش نین. ئەگەری زۆر ههیە ببنه سەرکردەی ئەنارشیزمی ئەوروپی”.
هێرزڵ لەو باوەڕەدا بوو کە وەڵامدانەوەی ئەنتی سیمیتیزم دەکرێت بریتیبێت لەوەی جولەکهکان –ئهوانهی ناخوازن دەوڵەتێکی ئەوروپی میواندارییان بکات- ئەو دەوڵەتانە جێبهێڵن و نیشتیمانێکی تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش، هێرزڵ ڕایگهیاند “بەوجۆرە دژە جولەکەکان زیاتر دەبنە هاوڕێیەک کە جولەکەکان پشتیان پێببەستن… ئیدی دەبنە هاوپەیمانمان”. ههربۆیه هێرزڵ چوو بۆ دیداری (بلیفی)ی وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی قەیسەریی، کە هاوکات ههمان ئەو پیاوە بوو ساڵی ١٩٠٣ قەسابخانەی کیشینێڤی بۆ جولەکەکان دامەزراند. هێرزڵ بە مەبەستی قەناعەت پێکردنی داوەکەی بۆ چەورکرد، بەوپێیەی جێهێشتنی ڕوسیا لەلایەن جولەکەکانەوە ئەو بزوتنەوە شۆڕشگێڕییە لاواز دەکات کە بۆتە دوژمنێکی سەرسەختی (بلیفی).
وەک هێرزڵ گریمانەی کردووە ئەگەر دوژمنایەتی نێوان جولەکەکان و ناجولەکەکان سروشتی بێت و کۆتاییهاتنی نەبێت، ئهوا بەهەمان شێوە دوژمانەیتیی نێوان جولەکە و عەرەب لە فەڵەستین سروشتییە و کۆتایی نایەت. سەرەتا، هێرزڵ هەستا بە پێناسهکردنی زایۆنیزم بەوەی “پێدانی دەوڵەتێکی بێ گەلە، به گەلەێکی بێ دەوڵەت”. کاتێکیش لەو ڕاستییە بەئاگاهاتەوە کە عەرەبەکانیش لە فەڵەستین دەژین، هێرزڵ بەوپەڕی ساناییهوه پێیوابوو کارەکە بریتییە لە خۆڕزگارکردن لێیان. لە ١٢ی جونی ١٨٩٥دا هێرزڵ دەنووسێت “هەوڵدەدەین لەودیو سنوورەکانەوە مەعنەویاتی ئەو گەلە هەژارە [عەرەب] بەرزبکەینەوە بەوەی کە کاریان بۆ دەدۆزینەوە لە وڵاتانی ترانزێتدا، بەڵام دواتر ڕەتیدەکەینەوە کە لە نیشتیمانی ئێمەدا کاربکەن”. چ ڕستهیهکی پڕ لە ئیستفزاز و پڕ له خواستی سڕینەوەی نەتەوەییە!
داخراویی ئابووریی زایۆنیستی
ئەو زایۆنیستانەی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بەرەو فەڵەستین کۆچیانکرد، نەیاندەخواست ئابوورییەکی هاوشێوەی سپیپێستەکانی ئەفریقیای باشوور دابمەزرێنن. لە ئەفریقیای باشوور سپیپێستەکان خۆیان سەرمایەدار بوون، بەڵام ڕەشپێستەکان کرێکار بوون. بەڵام زایۆنیستەکان دەیانخواست تاکه گهل که لهنێو فەڵەستیندا بژیت جولەکە بێت. بە لەبەرچاوگرتنی بەربڵاویی بێکاریی و نزمی ئاستی بژێوی عەرەبەکان بەراورد بە ئەوروپییەکان، تاکە ڕێگە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی زایۆنیستەکان بریتیبوو لە داخستنی بازاڕی کاری جولەکە بەڕووی عەرەبەکاندا. بۆ گهیشتن بەمەش چەندین ڕێگەی جۆراوجۆر هەبوون.
سهرهتا ئەو دەزگایەی پێیدەگوترێت سندوقی نەتەوەیی جولەکە، کە ڕووبەرێکی بەرفراوانی لە خاکی جولەکەکان کۆنترۆڵکردووە، لەنێویدا بۆنموونە ڕووبەرێکی گەورەی (تەلئەبیب). لە ڕێساکانی ئەم دامەزراوەیەدا هاتووە کە ئەوە تەنها جولەکەکانن بۆیان هەیە لەم زەوییانەدا کاربکەن.
سەرەڕای ئەوەش، هەریەکە که فیدراسیۆنی یەکێتیی بازرگانیی زایۆنیستی و هیستادرۆت (Histadrut فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی جولەکە) هەستان بە سەپاندنی دوو جۆر باج بەسەر گشت ئەندامەکانیاندا: باجی یەکەم لەپێناو بەرگریکردنە لە کرێکارانی جولەکە، باجی دووەمیش لەپێناو بەرگریکردنە لە بەرهەمهێنراوهکانی جولەکە. هەروەها هیستادرۆت هەستا بە داخستنی دهرگای خۆی بهڕووی ئەو خاوەن کێڵگانەی کرێکاری عەرەب دهخهنه سهرکار، ئەمەش بۆ ئەوەی فشاریان بخاتەسەر بە مەبەستی دەرکردنی ئەو کرێکارە عەرەبانە. لەو دەمەدا شتێکی باو بوو کە ببینیت لەناو بازاڕی جولەکەکاندا کە گەلێک کە گەنجان شانبەشانی خانمان هێلکە و سەوزەوات دەفرۆشن، بەڵام ئەگەر ئاشکرا ببوایە کە یەکێک لەوانە عەرەبە، گەنجە جولەکەکان دەهاتن و نەوتیان دەکرد بەسەر سەوزەکەدا و هێلکەکانیان دەشکاند.
بیرمە ساڵی ١٩٤٥، هێرش کرایەسەر یەکێک لە قاوەخانەکانی تەلئەبیب و بەتەواوەتی وێرانکرا، تەنها بەهۆی ئەوەی دەنگۆیەک هەبوو کە یەکێک لە کرێکارە قاپشۆرەکان عەرەبە. هەروەها بیرمە کاتێک خوێندکار بووم لە زانکۆی عیبریی قودس لە ساڵانی ١٩٣٦-١٩٣٩، چەندین خۆپیشاندان دژ بە (دکتۆر ماگنس) ڕێکخرا، کە جێگری سەرۆکی زانکۆ بوو. ئەم پیاوە لە جولەکە ئەمریکییە دەوڵەمەندەکان بوو، بەڵام تاوانەکەی ئەوە بوو کە ئەو خانووەی بەکرێی گرتووە خاوەنەکەی عەرەبە.
پشتبەستن بە ئیمپریالیزم
هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو کە زایۆنیستەکان پێویستیان بە هاوکاریی ئەو هێزە ئیمپریالیستییانە هەیە کە ئەوکات خاوەن نفوزێکی گەورە بوون لە فەڵەستیندا، بۆئەوەی ئاگاداریان بکەنەوە لەوەی ڕووبەڕووی بەرهەڵستی و دژایەتیی گهورهی فەڵەستینییەکان دەبنەوە. لە١٩ی ئۆکتۆبەری ١٨٩٨دا، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری لەلای ڤیلهێڵمی قەیسەر، هێرزڵ سەردانی قوستەنتینیەی کرد.
لەو کاتەدا فەڵەستین سەر بە ئیمپراتۆریای عوسمانی بوو، کە ئەویش لای خۆیەوە شەریکی ئەڵمانیا بوو. هێرزڵ بە قەیسەری ڕاگەیاند کە جێگیربوونی زایۆنیستەکان لە ئیسڕائیل، دەبێتەهۆی زیادبوونی نفوزی ئەڵمانیا لەوێ. لەو دەمەدا ناوەندی زایۆنیستەکان لە نەمسا بوو، کە ئەویش هاوپەیمانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیی بوو. هێرزڵ گێزەرێکی دیکەی بە داوەکەوە هەڵواسی و بە قەیسەری گوت: “وەک پێشتر شهرحمکرد، ئێمە بەم کارە جولەکەکان لە هێزە شۆڕشگێڕەکان دووردەخەینەوە”.
له کۆتاییهکانی جەنگی جیهانی یەکەمدا و کاتێک دەرکەوت کە ئینگلتەرا فەڵەستینی بەردەکەوێت، سەرکردەی ئەوکاتی زایۆنیستەکان (حاییم وایزمان) پەیوەندیکرد بە وەزیری بەریتانیی ڕاوێژکار (ئارسەر بلفۆر)، ئەوەبوو لە ٢ی نۆڤەمبەری ١٠١٧دا ڕاگەیەندراوێکی پێدەرکرد و تێیدا بەڵێن بە جولەکەکان دەدات کە نیشتیمانێکیان لە فەڵەستین بۆ دابمەزرێنێت. هەروەها ڕۆناڵد ستۆرز –یهکهم حاکمی سهربازیی بهریتانیا له فهڵهستین- ڕوونیدەکاتەوە کە “بازرگانیی زایۆنیزم بە خێر شکاوەتەوە بۆ بەریتانیا، چونکە ئیرلەندای باکوورێکی دیکەی بۆ ئینگلتهرا پەیداکردووە، بەڵام ئەم جارە ئیرلەندایەکی جولەکە نشینە و دورگەیەکە لەناوەڕاستی زەریایەک لە دوژمنی چاوەڕوانکراوی عەرەبی”.
لەگەڵ هاتنی جەنگی جیهانی دووەمدا، بەڕوونی دیاربوو کە هێزە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدی وەک جاران بریتیی نهبوو له ئینگلتهرا، بەڵکو برتیبوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمەش وای لە بینگۆریۆن -سەرکردەی زایۆنیستەکان لەو کاتەدا- کرد بهپهله ڕابکات بۆ واشنتۆن بەمەبەستی دامەزراندنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. بەمەش ئیسڕائیل وەک هاوپەیمانێکی پاشکۆی پشتپێبەستراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکەوت. ههربۆیه به ڕێککەوت نییە کە ئیسڕائیل سەرەڕای بچوکی قەبارەکەی زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە لە هاوکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سودمەند دەبێت. بەهەمان شێوە و جیا لە هەر دەوڵەتێکی دیکەی جیهان ئیسرائیل زۆرترین هاوکاریی سهربازی بهدهستدههێنێت.
هۆڵۆکۆست
به تێگهیشتن له جهوههری بهربهرییانهی نازیزم، ترۆتسکی پێشبینی ئەو کۆمهڵکوژییهی کردبوو کە ڕووبەڕووی جولەکە بۆوە. لە ڕۆژی ٢٢ی دیسەمبەری ١٩٣٨دا ترۆتسکی دەنوسێت: “دەتوانین بێ هیچ گرانییهک ئەندێشەی ئەوە بکەیت کە لە جەنگی داهاتوودا [جهنگی جیهانیی دووهم] چی چاوەڕێی جولەکەکان دەکات. بەڵام تەنانەت بەبێ جەنگیش پێشهاتەکان سەبارەت بە کاردانەوەی جیهان، بە دڵنیایەوە ئاماژەن بۆ کۆمهڵکوژییهکی جهستهیی کە ڕووبەڕووی جولەکەکان دەبێتەوە… تەنها و تهنها مۆبیلیزەکردنی بەشەکی (جزئي) کرێکاران دژ بە کاردانەوە چاوەڕوانکراوەکان، و دامەزراندنی میلیشیای کرێکاران و بەرهەڵستیکردنی فیزیکی ڕاستەوخۆی گروپە فاشیستەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بەخۆبوون و چالاکیی و چاونەترسیی لەلایەن گشت چەوساوەکانەوە، دهکرێت ببنه پاڵنهرێک بۆ گۆڕانکاریی پەیوەندی هێزەکان لەگەڵ یەکتردا و ڕاگرتنی ئەم شەپۆلە فاشیزمەی جیهانی گرتۆتەوە، هەر ئەوەشە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتی هەڵدەداتەوە”.
هەتاوەکو دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەمیش، زۆرینهی زۆری جولەکەکانی جیهان، بەتایبەت کرێکارە جولەکەکان، پشتیوانی زایۆنیزم نەبوون. لەم بارەیەوە نموونەی پۆڵەندا هەیە، کە ئەوکات گەورەترین مەڵبەندی کۆکەرەوەی جولەکەکانی ئەوروپا بوو، لە دیسەمبەری 1938دا لە شارەکانی وارشۆ و لودز و کراکۆ و لیفۆف و فیلانا و هەندێ شاری دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکان بەڕێوەچوو. “بۆند” -ڕێکخراوی کرێکارە جولەکە سۆسیالیستە دژە زایۆنیستەکان- %٧٠ی دەنگی هەرێمە جولەکەنشینەکانی بەدەستهێنا. هەروەها “بۆند” توانی لە کۆی ٢٠ کورسی وارشۆ ١٧ کورسی بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا زایۆنیستەکان تەنها یەک کورسییان بەدەستهێنا.
بەڵام پاش ڕوودانی هۆڵۆکۆست ئەم دۆخە گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردا هات. تاکە یەک جولەکەش لە ئەوروپادا نەبوو کە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لە هۆڵۆکۆستدا لەدەستنەدابێت. من بیرمە ماوەیەکی کەم پێش هۆڵۆکۆست پورێکم سەردانی کردین بۆ فەڵەستین کە لە شاری (دانزیگ)ی پۆڵهندا دەژیا. من هیچ کام لە ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیم نەبینیبوو، بەڵام خۆی و گشت ئهندامانی خێزانهکهی لە هۆڵۆکۆستدا لەناوچوون. ههروهها کچە پورێکی دیکەم هەبوو که لهنزیکهوه دەمناسی، پێش جەنگ لەگەڵ مێرد و منداڵە پێنج ساڵەکەیدا ڕۆیشت لە ئەوروپا بژی، ئەوەبوو دواتر گشتیان لە ژووری غازدا لەناوبردران. بەمجۆرە، زۆرینەی زۆری جولەکەکان کرانە زایۆنیست، کە ئەمەش دۆخێکی دیار و ئاشکرایه.
کارەسات
ئەمە ئەو گوزارشتەیە کە فەڵەستینییەکان بۆ وەسفکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٤٨، بەکاریدەهێنن. لەو کاتەوە، و لەو سێ جەنگەی لەنێوان عەرەب و ئیسڕائیلدا ڕوویانداوە لەساڵانی ١٩٤٨، ١٩٦٧، ١٩٧٣، هەمیشە سڕینهوهیهکی بهرفراوانی نەتەوەیی دژ بە فەڵەستینییەکان لەئارادا بووە. لەمڕۆدا ٣،٤ ملیۆن پەنابەری فەڵەستینی هەن، کە ژمارەیەکی گەلێک زیاترە لە ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی کە لەو شارانەدا دەژیان کە پێشتر تێیدا ژیاون. ژمارەکانی تایبەت بە خاوەندارێتی زەوییەکان، قەبارەی ئەو دەرکردن و دوورخستنەوەیە پیشاندەدەن کە ڕووبەڕووی فەڵەستینییەکان بۆتەوە: لەساڵی ١٩١٧دا جولەکەکان خاوەنی %٢.٥ی زەوی دەوڵەت بوون، هەروەها لەساڵی ١٩٤٨دا بوونە خاوەنی %٥،٧ی زەوییەکان، بەڵام ئەمڕۆ خاوەنی %٩٥ی زەوییەکانی پێش سنووری ١٩٦٧ن، لهکاتێکدا عەرەبەکان تەنها خاوەنی %٥ی ئەو زەوییانەن.
ئەمە یەکێکە لە دۆخە هەرە تراژیدییەکانی مێژوو. کاتێک گروپێکی چەوساوەی وەک جولەکە -کە تا لوتکە گیرۆدەی دەستی بەربەریزمی نازییهکان بوو- هەڵدەستێت بە چەوساندنەوەی گەلێکی دیکەی ستەملێکراو، کە بە هیچ جۆرێک لە کارەساتی هۆڵۆکۆستدا بەشدار نەبووە.
چارەسەر
فەڵەستینییەکان بەتەنها هێزی تەواوەتییان نییە بۆ ڕزگارکردنی خۆیان. تەنانەت هێزی ئەوەشیان نییە هەندێک چاکسازیی جدیی بەدیبهێنن. فەڵەستینییەکان تەنانەت وەک ڕەشپێشتەکانی ئەفریقیای باشووریش نین کە توانیان چاکسازیی گەلێک گرنگ بەدیبهێنن. ڕەشپێستەکان توانییان خۆیان لە سیستەمی جیاکاریی ڕەگەزیی (apartheid) ڕزگاربکەن، هەروەها توانییان مافی دەنگدان بەدەستبهێنن و سەرۆکێکی ڕەشپێستیش هەڵبژێرن. بهڵام لەڕاستیدا هێشتا ڕاسیزمی ئابووری باڵادهسته و هێشتا سامان لە دەستی گروپێکی بچوکی سپیپێست و هەندێک ڕەشپێستی دەوڵەمەنددا کۆبۆتەوە. بەڵام زۆرینەی زۆری ڕەشپێستەکان لە هەژارییەکی کوشندەدا دەژین.
بەهێزتربوونی ڕەشپێستەکانی ئەفریقیای باشوور لە فەڵەستینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێک. یەکەم، ژمارەی ڕەشپێستەکانی ئەفریقیای باشوور پێنج تا شەش ئەوەندەی ژمارەی سپیپێستەکان دەبن، لە کاتێکدا ژمارەی فەڵەستینییەکان زۆر نزیکە لە ئیسڕائیلییەکانەوە (لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی فەڵەستینییەکان وەک پەنابەر لە دەرەوە دەژین). دووەم، کرێکارانی ڕەشپێست دڵی ئابووری ئەفریقیای باشووریان داگیرکردووە، لەکاتێکدا پێگەی کرێکارانی فەڵەستینی لە پەراوێزی ئابووریی ئیسڕائیلدایە. هەروەها سەندیکای کرێکارانی ئەفریقیای باشوور (کۆساتۆ)، بە سەندیکایەکی گەلێک گەورە دادەنرێت کە توانیویەتی ڕۆڵێکی میحوەریی لە تێکشکاندنی سیستەمی جیاکاریی ڕەگەزیدا بگێڕێت. بەڵام فەڵەستینییەکان خاوەنی ئەمجۆرە سەندیکایە نین.
ئەگەر دۆخێک هەبێت پڕاوپڕ تیۆریی شۆڕشی بەردەوامی ترۆتسکیی بەسەردا جێبەجێ ببێت، ئەوا دۆخی فەڵەستینە. ئەم تیۆرییە ئەو ئایدیایه دەخاتەڕوو کە هیچ داواکارییەکی دیموکراتی یان ڕزگاریی نیشتیمانی بەبێ بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاریی بەدینایەت. کلیلی چارەسەری فەڵەستینییەکان و گشت گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، له دهستی چینی کارکهری عهرهبیدایه، کە چەقەکەی بریتییە لە میسر، بەشێوەیەکی کەمتریش لە سوریا و عێراق و لوبنان و دەوڵەتە دیکەی عەرەبیی. ئەوەی جێگەی داخە، هەتاوەکو ئێستا هێزی ڕاستەقینەی چینی کارکەری عەرەبی وەک واقیعێکی بەرجەستە دەرنەکەوتووە، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی شێوێنەری ستالینیزم کە بۆ ماوەیەکی زەمەنیی درێژ کۆنترۆڵی ناوەندەکانی چەپی کردبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ستالینیستەکان ئەوانە بوون کە دەرگایان کردەوە بۆ حیزبی بەعس و (سەدام حسێن) لە عێراق، کە ئەویش لای خۆیەوە یارمەتیدەر بوو بۆ گەیشتنەدەسەڵاتی ئەسەد و حیزبی بەعسی سوریا. ههر ئەم حیزبەش بوو دەرگای واڵاکرد ههتاوهکو دواتر عەبدولناسر و ئیسلامییهکان لە میسر نفوزی دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن.
تەنها بەرپاکردنی شۆڕشی چینی کارگەری عەرەبیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێت کۆتایی بە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم بهێنێت. دهشێت بانگهشهیهکی دووڕووانه بهئاسانی باس لهوهبکات که ئهم شۆڕشه بریتییه له دهرکردنی جولهکه له ناوچهکهدا. ههروهک چۆن کاتێک سیستەمی جیاکاریی ڕەگەزیی لە ئەفریقیای باشوور باڵادەست بوو، هاوەڵانی سیستەم بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریقی هاوکارە بۆ سەربڕینی سپیپێستەکان و لەناوبردنیان. بەڵام بەهیچ جۆرێک ئەمە ڕووینەدا.
Socialist Review 219, May 1998