عێراق و کوردستان: لە نێوان هیوا و ترسدا!

عێراق و کوردستان: لە نێوان هیوا و ترسدا!

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان هەلومەرجی ئێستای دونیاو عێراق و کوردستان لە گەل سەرەتای سەدەی رابردوودا لە سەردەمانی پێش هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم.

سەرەتا بەم وتەیەی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ دەست پێ دەکەین کاتێ بە توانجەوە لە کۆنفرانسی ئەنتەرناسیونالی زیمەرلاند لە ساڵی  ١٩١٦ دا دەڵێت: “گەیشتوینەتە بارودۆخێک کە هەموو بزووتنەوە ئەنتەرناسیونالەکانی دژ بە جەنگ دەتوانن بە چەند گالیسکەیەکی کەم کە ئەسپ رایدەکێشی سەفەر بکەن”.

رۆزا لەم وتەیەیدا دەیەوێت ئەوەمان پێ بلێت کە لەو کاتەدا بزووتنەوەی سۆسیالیستی بە گشتی و سۆسیالیزمی شۆڕشگێریی زۆر لاواز بوونە و زۆرترین هێزی پارتە سۆسیال دیموکراتەکان و ئەنتەرناسیونالی دووەم چوونە پاڵ بۆرژوازی وەڵاتەکانی خۆیان و خیانەتیان لە پرسی سۆسیالیزم کرد.

بەڵام لە ساڵی ١٩٢٠ (چوار ساڵ دوای ئەم وتەیەی رۆزا لۆکسمبۆرگ) پارتی کۆمۆنیستی ئەلمانیا نیو ملیۆن ئەندامی هەبوو، پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا ٢٠٠ هەزار ئەندام، پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیاش بەهەمان شێوە.

ئەم ئەزموونە مێژووییەی سەرەوە ئەوەمان پێ دەڵێت جەنگ و ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانە چارهەڵنەگرەکانی سیستەمی سەرمایەداری و هەلومەرجە شۆڕشگێرییەکانی دواتر دێنەپێشەوە هاوکێشە سیاسیەکان و  تەوازن و باڵانسی  هێز دەتوانێت بگۆرێت.

ئەوەی لە بیست ساڵی رابردووشدا لە کوردستان و عێراقدا گوزەراوە شکستی ئەم پرۆژەیە کە ئیمپریالیزمی ئەمریکی بە داگیرکردنی عێراق بەرێوەی برد. لە رێگای هێزە ئیسلامیەکان (بە شیعەو سونەوە) و ناسیونالیستەکانی کورد و عەرەب. ئەزموونی ئەم بیست ساڵە دەریخست ئەم پرۆژە و سیاسەتە نیولیبرالییە لە عێراق و کوردستان بە تەواوی شکستی خواردووە و بە بنبەست گەیشتووە.  

ئەم کات و ساتانەی ئێستاش بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا هەم هیوا بەخشە هەم ئاگادارکردنەوەی ترسەکانە لە روودانی کارەسات و تراژیدیای زیاتر و زیاتر.

بۆیە پێویستە و  لە هەمان کاتدا ئەرکێکی مێژوویی کەوتۆتە ئەستۆی هێزە چەپ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان و کرێکاران و ژنان و لاوانی شۆڕشگێر کە زۆر بە هۆشیارییەوە مامەلە لە گەل ئەم هەلومەرجەدا بکەن و دەستپێشخەربن لە خستنەرووی نەخشە رێگایەکی واقیعی و ڕوون بۆ دەرهێنانی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان لەم جەهەنەمەی ئەم دەسەڵاتدارە  زالم  و چەوسێنەرانە بۆیان خولقاندووین.

بۆیە دەبێت هەموو کات و هەمیشە ئەم وتەیەی رۆزا لۆکسمبۆرگ مان لە بیر بێت کاتی لە سەردەمانی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەمدا گووتی ” دوو ئەلتەرناتیڤ لە بەردەم مرۆڤایەتیدایە: سۆسیالیزم یاخود بەربەریزم”.

ئەم بەربەریزمەی رۆزا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا باسی دەکات ئەگەر بەراوردی بکەین بەم بەربەریزمەی سەدەی بیستەویەکەمدا ئەوە تراژیدیایەکان لەوانە (جەنگ، برسیەتی، نایەکسانی، فاشیزم، راسیزم، هەژاریی، تێکچوونی ژینگە و گۆرانی کەشوهەوا) چەندین قات زیاترە لە کارەساتەکانی رابردوو کە مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیوە.

ئازاد ئارمان

٦/٦/٢٠٢٠  

Leave a Reply

ئەدرەسی ئیمایلەکەت بڵاو نابێتەوە... مەرجە ئەو بەشانەی ئەستێرەی لەسەر پڕبکرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەتان *

*