ئەلێكس كالینیكۆس
وەرگێڕانی: هێرۆ خوسرەوی
ناڕەزایەتییەکان لەدژی کوشتنی جۆرج فلۆیدی ڕەشپێستی ئەمریکی لە مینیاپۆلیس دەبنە هۆی سەرهەڵدانی بەرەنگاربوونەوەیەکی جەماوەریی سەرتاسەریی. ئەمەش یەکەم بەرەنگاربوونەوەی لەم شێوەیە نییە، وەک ئەوەی دەزانین. لەساڵانی شەستەکانیشدا بەرەنگابوونەوەی گەورەی ناوشارەکان هەبوون، وەک ئەو شۆڕشەی لە لۆس ئەنجلۆس لە ساڵی ١٩٩٢ و خۆپیشاندانەکانی “بلاک لایڤێس ماتە” کە لەساڵی ٢٠١٤ دەستیان پێکرد. مارکسیستی ئەفریقیی-ئەمریکیی ئاوگوست نیمتز قسەیەکی تۆنی بۆزا (سەرۆکی پێشووی پۆلیسی مینیاپۆلیس ) دەهێنێتەوە، کە دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت “چەقی کێشەی تاوانکاریی وەک هێرشی پۆلیسەکان لە ئەمریکادا ئەوەیە کە ئێمە بەبێدەنگییەکی کش و ماتەوە لەگەڵ ئەم چینایەتییە دەڕۆین، کە دەوڵەمەندەکان لە هەژارەکان جیادەکاتەوە، و لەگەڵیشیدا ڕاسیزمێکی سیستەماتیک، کە کۆمەڵگا هێشتا نایەوێت ڕووبەڕووی ببێتەوە”.
ڕاسیزم و پەتای کۆڤید ١٩ لە ئەمریکا:
بەدڵنیاییەوە ئەم شۆڕشە نوێیە لە سیاقێكی نوێدا سەریهەڵداوە، کە کۆڤید ١٩ لە ئەمریکا لەو ماوەیەدا لەسەروی ١٠٠٠٠٠ کەس تیاچوون. ئەمەش بەدوو شێوە گرژییەكان توندتر و بەهێزتر دەكاتەوە:
یەکەم: وەک دەزگای ڕاگەیاندنی ئەى بی سی بەشێوەیەكی بەهێز و توند دایدەڕێژێت: “کۆڤید ١٩ی جیهانیی لە ئەمریکادا بووە بە پەتای ڕەشپێست و قاوەییەکان(ئەفریقی و لاتینییەکان)، چینی کرێکار”. لەمەشەوە کۆمەڵە ئامارێکی ترسێنەر دێن: لە واشینگتۆن، دی. سی.، مەترسیی توشبوون بۆ لاتینییەک حەوتجار بەرزترە لە دانیشتوویەکی سپیپێست. لەویلایەتی جۆرجیا ڕێژەی سەدا هەشتای ئەو کەسانەی کە توشبوون بە کۆڤید ١٩ لە نەخۆشخانەکاندا ئەفریقی-ئەمریکییەکانن.
لە نیویۆرک مەترسیی مەترسیی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ئەفریقیی-ئەمریكییەكان دووجار بەرزترە بەراورد بە دانیشتوانی سپیپێست. لە ناوچەکانی ٢٠ و ٢١ی نیویۆرک کە زۆرینەی توشبووان بە نەخۆشی کۆڕۆنا لەوێ هەیە، ڕێژەى تووشبوانی ڕەشپێست یان لاتینەكان 20% زیاترە لەوانیدیكە.
گۆشەنووسی نیویۆرک تایمز، چارڵز ئێم. بلۆو ئەمەی بەڕوونتری دەربڕیوە: “ئەم قەیرانە دڕندەیی چینایەتیی دیموكراسیی ئەمریكیی و كەلاكە ئابوورییەكەى پیشان دەدات كە بە بەردەوامیی بەری كەوتووین”.
ئەم ترس و ئازارەی لەنێو کرێکارە هەژارەکاندا دروستکراوە، دەمێکە ئەم حاڵەتەی سەختتر کردووەتەوە. تایم مەگەزین ڕاپۆرتێک دەدات: “پۆودەرهۆرن پارک، ئەو ناوچە نشیتەجێبوونەی کە فلۆید لەوێدا لەگەڵ پۆلیس دەکەوێتە کێشەوە، بەپێی زانیارییەکانی شار یەکێکە لەو شوێنانەی کە زۆر بە توندی بەر ئەم ڤایرۆسە کەوتوون.” چالاکوانێکی سەندیکای کرێکارانی ئەو شوێنە ڕایگەیاند: “کۆنتڕۆڵی پۆلیس و ڕاسیزم پرسی کەرتی تەندروستی گشتین.” بە کوشتنی فلۆید ئاگر لە پەتی تەقەمەنییەکە بەردراوە.
چۆن ترامپ بەنزین بەسەر ئاگردا دەکات:
دووەم: دۆناڵد ترامپ هەیە، کە بە بەنزین کردنە سەر ئاگرەکە ، ئاگرەکە زیاتر خۆش دەکات. لە کۆتایی مانگی ئایار لە تویتەردا وتەیەکی سەرۆکی ڕاسیستی پۆلیسی میامی (واڵتەر هەیدلی) لەساڵی ١٩٦٧ هێنایەوە و نوسی، ” ئەگەر تاڵانکاریی دەستی پێکرد، تەقەش دەکرێت”، ئەو بەگاڵتەجاڕییەوە پێیوایە، کە خۆپیشاندەرانی بەردەم کۆشکی سپی، ئەگەر سنور ببەزێنن، “بەو سەگانەی کە قەپ دەگرن و بەوچەکە مەترسیدارانەی کە من بینیومن، پێشوازیان لێدەکرێت. ئیتر بەڕاستی بریندار دەبن یان تەنانەت خراپتر لەوەش”.
ترامپ هەوڵیدا بەرپرسیارێتییەکە بخاتە ئەستۆی چەپەکان. لە سەرەتای حوزەیراندا تویتێکی کرد: “وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنتیفا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت.” – هەڕەشەیەکی گاڵتەجاڕانە، چونکە “ئەنتیفا” خۆی وەک تۆڕێکی شلی خەباتی ئەنتیفاشیستە میلیتانتەكان دەردەخات. [ئەنتیفا خۆی لە خۆید ڕێکخراو نییە].
ترامپ و پلانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی:
ئەوە زۆر ئاسانە ئەم زمانە شەڕانگێزە بەوە ڕوونبکەینەوە، کە ترامپ گەمژەیەکی ڕاسیستی ناعەقڵانییە. گەمژەیەکی ڕاسیستە، بەڵام فێڵبازیشە. پەتاكە بەرنامەكەى ترەمپی بۆ بردنەوەى هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی مانگی نۆڤەمبەر ناسكتر و كەم بایەختر كردووە، كە لەسەر بنەمای بەڕادەیەك بەهێزی ئابووریی دامەزراوە. بۆیە پەلەی ئەوەیەتی کە لۆکداون دووبارە بە کۆتابگەیەنێت، بۆ ئەوەی ئەوەی ژمارەیەی مردوان زیاتر بکات. بەڵام ئەگەرچی بازاڕی پشك و قەباڵە خەریکە دووبارە دەبوژێتەوە، كەچی وێنەی گشتیی ئابووریی هێشتا زیاتر وشک و تینوو دەردەکەوێت. جێرۆمی جەى پۆوێل، سەرۆكی بۆردی پارێزبەندیی فیدڕاڵی بانكی ناوەندیی ئەمریكا، لەو مەترسییە ئاگاداریینامەى ڕاگەیاند، کە ئەمریکا لەگەڵ دووبارە بوژانەوەى ئابووریشدا دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ بە ڕێژەیەکی زۆر کەم هەڵکشانی بەرهەمهێنان و وەستانێکی داهات ئەزموون بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، وەک ئەوەی کە ئێدوارد لوك، گۆشەنووسێكی فاینانشیال تایمز، پێیوایە، کە مامەڵە بێهەستەکانی ترامپ لەگەڵ ئەم پەتایەدا، زۆرێک لەوانەی کە لەسەرووی ٦٥ ساڵییەوەن، ئێستا دەڕۆن بەرەو كاندیدی دیموكراتەكان “جۆ بایدن”. بایدن لەم ساتەدا بە دە خاڵ لەپێش ترەمپەوەیە. لەبەر ئەمە ترەمپ ئەمە جێبەجێ دەکات بە ڤێرژنە کۆنەکەی ستراتیژی باشور “Southern strategy”ی كۆمارییەكان، کە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٨ بەسەرکەوتوویی لە لایەن ڕیچارد نیکسۆنەوە بەکارهاتووە.
نیکسۆن کاردانەوەی خۆی هەبوو لەدوای هەڵکشانی بزوتنەوەکانی بلاک پاوەر و خۆپیشاندانەکانی دوای کوشتنی مارتین لوسەر کینگ، بەوەی کە ئەو ترسی ڕاسیستی لەلایەن سپی پێستەکانەوە زیاتر کرد، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە.
ڕیتۆریكی ترەمپ هەڵگرتنی گڵۆپی سەوزە بۆ پۆلیس و گاردە نەتەوەییە ڕاسیستەكان بۆ هێرشە توندوتژەكانیان. ترەمپ بەڕاشكاویی هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە بە قوماركردن لەسەر جەمسەرگریریی ڕەگەزیی، لەكۆشكی سپیدا دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکان:
- سۆسیالیست وۆڕکە، بەریتانیا
https://socialistworker.co.uk/art/50143/Trump+banks+on+racial+polarisation
- مارکس ٢١. ئەڵمانیا