ئەنتۆنیۆ گرامشی
وەرگێڕانی هێرۆ خوسرەوی
ڕقم لە کەسانی بێباكە. لەو بڕوایەدام ژیان واتا ببیت بەپارتیزان (یان لایەنێك بگریت). هەر کەسێک بەڕاستی بژیت، ناتوانێت نەبێتە هاوڵاتییەک و پارتیزانێک. بێباكیی بێ ویستیی و بێ هەستییە، مشەخۆرییە (parasitism)، بەلاڕێدابردنە و بێباكیی ژیان نییە. بۆیە ڕقم لەو کەسانە دەبێتەوە کە بێباكن.
بێباكیی قورسایی مردووی مێژووە. بێباكیی کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر مێژوو جێدەهێڵێت، هەڵبەت كاریگەرییەكی ناچالاكانە و پاسیڤانە دادەنێت، بەڵام لە کۆتاییدا کاری خۆی هەر دەکات.
بێباكیی هەمان ئەو چارەنووسەیە کە کە هیچکات ناکرێت حسابی لەسەر بکرێت؛ هەمان ئەو شتەیە، کە بەرنامەكان لێكدەترازێنێت و پڕۆگرامەکان لێکهەڵدەوەشێنێتەوە و باشترین پلانەكان وێران دەكات؛ بێباكیی جۆرە ماددەیەكی خۆرەیە وشیاریی و زیرەكیی وشك دەكات (خەفە دەکات).
هەمان ئەو شتە خراپەیە کە ڕوودەدات و بەرۆکی هەموانی گرتووە، ئەمەش بۆیە ڕوودەدات چونكە زۆرینەی خەڵک خۆیان ناكەنە خاوەنی ویست و ڕەفتارەکانیان، و دەرفەتی دانانی یاسا گەلێک دەڕەخسێنن، کە تەنیا شۆڕش دەتوانێت لەكاریان بخات، و ڕێگا دەدەن کەسانێک دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، کە تەنها یاخیبوون دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە لەناو ببات.
بەهۆی بێباكییەوە، چەند دەستێك بەرهەمی ژیانێكی پێكەوەیی و دەستەجەمعیی ناچاودێریكراو دەچنن و جەماوەریش ئەمە لەبیردەكات، چونکە ئەوان هیچیان بۆ گرنگ نییە؛ و وەک ئەوە وایە، کە ئەوە بێچارییە (بەدبەختییە) هەموو کەس و هەموو شتێکی گرتبێتەوە. وا دەردەکەوێت، وەک ئەوەی کە مێژوو بێجگە لە دیاردەیەکی گەورەی سروشتی هیچ شتێکی دیکە نەبێت، وەستان و پچڕانێكی لەناكاو، بومەلەرزەیەک کە هەموان دەکاتە قوربانی، بەبێ ئەوەى جیاوازیی لەنێوان ئەوانەدا بكات كە [بەدۆخەكە] ڕازین و ئەوانەى ناڕازین، ئەوانەی دەیانزانی و ئەوانەی لێی بێئاگا بوون، ئەوانەی چالاک بوون و ئەوانەشی کە هیچیان بۆ گرنگ نەبوو (بێباك بوون).
لەم دۆخەدا هەندێکیان بەخەمبارییەوە دەناڵێنن و ئەوانیدیكەش بەشێوەیەكی قێزەون خەریكی توك و نەفرەتن، بەڵام هیچکامیان لە خۆیان ناپرسن (یاخود هەندێكیان نەبێت)، كە ئایا ئەگەر هەوڵمدابا ویستی خۆم بسەپێنم ئەركی خۆمم بەجێدەگەیاند، ئایا ئەوە ڕوویدەدا، وەک ئەوەی ڕوویداوە؟
لەبەرئەوەشە ڕقم لە کەسانی بێباكە: چونکە شیوەن و ناڵینی ئەوان وەک بێتاوانێکی ئەبەدیی ئازارم دەدات. پرسیار لە هەر كەسێكی بەرپرس دەكەم ئایا چۆن ئەو ئەرکەی کە ژیان پێی بەخشیون و خستراوەتە ملیان، ئەنجام دەدەن، ئایا چییان کردووە و بەتایبەت ئایا چییان نەکردووە. وا هەست دەکەم مافی ئەوەم هەیە بەرانبەریان تەواو توند و بێڕەحم بم، نابێت هاوخەمی و هاوسۆزیم بۆیان بەهەدەر بدەم، و نابێت فرمێسکەکانم بۆیان بڕێژم.
من پارتیزانێکم، من زیندووم و لە هۆشیارییمدا هەست بەو جوڵە و چالاکییە دەکەم، کە شارەکانی داهاتوو فرە ڕەنگ دەکات، كە وا بونیادیان دەنێین. بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی ناکەوێتە ئەستۆی هەندێک لە ئێوە، لە نێوان ئێوەدا ئەوە ڕوودەدات، کە نە بە ڕێکەوت ڕوودەدات، و نە لەبەر بەدبەختی، نەخێر، بەڵکو ئەوە بەرهەمی هۆشیاریی هاوڵاتییانە. لەنێو ئێوەدا کەسێک نییە، کە لەبەردەم پەنجەرە بوەستێت و تەماشای ئەوانە بکات، کە خۆیان دەكەنە و خوێنیان دەڕێژن. من دەژیم، من پارتیزانم. بۆیە ڕقم لەو کەسانەیە هیچ لایەنێك ناگرن، ئەوانەى بەشداریی ناکەن، ڕقم لە کەسانی بێباكە.
١٧. فێبریوەری ١٩١٧
ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧)، لە سەردینیا لەدایکبووە، وەک ڕۆژنامەنوسێک لە تورین بۆ کاری ڕۆژنامە سۆسیالیستییەکان کردووە. ئەو بەشداریی لە بونیادنانی پارتی کۆمۆنیستی ئیتاڵیادا کردووە و دواتر بووە بە پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی ئیتالیا، تا ئەو کاتەی (لە بیستەکاندا) لەلایەن فاشیستەکانەوە دەستگیركراوە، و دە ساڵ لە پشت شیشەكانی زیندانەوە کۆمەڵێک تێکستی فەلسەفیی و سیاسیی نوسیووە. بەناوبانگترینییان تێبینییەكانی زیندان (Quaderni del carcere)ـە، کە لە شەش بەرگدا بڵاوکراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٣٧ ئازادکرا و لەهەمان ساڵیشدا کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوەی وەرگێڕان:
IL – PALCO – Magazine
Die Gleichgültigen (Antonio Gramsci)
Illustration: Erni Donnerberg