نووسینی: بابان ئەنوەر
مەگەر تەنها بەم برینە گەورەیەی وا خەریکە دەکەوێتە جەستەی پڕ لە برینی چارەخوازانی شێرپەنجەوە، بە هۆش بێینەوە و تێ بگەین کە ئەوەی لە شێرپەنجەی جەستەیی مەترسیدارترە، شێرپەنجەی بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتییەکانە و پێدانی ئەم دامەزراوە سەرەکییانەی ژیانی خەڵکە، بە کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت.
ئەگەر دەتانەوێت لە نموونەی بەڕێوەبردنی جەماوەری و ناتایبەت و نائەهلیی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان تێ بگەن، بە دیاریکراویش دامەزراوە تەندروستییەکان، فەرموون لە ئەزموونی چەند ساڵەی کارکردنی نەخۆشخانەی هیوا بڕوانن.
خۆ ئەگەر دەتانەوێت لە نموونەی بەڕێوەبردنی کەرتی تەندروستی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە تێ بگەن، ئەوا بچن گوێ لە بەسەرهاتی ئەو خێزانانە بگرن کە تەنها ماوەی چەند شەوێکی دیاریکراو نەخۆشەکەیان لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی دەمێنێتەوە.
ئەمەی ڕوو دەدات، واتە بەتایبەتیکردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بە بێ موبالەغە، گەورەترین مەترسیی سەر ژیان و شکۆی هەموو ئینسانێکی ئەم وڵاتەیە. کەسانێکی دڵسۆز و تێگەیشتوو لە ماهیەتی کەرتی تایبەت و فەلسەفەی بەتایبەتکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، چەندین ساڵە هاوار دەکەن کە با ڕێگە نەدەین خزمەتگوزارییەکانی (تەندروستی، پەروەردە، ئاو، کارەبا، ژینگەپارێزی و شارەوانییەکان، گواستنەوەی گشتی) بدرێنە دەست کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت، بەڵام هەموومان بەوە خەڵەتاین کە ئەگەر ئاو و کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت ئەوا بەردەوام ژیانمان ڕووناک دەبێت و بێ ئاو نابین، وامان دەزانی بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکان پاکوخاوێن بن و خزمەتگوزارییان باشتر بێی، دەبێت بدرێنە کەرتی تایبەت!
ئێستا تراژیدیای نەخۆشخانەی هیوا خەریکە تازە بە تازە لەم وەهمە خەبەرمان دەکاتەوە. ڕێگرتن لە فرۆشتنی نەخۆشخانەی هیوا، یەکەم هەنگاوە بۆ بەرجەستەبوونی ئیرادەی خەڵک بەرانبەر کارەساتەکانی کەرتی تایبەت. بەڵام شکستهێنان لەم هەوڵانە و سەرکەوتنی چەتەکان لە فرۆشتنی نەخۆشخانەکە بە کۆمپانیایەک، ڕەنگە ببێتە دوایین بزمار لە تابووتی ژیانێکی شایستە و سادە بۆ خەڵک.
بە داخەوە بەشێک لە کارمەندان و پزیشکانی ئەم نەخۆشخانەیە، خۆیان خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕیکلامێکی نائەخلاقین و دەڵێن با نەخۆشخانەکە بدرێتە کەرتی تایبەت، ئیدی مووچەکانی ئێمەش دوا ناکەوێت و نەخۆشخانەکەشمان جوانتە و باشتر دەبێت!! لە کاتێکدا کارکردن لە ناو کەرتی تایبەت و لە ژێر سایەی حوکمی کۆمپانیاکاندا، یەکسانە بە دەرهێنانی خوێنی هەر کرێکار و کارمەندێک کە کاری تێدا دەکات. بۆیە هەرگیز بەو وەهمە ناخەڵەتێین کە پێ دەچێت چەند ڕۆژێکی دیکە کۆماپانیایەکی چاوچنۆک و چەتە، بێت وەک فرایدڕەسێک خۆی نیشان بدات و بڵێت ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم نەخۆشخانەیە دەگرمە ئەستۆ!!
سەرنج: ئەوەی لە وێنەکەدا دەیبینن، ئەو هاوکێشەیەیە کە حکوومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە پلانیان بۆ داناوە و بەشێکی زۆریشیان لێ جێبەجێ کردوە:
نەخۆشی بڵاو بکەرەوە وەهای نیشان بدە نەخۆشخانە گشتییەکان (هیوا بۆ نموونە) بە کەڵکی چارەسەروەرگرتن نایەن نەخۆشخانەی ئەهلی بۆ جێگرەوەی هیوا و نەخۆشخانە گشتییەکانی تر دروست بکە.