پیشڕەو محەمەد
یەک، پێموایە بەشی هەرە زۆری ئەوانەی هێرشیانکردووەتە سەر ئەم بۆچوونەی من، ناوەرۆکی پۆستەکەی منیان نەخوێندۆتەوە، خوێندبێتیشیانەوە سەرپێییانە بووە و تێی نەگەیشتوون. زۆر بەسادەیی، من ناوم لە ڕژێمی تورکیا ناوە: فاشیست-ڕاسیست-ناسیۆنالیست، ئێوە کە بە سانایی ئەمە نەبینن، گوناهی منی تێدا نییە، بەرپرسی کەمتەرخەمیی بیرکردنەوەتان بم. ڕژێمی تورکیا، ڕژێمێکی فاشیستی ڕاسیستییە، ئەمە دەبێت بۆ هەموان ڕوون بێت. بەڵام ئایا زۆربەتان دەزانن لە بنەڕەتدا فاشیزم چییە و چۆن کاردەکات؟
دوو، دەڵێم فاشیزم بە فاشیزم وەڵام نادرێتەوە، مەبەست لەوەیە لەسەر زەوی هیچ ڕژێمێکی فاشیست و گەلێکی فاشیست دژی ڕژێم و گەلێکی دیکەی فاشیست نەبووە، زۆر بەسانایی یەکیان گرتووە. تۆ کە فاشیست بیت، هیچ شەڕێکت لەگەڵ ڕژێمی فاشیستیی تورکیا نییە (بەتایبەت ئەوانەی داوای فاشیستبوون دەکەن لەبەرانبەر تورکیادا)، بەڵکو ئەگەر فاشیست بیت، ئەردۆغانیش قبوڵت دەکات. نموونەی یەکگرتوویی ڕژێمە فاشیستەکان لە مێژوودا زۆرە. بۆ نموونە هیتلەر پەلاماری هەر وڵاتێکی دابایە، بزووتنەوە و پارتی فاشیستی ئەو وڵاتانە نەک دژی هیتلەر نەدەبوون، بەڵکو پێشوازیشیان لێدەکرد و یارمەتیی جەنگیشیان دەدا. تەنها دژەفاشیستەکان بەرەنگاریی هیتلەر دەبوونەوە. ئەوانەی پێیانوایە ئەمە دڵخۆشیی گەلێکی ستەملێکراوە، بڕۆن کەمێک مێژوو بخوێننەوە، ئەم عەقڵە سادەیە بوو هیتلەر و موسۆلینیی هێنایە سەر حوکم، واتا ئەو ئەڵمانانەی چوونە پاڵ هیتلەر، دەیانگوت کەرامەتی نەتەوەییان شکێنراوە، هیتلەر بۆیان دەکڕێتەوە. دڵنیابن لە مێژوودا بۆ دەرمانیش یەک نموونەتان دەستناکەوێت فاشیزم شەڕی فاشیزم بکات، ئەگەر هەتانبوو، ئەوسا دەتوانین قسەیەکی دیکە بکەین.
سێ، پرسی ژینگە، شتێکە زۆربەتان لە گرنگیی و هەستیارییەکەی تێناگەن (بەداخەوەم)، ئەمڕۆ تێکچوونی ژینگە و سووتانی دارستان، لە داگیرکردن و سەربەخۆیی وڵاتان زۆر گرنگترە. ئێ خۆ بەڕازیل سەربەخۆیە. ئەمڕۆ ژایر بۆلسۆنارۆی سەرۆکی بەڕازیل تۆمەتبارە بە لەناوبردنی بەشێکی گەورەی دارستانی ئەمازۆن، بە ئەگەری زۆرەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەمە دەیخات. سروشت بە ملیۆنان ساڵ لانەی ژیانی مرۆڤ بووە، تورکیای فاشیست-ڕاسیست-ناسیۆنالیست سەد ساڵە هەیە، ئەم زەوییە هەزاران ساڵ پێش داگیرکاریی تورکەکان هی مرۆڤ بووە و سبەیش دەبێتەوە موڵکی مرۆڤانی دیکە.
چوار، بۆ بیر لەوە ناکەنەوە بوونی سەوزایی لەسەر زەوی زۆر گرنگترە لە ئەردۆغان و تورکیا و هتد. ئێستا ئەردۆغان بە ڕاشکاویی ئەم کارەساتە بۆ مانەوەی خۆی و ڕژێمە فاشیستییەکەی بەکاردێنێت و کوردیش تۆمەتبار دەکات، هەر ئەوەی شەقامی جیهانیی بگات بەوەی کورد دەستی لەپشتی ئاگرەکەیە، بێگومان خەباتی کوردیی یەک ملیۆن ساڵ دەهێنێتە دواوە، لەبری خۆتان بێ ئیعتبار بکەن، وەرن لەپاڵ ژینگەدۆستانی دونیا، تورکیا و ڕژێمەکەی بە زبڵدانی مێژوو بسپێرن. وەرنە شەقامەکان و دەستی تۆمەت بۆ ئەردۆغان و ڕژێمەکەی ڕاکێشن پێش ئەوەی ئەو دەستپێشخەریی بکات، ئەم خەباتە سەربگرێت بەجۆرێک ڕژێمی تورکیا لەکەدار و بێ بایەخ دەکات بە سەد ساڵی خەبات ئەم کارە ڕووینەدەدا. بۆ ناپرسن کێ ناڵێ دەستی ڕژێم خۆی لەپشتی ئەم ڕووداوەیە، وەرن لەبری ئەوەی بێڵین دەستەچەورەکەی بە خەڵکی دیکە بسڕێتەوە، بەسەری خۆیدا ساغی بکەینەوە؟ هەر ئەوەی ئەردۆغان بردییەوە بەوەدا کە دەستی کوردی لە پشتە، ئیتر بۆ ئەبەد لە ماڵەکانتان دانیشن (ئەگەر ماڵێکتان بمێنێت).
پێنج، ئەوانەی لە فەیسبووکەوە خەریکی دروشمی قەبەن، کوردستانیانی ناوخۆ و تاراوگە، سەیرێکی ئاوێنە بکەن و لە سایکۆلۆژیای خۆتان بڕوانن. هەمووتان لە گۆرەویەکانتانەوە تاکو جێڵی قژ و ماکیاژتان تورکییە. کەمترین کورد هەیە لە مارکێتە تورکییەکان خۆراک نەکڕێت، نان نەخوات و هتد. ساختەکاریی و نمایشی درۆزنانەن ناتانگەیەنێت بە هیچ شوێنێک. باوەڕکەن سایکۆلۆژیای هەمووتان لەخۆتان باشتر دەناسم. هەرکە وازتان لەوە هێنا کاڵای تورکیی نەکڕن، ئەوسا وەرن لەگەڵ من گفتوگۆ بکەن. ئەو کاتەی ئەم کۆمێنتانە بۆ من دەنووسن، بزانن زەخیرەی ماڵتان چەندی تورکییە، هەروەها بزانن جلوبەرگی بەرتان کامەی تورکییە، ئینجا بەتکاوە پەنجە لەسەر کیبۆرد دابنێن و کۆمێنت بۆمن بنووسن. لەم فەیسبووکەوە کاتێک خەباتی دژەتورکیا لە بەرلین بەڕێوە دەبرا دەمبینی، هەزاران پاڵەوان جوێن دەدەن، کەچی لە خۆپیشاندانەکان، لە دە کورد زیاتر بەشداریی نەدەکرد، بەڵکو کاتێک بە شەقامەکاندا دەڕۆیشتی، دەتتوانیی هاوڕێ جوێنفرۆشەکەت بناسیتەوە، لە چێشتخانەیەکی تورکیی دانیشتووە و دۆنەر دەخوات. ئێوە کە هیچ ناکەن، ویژدانی خۆتان بە دوو کۆمێنتی فەیسبووک، گوایە، ئاسوودە دەکەن، بە هێرشکردنە سەر ئەوانەی ناچنە ناو ئەو عەقڵییەتە خراپەی بیرکردنەوەوەی ئێوەوە، بەبێگومان ئەو کەسانە نین بتوانن شەڕی فاشیزم بکەن، ئەویش فاشیزمی تورکیی.
شەش، فەرموون وەرن پێکەوە ئەم بابەتە بکەینە بیانوو بۆ لەکەدارکردنی ڕژێمی تورکیا لەسەر ئاستی دونیا، بزانم یەک کەس لەوانەی کۆمێنتی سوکایەتییان نووسیوە، ئامادەن بۆ دەقەیەک لە پاڵەوانە وەهمییە فەیسبووکییەکەیان بکەون؟ ئەمە عەرز و ئەمە گەز.
حەوت، من دەیان لێکۆڵینەوەم لەسەر فاشیزم و ڕاسیزمی تورکیی نووسیوە، لە سەدان خۆپیشاندان بەشدارییم کردووە و لەسەر داربڕینەکانی کوردستان دەیان ڕۆژنامەنووسی بیانییم ئاگادار کردۆتەوە، ئێوە چیتان کردووە جگە لە جوێنی کۆمێنتی فەیسبووکیی؟