سەرمایەداری و کارەسات

نووسینی: ئەلێکس کالینیکۆس

وەرگێرانی: ‌هێرۆ خوسرەی

وەک ڕوپێرت بەیل لە پەیمانگای فرانسیس کریک سەرەتای مانگی پێشوو لە «لەندەن ڕیڤیو ئۆف بووکس»دا نوسیسبووی «کۆتایی دیارە. بەشێوەیەکی کاریگەر بەگەڕخستنی پشکنین ڕەنگە بتوانن مەودای کۆمەڵایەتیی تا ساتی گەیشتنی پێکەوتە (ڤاکسین) بگۆڕن. بۆ هەبوونی ڤاکسینێکی تەواو کاریگەر بۆ ئەم ڤایرۆسە دوای ساڵێک بەرهەمێکی جێی واقوڕمانە، لەنێو ئەو هەموو شتانەی تا ئێستا بەدەستمان هێناوە – مەبەستی من لێرەدا مرۆڤایەتیی بەگشتی و بایۆلۆژیی مۆلیکولار بەتایبەتییە».

بەرلەوەی جەژن بگێڕین، پێویستە ئەوەمان لەبیربێت کە ساڵی پێشو ئەگەری ئەوە هەبوو جیهان نوقمی نێو پەتایەک ببێت، کە ملیۆنان کەس بکوژێت و داڕمانێکی ئابووریی وا دروست بکات کە لە ساڵی ١٩٣٠یەوە لەسەرووی هەموو بیرکردنەوە و وێناکردنێکمانەوە بووە.

بایل وتارەکەی با هۆشدارییەک تەواو دەکات «ئێمە زرنگ بووین و بەڵام هەروەها بەختیش یارمان بوو. ڤاکسینی سارس-کۆڤید-٢ ئەوەی دەرخست کە بەڕادەیەک گەشەسەندنی ئاسانە. ئەو ڤایرۆسەی کە دەبێتە هۆکاری پەتای دواتر ڕەنگە بەمشێوەیە لەبیرنەکرێت». بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای تواشبوون بە جۆرێکی نوێی کۆڤید ١٩ بیرخەرەوەیەکی گرنگی سنوورەکانی تواناییمانە بۆ تێگەیشتن، با جارێ باسی کۆنتڕۆڵی سروشت نەکەین.

کەواتە دەبێت ئێستا باشتر بزانین. بەشێکی زۆرمان پێشەنگە مارکسیستەکانی وەک مایک دەیڤس و ڕۆب واڵاسمان خوێندۆتەوە، کە ساڵانێکی زۆرە ئێمەیان لە وێرانکارییەکانی سروشت لەلایەن سەرمایەدارییەوە ئاگادارکردۆتەوە، واتا ئەو شتانەی هەلومەرجەکانی بۆ پەتاکانی وەک کۆڤید ١٩ خۆش کردووە. دەکرێت ئەم پەتایە پێشبینیکراو نەبووبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئاماژە بە کۆمەڵێک پەتا کراوە کە هاوشێوەی ئەنفلۆنزای وێرانکەری ساڵانی ١٩١٨-١٩١٩ کە پەنجا بۆ سەد ملیۆن کەسی کوشتووە.

مێژوونوسی جیهان، دەبلیو ئێچ مەک نایل لە بەرهەمە کلاسیکەکەیدا بەناوی «تاعونەکان و خەڵک»(١٩٧٦) دەنووسێت: «هەمیشە دەگونجێت هەندێک ئۆرگانیزمی پارازیت و مشەخۆرەیی نادیار لە ژینگە ئیکۆلۆژییە باوەکەی خۆیان ڕابکەن و سەرتاپای دانیشتوانی مرۆیی بگرنەوە کە [ئێستا] بە تەواویی بوونەتە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی زەویی و لەوانەیە ببنە شتێکی کوشندەی لەناوبەر». وەک مەکنایل باسی کردووە، پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و مایکرۆپارازیتەکان – ڤایرۆس و بەکتریاکان – پەیوەندییەکی جێگیر نییە. سەردەمی نیۆلیبرال ئەوەی بەخۆیەوە بینیوە کە سەرمایەداریی لە ئاستی جیهانییدا خەریکی بەپیشەسازییکردنی کەرتی کشتوکاڵە و دەستیکردووە بە داگیرکردنی بوارە بەجێماوە ناماڵیی و سروشتییەکان. ئێستا وا دەرەنجامەکانی دەبینی. 

کارەسات چیتر ئاوارتە نییە بەڵکو بووەتە ڕێسا. ئەمە پلانێکی داڕێژراوی مەینستریمە. ئینیستیتوتی بروکینگز کە سەر بەدەزگای ڕۆشنبیری پارتی دیموکراتی ئەمریکایە، داوایەکی بلاوکردۆتەوە، کە ئیدارەی هاتنی جۆ بایدن ڕادەسپێرێت بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لەسەر کۆڤید-١٩ کە شایانی بەراوردە بە بەلێکۆڵینەوەکانی تیرۆرکردنی کەنەدی و هێرشەکانی  یانزەی سێپتێمەبر.

ئەلین کامارک، نووسەر و ستراتیژیست، دەڵێت ئەم کۆمیسیۆنە بە سانایی دۆناڵد ترەمپ بەجددیی وەرناگرێت، بەڵام دەڵێت «دەبێت ئێمە چۆن ئامادەکاریی بۆ ڕووداوە فراوان و کەمتر گریمانەکراوەکان بکەین؟» ئەم ڕووداوە گریمانییە «بلاک سوانانە» وادانراون دەگمەن و قابیلی پێشبینکردن نەبن، دەکەونە دەرەوەی مۆدێلی باوی ڕووداوەکانەوە، کاریگەرییەکی گەورەی وێرانکارانەیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان «وادەردەکەوێت بە فراوانیی لە سەدەی بیست و یەکدا باڵادەست ببن». بۆ نموونە «گۆڕانی کەش و هەوا وادەکات کارەساتە سروشتییەکان زۆر دووبارە و زۆر کوشندەتر بن». 

ئەمە نەک هەر تەنیا تەحەدایەکی ڕۆشنبیریی و سیاسسیە بۆ چینی باڵادەست لە تەواوی جیهاندا، بەڵکو فشار دەخاتە سەر مارکسیستییەکانیش. ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ئێمە ڕێگەیەکمان نییە بۆ بیرکردنەوە لە کارەسات. ڕۆزا لوکسمبۆرگ بەشێوەیەکی کلاسیکیی لە نامیلکەی ژونیوس(١٩١٦)ی خۆیدا لەدژی جەنگی یەکەمی جیهان، بەمجۆرە دایڕشتووە: «وەک فریدریش ئەنگڵس نەوەیەک پێش ئێستا پێشبینیکردووە، ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم گریمانەیەکی ترسناکدا دەوەستین: یان سەرکەوتنی ئیمپریالیزم و لەناوچوونی سەرتاپای کولتوور، وەک ڕۆمای کۆن، لەناوچوونی دانیشتوان، بەبیابانبوون، لەناوچوونی نەوەکان و قەبرستانێکی گەورە، یان سەرکەوتنی سۆسیالیزم، واتا، خەباتێکی وشیاری ئەنتەرناسیۆنالی پرۆلیتاری دژی ئیمپریالیزم و میتۆدەکانی و دژی جەنگ».

بەدەربڕینێکی دیکە، سۆسیالیزم یان بەربەریزم. لەڕاستیدا ئێریک هۆبسباومیش ئەو زەمەنەی نێوان ١٩١٤ -١٩٤٥ بە «سەردەمی کارەسات» ناوزەند دەکات – دوو جەنگی جیهانیی، قەیرانی گەورە (داکشانەوەی ئابووریی)، سەرکەوتنی فاشیزم و نازیزم، سەرکەوتنی ستالینیزم، هۆلۆکۆست.  ڕۆزا لوکسمبۆرگ هەستێکی سەرەتایی بۆ قوڵی ئەم کارەساتە زنجیرەییانە هەبووە، کە بۆ خۆشی یەکێکبوو لە قوربانییەکانی سەرەتای ئەم کارەساتانە، کە لەساڵی ١٩١٩ لەلایەن میلیشیا لایەنگرەکانی فاشیزمەوە لەنێوبرا. 

بەڵام دوای ساڵی ١٩٤٥ ، ئەگەر تەماشایەکی ئەمریکا بکەین، دەبینین سەرمایەداریی خۆی دووبارە بونیاد نایەوە لە ڕۆژئاوای ئەروپا و ژاپۆن، و ئابووریی جیهان بە گەورەترین بووژانەوەی خۆیدا تێپەڕی. چینی کرێکار لە باکووری جیهانی دەوڵەمەند نەوەستاون لە خەبات، بەڵام چارەگە سەدەیەک ئەزموونی کاری فولتایم و فراوانبوونی دەوڵەتی خۆشگوزەرانیان کرد. کارەسات لە ڕۆژئاوا بەرەو دواوە دەکشایەوە – ئەگەرچی لە کۆریا لەسەرەتای ساڵی ١٩٥٠دا، لە ئیندۆنیسا لەساڵی ١٩٦٠ و لە ئیندۆچینا تا ساڵی ١٩٧٠کان لە واقیعییەتیێکی تاڵدا مابوونەتەوە.

ساڵانی حەفتاکان بە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕووبەرێکی تازە بۆ قەیرانە ئابوورییە درێژمەوداکان دادەنرێت، وەک مایکل ڕۆبەرتز پێی دەڵێت «قەیرانی دوورودرێژ».  نیۆلیبڕالیزم چینی دەسەڵاتخوازی هێرشکەر بوو، کە زنجیرەیەک شکستی لە یەکگرتوویی چینی کرێکاراندا، لە دووبارە داڕشتنەوەی بەرهەمهێنان (ئەمەش بۆ بانگەشکردنی پیشەسازیی لەبەشێکی باشوری جیهانیدا)، و دڵڕەقانە هەموو بوارەکانی ژیان بەکاڵا دەکەن. بەڵام لەوە دەکەوێت بەشێوەیەکی گونجاو قازانجخوازیی زیندووبکاتەوە تا ڕێگا بۆ فراوانخوازییەکی ڕێژەییانە جێگیر و سەقامگیری ئابووریی سیستەمەکە خۆشبکات.

گەشکردنی ئابووریی جیهانی لە سەر گەشەسەندنی بڵقە داراییەکان کە بەکاربردن و سەرمایەگوزارین، دەڕوات بەڕێوە. دەوڵەتەکان هەمیشە یارمەتیدەربوون لە هێنانەئارای ئەم بڵقانە، بەڵام لە کاتی قەیرانە داراییەکەی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ەوە، گەشەسەندن و بووژانەوە وابەستەی هەڵەشەییەکی ناو سیستەمی دارایی پارەی نوێ بووە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە کە هانی بازاڕە داراییەکانی داوە، نرخی خانوبەرە، قەباڵەکان و پشکە داراییەکان و بۆندەکانی بەرزکردووەتەوە و دەوڵەمەندانی دەوڵەمەندتر کردووە. چین وەک ئابووریی نوێی زەبەلاح، خاوەن نوسخەی داینامیکی خۆیەتی کە پشت بە سەرمایەگوزاریی قەرزی تەمویلکراو (debt-financed) لە هەناردەکردنی پیشەسازییەکان دەبەستێت، کە ئەمەش خۆبەخۆ بەشداریی لە داکشانەوەیەکی ڕێژە و ئاستی بووژانەوەدا دەکات. 

پێشمەرجەکان

لەساڵی ١٩٣٨ لیۆن ترۆتسکی دەنوسێت: “هەلو مەرجە ئابوورییەکان بۆ شۆڕشێکی پرۆلیتاری بەشێوەیەکی گشتی گەیشتووە بە بەرزترین خاڵی خۆی، کە لەنێو سەرمایداریدا دەکرێت پێیبگەین. هێزە مرۆییە بەرهەمهێنەرەکان دەوەستن. هەتا دۆزینەوە نوێکان و هەوڵەکانی بۆ باشترکردن سەرکەوتوونەبوون لە بەرکردنەوەی ئاستی توانا ماتریالییەکان.” ئەمە ئەو کات دروست نەبووە و بەدڵنیاییشەوە ئێستاش ڕاست نییە. گەشەسەندنی بەرهەم هێواش دەبێتەوە، چونکە دۆزینەوە نوێکان لە غیابی قازانجکارییە بەهێزەکاندا ماونەتەوە، بەڵام هێزە بەرهەمهێنەرەکان بەردەوامن لە گەشەسەندن، و نوێگەرییەکانی وەک ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان هێشتا دەردەکەون.  دۆزینەوەی ڤاکسین دژی کۆڤید ١٩ نمونەیەکە بۆ ئەم هێزە بزوێنەرە تەکنەلۆژییە.

بەڵام سەرمایەداریی کۆمەڵێک ئاماژەی دەرخستووە کە دەکەوێتە نێو بەربەستێکی ماوەدرێژی ئابوورییەوە. نیولیبڕالیزم بەردەوامە لە باڵادەستکردنی سیاسەتکردنەکەی، بەڵام سەردەمی پاڵەوانخوازی ئەو دەمێکە بەسەرچووە. لەسەر بنەمای ئۆتۆ-پایلۆت لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و بیرۆکراسییەکانی وەک کۆمسیۆنی ئەوروپایی بە بازاڕە داراییەکان وەک هێزی سەرەکییان، بەڕێوە دەبرێت. لەبەرئەوە سەرهەڵدان و تەقینەوەی ڕاستڕەو و چوونی بۆ نێو سیاسەتە گشتییەکانی بۆرژوازیی، و ئەو نائارامییە ئیستغلالدەکات کە بەهۆی قەیرانی دارایی جیهانیی و «ڕیفۆرم»ی بێکۆتایی نیۆلیبرالەوە دروستبووە. بەڵام، وەک سەرۆکایەتیی ترەمپ نیشانی داوە، ئەم دەرکەوتن و داوەشانانە خاوەن بەرنامەیەکی ئەڵتەرناتیڤی یەکگرتوو و تۆکمەی ئابووریی نین، وەک فرانکلین ڕووزەڤێلت و ئەدۆلف هیتلەر (بەشێوەی جیاوازی خۆیان) لە دەیەی ١٩٣٠دا هەیانبوو.

زیادەڕۆیی دەکەین ئەگەر بڵێین سیستەمەکە خەریکە دەکەوێت. زۆر باشترە بڵێین سیستەمەکە کۆمەڵە دەرەنجام و ئاکامێکی وێرانکارانە بەرهەمدەهێنێت کە بە فراوانیی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە ئاسان نەبێت بۆ ئیدارەدانی. بەدرێژایی چەندین دەیە لە ١٩٤٥ەوە کارەسات وەک سێبەرێکی هەڵکشاوی ئاسۆ تیشک دەداتەوە و دەدرەوشێتەوە. زۆر دەمێکە ڕوون بووەتەوە کە سێبەری جەنگی ئەتۆمیی سەردەمی جەنگی سارد (١٩٤٦-١٩٩١) کارەساتە دواجارەکییەکە نەبوو، بەڵکو هەڕەشەی سەرەکیی کتومت لە پرۆسەی کوێرانەی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە دێت کە جیهانی سروشتیی مرۆڤەکان وێران دەکات. 

سەرەکییترین ئەم فۆرمانەی وێرانبوون (بێگومان وەک فێریان کردووین کۆرۆناڤایرۆس تەنها یەکێکیانە) بریتییە لە گۆڕانی کەش و هەوا. یان ئانگوس لە کتێبە گرنگەکەیدا، ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤتەوەریی لەسەر سروشت، ئەوەی دەرخستووە کە گەرمبوونی جیهانیی بەسادەیی ئاکامێکی ماوەدرێژی دەستێوەردانی مرۆڤ نییە لە سروشتدا یاخود پشتبەستنی بەردەوامی سەرمایەداریی بە سووتەمەنییەکان، کە کە لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیی لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا دەستیپێکردووە. سەرەکیترین و بەناوبانترین دەرکەوتەی بەرزبوونەوەی گەرمیی و کاریگەرییەکانیان بەڕاستیی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا ڕوودەدەن، ئەمەش بەهۆی جەنگی بەپیشەسازییکراوی ١٩٣٩-١٩٤٥، کە لە بنەڕەتدا بە نەوت و سووتەمەنیی خەڵوز بەڕێوەبرا و بووە هۆی فراوانبوونی ئەو شتەی ئەندریاس مالم پێیدەڵێت سەرمایەی سوتەمەنیی لە بووژانەوەی ماوەدرێژی پاش-جەنگدا و بڵاوبوونەوەی بەرهەمهێنان بۆ ئاسیای خۆرهەڵات. 

ئاکامی حەتمیی ئەم پرۆسەیە – گۆڕانی کەش و هەوای پەرتەوازە – ماوەیەکی زۆرە لە لایەن چالاکوانان و زانایانەوە پێشبینیی کراوە، لەوانە قوتابخانەی گەشەسەندووی مارکسیستە ئیکۆلۆژیستەکان. ئێستا لەبەردەممانە. با سەیری سیکلۆن ئیدای بکەین، کە بووە هۆی لافاوێکی فراوان و مەرگێکی زۆر لە ئەفریقای خۆرهەڵات لە ئازاری ٢٠١٩دا. من لە زیمبابۆی (ئەوکات ڕۆدیژیای باشوور) لەدایکبووم. ڕاهاتبووین پشووەکانمان لە کەناردەریای بایرا، شارێکی بەندەریی لە کەناراوەکانی مۆزەنبیقی دراوسێ، بەسەربەرین. ئیدای بایرای خستە ژێر شەش مەتر ئاوەوە، نۆیەمی شارەکەی وێرانکرد و هەزار کەسی کوشت. و ئەمەش وابەستەیە بە مۆدێلێکی زۆر فراوانتر. بەگوێرەی یوئێن، شەش ملیۆن کەس بەهۆی لافاوەوە لە ئەفریقای باشوور لە ٢٠٢٠دا بەگیرهاتوون، ژمارەیەک پێنج جار بەرزتر لە ژمارەی چوار ساڵی پێشوو.

دۆخە ئاوارتەکە بووەتە دۆخێکی ئاسایی. سوتاندنی ئەمازۆن لەساڵی ٢٠١٩ بووە هۆی شۆکێکی بەرفراوان. لەو کاتە بەدواوە سوتانی دارستانەکان و لافاو لە ئوسترالیا هەیە و لەهاوینیشدا سوتاندنی دارستانەکان لە بەشی ڕۆژئاوای ئەمریکادا هەیە – تاریکی لەنیوەڕۆشدا لە سانفرانسیکۆ. بەبێگومان وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئەمریکاو ئوستڕالیا دەتوانن بەیاسانی بەسەر ئەوجۆرە لەکارەساتانەدا  زاڵبن. بەڵام ئەم پەتایە نیشانیدا کە بەتایبەتیکردنی چەند دەیەی پێشوو و سیاسەتی پاشەکەوتکردن ئەرکی گرتنە ئەستۆو بەرپرسیارێت بۆ دەوڵەت سەخت دەکات (وایدادەنێین کە دەوڵەت ویستی گرتنە ئەستۆی هەیە، وەکئەوەی بەپێی پلان ترەمپ و بایدن نیانە).

پەتاکە هەروەها خەسڵەتێکی تاعون و قاتوقڕییەکانی زۆر زیاتر کارەساتبارتر کردووە کە هێندەی کۆمەڵگای چینایەتیی کۆنن. هەژاران لەڕادەبەدەر قوربانیی کارەساتن چونکە خاوەن سەرچاوەی گونجاو نین بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان بۆ خۆدەربازکردن لە مەترسییەکان. ڕێژەکانی مەرگی کۆرۆناڤایرۆس بوونەتە ڕەمزی ڕەگەز و چین. بۆ نموونە دەکرێت بەرەکەی دیکەی یەکسانکردنەکە لە خواستی هەڵکشاو بۆ یەختە لوکسوسەکاندا ببینرێت. دەوڵەمەندان لەو یەختانەدا دەتوانن خۆیان لە ناوەندەکانی تووشبوون بەدوور بگرن و بەردەوامیش بن لە بەڕێوەبردنی کەسابەتیان و کەچی هێشتا سەرمایە و سامانی زیاتریش کەڵەکە بکەن. 

لە نێو ئەم ناچوونیەکێتییانە و ئەم فشارە کوشندە و بێڕەحمانە لەسەر زۆربەی کرێکاران تا ژیانی خۆیان بەشێوەیەکی ڕۆژانە بخەنە مەترسییەوە ئەو شتە دەبینین کە فەیلەسوفی مارکسیستی ئەرژەنتینیی، ناتالیا ڕۆمێ پێیدەڵێت «بەئاساییکردنەوەی بەربەریزم» کە دزە دەکاتە ناو کون و کەلەبەری کۆمەڵگاوە. ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەو شتەیە کە ڕەخنەگری مەزنی ڕادیکاڵ، واڵتەر بنیامین، لەگەڵ دەستپێکی جەنگی دووەمی جیهاندا باسیکردووە، «ئەو دۆخە لەناکاوەی تێیدا دەژین چیتر نائاسایی و ئاوارتە نییە بەڵکو خودی ڕێساکەیە». 

ئەو بیرمەندە مارکسیستەی بەشێوەیەکی سیستێماتیک باسی کارەساتی کردووە، تیۆدۆر ئادۆرنۆیە. جولەکەیەکی ئەڵمانیی، کە دوای ئەوەی کە نازییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست توانی لە ئەوروپا هەڵبێت، بەپێچەوانەی هاوڕێ و مامۆستاکەی (بنیامین)، کە لە سێپتێمبەری ساڵی ١٩٤٠ خۆی کوشت، دوای ئەوەی نەیتوانی کاتێک لە ڤیشی فەرەنسا هەڵبێت و دەگیرێت. ئادۆرنۆ لە ساڵی ١٩٥٠ لە تاراوگەی ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام هیچ کات لەبیرناکات. لە شاکارەکە فەلسەفییەکەیدا دیالێکتی نێگەتیڤ (١٩٦٦) دا دەنوسێت: «ڕۆحی جیهان….. دەبێت وەک کارەساتی هەمیشەیی پێناسە بکرێت».  ئادۆرنۆ ڕوونی کردووەتەوە کە مەبەستی لە «ڕۆحی جیهان»، بەشێوەیەکی ئایرۆنیی، بریتییە لە سەرمایەداریی. نازیزم و هۆلۆکۆست بەشێکن لەچەقی وێناکردنەکانی ئادۆرنۆ بۆ کارەسات. هەرچۆنێک بێت پێدەچێت حوکمەکەی ئەو تەواو دروست بێت. سەرمایەداریی، کە ماوەیەکی درێژە لێرەیە، بووەتە “کارەساتێکی بەردەوام”، ئەگەرچی – هیچ نەبێت لە لانیکەم – فۆرمێکی کەمتری توندوتیژیی دەوڵەتیی بەڵکو ئاگر، لافاو و تاعون وەردەگرێت

وەک هەمیشە پرسیارەکە ئەوەیە: دەبێت چی بکرێت؟ ئەوەی ئادۆڕنۆ ناوی نابوو “ژیانێکی وێرانبوو” وایکردبوو ئەو کەمتر گەشبین بێت. نووسیویەتی: «ئەمڕۆ ئەگەر و توانای بەتاڵکراوەی شتێکی دیکە، سەرەڕای هەموو شتێک توانای بەلاڕێدابردن و پێچەوانەکردنەوەی کارەساتی نەماوە» بەڵام ئەم دوانە – بەدەست هێنانی “شتێکی دیکە” و “پێچەوانەکردنەوەی کارەسات “- ناکرێت بەوئاسانییە پێچەوانە بکرێتەوە. بێگومان دەبێت خۆمان ڕێکبخەین بۆ ڕێگری لە خراپتربوونی شتەکان – لەکاتی پەتاکاندا، بۆ خەباتکردن بۆ پارێزگارییکردن کرێکارە سەرەکییەکان و دژی هەڕەشەی خاوەن سەرمایەکان لەسەر کرێ، بارودۆخ، ژیان و ئازادیی.

بەڵام ئەگەر سەرمایەداریی کارەساتە، کەواتە تەنیا ڕێگەیەک بتوانین خۆمان و منداڵەکانمان بپارێزین لێی ئەوەیە کە پاشەکشەی پێبکەین. ئایدیای «گرین نیو دیەل» کە لەلایەن ئالێکساندریا ئۆکاسیۆ کۆرتزەوە لە ئەمریکا پێشەنگایەتیی دەکرێت، هەنگاوێکە بۆ ئەڵتەرناتیڤێکی سیتێماتیک بۆ سەرمایەداریی، کەپێویستمانە. 

بەڵام شکستی جێرمی کۆربین ئەو بەرەنگارییە توندە زەقدەکاتەوە کە سەرمایە پشتی پێدەبەستێت. دووبارە بوونیادنانەوەی چەپێکی بەهێز بە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لەناوەڕۆکدا ئەرکێکی زەروری و بە پەلەیە.

سەرچاوە: سۆسیالیست ڕیڤیو. جانیوەری ٢٠٢١.

http://socialistreview.org.uk/464/capitalism-and-catastrophe?fbclid=IwAR0IXFLHfp4mIpki4EbHya93pPBDi3lZV48yUNDVpfznf57Ifx8pcvFLThc

Leave a Reply

ئەدرەسی ئیمایلەکەت بڵاو نابێتەوە... مەرجە ئەو بەشانەی ئەستێرەی لەسەر پڕبکرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەتان *

*