لینین: ئایدیاکانی ئایندەیە نووسینی: تۆنی کلیف

نووسینی: تۆنی کلیف

خانەی وەرگێرانی: ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی

لینین. لەلایەن ستالین و گۆڕهەڵکەنەکانی شۆڕشی ڕووسیاوە (شۆڕشی چەواشە) کرا بە پێشانگا و خودایەک. وەک ستەمکار و دیکتاتۆرێک لە ڕۆژئاوا لەلایەن نەیارانی سەرمایەداری لە دژی سۆسیالیزمەوە وێنەی کێشراو درۆی بۆ هەڵبەسترا.

لینین هیچ کام لەم لاسایکەرانەوە نەبوو. ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ ڕزگارکردنی جەماوەری کرێکاران، نەک تەنها لە ڕووسیا بەڵکو لە سەرانسەری جیهان. ئەو تێکۆشانی کرد بۆ بنیاتنانی حیزبێکی پۆڵاین پێکهاتوو لە شۆڕشگێڕان بۆ ڕێکخستنی خەبات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. لە سەرووی هەمووشیانەوە لینین باوەڕی خۆی بە توانای جەماوەری  کارگەران دانا بۆ فڕێدانی زنجیرەی ستەمکارەکانیان.

بۆ یادی (50) ساڵەی مردنی لینین، تۆنی کلیف سەرکردەی شۆڕشگێڕ لە هەردوو دیوی “پەردەی ئاسنین” لە دەستی دوژمنەکانی ڕزگاری دەکات.

پەنجا ساڵ لەمەوبەر سەرکردەی مەزن سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ ڤلادیمێر ئیلیچ لینین کۆچی دوایی کرد.

لە ساڵیادی کۆچی دواییدا، مۆسکۆ و دۆستەکانی لە لایەک و نەیارانی ڕۆژئاوای کۆمۆنیزم لە لایەکی دیکەوە، هەموو هەوڵێکیان خستەگەڕ بۆ شێواندنی ڕۆڵی مێژوویی ڕاستەقینەی ئەم پیاوە مەزنە.

 ئەو ئەفسانەیەی کە لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا چەسپێندرا کە لینین باوکی ستالینیزمە، پیاوێک (ستالین) کە باوەڕی بە دیکتاتۆری تۆتالیتاری هەبوو. هیچ شتێک ناتوانێت  ڕاستییەکان پەردە پۆش بکات.

ئەو ڕووداوەی بەسەر لینیندا هات، لە کارە درەوشاوەکەیدا، لە کتیبی “دەوڵەت و شۆڕش”، بە شێوەیەک پێشبینی کراوبوو، کاتێک چارەنووسی سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی لە ڕابردوودا بەم شێوەیە باسکردووە:

لە ماوەی تەمەنی شۆڕشگێڕە مەزنەکاندا، چینە ستەمکارەکان بەردەوام ڕاوەدوویان دەنان، بە دڕندەترین خراپەکاری و بە تووڕەترین ڕق و بێویژدانترین هەڵمەتی درۆ و بوختانەوە تیۆرییەکانیان پێچەوانە دەکەنەوە. لە دوای مردنیان، هەوڵ دەدرێ بیانگۆڕن بۆ کارەکتەرێکی ئایکۆنی بێ زیان، بە تەقدیسکردنیان، دەتوانین بڵێین… لە هەمان کاتدا تیۆری شۆڕشگێڕانەکەیان لە خاوەنەکەی بەتاڵدەکەنەوە و ناوەڕۆکە شۆڕشگێڕییەکەی کاڵ دەکەنەوە و سوک و بێ بایەخیان دەکەن.

لە سەرووی هەمووشیانەوە لینین متمانەی باڵای بە توانا داهێنەرەکانی جەماوەر هەبوو. بەم شێوەیە بۆ نموونە لە مانگی حوزەیران-تەمموزی ١٩٠٥دا نووسیویەتی:

شۆڕشەکان فێستیڤاڵی ستەملێکراو و چەوساوەکانن. لە هیچ کاتێکی تردا جەماوەری خەڵک لە دۆخێکدا نین کە وەکوو سەردەمی شۆڕش، وەک خوڵقێنەری نەزمێکی کۆمەڵایەتی نوێ، بەو شێوەیە چاڵاکانە بێنە پێشەوە. لەم جۆرە کاتانەدا جەماوەری خەڵک توانای ئەنجامدانی موعجیزەیان هەیە، ئەگەر بە پێوەرە سنووردار و ئەندێشەکانی پێشکەوتنی وردە وردە حوکم بدرێت.

کرێکاران لە خەباتدا فێر دەبن. لە ئەزموونی خۆیان لە بەرخۆداندا فێر دەبن. ڕۆڵی پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕی بەڕاستی بەردەوام وانەوتنەوە نییە بۆ کرێکاران بەڵکو فێربوونە لە کرێکارانی خەباتکار و پەروەرەکردنیان لە پرۆسەی خەباتدا.

کاتێک نەجیب زادەکانی بۆرژوازی و دەنگدەرە ناڕەخنەگرەکانیان، ڕیفۆرمخوازە کۆمەڵایەتییەکان، باس لە “پەروەردەی جەماوەر” دەکەن، بە گشتی مەبەستیان شتێکی مامۆستایی قوتابخانەیییە، ، فێربوونی قوتابی بۆ شتی وردو پروپوچ، شتێکە کە جەماوەر بێ مۆڕاڵ دەکات و پێشوەختەی ئایدیای بۆرژوازییان تێدا دەچێنێت.

پەروەردەی ڕاستەقینەی جەماوەر هەرگیز ناتوانرێت لە خەباتی سەربەخۆی سیاسی و بەتایبەت شۆڕشگێڕانەیان داببڕدرێت. تەنیا چینی چەوساوە پەروەردە دەکات. تەنیا خەبات و بەرخۆدان دەتوانێت گەورەیی دەسەڵاتی خۆی نیشانبدات، ئاسۆی فراوانتر دەکات، تواناکانی بەرز دەکاتەوە، عەقڵی ڕوون دەکاتەوە، ئیرادەی خۆی دروست دەکات.

ئامانجی پارتی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ، سوود وەرگرتنە لە سەرچاوە سروشتییە پۆتانسێلەکانی وزە و داهێنەریی کە لە جەماوەردا شاراوەن. پارت ناچارە لە خەباتکاران دەرس وەربگرێت:

لە نێو “جەماوەر”دا، واتە لە نێو کرێکاران و ئەو جووتیارانەی کە سود و قازانج لە هێزی کاری تر وەرناگرن، بڕێکی یەکجار زۆر لە بەهرەی ڕێکخستن یان تێدا هەیە. سەرمایە بە هەزاران لەو کەسە بەتوانایانە تێک دەشکێنێت و بەهرەکانیانی دەکوشێت و فڕێیاندەداتە سەر چەقۆ.

هێشتا ناتوانین بیاندۆزینەوە، هانیان بدەین، بیانخەینە سەر پێ، بەرزیان بکەینەوە. بەڵام فێر دەبین ئەگەر بە جۆش و خرۆشێکی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری دەست پێ بکەین، دیارە کە بەبێ ئەوە شۆڕش سەرکەوتن بە دەست ناهێنین.

بۆ ئەوەی لە جەماوەرەوە فێربێت پارت دەبێت بتوانێت و ئامادەبێت لە هەڵەکانی خۆی فێربێت، بۆ ئەوەی زۆر خۆڕەخنەگر بێت. وەک لینین دەڵێت:

هەڵوێستی پارتێکی سیاسی بەرامبەر بە هەڵەکانی خۆی یەکێکە لە گرنگترین و دڵنیاترین ڕێگاکانی بریاردان لەسەر ئەوەی کە پارت چەندە جددییە و چۆن بە کردەوە ئەرکەکانی بەرامبەر چینەکەی، و خەڵکی زەحمەتکێش جێبەجێ دەکات. داننان بە هەڵەیەک بە ڕاشکاوانە، دڵنیابوون لە هۆکارەکانی، شیکردنەوەی ئەو مەرجانەی کە بوونەتە هۆی هەڵەیەک و چەقاندنی ئامرازەکانی ڕاستکردنەوەی – ئەوە نیشانەی لایەنێکی جدییە؛ بەم شێوەیە دەبێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، و چۆن دەبێت چینەکەی پەروەردە و ڕاهێنان بکات، پاشان جەماوەر.

مشتومڕی کراوە لە سەردەمی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەوخۆدا، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ژیانی و جەوهەریترە. بۆیە لینین لە نامیلکەیەکدا، ٢٥-٢٦ی نیسانی ١٩٠٦ نووسیویەتی:

لە سەردەمێکی شۆڕشگێڕانەی وەک ئێستادا، هەموو هەڵە تیۆریەکان و لادانەکانی تاکتیکی پارت لە لایەن خودی ئەزمونەوە زۆر بێبەزەییانە ڕەخنەیان لێدەگیرێت، کە چینی کرێکاران بە خێراییەکی بێ وێنە ڕۆشنگەر و پەروەردەی دەکات.

لە وەها سەردەمێکدا ئەرکی هەموو سۆسیالیستێک ئەوەیە کە هەوڵ بدات ململانێی ئایدیۆلۆژی لەناو پارت دا لەسەر پرسیارەکانی تیۆری و تاکتیک تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت بە ئاشکرا و بەرفراوان و ئازادانە بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نایەتە ئاراوە یان ئاستەنگ لە… یەکێتی کردەوەی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریای سۆسیال-دیموکرات (پرۆلیتاریای سۆسیالیست – وەرگێڕ)

پارتی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ ئەوەندە بەهێزە کە بە ئاشکرا ڕەخنە لە خۆی بگرێت، و بە شێوەیەکی دوور لە دوو دڵی هەڵە و لاوازییەکان بە ناوی دروستی خۆیان ناودەبەن. حیزبی خەباتکاری چینی پێشکەوتوو پێویست ناکات لە هەڵە بترسێت. ئەوەی پێویستە لێی بترسێت، خۆڕاگرییە لە هەڵەیەکدا، ڕەتکردنەوەی دانپێدانان و ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک لە هەستێکی درۆینەی شەرمەزاریدا.

بێگومان گفتوگۆی نێوخۆی پارت نابێت ببێتە هۆی نەبوونی دیسیپلین و یەکگرتوویی کردار. بەڵام بەپێچەوانەوە، دیموکراسی ناو پارتی دەبێت وەک بنکەیەک بۆ یەکڕیزی لە کرداردا خزمەت بکات. وەک لینین زۆر باش دەڵێت:

ئێمە زیاتر لە جارێک پێشتر بۆچوونە تیۆریەکانی خۆمان سەبارەت بە گرنگی دیسیپلین و سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەم چەمکە لە پارتی چینی کرێکاردا تێبگەین، خستۆتە ڕوو. ئێمە بەم شێوەیە پێناسەمان کرد: یەکێتی کردار، ئازادی گفتوگۆ و ڕەخنە. تەنیا ئەو جۆرە دیسیپلینە شایستەی حیزبی دیموکراسی چینی پێشکەوتووە.

پرۆلیتاریا دان بە یەکگرتوویی کرداردا نانێت بەبێ ئازادی گفتوگۆ و ڕەخنە..، ناتوانێ پارتێکی جەماوەری هەبێت، پارتێکی چینایەتی، بەبێ ڕوونی تەواوی سێبەرە جەوهەریەکان، بەبێ ململانێیەکی ئاشکرا لە نێوان مەیلە جۆراوجۆرەکاندا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی… جەماوەر لەوەی کە کام سەرکردە و کام ڕێکخراوی پارت بەدوای ئەم یان ئەو هێڵەدا دەگەڕێن. بەبێ ئەمە پارتێکی شایستەی ئەو ناوە دروست نابێت.

بەپێچەوانەی ئەفسانەی ستالینیستی – هەروەها نەیارانی لیبڕاڵی بەلشەفیزم – پارتی بەلشەفی هەرگیز پارتێکی یەکپارچە یان تۆتالیتار نەبووە. دوور بووە لێی.

دیموکراسی ناوخۆیی هەمیشە لە ژیانی پارتایەتیدا ئەوپەڕی گرنگی هەبووە. بەم شێوەیە بۆ نموونە، کاتێک گرنگترین پرسیار لە هەموویان، پرسی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ دەستنیشانکردنی ڕۆژ بوو، سەرکردایەتی بە شێوەیەکی تیژ دابەش بوو: کوتلەیەکی بەهێز بە سەرۆکایەتی زینۆڤیڤ، کامێنێڤ، ڕیکۆڤ، پیاتاکۆڤ، میلیوتین و نۆگین، دژی ڕاپەڕین بوون.

سەرەڕای ئەوەش، کاتێک مەکتەبی سیاسی لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە هەڵبژێردرا، نە زینۆڤیڤ و نە کامێنێڤ بەدەر نەبوون.

دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، ناکۆکییەکانی سەرکردایەتی پارت وەک جاران هەروا تیژ بوون. چەند ڕۆژێک دوای شۆڕش، ژمارەیەک سەرکردەی پارتەکان بە داواکارییەکەوە هاتنە دەرەوە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە سۆسیالیستەکانی دیکە.

ئەوانەی پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد بریتی بوون لە ڕیکۆڤ، کۆمیساری ناوخۆی گەل، میلیوتین، کۆمیساری پیشەسازی و بازرگانی گەل، لوناچارسکی، کۆمیساری پەروەردە، کامێنێڤ، سەرۆکی کۆمار و زینۆڤیڤ.

ئەوان تا دەستلەکارکێشانەوەیان لە حکومەت ڕۆیشتن، بەمەش لینین و لایەنگرانی ناچارکرد دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەنەوە. دانوستانەکان تێکچوون، چونکە سۆسیالیستە ڕاستڕەوەکان پێداگرییان لەسەر دوورخستنەوەی لینین و ترۆتسکی لە حکومەتی هاوپەیمانی کرد.

دیسانەوە لەسەر پرسی بەڕێوەبردن یان دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی دامەزرێنەر لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٧دا، لینین خۆی لە کەمینەیەکدا بینیەوە لە کۆمیتەی ناوەندیدا و هەڵبژاردنەکان بە پێچەوانەی ئامۆژگارییەکانی ئەوەوە بەڕێوەچوو.

کەمێک دواتر دیسانەوە لەسەر پرسی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەڵمانیا لە پەیمانی (برێست-لیتۆڤسک) شکستی هێنا. ئەو بۆ ئاشتییەکی دەستبەجێ بوو. به ڵام له کۆبوونه وه یه کی کۆمیته ی ناوه ندی و کرێکارانی چاڵاکدا، که له 21ی ژانویه ی 1918 به ڕێوه چوو، پێشنیازه که ی ته نیا 15 ده نگی دژ به پێشنیازه که ی بوخارین بە دەست هێنا بۆ ” شه ڕی شۆڕشگێڕی” ، که 32 ده نگی به ده ستهێنا و ترۆتسکی هەڵوێستی “نه ئاشتی و نه شه ڕ”، که 16 ده نگی بە دەستهێنا.

ڕۆژی دواتر لە دانیشتنێکی کۆمیتەی ناوەندیدا، دیسانەوە لینین شکستی هێنا. بەڵام دواجار لە ژێر فشاری ڕووداوەکاندا سەرکەوتوو بوو لە ڕازیکردنی زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە دیدگای خۆی و لە دانیشتنەکەیدا لە ٢٤ی شوباتدا پێشنیارەکەی بۆ ئاشتی حەوت دەنگی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا چوار دەنگی نەخێر و چواری تریش دەنگیان نەدا.

لە ئەنجامی لاوازی چینی کرێکاری ڕووسیا، دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە جەنگ و شەڕی ناوخۆ، دابڕانی شۆڕشی ڕووسیا دوای خیانەت لە شۆڕشی ئەڵمانیا لەلایەن سەرکردە کرێکارییە ڕاستڕەوەکانەوە – لەوانەش کوشتنی سەرکردە گەورە سۆسیالیستەکان ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و کارل لیبکنێخت – بیرۆکراسی ستالینیستی لە ڕووسیا سەریهەڵدا.

دوای کوشتنی بەکۆمەڵی هاوڕێ کۆنەکانی لینین لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠دا خۆی چەسپاند. بەڕێوەبردنی یەک کەسی لەو کارگانەی کە بەڕێوەبەران موچەکەیان ١٠٠ هێندەی کرێکاران بوو، لە هەمان کاتدا کرێکاران مافی مانگرتنیان نەبوو و لە هەموو ئازادییەک بێبەشن بوون، ئەمەش نیشانەو ماهیەتی ڕاستەقینەی ڕژێمی ستالینیستی بوو.

بەڵام داهاتوو هی ئایدیای مارکس و لینینە. بنەما سەرەکییەکانی مارکسیزم-لینینیزم:

  • چینی کرێکاران بریکار و بکەری سۆسیالیزمە.
  • چینی کرێکاران پێویستی بە پارتێکی پێشەنگ هەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی، بۆ بەرزکردنەوەی توانای شۆڕشگێڕی و هۆشیاری و ڕێکخستنی خۆی.
  • چینی کرێکار پێویستی بە تێکشکاندنی ماشێنی دەوڵەتی پۆلیسی میلیتاریستی بیرۆکراتی سەرمایەداری و گۆڕینی بە ئەنجومەنی (شورای) کرێکارانی دیموکراتیکە کە هەموو بەرپرسەکان هەمان کرێی ئەو کرێکارانە وەردەگرن کە نوێنەرایەتیان دەکەن، بە هەڵبژاردنی ڕێکوپێکی هەموو بەرپرسان و مافی بانگهێشتکردنەوەیان.

ئەم بیرۆکانە گرنگییەکی ژیانییان هەیە بۆ کرێکاران لە هەموو شوێنێک، جا لە بەریتانیا بێت یان ڕووسیا، ئەمریکا، چین یان هیندستان.

ئایندە و داهاتوو هی ئایدیای مارکس و لینینە.

Leave a Reply

ئەدرەسی ئیمایلەکەت بڵاو نابێتەوە... مەرجە ئەو بەشانەی ئەستێرەی لەسەر پڕبکرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەتان *

*