لە ئینگلیزیەوە: ئاکام جەزا
[ئەم لێکۆڵینەوەیە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوتەوە لەلایەن پرۆفیسۆر کاتز لە زانکۆیی نیگێڤ – ئیسرائیل]
ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١ – ١٩٣٧)، بیرمەندێك، زمانەوانێك، ڕۆژنامەنوسێك لەسەروو ئەمانەشەوە فەیلەسوفێک و مێژووناسێکی دانسقە بوو، سۆسیالیستێکی سیاسی و خولقێنەر بوو، دامەزرێنەریی پارتی کۆمۆنیستی ئیتاڵی بوو کە لە زیندانی فاشیزمی ئیتاڵیدا گیانی لەدەستدا؛ ئەم کەسایەتیە بەیەکێک لە گرنگترین بیریارانی ‘کۆمەڵگەیی شارستانی’ دادەنرێت. بیر و باوەڕەکانی بەتەواوی کاریگەری بەسەر دیراسەکانەوە لە کۆمەڵگەیی شارستانیدا هەبووە، هەم لە ڕووی سیاسی و ئەکادیمیەوە. فکر و تێڕوانینی لەبارەی کۆمەڵگەیی شآرستانی، دەوڵەت و هەژموون لە زیاتر لە ٣٠ پەڕاودا شیکراونەتەوە کە بە پەڕاوەکانی زیندان ناسراون، لە بارەیی مێژوو، شیکاریە سۆسیالیستیەکان، فاشیزم، وە چەندەها پرسی دیکە، کە لە زیندانەکانی فاشیزم لە ساڵانی دەسەڵاتداریی بێنیتۆ مۆسۆلینیدا نوسراون [بەشێکیشیان لەپێش زیندانیکردنی لە ١٩٢٦].
چەمکی گرامشی ‘کۆمەڵگەیی شارستانی” وەک بەشێک لە فکر و دیدەکانی، کورتناکرێتەوە لە تاکە شوێنێکی نوسینەکانیدا، بەڵکو بەرەبەرە لەسەرەتاکانی پێش زیندانیکردنیدا دەستپێدەکات و گەشەدەکات بەشێوەیەکی سەرپێیانە هەرچەندە لە بەشێک لە پەڕاوەکانیدا گرامشی بەتەواوی و بەڕێکوپێكی ڕێکخراویانە ئاماژە و شیکاریی بۆ ‘کۆمەڵگەیی شارستانی’ دەکات، بەو ڕادەیەیی کە ئەم پرسە دەبەستێتەوە بە چەندەها شیکاریی جیاوازەوە.
بۆ گرامشی کۆمەڵگەی شارستانی دەکەوێتە نێو ناوەخنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیەوە، کە لە کارەکانی گرامشیدا بەستراونەتەوە بە دامەزراوەکان، فۆڕمی سیاسی، کلتوریی و ئاگاییەکانەوە.” (ویلیامز، ١٩٧٨)
ناوەخنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیش خۆی دەبینێتەوە لە جەماوەری کلتوریی و ئایدیۆلۆژیی؛ وە لە دوو قۆناغ پێک دێت:
یەکەمیان، دەتوانرێت بە کۆمەڵگەیی شارستانیی لە قەڵەم بدرێت، ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوانە لەخۆدەگرێت کە پێیدەگوترێت /کەسی (تایبەت)/ وە ئەمەش کۆمەڵگەیی سیاسی یاخود دەوڵەتە. (گرامشی، ١٩٧١، ١٢).
لەو ساتەوەیی کە ناوەخنە پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان جیادەکرێنەوە لە بنەڕەتیەکەیان، بەسەرەکیش پەیوەندیە ئابورییە کۆمەڵایەتیەکان. لەمەش زیاتر، لە ڕەخنەیەکیی گرامشیانە و ئابوریەکی مارکسیانەوە وا باس دەکرێت کە گرامشی سێ بواری جیاوازیی گەشەپێداوە لە نێوان ئابوریی (بازاڕ)، کۆمەڵگەیی شارستانی، و دەوڵەت (حکومەت). وە بێگومان، لە چەند شوێنێکی دیکە گرامشی بەمشێوەیە دەنوسێت: ” لەنێوان پێکهاتەیی ئابوریی و دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی زۆرەملێدا کۆمەڵگەیی شارستانی ڕادەبێت”. (گرامشی، ١٩٧١، ٢٠٩)
هەرچەندە، گرنگە تێبینی بکەین بۆ گرامشی ئەم جیاکەرەوانە شیکاریەکن یاخود تیۆرین. هەروەک ئەوەی جۆسێف بوتینک باسیدەکات:
” ئەو چەمکە فراوانەیی گرامشی [لەبارەیی] دەوڵەتی مۆدێرنەوە باسی لێدەکات سێ توخم لەخۆدەگرێت: کۆمەڵگەیی سیاسی، کۆمەڵگەیی شارستانی، وە بواری ئابوریی کە بە تەواوی تێهەڵکێش کراون مەگەر تەنها لە سیاقی میتۆلۆژیا و تاقیکاریدا بتوانرێت جیابکرێنەوە.
هەربۆیە، کۆمەڵگەیی شارستانی ئەو بوارە ئابوریانە لەخۆدەگرێت وەک سەندیکا کرێکاریەکان، و کۆمەڵەیی خاوەنکارەکان لەگەڵ بەیانێکی هاوبەش کە کۆمەڵگەیی شارستانی تێدایە ئەوانیش: کڵێساکان، حزبەکان، کۆمەڵە پیشەگەریەکان، پەروەردەیی و کلتورییەکان.
کارەکانی گرامشی وێنایەکی ئاڵۆزانە و هاوپەیوەندیەکی دایەلێکتیانە دەبەخشێت لەنێوان دەوڵەت، کۆمەڵگەیی شارستانی و هەژموونیدا. لەنێو ئەم پەیوەندیەدا کۆمەڵگەیی شارستانی ڕۆڵێکی دوولایەنە و دایەلێکتیانە دەگێڕێت: لەلایەکەوە، بریکارەکانی حکومەت و هێزە هەژموونیەکان کە کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە، هەر دامەزراوەیەک کە بەکاردەهێنرێت بۆ درێژەدان بە دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا.
بەشێوەیەک کۆمەڵگەیی شارستانی ئەو گۆڕەپانە خوڵقێنەرەیە کە تێیدا هێزە دژە-هەژموونیەکان گەشە بە ئادۆلۆژیا هەژموونی و کرداریەکان دەدەن؛ لەوێشەوە بۆ ژێر هەلومەرجە تایبەتەکان کە تێیدا پرۆسە چاکسازیخوازەکان لەخۆدەگرێت.
کۆمەڵگەیی شارستانی و هەژموونی
چەمکی هەژموونی چەمکێکی ناوەندییە لە بیر و فکری کۆمەڵگەیی شارستانی گرامشیدا. بەسەرەکی فکریی هەژموونی لەسەر بنەمایی دیدەکەیی [کاڕل] مارکسەوەیە کە بە ‘ئاگایی-هەڵە’ (false- consciousness)ناودەبرێت. {ئاگایی هەڵە: بریتییە لەو دۆخەیی کە ئەندامانی چینی ژێردەستە لە ڕووی فیکریەوە کوێر کراون و ڕەوای بە چەوساندنەوەیی خۆیان دەدەن لەلایەن چینی باڵادەستەوە لە پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکاندا.} هەرئەمەشە وادەکات ‘ئاگایی ڕاست’ true consciousness لە ڕووی فکریەوە قورسبکرێت لەلایەن چینی حاکمدارەوە. بەڵکو بگرە جەماوەر بە دید و فکرێک ئاشنادەکرێن کە ڕەوای بە چەوساندنەوەیان بدات. گرامشی چەمکی ‘هەژموونی’ بەکاردەهێنێت بەشێوەیەک کە بریتیە لە پڕۆسەیەک تێیدا زاڵبوونی سیاسی بەنێو زاڵبوونی ئایدۆلۆجی و فکریدا دەڕوات.
ئەوەی نیشاندا چۆن ئیمتیازە زاڵەکان دەوڵەت، کولتورە باوەکان، میدیایی جەماوەر، و پەروەردە و ئاین بەکاردەهێنن بۆ بەهێزکردنی ئایدۆلۆجیایەک کە پاڵپشتی پێگەکەیان بکات. گرامشی ‘هەژموون’ پێناسەدەکات وەک شێوازێکی کۆنتڕۆڵکردن و جێبەجێکردنی لەلایەن چینی دەسەڵاتدارەوە بەسەر چینە ژێردەستەکاندا لە کۆمەڵگەکاندا. هەرچەندە، لە پەڕاوەکانی زینداندا گرامشی بە وریایی و ئاگاییەوە دەستەواژەکان بەکاردەهێنێت بەتایبەتی خۆی بەدوور دەگرێت لە دەستەواژە مارکسییەکانی وەک ‘چین class-‘ و ‘پرۆلیتاریا proletariat’ لەبەرئەوەی کارەکانی لەلایەن سانسۆرە فاشیەکانەوە دەخوێنرانەوە. [لە سەردەمی ئەودا] چینی زاڵ و دەسەڵاتدار بۆرژواکان بوون کە سەرمایەدارە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆن، خاوەن ماناکانی بەرهەمهێنان بوون: خاوەنکاران و کرێی کار، لەم سیاقەشدا چینی ژێردەستە کرێکاران ‘پرۆلیتاریا’ بوون. ‘هەژموون’ لای گرامشی ئاماژەیەکە بە هەلومەرجێکی ڕامیاریی کۆمەڵایەتی یاخود هەروەک ئەوەی کە خۆی ئاماژەی پێدەدات ‘ساتێک’ ە کە تێیدا یەکگرتنی ناوەخنی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی ئایدۆلۆژیایی چینی باڵادەست لە هەلومەرجێکدایە کە جیاوازییە سیاسیی و ئابورییەکان لەگەڵ جیاوازییە چینایەتیەکەدا پاڵپشتیان بن و بە ساناتر جێبەجێبکرێن. لە ‘هەژمووندا’ شێوازێکی ژیان و بیرکردنەوە (زاڵە) وە بەنێو کۆمەڵگەدا بڵاودەبنەوە بۆ ناساندنی پێوەر و بنەما و بەهاکان و پراکتیکیە سیاسیەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (ساسۆن، ١٩٦٨). هەرلەبەرئەمەشە ‘هەژموون’ پڕکردنی کۆمەڵگەیە بە ڕادەیەک خۆگونجێنەربێت لەگەڵ واقعی کۆمەڵایەتیدا. لێرەشەوە، جەماوەر بەبەردەوامی گەشەدەدەن بە ‘هەژموونی’ چینی زاڵ و باڵادەستی چینی حاکمداردا بە قبوڵکردنی بەها و بیروباوەڕە خوڕافیەکان وەک هی خۆیان؛ هەر بەمجۆرەش ئەڵقەلەگوێ و گوێڕایەڵی لەجیاتی کپکردن و چەپاندیان قبوڵدەکەن (مۆون، ١٩٩٨).
وەک ئەوەی گرامشی تیۆریزەیی کردووە ‘زاڵبوونی چینایەتیی’ بەهۆی دەسەڵاتی زۆرەملێ (coercion) و قایلبونەوەیە ( consent) [بە مانایەکی دیکە] چینی باڵادەست دەبێتە خاوەن هەژموون و ئایدۆلۆجیایی خۆی زیاددەکات وەک ‘عەقڵێکی باو’ بەنێو [پڕۆسەیەکی] ڕابەرایەتیکردن و قایلکردندا؛ هەربۆیە لە جیاتی ئەوەی خۆی بسەپێنێت بەسەر چینی ژێردەستەدا، ئەمەش لەڕێی ڕای گشتیەوە ئەنجام دەدات.
چینی باڵادەست ڕەگی خۆی دادەکوتێت ئەمەش نەک لەڕێی هێزیی چەوسێنەرەوە بەسەر چینی ژێردەستەدا؛ بەڵکو بە دروستکردن و بڵاوکردنەوەیی ‘ئایدۆلۆجیاییەکی باو’ ئەوەی گرامشی ناوی دەبات بە ‘فۆڕما مێنتەس – common-sense) وە دامەزراندنی سیستمێک و دامەزراوەیەک کە ئەم {عەقڵە باوە} لەخۆدەگرێت و دەیگۆڕێت بە دەستورێکی کۆمەڵایەتی بێ هاوتایی منەزەم و بەوشێوە ڕێکوپێک و تەواوە خۆی بەیان بکات. (بوتیگێگ، ١٩٩٥: ١٣)
بە سروشتی، دەسەڵاتی زۆرەملێ هەرگیز لە سیاقی هێزدا ون نابێت، بەڵکو لە سیاقە هەژموونیەکەدا ئەوەی گرنگە و جێی بایەخە هێزیی فکر و سیاسەتیی قایلکردنە، لە کاتێکدا هێز و سیاسەتی زۆرەملێ کەمتر دیارن” (ڕوپێرت، ٢٠٠٥). لەوکاتەوەی ‘هەژموون’ لە ئاکامی سەپاندنەوە نییە بەڵکو لەڕێی قایلکردنەوەیە. ئەم جۆرە لە ڕابەرایەتیکردنە بەسەرەکی لە ئاکامی میکانیزمەکانی حکومەتەوە نییە بەڵکو بگرە بەسەرەکی لە قۆناغەکانی کۆمەڵگەیی شارستانیدایە بەجۆرێک ‘قایلبوون’ تێیدا بەدیهاتووە. بۆ ئەوەی کە گرووپە خاوەن هەژموونیەکان کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگەیی سیاسیی بکەن لەگەڵ ڕازیبوون بەو حکومڕانییەیی هەیە؛ پێگە و بۆشایی بۆ چەند کۆمەڵە و تاقمێکی فکری ئازاد درووست بکەن، ئەمەش ڕێ خۆشکەر دەبێت بۆ هەبوونی ڕێکخستن و تەنزیمکردنێکی ئابووریی، سیاسیی، و کۆمەڵایەتیی. بەجۆرەش ئەمە دەبێتە دەستکەوتێک بۆ خاوەن ئیمیتازە هەژموونیەکان لەنێو کۆمەڵگەیی شارستانیدا و پەرەدان بە ‘فۆڕما مێنتس – عەقڵی باو’ بەجۆرێک ڕەوای تەواو دەدات بەو هێزانە و هاوپەیوەندەکانیان.
بۆ چینی حاکمدار بەدەستکەوتنی پێگەیی ‘هەژموونی’ لە کۆمەڵگەیی شارستانیدا زۆر گرنگترە وەک لە دەستکەوتی دەسەڵات لە حکومداریدا.
کۆنتڕۆڵکردنی حکومەت ڕێگە بە گروپە هەژموونیەکان دەدات تاکو شەرعیەت بداتە بەکارهێنانی هێزەکانی دەوڵەت تاکو خواستەکانیان بپارێزێت. هەرچەندە، پشتبەستن بە دەسەڵاتی چەوسێنەر وەکو تەنها سەرچاوەیی هێز وادەکات تووشی بەرەنگارییەکی لاواز ببنەوە بەجۆرێک لەهەر ساتێکدا بێت ڕووبەرووی کودەتا ببنەوە. بە پێچەوانەوە، ‘هەژموون’ هۆکارە بۆ ئەوەی کە ئەو ماتەوزەیەیی لە بەرانبەر کۆمەڵە و گرووپەکاندا دەگیرێتەبەر بە قایلبوونیان بە هەژموونی زاڵ و ناساندنی ئایدۆلۆجیایان، ئەمەش وادەکات کودەتا سەرنەگرێت.
بۆ بەخشینی ئەو متمانە و باوەڕەیی کە حکومەت لەسەروو هەموو چینە جیاوازەکانەوەیە چینی باڵادەست پێویستە دەست لە کۆمەڵێک خواستی هەڵبگرێت بۆ گونجاندنیان لەگەڵ چینی ژێردەستەدا.
خواستەکانی چینی ژێردەستە بەستراوەتەوە بە هەبوونی عەقڵی باوەوە (فۆڕما مێنتس) وە بەمشێوەیەش خواستەکانیان پەرە پێ دەدەن بە ڕادەیەک کە ئیدی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دەستور و یاساکانیی بەڕێوبەری دەوڵەتدا.
لەهەمان کاتیشدا، گروپە ژێردەستەکان وا وێنادەکەن کە ئازادن و لەسەر حسابی خۆیان بەردەوامی بدەن بەو فشارەیی هەیە وەک خۆی لەسەریان بمێنێتەوە، بەوەی کە ئەو پشێوی و نا-ئارامیە کە بووەتە هۆکاری ئەو زاڵبوون و باڵادەستیە دەرچەیەک ببەخشنە نێو بواریی کۆمەڵگەیی شارستانی، بەبێ ئەوەی دەزگاکانی دەوڵەت سەرقاڵبکەن و ببنە کێشە بۆسەر عەقڵی باو (فۆڕما مێنتس). بەمشێوەیەش، هێزە هەژموونیەکان ڕێگە بە گۆڕانکاریی بچووک دەدەن لە کۆمەڵگەدا؛ بەڵام ئەو هێزە بنەڕەتیانەی کە ئەوانی هێشتووەتەوە ناگۆڕن بەڵکو ئەو هەستە بە جەماوەر دەدەن کە گۆڕانکاریی ئەگەری هەیە. لەم هەلومەرجە هێواش و کۆنتڕۆڵکراوەدا کە گرامشی بە ‘شۆڕشی سست’ ناویدەبات بەشێک لەو ئیمتیازە هەژموونیانە دەستبەرداریی خواستە ئابورییەکانیان دەبن و ڕێگە بە شێوازە هەژموونیەکان دەدەن بەهێواشی بگۆڕێن.
بەمەبەستی پتەوکردنی هێزە بنەڕەتیەکان و پشتیوانیکردنی پێگەیی زاڵ و باڵادەست گرامشی ئاماژە بە جوڵانەوەکەیی فرێدریک تەیلەر “بەڕێوبردنی زانستی scientific management” وەک نمونەیەک لە شۆڕشی سست، هەروەک ئەوەی کە گۆڕانکارییەکان ناسێنردرابوون بەڵام ئەو نمونانەیی وەک خاوەندارێتیەکی ڕێکخراو و تەواو بەجێهێشتبوو و باسی لێوە نەکردبوون.
بە ڕوونی با ئەوە بگوترێت، ئیمتیازە هەژموونیەکان شتانێک نین دیارنەبن، بەڵکو لەمڕۆدان و بەشدارن لە چەندەها دامەزراوە و چالاکییە کولتوریەکاندا، و پێکداچوونە کۆمەڵایەتییەکان و بەخشینی ڕابەرایەتیەک بە ئاڕاستەیی جیاوازدا. لە ئەنجامدا، هەژموون بەنێو ناوەندێکی فێرکردندایە کە لەلایەن چەندەها دامەزراوەیی جیاوازیی کۆمەڵگەیی شارستانیی و ئیمتیازەوە دەناسێندرێت و بەشێکیشیان لە ڕێگەیی هەژموونی فکریەوەن ئەوەی گرامشی پێی دەڵێت ‘ترانسفۆرمینۆ’ ئەو پڕۆسەیەیی کە تێیدا کۆمەڵە هەژموونییەکان خواستەکانیان لەخۆدەگرن و وەریدەگێڕن و پێکەوەی دەبەستن و ئەوەشی لە بەرژەوەندییان نەبێت دەیپوکێننەوە.” (مەنك، ١٩٩٦، ٤٣).
ئەوەشی لە کۆتا ئامانجدا دەمێنێتەوە ” قبوڵکردنێکی ئۆرسۆدۆکسیانە”یە ئەوەی کە چینی ژێردەستە بیری هەژموونی بەسەرخۆیاندا دەسەپێنن.
بەمجۆرەش، کۆمەڵگەیی شارستانی هەژموونی باو لە دەوڵەتی مۆدێرندا بەبەردەوامی بەهێز دەکات بەڵام تاکە گۆڕەپانێکیشە کە بتوانرێت بەرەنگاریی ئەو هەژموونەیی تێدا بکرێت.
لە فکر و تێڕوانینی گرامشیدا لە بارەی کۆمەڵگەیی شارستانیەوە، وەک ئەوە نیە کە هیگڵ لە بارەی دەوڵەتەوە باسی دەکات. لێرەدا توخمە چالاک و سستەکان گەشەی مێژووییە کە چاوەڕوانی گۆڕانکاریی تێدادەکرێت. ئەو بۆشاییەیی درووست دەبێت ڕێگەخۆشکەرە تاکو چینە ژێردەستەکان یەکبگرن و هەوڵبدەن لە پێکهێنانی دژە-هەژموونیی بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە. لە ڕاستیدا هەژموون خۆی فەراهەمکەریی دژە-هەژموونە لەوساتەوەی دەبێتە بەرپەرچدانەوەیی چینە ژێردەستەکاندا. هەژموون و دژە-هەژموون باشترین (هەمان جوڵآنەوەی دژیەکن) و تەواوکەریی یەکترن.
هەژموون بەئاگاهێنەریی دژە-هەژموونە، هەوڵە دژە هەژموونیەکان هۆکارن تاکو هێزە هەژموونیەکان یەکگرن و خۆیان ڕێکبخەن.