گەورەترین زیندانی سەر ڕوی زەوی
مێژووی ناوچە داگیرکراوەکان ( کەرتی غەزە، کەناری خۆرئاوا بە قودسی ڕۆژهەڵاتیشەوە).
نووسینی: مێژوونوسی ئیسرائیلی ، ئیلان پاپێ
پێداچوونەوەی کتێب: میرۆ عبدولکریم
دەزگای چاپی وەن ۆرڵد ، ٢٠١٩
بەشی یەکەم
لە ساڵی ١٩٦٧ دا لە جەنگی شەش ڕۆژەدا ئیسرائیل کەرتی غەزە و کەناری خۆرئاوا بە قودسی ڕۆژهەڵاتیشەوە داگیردەکات. بەم شێوەیە خەونی زایۆنیەکان بە داگیرکردنی تەواوی خاکی مێژووی فەلەستین هاتە دی ، بەڵام ئەم دۆخە نوێیە دوبارە کێشەی باڵانسی دیمۆگرافی هێنایە گۆڕێ؛ کە چی لەو ژمارە زۆرە عەرەبە بکرێت کە ئێستا دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلەوە ؟ هەرچەند بابەتی ڕاگواتن و ئاوارەکردن جێی گفتوگۆ بو ، بەڵام ئیسرائیل نەیدەتوانی هاوشێوەی ١٩٤٨ پاکتاویی ڕەگەزی جێبەجێ بکات ، هەم ناوخۆی ئیسرائیل و هەم دۆخی نێودەوڵەتیش ڕێگەی بە وەها ئۆپەراسیۆنیەکی گەورە نەدەدا . بۆیە دەوڵەتی ئیسرائیل سەرەڕای داگیرکردنی دیفاکتۆی ئەم ناوچانە بەڵام ئامادە نەبو لە ڕوی یاساییەوە بلکێنێت بە ئیسرائیلەوە ، بۆ ئەوەی نەبن بە هاوڵاتی ئیسرائیل و بەرخوردار نەبن لە هەمان مافی هاوڵاتیانی دیکەی ئیسرائیل .
پاپێ لەم کتێبەیدا ڕونی دەکاتەوە کە مامەڵەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستینیەکانی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون و مافی یەکسان دانەمەزراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای هەڵسوکەوت دامەزراوە، لەسەر بنەمای پاداشت و سزا.
پاپێ بۆ ڕونکردنەوەی دۆخی فەلەستینیەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی پاش ١٩٦٧ دو چەمک وەک مۆدێل لە سیستەمی بەڕێوەبردنی زیندانی قەرز دەکات و دۆخی فەلەستینیەکانی پێدەچوینێت : یەکەمیان زیندانی کراوەیە و ئەوی دیکەشیان زیندانی ئەمنی توندوتۆڵە
لە زیندانی کراوەدا زیندانیەکان کەمترین چاودێرێ دەکرێن و بەدەگمەن نەبێت ناخرێنە ژوری تاکەکەسیەوە و و بۆ کەمکردنەوەی ماوەی سزاکەیان دەتوانن کاربکەن و بە نواندنی ڕەفتاری “خوازراو “ سزاکەیان کەمدەکرێتەوە و ئامادەدەکرێن بۆ چونەوە ناو کۆمەڵگا .
لە زیندانی ئەمنی توندوتۆڵدا زیندانیەکان زۆربەی کاتی خۆیان لە ژورە تاکەکەسیەکاندا بەسەردەبەن و تاکە پەیوەندیەک هەیانە لەگەڵ پاسەوانەکەیە و بەرزترین ئاستی پشکنین و ئەمنیەتی تیا ڕەچاو دەکرێت .
ئەکادیمی و یاساناسان ، بیرۆکراتەکان و سیاسیەکانی ئیسرائیل ، پاش داگیرکردنی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە ، شێوازێکی بەڕێوەبردن بۆ ئەم ناوچانە پەرەپێدەدەن کە کرایتریاکانی ئەم دو مۆدێلە لە زیندانی بەسەردا دەچەسپێت .
لە مۆدێلی یەکەمدا ( زیندانی کراوە) جۆرێک لە ژیانی ئۆتۆنۆمی بە فەلەستینیەکان دەبەخشرێت لە ژێر چاودێری نا ڕاستەو خۆ و هەندێکجاریش ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئیسرائیلدا .
بەڵام ئەگەر هاتو فەلەستینیەکان بەم مۆدێلە ڕازی نەبون ئەوا وڵاتیان بۆ دەکرێت بە مۆدێلی دوەم لە زیندانی ئەویش لێسەندنەوەی ئۆتۆنۆمی، خستنەژێر سیاسەتی توندوتیژی سزادان و چاودێری ئەمنی چڕ ، بەرتەسکردنەوەی جوڵەو هاتوچۆ ، و لە خراپترین دۆخیشدا کوشتن و لەناوبردن.
واقیعی مۆدێلی زیندانی کراوە هێندە دڵڕەق و سەرکوتکەرانە بوە کە لەناو کۆمەڵگای فەلەستینیدا بەرخودانی دروستکردوە ، بەڵام ئیسرائیل لەوەڵامی ئەم بەرەنگاریەدا و وەک تۆڵەیەک بۆ جورئەتی بەرەنگاربونەوە بە شوێازی دوەم سزای داون .
پاپێ دەڵێت کە مۆدێلی یەکەم لە ١٩٦٧ بۆ ١٩٧٨ جێبەجێکرا ( تا ئینتیفازەی یەکەم) ، لە ١٩٩٣ تا ٢٠٠٠ ( تا ئینتیفازەی دوەم )
لە ماوەی ئینتیفازە و بەرەنگاریشدا ١٩٨٧- ١٩٩٣ و دواتریش ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٩ سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبێت بە مۆدێلی دوەم کە زیندانی ئەمنی توندوتۆڵە.
سوڕەکە بۆ فەلەستینیەکان بەم شێوەیە بو: لە ١٩٦٧ بۆ ١٩٨٧ زیندانیەکی کراوە، وەک تۆڵەیەک بۆ ئینتیفازەی ١٩٨٧ مۆدێلی دوەم لە زیندانی ئەمنی توندوتۆل تا ١٩٩٣ ، دواتر بەهۆی فشاری نێودەوڵەتیەوە دوبارە وڵاتیان بۆ کرایەوە بە زیندانی کراوە ، لە ٢٠٠٠ و ئینتیفازەی دوەمەوە دوبارە زیندانی ئەمنی توندوتۆڵ.
پاپێ دەڵێت ئۆتۆنۆمی و مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی لە واقیعدا وشەگەلێکن کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەکاری دێنن بۆ مۆدێلی زیندانی کراوە کە ئیسرائیل لە فەلەستیندا جێبەجێی دەکات.
خودی “پڕۆسەی ئاشتی” ش چاوبەستێکە ، چونکە دەوڵەتی ئیسرائیل لەم دوجۆرە مامەڵەیە زیاتر ڕێگایەکی دیکە بە ڕەوانابینێت بۆ مامەڵە لەگەڵ فەلەستینیەکان .
لە پاکتاوی ڕەگەزی ساڵی ١٩٤٨ دا بەهۆی ڕێکەوتن لەگەڵ ئوردن کەناری خوارئاوا داگیرنەکرا بەڵکو لکێنرا بە ئوردونەوە ، هەروەها کەرتی غەزەش کەوتە دەست میسڕ. پاپێ ڕونی دەکاتەوە لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٤٨ تا ١٩٦٧ ئیسرائیل چەندین جار سوپای خستۆتە ئامادەباشیەوە بۆ داگیرکردنی کەناری خۆرئاوا.
لە ساڵی ١٩٥٦ دا ئیسرائیل لە هێرشی سێقۆڵی لەگەڵ فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ لەکارخستنی جەمال عەبدولناسر بۆ ماوەیەک کەرتی غەزەی داگیرکرد ، ئەم ئەزمونە نیشانی دا کە ئیسرائیل لەڕوی یاساییەوە ئامادە نیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ناوچانە . ئەم ئەزمونە دەبێت بە وانەیەک بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردودا دەوڵەتی ئیسرائیل لەڕوی یاسایی و بیرۆکراتیەوە خۆی ئامادەدەکات بۆ بەڕێوەبردنی کەناری خۆرئاوا لە ئەگەری داگیرکردنیدا.
پاپێ هەوڵدەدات بیسەلمێنێت کە لە ١٩٤٨ ەوە دەوڵەتی ئیسرائیل هەمیشە بە دوی دەرفەتی لەباردا دەگەڕا بۆ ئەوەی کەرتی خۆرئاوا بلکێنێت بە ئیسرائیلەوە و داگیری بکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕوی یاسایی و ئیدارییەوە ژیان و گوزەرانی ملیۆنێک فەلەستینی بەڕێوە ببات.
لە مشتومڕی سیاسەتمەداران و ستراتیج و ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی ئیسرائیلدا کەرتی غەزە کەمتر گرنگی پێدراوە وەک کەناری خۆرئاوا. کێشەی کەرتی غەزە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل زیاتر سەرئێشەیەک و بابەتێکی دەرونیە تاوەک ستراتیجی بێت. بە هۆی مێژووی دورودریژی ئەم کەرتە لە بەرەنگاربونەوەی ئیسرائیلدا.
لەم چوارچێوەدا پاپێ باس لە پلانێک دەکات کە وەک کۆدێک ناوی شەخەمی بۆ دانرا ، بەڵام ناوی ڕەسمی پلانەکە “ڕێکخستنی یاسای سەربازی ناوچە داگیرکراوەکان “ بو. سێ باڵ لە پشتی ڕێکخستنی ئەم پلانەوە بون ، باڵی یاسایی سوپا، ئەفسەرەکانی وەزارەتی ناوخۆ ، لەگەڵ ئەکادیمیستەکانی زانکۆ.
پلانەکە ڕاوێژکارێکی یاسایی لە خۆ دەگرت بۆ حاکمی عەسکەری ناوچە داگیرکراوەکان لەگەڵ دامەزراندنی چوار دادگەی سەربازی. بۆ ڕێکخستنی یاسایی ناوچە داگیرکراوەکان ، یاسادانەران گەڕاونەتەوە بۆ یاسای ئینتیدابی بەریتانی و یاسای دەوڵەتی ئوردون.
واتە یاسایی ئینتیداب و یاسای دەوڵەتی ئوردون ، دواتریش یاسای زەویوزار و تاپۆی دەوڵەتی عوسمانی دەبن بە ژێرخانی یاسایی دەوڵەتی ئیسرائیل.
پاپێ دەڵێت بەڵام سەرەڕای خۆئامادەکردن چڕوپڕ ، بەڵام لە کۆتایدا دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێگا ئاسانەکەی هەڵبژارد ، ئەویش بەکارهێنانی زۆرێک لەو یاسایانەیە بو کە تا ئەو کات بەسەر “عەرەبەکانی ئیسرائیل” دا جێبەجێدەکرا بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوە نوێیەکان .
سەرچاوەی ئەم یاسایانەش ، یاسای “ڕێکخستنی کتوپڕی “ ی ئینتداب بو ، کە بە تەفسیری ئیسرائیلیەکان لەم یاسایە : حاکمی سەربازی دەست کراوە دەبێت لە چۆنیەتی و ویستی حوکمکردندا بەرامبەر دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان.
خودی هەمان ئەو یاسایانەی ، کاتێک فەلەستین لە ژێر ئینتیدابی بەریتانیدا بو ، زایۆنیەکان ڕەخنەیان لێدەگرت و بە یاسای نازیەکانیان ناودەبرد ئێستا بەرامبەر فەلەستینیەکان لە کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە بەکاردێت.
ڕێکخستنە یاساییەکانی سەردەمی ئینتیداب دەبن بە ژێرخانی یاسایی دادگا سەربازیەکانی ئیسرائیل ، کە لە چوارچێوەیدا سەدان هەزار فەلەستینی بە بێ دادگایی ڕاپێچی زیندان دەکرێن ، ئەشکەنجە دەدرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت.
دادوەرەکان هەمو ئەفسەری سەربازی بون و پێویستی نەدەکرد باکگراوندێکی سەربازیان هەبێت . هەروەها دەرچوانی زانکۆی ئۆرشەلیم ئەوانەی پێشتر بەشداری کۆرسی ئامادەکارییان کردبو دەستیان گرت بەسەر ئیدارەیی سەربازی ناوچە داگیرکراوەکاندا.
پاپێ دەڵێت ئەو چوارچێوە تیۆری- یاساییەی کە لە ساڵی ١٩٦٣ بیری لێدەکرایەوە و لە ١٩٦٧ دا خرایە کار ، بەرهەمەکەی زیندانێک بو بۆ ملیۆن و نیوێک مرۆڤ ، کە لە ئێستادا ژمارەکەیان بۆ چوارملیۆن بەرزبوەتەوە ( کاتی نوسینی کتێبەکە)
لە ئەنجامدا فەلەستینیەکان لە زیندانێکی گەورە توندکران ، بە تاوانێک کە ئەنجامیان نەدابو ، ئەوە سێ نەوەی فەلەستینیەکان ئێستا لەو زیندانەدا دەژی ، ئەوەی لەمانگەکانی شەش و حەوتی ١٩٦٧ بڕیاری لەسەر دەدرێت بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ وەک خۆی دەمێنێتەوە.
پاپێ دەڵێت جیاکردنەوەی زایۆنیەکان بۆ چەپ و ڕاست لەم بوارەوە یارمەتیمان نادات ، چونکە ئەو حکومەتەی کە بڕیاری لەسەر ئەم یاسایانەدا پێکهاتبو لە کۆدەنگی زایۆنی لەمپەڕی سۆسیالیستەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاستڕەو. تەنها وەژێرپرسیاربردنی شەرعیەت و خەونی زایۆنی دەیتوانی بەرەنگاری ئەم پڕۆژە ببێتەوە ، کە لەو دەمەدا لە کۆمەڵگای ئیسرائیلیدا ئامادەنەبو.
سەرکەوتنی خێرای ئیسرائیل بەسەر وڵاتە عەرەبیەکاندا لە جەنگێکی خێراو تێکشکێنەردا کەشێکی ئاخرزەمانی وای خوڵقاندبو کە تەواوی هێزە سیاسیەکانی خستبوە نەشئەیەکی عیرفانیەوە و هەمو وەژێر پرسیارخستنێکی دەوڵەت و شەرعیەتی زایۆنی خەفەکرد.
بۆ بەڕێوەبردنی هەردو مۆدێلەکە لە “زیندانیکردن” ی فەلەستینیەکان دەوڵەتی ئیسرائیل پێویستی بە ستافێکی بیرۆکراتی زەبەلاح لە سەرباز ،پۆلیس ، پزیشک ، ئەندازیار ، کۆکەکەرەوەی باج ، ڕاوێژکاری یاسایی و ئەکادیمی، سیاسی هتد…. بو .
پاپێ وەک خۆی دەڵێت جەخت کردنەوە لەسەر بیرۆکراتی دەوڵەتی گرنگە بۆ ئەوەی کتێبەکەی وەک نوسینێک بۆ دێواندنی کۆمەڵگای ئیسرائیل سەیر نەکرێت . بەڵام هەمو ئەوانەش بە تاوانبار دەزانێت کە لەم دەزگا زەبەلاحەیا کاریان کرد ، پشتگیری ئەم مامەڵەیان کرد بەرامبەر خەڵکی بێتاوانی فەلەستین یان هیچ دەنگێکی ناڕەزاییان بەرزنەکردەوە.
زۆربەی خەڵکی ئیسرائیل کارمەندێکی ئەم بیرۆکراتیە دڕندەیە بون و وەک بیرۆکراتێک لە هەمو جێگایەکی دونیا کاری ڕۆژانەیان بەڕێدەکرد، بەڵام تاوانکارانی سەرەکی ئەوانەبون کە نەخشەی وەها زیندان و گوزەرانێکیان بۆ فەلەستینیەکان کێشا ، ئەوانەی وەها یاساگەلێکیان دانا ، ئەوانەی کە بەردەوامن لە بە نامرۆڤکردن و دێواندنی فەلەستینیەکان و هەمو ڕۆژێک مافیان پێشێلێ دەکەن و سوکایەتیان پێدەکەن.
یەکێک لەو کێشانەی کە ڕوبەڕومان دەبێتەوە لە باسی فەلەستیندا ئەوەیە کە چی ناوێک بۆ ئەو پڕۆسەیە بەکاربهێنێین کە لە فەلەستیندا ڕوئەدەدات ، کۆلۆنیالیزمی ئیستیتانی ؟ داگیرکردن ؟ یان پاکتاوی ڕەگەزی ؟ پاپێ پێی وایە ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات داگیرکاری نیە ، بەڵکو بەدیهێنانی ئەو خەونە زایۆنیەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک کە جولەکە زۆرینەی ڕەهای پێکبێنێت یان ئەگەر ئیمکانی هەبو تەنها لە جولەکە پێکبێت. هەر ئەم پاڵنەرە بو کە بوە هۆی پاکتاوی ڕەگەزی ١٩٤٨ و هەمان پاڵنەر بو کە لە ١٩٦٧ دا دروستکردنی ئەم زیندانیە گەورەیەی لێکەوتەوە.
پاپێ دەڵێت ئەو چەمک و دەستەواژانەی بەکاردەهێنرێت ، وەک پڕۆسەی ئاشتی ، سەرلێشێوێنەرن وڕاستی واقیعەکەمان پێ ناڵێت ، چونکە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی ئامادەی داننان بە فەلەستینەکان و مافیاندا نین ، بەڵکو ئەوەی پێی دەوترێت “پڕۆسەی ئاشتی “ مەبەستی ڕاستەقینە لێی سوککردنی شێوازی حوکمڕانی دەوڵەتی ئیسرائیلە بەرامبەر فەلەستینیەکان لە ڕەقەوە بۆ نەرم ، لە زیندانی ئەمنی توندوتۆڵەوە بۆ زیندانی کراوە .
بەشی دووەم
یەکێک لەو سیاسەتانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەیگرتە بەر بریتی بو لە درزخستنە بەردەوامی جوگرافیی و مەکانیی ناوچە فەلەستینی نیشینەکان ؛ بۆ نمونە قوتکردنەوەی کۆمەڵگای نیشتەجێی جولەکە لە دو پەڕترین نوقتەی ناوچەی تەماعتێکراو و پاشان بانگەشەی جولەکەیی بونی ئەو ڕوبەرەی کە دەکەوتە نێوانیان . سیاسەتی ئیسرائیل بە گشتی بریتی بو لە پارچە پارچەکردن- ، ناوبڕکردن و بە کانتۆنکردنی ناوچە فەلەستینیەکان
پاپێ دەڵێت کە بە گشتی ستراتیجی دەوڵەتی ئیسرائیل کێشمەکێشی نێوان دو باڵ بو ، باڵێک زیاتر مەسەلەی دیمۆگرافی لەبەرچاو دەگرت و کەمتر توخنی لکاندنی ڕاستەوخۆی ئەو جێگانە دەکەوت کە زۆرینەی فەلەستینی بون ، باڵەکەی دیکە ، کە باوەڕیان بە ئیسرائیلی گەورە هەیە ، هەوڵی داگیرکردن و لکاندنی هەمو جێگایەکیان دەدا کە ئەوان بە ئیسرائیلیان دەزانی؛ ئێستاش بە هەمان شێوە : باڵێک جوگرافیای زیاتری دەوێت باڵێکیش خەمی باڵانسی دیمۆگرافیەتی.
هەروەک بیرمان دەخاتەوە : تەنانەت ئەو ساڵانەش کە سیاسەتی نەرم جێبەجێدەکرا بەرامبەر فەلەستینیەکان ، خاڵی نەبون لە ئۆپەراسیۆنەکانی تۆڵەکردنەوە بەرامبەر یاخی بون و سەرهەڵدان ، بە پێی ڕاپۆرتی یوئێن ساڵی ١٩٧١ لە تۆڵەی چالاکیەکانی بزوتنەوەی بەرەنگاریدا ٦٠٠٠ ماڵی فەلەستینی تەقێنرانەوە، لەکاتی پەلاماردانی کامپی ئاوارەکانی جەبەلیەو شاتیئ دا ١٥ هەزار کەس دەرپەڕێنران و دوبارە ئاوارەکرانەوە.
چاپتەری یەک بۆ چواری کتێبەکە باسی ـ دیاریکردنی جوگرافی و دیمۆگرافی ناوچە داگیرکراوە ( نوێ) ەکان دەکات، هەروەها بناغە و ژێرخانی ئەو سیستەمە یاساییەی کە دانرا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ناوچانە و فەرامۆشکردنی دۆخی یاسایی دانیشتوانی ، هەروەک نیشتەجێکردنی جولەکە کان لە کەناری خۆرئاوا و کەمتریش کەرتی غەزە بۆ دابڕانی بەردەوامی و ئینتەگریتی خاکی فەلەستین لە خۆدەگرێت.
دەوڵەتی ئیسرائیل لە پاش ١٩٦٧ بۆ کۆڵۆنیالیزەکردنی ناوچە نوێیەکان بە بەردەوامی بە دو ئاڕاستە کاری دەکرد یەکەمیان بە نیشتەجێکردنی بەردەوامی جولەکە لە ناوچە فەلەستینیەکان ، دومیش بە دەرکردنی یاسای نوێ بە مەبەستی داگیرکردنی یاسایی خاکی فەلەستینیەکان و ئامادەکردنی یاسایی بۆ خستنەژێر دەستی جولەکەکان، هەروەها ڕێگریکردن لەگەشەی سروشتی دانیشتوانی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە ، هەمان کار پێشتر بەرامبەر “عەرەبەکانی ئیسرائیل “ کرا .
پاپێ باسی چەندین پڕۆژە دەکات بۆ دابڕینی ناوچە فەلەستینیەکان لە یەکدی و وەک پڕۆژەی گەورەش لە قودسەوە دەستپێدەکات، ئەم جۆرە لە شارسازی دەتوانین ناوی فوازی لێ بنێین کە هەر جۆرە کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبون وەک فوازێک قڵیش دەخاتە یەکگرتویی و بەردەوامی خاکی فەلەستینیەکانەوە (بە مەبەستی کۆڵۆنیالیزەکردنی لە داهاتودا) .
تەنها لە شاری قودسدا پاپێ باسێکی دورو درێژی ١٥ کۆڵۆنی جولەکە دەکات ، هەمو ئەمانە لە ژێر پەردەی پلانسازی شار و شارسازیدا، بە بەکارهێنانی ڕێگەی یاسایی و نایاسایی وەک فوازێک خراونەتە ناو دڵی شارە عەرەب نشینەکەوە . پاپێ ئەم سیاسەتە ناودەنێت دزین و دەستبەسەراگرتنی زەویوزار بە جۆرێک کە لە کاتێکدا قودسی رۆژهەڵات پێش ١٩٦٧ ناوچەیەکی تەواو عەرەبی بو ، لە ساڵی ١٩٦٨ و دوای ساڵێک تەنها لە ١٤ ٪ ی خاکی قودسی ڕۆژهەڵات لە دەستی عەرەبدا مایەوە، ٤٦ ٪ ی خاکەکە دەوڵەتی ئیسرائیل خۆی کرد بە خاوەنی و ٤٠٪ دیکەش کرا بەوەی کە پێی دەوترێ بە هێڵی سەوز.
یەکێک لەو کەسانەی کە گەورەترین کاریگەریی بەجێهێشێت لە ستراتیجی دەوڵەتی ئیسرائیلدا بەرامبەر ناوچە تازە داگیرکراوەکان ( کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە) یگال ئالۆن بو، کە پاپێ چاپتەرێکی کتێبەکەی بۆ تەرخان دەکات ، پاپێ بۆمان ڕون دەکاتەوە کە بیری یگال ئالۆن چەندە کاریگەری جێهێشتوە لەسەر نەخشەی ناوچە داگیرکراوەکان ، بەجۆرێک دیدگای ئالۆن بو بە پڕۆتۆکۆلێکی ناڕەسمی بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە داگیرکراوەکان .
لە بنەڕەتدا بیری ئالۆن وابو کە ئەو ناوچانەی دانیشتوانێکی چڕی فەلەستینیان هەیە بە ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئیسرائلیەوە بەڕێوەببرێن و دەوڵەت لە لکاندنی ڕەسمییان خۆبپارێزێت ، ناوچەکانی دیکە کە “کێشەی دیمۆگرافی “ دروست ناکەن بلکێنرێن بە ئیسرائیلەوە. ئەو ناوچانەی کە دەلکێنران بە ئیسرائیلەوە لە هەمو گفتوگۆیەکی ئاشتی و دانوستانێک کرانە دەروە.
هەمان ئەو نەخشەی بە کۆڵۆنیکردنی قودسی ڕۆژهەڵاتە یگال ئالۆن دواتر بۆ بەشەکانی دیکەی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە پێشنیاری دەکات و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە . لەبەشی چوارەمدا پاپێ باس لە چوار پڕۆژەی کۆڵۆنی گەورە دەکات بۆ بە کۆڵۆنیکردنی کەناری خۆرئاوا و دابڕینی ناوچە فەلەستینیەکان لەیەکدی ، هەروەها بە مەبەستی زەحمەتکردنی ئیمکانی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە داهاتودا . هەروەها باس لە ستراتیجی بەکۆڵۆنیکردنی کەرتی غەزەش دەکات ؛ کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی ، بچوکی ڕوبەڕ و چری دانیشتوان و سەرچاوەی بەردەوامی بەرەنگاریی پێویستی بە ستراتیجیەکەی دیکەی بەڕێوەبردن هەبو .
لکاندنی ڕاستەوخۆی هەندێک ناوچەی ستراتیجی و کۆڵۆنیالیزەکردن و بەشبەشکردنی ناوچەکانی دیکە لەگەڵ خۆیدا پرسی یاسایی دانیشتوانەکەی دەهینایە گۆڕێ؛ دەوڵەتی ئیسرائیل بڕیاریدا : ئەو ناوچانەی کە لە ڕوی یاسایەوە بە ڕەسمی دەلکێنرێن بە ئیسرائیلەوە دانیشتوانەکەی هەمان پێگەی یاسایی عەرەبەکانی ئیسرائیلیان پێبدرێت ، واتە لە زیندانی و دۆخی هەڵپەسێراوی یاساییانەوە ببن بە هاوڵاتی پلەدوی ئیسرائیل.
بەگشتی تەنها لە ناوجەی قودس یان ئۆرشەلیمی گەورەدا فەلەستینیەکان مافی هاوڵاتی بونیان پێدەدرێت ، بەڵام ئەمانیش لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوامدان بۆ لە دەستدانی ڕەگەزنامەی ئیسرائیل و گەڕانەوە بۆ دۆخی یاسایی دانیشتوانی دیکەی ناوچە داگیرکراوە نوێیەکان.
هەرچەند دەوڵەتێکی بچکۆلەی گوێڕایەڵ بۆ فەلەستینیەکان وەک پاداشتی ڕەفتاری جوانیان بەرامبەر بە ئیسرائیل ئەگەرێک بو ، بەڵام هەمیشە مەترسی باڵانسی دیمۆگرافی مەسەلەی ڕاگواستنی فەلەستینیەکانی ئەهێنایەوە گۆڕێ.
یەکێکی دیکە لەو کەسایتیانەی کەلە ساڵانی سەرەتایی داگیرکردنی ئەم ناوچانەدا ڕۆڵی گرنگی هەبو ، لێڤی ئەشکۆڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بو ، ئەشکۆڵ پێشتر و لە ساڵانی ١٩٣٠ تا ١٩٦٧ ڕۆڵی بەرچاوی گێڕابو لە کۆڵۆنیالیزەکردنی خاکی فەلەستیندا، ئەم پاشخانەگەورەیە لە ئەزمونی کۆڵۆنیالیزمدا ئەو دەکات بە گەورەترین بیرۆکرات و تەکنۆکراتی دەوڵەتی ئیسرائیل لە بەڕێوەبردنی ناوچە داگیرکراوەکاندا.
هەندێک وەزێر و کاربەدەستی دەوڵەتی ئیسرائیل کە لەنیازی دەوڵەتەکیان زۆر ئاگادارنەبون، داوایان دەکرد لە کاتی لکاندنی کەرتی غەزە و کەناری خۆرئاوا بە ئیسرائیلەوە پێویستە مافی هاوڵاتی بونی تەواو بە فەلەستینیەکان بدرێت ، تاوتوێ کردنی ئەم بابەتە هەڵگیرا بۆ کۆبونەوەیەکی دیکە، کۆبونەوەیەک ، پاپێ دەڵێت ، کە هەرگیز ئەنجام نەدرا.
پاپێ ڕونی دەکاتەوە کە ڕێکخستنە یاسایی و داراییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆم ناوچانە ( بۆ نمونە گۆڕینی دراوی ناوچە داگیرکراوەکان، بانگهێشتکردنی سەرمایەی جیهانی بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لەم ناوچانەدا ، هەروەها بەکارهێنانی کۆمپانیا ناوچەییەکانی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە وەک ڕێڕەوێک بۆ هەناردەکردنی کاڵای ئیسرائیلی بۆ بازاڕی عەرەبی ) نیشانی دەدات کە مەسەلەکە بۆ ئیسرائیل تەنها داگیرکردنێکی کاتی ئەم ناوچانە نەبو ، بەڵکو ئیسرائیل بۆ هەمیشە نیازی مانەوەی هەبو.
لە کاتێکدا ئیسرائیل کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزەی وەک ناوچەیەکی سەربازی داگیرکراو سەیردەکرد ، بەڵام ڕێزی یاسا نێوەدەوڵەتیەکانی نەدەگرد سەبارەت بەم شێوازە لە داگیرکاری، کە پێش هەموشتێک دەبێت داگیرکردنێکی کاتی بێت ، بەڵام وا ٥٠ ساڵ زیاتر بەسەر کاتی بونی وەها داگیرکاریەکدا تێدەپەڕێت ، ئەمەش دەریدەخات کە ئیسرائیل هەر لەسەرەتاوە نیازی داگیرکردنی هەمیشەیی ئەم ناوچانەی هەبوە، مەسەلەی نەلکاندیشی بە ئیسرائیلەوە تەنها بۆ ترسی زۆربونی فەلەستینیەکان لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەگەڕێتەوە.
ئیسرائیل ئابوری ئەم ناوچانەی کرد بە ئابوریەکی پاشکۆ بۆ سەرمایەی ئیسرائیل ؛ بەوەی ئەم ناوچانە بون بە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵای ئیسرائیلی لە هەمانکاتدا دانیشتوانی فەلەستینیش بونە سەرچاوەی دابینکردنی هێزی کاری هەرزان بۆ بازاڕی کاری ئیسرائیل و سەرمایەی ئیسرائیلی ، مەسەلەی خەرجی و ژێرخانی ئەم ناوچانەش بەجێهێڵدرا بۆ یارمەتیەکانی یەکیەتی ئەوروپا و ئەمریکا.
بەم شێوەیە ناوچەکە لە ڕوی ئابوریەوە بەسترایەوە بە ئیسرائیلەوە . سەرەڕای بەربەستە یاساییەکانی سەندیکای کرێکاران بەڵام کرێکاری فەلەستینی هیچ کات وەک کرێکاری ئیسرائیلی مافی پێنەدرا و کرێی کارەکەی هەرگیز نەدەبو بە هاوتا ئیسرائیلیەکەی.
کەچی ئەم شێوازە لە ئابوری وەک پاداشتێک، لە پاڵ ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمی بوکەڵەیی، بۆ ڕەفتاری خوازراوی فەلەستینیەکان لەقەڵەم دەدرا و دەهۆڵی بۆ دەکوترا.
گەرچی ئەم “ کرانەوە ئابوریە “ تۆزێک باری سەرشانی فەلەستینیەکانی لە کورت مەودادا سوکتر کرد ، بەڵام لە حاڵەتی بەرخودان و سەرهەڵداندا ئەوا جەنەڕاڵێکی دڵڕەق و زبردەستی وەک ئەرێل شارۆنیان بۆ دەنێردرا کە سیاسەتەکانی بریتی بون لە تەقاندنەوەی ماڵ ، قەدەغەکردنی بەردەوامی هاتوچۆ ، گرتن و ئەشکەنجەدانی هەرکەسێک کە گومانی لێبکردایە ، گرتن و زیندانیکردنی بەکۆمەڵ بە بێ دادگایی ، هەڵکوتانە سەری ماڵ و خێمەکان…..
پاپێ دەڵێت کە دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان هەمو عەرەبێکیان وەک گومانلێکراو سەیردەکرد ، چەند تۆمەت و ڕاپۆرتێکی ساغنەبۆوە دەیتوانی ناوی کەسێک بە ئاسانی بخاتە تۆمارەکانی دەزگا ئەمنیەکانی ئیسرائیلەوە: ئەمەش بە واتای سەرکوتکردنی بەردەوام و تەسککردنەوەی ئازادی کار و هاتوچۆ یان نەدانی مۆڵەتی پیشەسازی و خانوبەرە ، تەنها یەک ڕێگەی ڕزگاربون لەم چەرمەسەریانە و سڕینەوەی ناو لەم تۆمارانە ش سیخوڕیکردن بو بۆ دەزگاگانی دەوڵەتی سەرکوتگەری ئیسرائیل.
فەرماندە سەربازیە خوێنڕێژەکانی ئیسرائیلیش لە کلتوری گشتی کۆمەڵگادا وەک پاڵەوان سەیردەکران و گۆرانیان بە باڵادا دەوترا ، یەکێکی دیکە لەو خاڵانە پاپێ باسی دەکات : لە ساڵانی کۆتایی حەفتاکانەوە ئیدی کاری کۆماندۆ و یەکە تایبەتەکان بریتی نابێت لە بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆسەی سەخت و ئاڵۆز و ڕاوکردنی سەرکردەکانی بزوتنەوەی بەرەنگاری ، بەڵکو بەشداریکردنە لە سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵکی بێدیفاع و مەدەنی فەلەستینی.
بەشی سێیەم
هەرچەند دەوڵەتی ئیسرائیل لە ١٩٦٧ بڕیاریدا پاکتاوی ڕەگەزی بەو بەرفراوانیەی ١٩٤٨ ئەنجام نەدا، بەڵام چەندین ئۆپەراسیۆن بۆ کەمکردنەوەی دانیشتوانی فەلەستینی ئەنجام دران . سەبارەت بە ڕوماڵی میدیایی ڕوداوەکانیش پاپێ دەڵێت لە حەفتاکانەوە تا ئێستا هەمان بەیت و بالۆرەیە : پەیامنێری ڕۆژنامە و میدیای ئیسرائیلی ڕاستی و واقیعی تاوانەکان دەگوازێتەوە کەچی سەرنوسەر و بەڕێوەبەرانی میدیا ئەم تاوانانە وەک کردەی بەرگریکردن لە خۆ باسدەکەن ، هەر زو چاودێرانی ڕەخنەگر لە کۆمەڵگای ئیسرائیلی دەرکیان بەم چەواشەکاریە میدیاییە کرد.
لەبەشی شەشەمی کتێبەکەدا پاپێ باس لە چەندین ئۆپەراسیۆن دەکات بە ئامانجی کەمکردنەوەی دانیشتوانی فەلەستینی لە کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە؛
لە حوزەیرانی ١٩٦٧ دا ئوردن ڕایگەیاند کە ١٠٠ هەزار فەلەستینی لە کەناری خۆرئاوا ئاوارەی وڵاتەکەیان بون، ئەم ئاوارانە بڕێکیان بۆ جاری دوەم بو کە ئاوارە دەبونەوە. وەزیری بەرگری مۆشێ دایان ئەم ئاوارانەی بە دوژمنی ئیسرائیل ناوبرد و ڕایگەیاند کە هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ خاکی ئیسرائیل؛ دەوڵەت لە جێگەی ئەوان جولەکەی نیشتەجێکرد، ئەمەش پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان بو.
شەپۆلی ئاوارە بونی فەلەستینیەکان بە جۆرێک بو کە حکومەتی ئوردون ناچار لە موەی ساڵێکدا حەوت کەمپی پەنابەری نوێ بکاتەوە و کە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار ئاوارەی فەلەستینی لە خۆدەگرت.
تەقاندنەوەی خانوەکانی قالقلیە ، ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتوانی تول کەرەم ، ڕاگواستنی ٥٠ هەزار کەس لە ئەریحا نمونەی چەندین پڕۆسەی پاکتاون کە ساڵانی یەکەمی دوای ١٩٦٧ ئەنجامدران.
لەکاتی ناڕەزایی و داواکاری بۆ ڕونکردنەوەی ئەم کارانەی دەوڵەتی ئیسرائیل ، چ لە لایەن ئەندامانی کابینەی حکومەت و ڕەخنەگرانی ناوخۆ ، چی لەلایەن چاودێرانی دەرەکیەوە وەزیری بەرگری مۆشێ دایان پەنای بۆ خۆگێل کردن دەبرد و بە نافەرمانی فەرماندە مەیدانیەکان یان بە کۆچی ئارەزومەندانەی فەلەستینیەکان پاساوی بۆ دەهینایەوە .
لە چەندین جێگە بە تی ئێن تی و بلدۆزەر گوندەکان وێران دەکران و دانیشتوانەکەی ناچار بە جێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیان دەکران.
لە ڕاستیدا ئەمانە هەمو هەوڵی سیستەماتیک بون بۆ کەمکردنەوەی دانیشتوانی فەلەستینی لەم ناوچانە.
چەند دەنگێکی ناڕازی لە ناو دەوڵەتی ئیسرائیلدا وەک بەرپرسیاریەتیەکی ئەخلاقی بە توندی ئیدانەی ئەم تاوانانەی دەوڵەتی ئیسرائیلیان کرد ، بەڵام زۆرینەی کابینەی حکومەت زیاتر پراگماتیک بون ، بە پێچەوانەی مۆشێ دایانی وەزیری بەرگریەوە ، پێیان وابو کە دەرپەڕاندن و پاکتاوی ڕەگەزی واقیعی و بەرهەمدار نیە و دۆخەکە جیاوازە لە ١٩٤٨ بۆیە پەنا بۆ ڕێگەی دوەم برا ، کە لەم کتێبەدا وەک بە بەندیخانەکردنی فەلەستین ناودەبرێت.
بەکۆڵۆنیکردنی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە دژایەتیەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان ، لە کاتی داگیرکردنی سەربازی ناوچەیەکدا داگیرکەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان دەبێت خەڵکی ناوچەکە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بهێڵێتەوە و ڕێگەپێدراو نیە خەڵکی ناوچەکە ڕاگوێز بکات.
بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ لەمپەرێکی نەدەبینی لەبەرامبەر پڕۆژەکانی بۆ داگیرکردن و بە کۆڵۆنیکردنی هەمیشەیی ئەم ناوچانە ؛ تاوەکو بەرخوردانی فەلەستینیەکانیش زیاتربوایە ، دەسەڵاتی ئیسرائیل زیاتر پڕۆسەکەی تاودەدا ؛ بە تایبەتی لە کەرتی غەزەدا هەمو بەرەنگاریەکی فەلەستینیەکان وەک هەل و دەرفەتێک سەیر دەکرا بۆ بە پڕۆسەی پاکتاو و دواتر بەکۆڵۆنیکردن و بە جولەکەکە کردنی ناوچەکە . ئیسرائیل پڕۆسەی بە کۆڵۆنیکردنی لایەکەوە وەک بەرەنگاربونەوەی “تیرۆر “ بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەفرۆشتەوە ، لە لایەکی دیکەشەوە باوەڕی تەواوی بەوە بو کە تەواوی خاکی مێژوویی فەلەستین مافی ئیسرائیلە و دەبێت جولەکەنشین بکرێ.
دە ساڵی یەکەمی ئەم پڕۆسەیە لە سایەی دەسەڵاتی حیزبی کار دا بە ڕێوە چو. کە زیاتر وەک حیزبێکی چەپ و سیکۆلار و “ئاشتیخواز “ دەردەکەوت
چاپتەری حەوت تەرخان کراوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی پارتی کار ( ماپای ) بە تایبەتی لەسەردەمی گۆڵدا مایەرەوە ، پاپێ دەڵێ کە بەشێکی زۆری چەواشەکردنی ڕای گشتی جیهانی سەبارەت بە حەقیقەتی فەلەستین ڕوداوەکانی دوای ١٩٦٧ لە ئەستۆی ئەم پارتە و حیزبە هاوپەیمانەکانیەتی کە تا ساڵی ١٩٧٧ لەسەر دەسەڵات مانەوە.
بە کۆڵۆنیکردنی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە هەم پڕۆژەی دەوڵەت بو ، لە هەمانکاتیشدا جۆرێک بو لە بە کۆڵۆنیکردنی ئاخرزەمانی و بە پاڵنەری ئاینی لەلایەن دیندار و ڕاستڕەوەکانەوە ئەنجام دەدرا.
زایۆنیزمی ئاینی تێکەڵکردنی پڕۆژەی زایۆنیزم بو لەگەڵ بیری ئاخر زەمانی ئاینی جولەکە ، ئە م بیرە هەر لەسەرەتاوە لە پڕۆژەی زایۆنیزمدا ئامادەیی هەبو ، لە ساڵانی دوای ١٩٦٧ دا بە گڕوتینێکی دیکەوە دێتە مەیدان و لە بزوتنەوەی بلۆکی ئیمانداراندا بەڕونترین شێوە بەرجەستە دەبێت.
بزوتنەوەی جولەکە نیشتەجێکان بو بەلۆبیەکی ئایدۆلۆجی و کاریگەری دەخستە سەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل ، بەڵام پاپێ دەڵێت کە کارلێکەکە تەنها یەک لایەنە نەبو ، بەڵکو ئەم بزوتنەوە ئاینیانەش لەلایەن دەوڵەتەوە وەک چەک و بیانو و بگرە شەرعیەت دان بە داگیرکردنی زەوی و و زەوتکردنی مافی فەلەستینیەکان بەکاردەهێنران ، واتە وەک ئامرازێکی دیمۆگرافی بۆ پاکتاویی ڕەگەزیی فەلەستینیەکان.
بلۆکی ئیمانداران کە پێشتریش چالاک بون، لە ١٩٧٤ دا دەست بە چالاکیە بەر فراوانەکانیان لە بە کۆڵۆنیکردنی فەلەستین دەکەن ، ئەمە لە سەرەتادا کاری دەوڵەتی سەخت کردبو ، ئەم بلۆکە ئاخرزەمانیە هەر جێگەیەک پێی وابوایە کە شوێنەوارێکی دێرینی جولەکە و کتێبی پیرۆزە خێرا و بە بێ وەرگرتنی ڕەزامەندی دەوڵەتی و گوێدانە هیچ ڕێسا و یاسایەک داگیری دەکرد.
پاپێ ساڵانی دەسەڵاتی حیزبی کار وەک ڕێگەخۆشکەری ئینتیفازەی یەکەم سەیر دەکات ، مۆدێلی ئەم حیزبە لە چەواشەکردنی پرۆسەی بە کۆڵۆنیکردنی فەلەستین فرۆشتنی وەک پڕۆسەی ئاشتی سەرینەگرت و بگرە خودی حکومەت بو بە هاوپەیمانی بلۆکی ئیمانداران.
ئەمەش ڕێگەی بۆ هاتنە سەرکاری پارتی لیکود خۆشکرد لە ١٩٧٧ دا، کە پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ بلۆکی ئیمانداران و زایۆنیزمی ئاینیدا هەبو.
چاپتەری هەشت باس لە ڕۆڵی بیرۆکراتی دەکات لە هێشتنەوەی دۆخی ناوچە داگیرکراوەکاندا ، لەم کتێبەوە تێدەگەین کە ئیسرائیل جۆرێک لە هەڵبژاردنگەرایی پەیڕەو کردوە لە یاساکانی پەیوەست بەدانیشتوانی فەلەستینەوە، بە جۆرێک کە هەر یاسایەکی نێودەوڵەتی یان ناوخۆیی تا ئەو کاتە جێبەجێکراوە کە نەبێتە لەمپەری بەردەم بە کۆڵۆنیکردنی فەلەستین و ئاوارەکردنی و سزادانی دانیشتوانەکەی.
زۆر جار دەزگای سەرکوتی دەوڵەتی لە سوپاو ئاسایش و پۆلیس تاوانیان بەرامبەر فەلەستینیەکان ئەنجامدەدا و کاری دادگاش بریتی بو لە شەرعیەت دان و بەخشینی ڕوکەشێکی یاسایی بەو کارانە،
یان (بۆ نمونە ) ڕێگەدان بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان بە بەکارهێنانی وشەگەلی وەک : دەزگای ئاسایش مافی بەکارهینانی فشاری هەیە بۆ دەسکەوتنی زانیاری”
پاپێ دەڵێت دەزگای بیرۆکراتی و سیستەمی سیاسی ڕوکەشێک بو تا ڕژێمی داگیرکەر وەک “ داگیرکەرێکی ڕۆشنگەر “ دەربکەوێت کە گوایە بڕوای بە یاسا و دەستور و بیرۆکراتی هەیە، هەروەها ئەو وەهمە لای فەلەستینیەکان دروستبکات کە بە گرتنە بەری ڕێگای یاسایی و دادگا دەتوانن مافەکانیان بەدەستبێننەوە. شکات و داواکاری فەلەستینیەکان بۆ بەدەستهینانەوەی ماف و زەویوزاریان یان دژ بە پێشێلکردنی ماف و ئازادییان زۆر جار ئەنجامەکەی شکست بو ، چونکە کاری دەزگای یاسایی وڵات بریتی بو لە شەرعیەت دان بە تاوانەکان؛ زەویوزاری داگیرکراوی فەلەستینیەکان دەبو بە موڵکی دەوڵەت و پاشان دەوڵەت بڕیاری دەدا کە بیدا بە کەس و لایەنی تایبەت یان بە دەزگاکانی دەوڵەتی وەک سوپا .
لە زۆر جێگا پڕۆسەکە بەم شێوەیە بو : یەکەم جار ناوچەیەک دەکرا بە ناوچەی سەربازی و لە خاوەندارە فەلەستینیەکانی دەسەندرایەوە ، پاشان وردوردە چۆڵدەکرا بۆ کۆڵۆنی و دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێی جولەکە.
بە هاتنی حیزبی لیکود زۆر لە بەربەستە یاساییەکان لابران چیدی پێویست بەم فرت و فێڵە یاسایی بیرۆکراتیانە نەما و خودی دەوڵەت بە ئاشکرا زەوی و فەلەستینی داگیردەکرد و جولەکەی لەجێگەیان نیشتەجێدەکرد.
وەک هەمو دەوڵەتێکی سەرکوتگەری دونیا ، ئیسرائیلیش تەنها پەنای بۆ سزادان نەدەبرد، بەڵکو وەک پاداشتێک بۆ ملکەچ بون و یاخی نەبون ، ڕێگە دەدرا بە فەلەستینیەکان لە ئیسرائیل کار بکەن ، شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ناوچە ئۆتۆنۆمیەکان تۆزێک بواری سەربەخۆییان پێ دەبەخشرا و زیاتر هەستیان بە بونی داگیرکەر دەکرد تا ئەوەی بیبینن و بەسەر سەریانەوە بوەستێت. هەروەک ، هەم بۆ هەناردەکردنی کاڵای ئیسرائیلیش ، ڕێگە بە بازرگانی دەدرا لەنێوان ئوردن و کەناری خۆرئاوادا، ئاستی خوێندنی هەندێک دامەزراوەی فەلەستینی بەرزکرایەوە و جۆرێک لە “بوژانەوەی ئابوری “ ڕوی لە ناوچە داگیرکراوەکان کرد.
پاپێ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەیەی حەفتاکان ، کە لای مێژوونوسانی ئیسرائیلی وەک سەردەمی بوژانەوەی ئابوری فەلەستینیەکان لە قەڵەم دەدرێت و بوتە ڕێکلامێک بۆ نیازپاکی و ئاشتیخوازی دەوڵەتی ئیسرائیل ، لە ڕاستیدا کۆڵۆنیالیزمی ئابوری کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە بو بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ، کە تیایدا تەنها بەرژەوەندی سەرمایەی ئیسرائیلی لەبەرچاو دەگیرا و ژێرخانی ئەم ناوچانە بە فەرامۆشی سپێردرا و بەئەنقەست پشتگەێدەخرا.
پاپێ لەم کتێبەدا دەریدەخات کە ئەوە تەنها سوپا نەبو کە دەستی بەسەر ژیانی خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکاندا گرتبو ، بەڵکو لەم کارەدا چەندین یاریدەدەری هەبو ، پاپێ باس لە ڕۆڵی خراپی سەندیکای کرێکارانی ئیسرائیل دەکات لە دەرکردن و بێمافکردنی کرێکرانی فەلەستینی و ، لابردنی بەربەستەکانی سەر سەرمایە بۆ ئەم کرێکارانە ، مافگەلێک بە خەباتی هاوبەشی کرێکاری جولەکە و فەلەستینی لەسەردەمی ئینتیدابا بەدەستهاتبو.
لە کاتێکدا هاتوچۆ و ئازادی فەلەستینیەکان بە یاسا و تیرۆری دەوڵەتی بەرتەسککرابوە ، جوڵە و کۆچی ئیسرائیلیەکان بۆ ئەم ناوچانە یان سەردانیکردنی هیچ بەربەستێکی لە بەردەمدا نەبو .
لە پاڵ زایۆنیستە ئایندارەکان و بلۆکی ئیمانداران ، بەشی ئارکیۆلۆجیش هەر زو دەست بەکاربون بۆ کنە و پشکنین و گەڕان بە دوای شوێنەوارەکانی سەردەمی پەیمانی کۆن ، پاپێ دەڵێت کە بە ئەنقەست بێت یان نەزانی ، دیاریکردنی ئەم جێگانە وەک شوێنەواری گریمانەکراو خۆی لەخۆیدا بانگهێشتێکی زانستیانەی ئەکادیمیا بو بۆ ئەو دیندارانەی ، کە چاویان بڕیبوە شوێنەوارە پیرۆز و ئاینیەکان ، تاوەکو بێن و هەواری نوێیانی لێبخەن. هەروەک بەشێکی ئەم کنەو پشکنینانە ئامانجی ئایدۆلۆجی لە پشتیەوە بو ( بنیاتنانەوەی ئیسرائیلی گەورە) نەک حەز و خولیای زانستی.
لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتی لیکود دا هەمان پڕۆسەی بە کۆڵۆنیکردنی فەلەستین بەردەوام بو ، ئەوەی گڕوتینێکی زیاتری دا بەم بە کۆڵۆنیکردنە و بە جولەکەکردنی کەرتی خۆرئاوا ، هەوڵی پارتی لیکود بو بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوری- کۆمەڵایەتیەکانی جولەکە پەراوێزخراوەکانی میزراحی و ئۆرتۆدۆکسە پەڕگیرەکان ، هەروەها خۆ تەرخانکردنی ئەم حیزبە بو بۆ دروستکردنی ئیسرائیلی گەورە.
جولەکە میزراحیەکان ئۆفەری ژیانێکی ئابوری نوێیان لە کەناری خۆرئاوا خرایە بەردەم و ئۆرتۆدۆکسە پەڕگیرەکانیش کە پێشتر لە کەلاوە و خانوە بێکەڵکەکانی قودسدا دەژیان ، لەپاڵ خزمەتکردنیان بە دەوڵەتی ئیسرائیل وەک ئامرازێکی دیموگرافی ، توانیان بۆ خۆیان ژینگەیەکی دینی دور لە شارە گەورە “پڕ تاوان”ەکان بۆ خۆیان دروستبکەن .
پاپێ بە تانەوە دەڵێت : ئەگەر یەکێک حەزبکات بزانێت دەوڵەتی دینی جولەکە چۆن دەبێت و لەواقیعدا چۆن دەردەکەوێت با سەردانی یەکێک لەم شارۆچکانە بکەت کە ئۆرتۆدۆکسە پەڕگیرەکان بۆ خۆیان دروست کردوە ؛ لەم جێگایەنە ژنانی پانتۆڵ لەپێ ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو شارەکەوە و پیاوانیش ڕوخساری عەسابەی فلیمی کاوبۆیەکان یان چەکداری قاعیدەیان هەیە. لەم شارۆچکانە سیناگۆگی جولەکە سەنتەری کۆمەڵگایە ، وتاری حاخامەکانیش تێکەڵەیەکە لە ئاخرزەمانی و مەسیحیەتی جولەکە ( باوەڕبون بە هاتنی مەسیح لە ئاخرزەماندا) لەگەڵ ڕەگەزپەرستیی دژە عەرەب.
یەکیکی دیکە لەو پەرەسەندنانەی کە دەیەی هەشتا وسەردەمی پارتی لیکود بە خۆیەوە دی ، توندوتیژی بێدەربەستانەی نیشتەجێ جولەکەکان بو بەرامبەر فەلەستینیەکان ، لە پەلاماردان و تۆقاندن و ناڕەحەتکردن و بگرە کوشتنی فەلەستینیەکان، بە بێ سڵکردنەوە لە ئاکامی یاسایی.
واتە ئەوەی لیکود زیادیکرد بۆ ئەجێندای پارتی کار بریتی بو لە سەربەستکردنی خودی نیشتەجێکان لە ئەنجامدانی هەر تاوانێک کە دڵیان دەیخوازێت. بەجۆرێک کە ڕاستڕەوە ئاینی و پەڕگیرەکان و جولەکە نیشتەجێکان لە هەندێک جێگا لەناو دەوڵەتدا دەوڵەتێکیان بۆ خۆیان دروست کردبو.
بەشی چوارەم وکۆتایی
چاپتەری دە، یانزە و دوانزەی کتیبەکە سەبارەت بە ئینتیفازەی یەکەم ، ئینتیفازەی دوەم و دۆخی کەرتی غەزەن .واتە لە ساڵی ١٩٨٧ بە دواوە.
ئینتیفازەی یەکەم شەش ساڵی خایاند ، بە هەزاران فەلەستینی کوژران و زیاتر لە ١٢٠ هەزاریان لێ دەستگیرکرا ، زۆرێک لەو کوژراو و دەستگیرکراوانە مناڵی خوار ١٦ ساڵ بون.
لقی سویدی ڕێکخراوی مناڵپارێز ڕایگەیاند کە تەنها لە ماوەی دوساڵی یەکەمی ئینتیفازەدا نزیکەی ٢٣ بۆ ٢٦ هەزار مناڵی فەلەستین پێویستیان بە چارەسەری ئەو نەخۆشیانەیە کە لەئەنجامی لێدانەوە دروست بون ، سێ یەکی ئەو مناڵانە لە خوار تەمەنی ١٠ ساڵەوە بون.
بەرپرسانی ئەمریکا ئەم تاوانانەیان بە بەکارهێنانی دەستەواژەی “زیادەڕەوەی لە بەکارهێنانی هێزدا” لە ڕاپۆرت و وتارەکانیاندا وەک شتێکی بێوەی پیشان دەدا، لە کاتێکدا ئەوەی ئیسرائیل دەیکرد “ زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی هێزدا “ نەبو ، بەڵکو تاوان بو بەرامبەر بە خۆپیشاندان و یاخیبونی مەدەنیی گەلێکی مافخوراو و ئاوارەکراو. میدیای پڕۆ ئیسرائیلی ڕۆژئاوا ، وەک پاپێ دەڵێت، “ زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی هێز دا “ بەکاردەهێنێت بۆ وەسفی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی و چەندین تاوانی جەنگی قورس لە لایەن ئیسرائیلەوە.
پاپێ دەڵێت لە ئینتیفازەی یەکەمدا بە هۆی زیاتر شەفافبونی میدیای مۆدێرن و گواستنەوەی خێرای هەواڵەکان خەڵکێکی زۆر لە جیهاندا بۆ خۆیان ڕوی ڕاستی ڕوداوەکانیان بۆ دەرکەوت و پشتیان بە حەقایەت و پڕۆپاگەندای دەوڵەتی ئیسرائیل نەدەبەست و بەچاوی خۆیان دڕندەیی دەوڵەتی ئیسرائیلیان بەرامبەر کەسانی بی دیفاعی فەلەستینی دەبینی.
ساڵانی دواتری ئینتیفازە بەهۆی دەرکەوتنی حەماس و کێشەی ئەمریکا لەگەڵ گروپە چەکداریە ئیسلامیەکانی وەک قاعیدە هێندەی تر بیانوی بەدەست ئیسرائیلەوەدا خەڵکی فەلەستین سەرکوتکات و هێزە پێشکەوتنخوازەکانیشی تەکاندەوە لە پشتگیری بۆ فەلەستین.
بەهاتنی حەماس بابەتەکە وەک “پێکدادانی شارستانیەتیەکان “ و جەنگی گروپە ئیسلامیە دژە ڕۆژئاواییەکان بەرامبەر بە شارستانیەتی ڕۆژئاوا فرۆشرایەوە.
حەماس ، پاپێ دەێت، تێکەڵەیەک بو لە ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستی و ئیسلامیزم ، زمانێکی دژە ئیسرائیل و بگرە دژە جولەکەی هەبو ، زیاتر لە حیزبەکانی دیکە خۆی بە یارمەتی کۆمەڵایەتی ، خوێندن و پەروەردەوە سەرقاڵ دەکرد.
ئیسرائیل هەوڵی زۆری دا کە لە دوای جەنگی دژە تیرۆر حەماس ببەستێتەوە بە جیهادی جیهانگیریەوە ، بەڵام پراگماتیک بونی حەماس ڕێگری کرد لەوەی ئیسرائیل بتوانێت بیخاتە وەها داوێکەوە و تاوانەکانی دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین لەو رێگەوە شەرعیەت پێبدات. حەماس بە بەکارهێنانی زمانی ئاینی و دژایەتی “دەوڵەتی جولەکە “ دەیویست خۆی وەک جێگرەوەی فەتح نیشان بدات ، کە باوەڕی “پڕۆسەی لەباروچوی ئاشتی” هێنابو ، کە لە ڕاستیدا پڕۆسەی سەپاندنی ئەجێندای دەوڵەتی ئیسرائیل بو.
ئیسرائیل وەک پیشەیی هەمیشەیی تاوانەکانی دەوڵەتەکەی وەک دژایەتی ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان بە میدیای جیهانی و ناوخۆیی دەفرۆشتەوە ؛ بەڵام پاپێ لەم کتێبەیدا ڕونی دەکاتەوە کە گەورەترین هۆکارەکانی ئینتیفازە پێشێلکردنی بەردەوامی مافی فەلەستینیەکان بو لە لایەن ئیسرائلیەوە، فاکتەرەکانی دیکەی وەک پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی، سەرکوتی ئابوری، کوشتنی سەرکردەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی فەلەستینی، بێ هەڵوێستی و بێباکی جیهانی عەرەب و “پڕۆسەی ئاشتی “ بۆ دابەشکردنی کەناری خۆرئاوا لەگەڵ ئوردوندا ڕۆڵی گەورەیان هەبو لە تەقینەوەی دۆخەکە.
هێزی سەرەکی ئینتیفازەی یەکەم بریتی بون لە فەتح ، بەرەی دیموکراتی بۆ ڕزگاری فەلەستین و حیزبی گەلی فەلەستینی و بەرەی شەعبی بۆ ڕزگاری فەلەستین.
چالاکیەکانی ئینتیفازە لە سەرەتادا بریتی بون لە مانگرتنی گشتی، بایکۆتی کاڵای ئیسرائیلی، بەرد و مۆتۆلۆڤ هاویشتنە هێزەکانی داگیرکەر و ئامادەنەبون بۆ دانانی باج بە ئیسرائیل.
کەچی ئیسرائیل بە توندترین شێوە و بە پاڵنەری تۆڵەو ڕق وەڵامی ئەم یاخیبونە مەدەنیەی دایەوە. هەر لە سەرەتاوە دەوڵەتی ئیسرائیل دەیوست پەیامی چاوترسێنکردن و تۆقاندن بە فەلەستینیەکان بگەیەنێت تا تێبگەن کێ حاکمی وڵاتەو جورئەتی سەرپێچی نەکەن.
پاپێ ڕونی دەکاتەوە کە گۆڕینی ئیدارەی عەسکەری بۆ مەدەنی لە سەرەتای هەشتاکاندا هیچ کاریگەریەکی واقیعی لەسەر ژیانی فەلەستینیەکان نەبو. ئەوە ئیدارەی مەدەنی بو کە بو بە ڕوکاری مرۆیی ئەو سیستەمەی کە لەسەر سزادانی بە کۆمەڵی گەلێک بنیاتنرابو ؛ کاری ئەم ئیدارە مەدەنیە بریتی بو لە سنوردارکردنی ئازادی هاتوچۆی فەلەستینیەکان ، ئیدارەی مەدەنی مافی ڕوتاندنەوەی هەمو فەلەستینیەکی هەبو لە هەمو ئازادیەک و هەمو مافێکی هاوشێوەی خوێندن ، کار ، بیناسازی و بازرگانی ، هەمو ئەم چالاکیانە پێویستی بە مۆڵەتی ئیدارەی مەدەنی بو کە دەیتوانی وەک ئامرازێکی دیسپلینکردن و سزا بەکاری بهینێت.
لە ماوەی ئینتیفازەدا بە تێکرا هەر فەلەستینیەک ماوەی ١٠ حەفتەی لە ژێر دەستبەسەری و قەدەغەی هاتوچۆدا بەسەربردوە.
لە بەشی دە دا پاپێ ناوی چەند قوربانیەک دەبات و چیرۆکەکانیان دەگێڕێتەوە کە چۆن لە نیوەشەودا سوپای ئیسرائیل و دەزگا ئەمنیەکان قەرەقوشی هەڵیانکوتاوەتە سەریان و سوکایەتییان پێکردون و ئازارو ئەشکەنجەیان داون. تەنانەت دەستیان لە پیاوی بەساڵاچوی نابینای تەمەن سەدساڵەش نەپاراستوە و ئازاریان داوە.
لە ماوی پێش ڕێکەوتنامەی ئۆسڵۆدا ١١٦ هەزار کرێکاری فلەستنی بێبەشکران لە مافی کار ، لە هەمو جێگایەک دەوڵەتی ئیسرائیل بەربەستی فیزیکی و خاڵی پشکنینی قوت دەکردەوە بۆ سنوردارکردنی هاتوچۆی فەلەستینیەکان و دابڕینی ناوچەکانی کەناری خۆرئاوا لە یەکتری.
دەرکردنی فەلەستینیەکان و داخستنی بازاڕی کاری ئیسرائیل بە ڕویاندا ، بو بە هۆی کەمبونەوەی هێزی کاری هەرزان کە ئیسرائیل بە هاوردەکردنی هێزی کاری هەرزانی وڵاتانی دیکە پڕیکردەوە.
دەرکردنی کرێکارەکان و و سنوردارکردنی هاتۆچۆیان جۆرێک بو لە زیندانی و سزای ئابوری
. لە پاڵ ئەم شێوازانە لە سەرکوت لە ساڵانی ئینتیفازەی یەکەمدا شێوازە کۆن و باوەکان لە تەقاندنەوەی خانو، لە گوندەکاندا بڕینی درەختی زەیتون و سوتانی خەرمان و کشتوکاڵی فەلەستینیەکان هەر بەردەوام بو. هەروەها گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو و دابەشکردنی ئاو لە بەرژەوەندی نیشتەجێ جولەکەکان و بێبەشکردنی فەلەستینیەکان لێی.
پاپێ لەزاری بەرپرسانی سیخوڕی و ئەمنی ئیسرائیلەوە دەگێڕێتەوە کە وێرانکردنی ژێرخانی ناوچە داگیرکراوەکان بە ئەنقەست بو ، تاوەکو فەلەستینیەکان بە دەست بێکاری و هەژاری و نەبونی زەویوزارو ئاوەوە بناڵێنن.
ساڵانی کۆتایی ئینتیفازەی یەکەم هەندێک چالاکی بوێرانەی حەماسی لەخۆگرت لەڕوبەڕوبونەوەی دەوڵەتی ئیسرائیلدا ، بەڵام هەر جارە و چالاکیەک دەبو بە بیانو بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل تا زیاتر وڵات لە فەلەستینیەکان بکات بە دۆزەخ .
ساڵانی ئینتیفازەی یەکەم ساڵانی سەپاندنی مۆدێلی زیندانیی توندوتۆڵی ئەمنی بو لەلایەن ئیسرائیلەوە ، ساڵانی سزادانی بە کۆمەڵ، لەناوبردنی ئۆتۆنۆمی، چاودێری چڕو بەردەوام، گرتن و زیندانیکردن و کوشتن ، لەم بوارەشدا سیستەمی دادوەری وەک ڕوکەشێک بەکاردەهێنرا بۆ شەرعیەت دان و بە قانونی کردنی کارەکانی دەزگای سەرکوتی دەوڵەتی یاوەکو هەر بەتەواوی پێچێکی بەدەورا دەدرا.
بەڵام ئینتیفازەی یەکەم سالانێک بو بۆ بەهێزبونی هەستی نەتەوەیی و هاریکاری لە نێوان فەلەستینیەکاندا، وەک جۆرێک لە هەوڵدان بۆ خۆبەڕێوەبەریی لە ساتە سەختەکاندا.
گەڕانەوەی حیزبی کار و ئامادەیی بۆ چارەسەری سیاسی هەروەها هەوڵی ئەمریکا بۆ ئاشتی لەگەڵ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستینی ( پاش جەنگی کەنداوی ١٩٩٠- ١٩٩١ و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە جیهانی عەرەبیدا) ڕێکەوتنامەی ئۆسڵۆی ١٩٩٣ ی لێکەوتەوە .
ساڵانی دوای ئەم ڕێکەوتنامە وەک گەڕانەوە بۆ مۆدێلی زیندانی کراوە وەسف دەکرێت لە لایەن پاپێوە، کە تا ٢٠٠٠ ی خایاند.
بەندەکانی ڕێکەوتنامەی ئۆسڵۆ و کامپ دەیڤید لە ڕاستیدا سەپاندنی ئەجێندای ئیسرائیل بون ، کاتێکیش یاسر عەرەفات ڕازی نەدەبو بە جێبەجێکردنی ئەوا تاوانباردەکرا بەوەی کەسێکی ئاژاوەگێڕە و ئامادەی دانوستان نیە .
دەوڵەتی ئیسرائیل هەر لەسەرەتاوە مەسەلەی گەڕانەوەی ـ ئاوارەکانی نەکبەی ١٩٤٨ و زەویوزار و ناوچە فەلەستینیە داگیرکراوەکانی پێش ١٩٦٧ ی لە بابەتی دانوستان کردبوە دەرەوە .
ئیهود باراک لە ٢٠٠٠ دا ڕازیبو بە دروستکردنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە چەک داماڵراو ، لە ناوچەیەکی بچوکی کەناری خۆرئاوا بەبێ قودسی ڕۆژهەڵات ، هەروەها بەبێ کۆمەڵگا جولەکە نشینەکانی کەناری خۆرئاوا و چەند شار و ناوچەیەکی دیکەی ستراتیجی، ئەم دەوڵەتە نەدەبو خاوەن سیاسەتێکی سەربەخۆی ئابوری بێت و لە بەشترین حاڵەتدا جۆرێک ئۆتۆنۆمی بو.
مەسەلەی دابەشکردنی خاکی فەلەستین و دو دەوڵەتیش لە واقیعدا ئیمکانی جێبەجێکردنی نەمابو ، ئەوەی ماوەتەوە لە خاکی مێژووی فەلەستین بەدەست فەلەستینیەکانەوە بریتیە لە ٢٢ ٪ کە ئەویش کۆمەڵگای نیشتەجێی جولەکە وەک بێژنگ کون کونی کردوە . ئامادەیی فەلەستینیەکان بۆ دابەشکردنی خاکی خۆیان وەک بابەتێکی دانوستان (دوای چەندین نەکبەو ئاوارەیی و لەدەستدانی سەدا هەشتای خاکەکەیان ) لە حەفتاکاندا هاتە ئاراوە، لە ساڵانی پێش ئینتیفازەشدا ئیسرائیل فەلەستینیەکانی بە لایەنی گفتوگۆکەر نەدەزانی ، بەڵکو زیاتر لەگەڵ میسڕ و ئوردون گفتوگۆی دەکرد لەسەر چارەنوسی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە.
لە واقیعدا دابەشکردنی خاکی فەلەستین بۆ دو دەوڵەت لە پاش ڕێکەوتنی ئۆسڵۆ دابەشکردن و بە کانتۆکردنی زیاتری کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزەی لێکەوتەوە. خودی ناڕاستگۆیی و نەبونی هیچ مەیلێکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی لە لایەن ئیسرائیلەوە ئینتیفازەی ٢٠٠ ی لێکەوەتەوە .
پاپێ ئەو قسەیە بە حەقایات دەزانێت کە پێی وایە ئیسرائیل مەیلی ڕاستەقینەی بۆ ئاشتی هەبوە و عەرەفاتیش بە ملنەدان و ئاژاوەگێڕی ئەم پڕۆسەی تێکداوە . بەڵکو ئەوە ئیسرائیل بو کە ئامادە نەبو ، بە بیانوی لاواز لاوازەوە ، قۆناغی دوەمی ڕێکەوتننامەی ئاشتی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە چاپتەری ١١ دا پاپێ هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە چی ڕویدا لە کۆبونەوەی کامپ دەیڤید و چی بو بە هۆکاری لە گۆڕنانی پڕۆسەی ئاشتی
پاپێ دەڵێت هەر زو ئیسحاق ڕابین عەرەفاتی تێگەیاند کە دیدی ئیسرائیل بۆ ڕێکەوتننامەی ئۆسڵۆ چیە: کەناری خۆرئاوا کرابو بە سێ ناوچەی A و B و C یەوە ، ناوچەی A لە ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی فەلەستینی، ناوچەی B لە ژێر کۆنترۆڵی هاوبەشی هەردولا ، ناوچەی C یش لە ژێر کۆنترۆلی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلدا ( ناوچەی C زیاتر لە سەدا چلی کەناری خۆرئاوا پێک دێنێت )
لەم ناوچانەدا کۆمەڵگا نیشتەجێکان باشترین سەرچاوەی ئابوری و بژێویان بۆ خۆیان قۆرخ کرد بو، کۆمەڵگای فەلەستینیەکانیش بە تەل و وایەر و دیواری بەرز دەورەدرابو.
پاپێ دەڵێت لە ڕاستیدا عەرەفات کاتێک گەشتە کامپ دەیڤید ، داوایلێکرا نەخشەیەک ئیمزا بکات کە دەمێک بو بوبو بە واقیع. چارەسەری دو دەوڵەتی لە باشترین دۆخدا کۆمەڵێک کانتۆنی بچکۆلە بو بۆ فەلەستینیەکان و لە کاتی قبوڵنەکردنیشیدا ئیسرائیل دەیتوانی هەڕەشەی لکاندنی ناوچەی زیاتر بکات بە ئیسرائیلەوە.
کەواتە هۆکاری ئینتیفازەی دوم عەرەفات و فەلەستینیەکان نەبون ، بەڵکو پاپێ دەڵێت ، پاش شکستی سەرشۆڕکەرانەی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر حیزبوڵای لوبنانی و کشانەوەی لە باشوری لوبنان ، سوپای ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەهێزی خۆی پیشانی بدات خەڵکی بێدیفاعی غەزەی کردە ئامانج و وەک وەڵامێک بۆ کردەوە تیرۆرستیەکان بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا سوپای ئیسرائیل فڕۆکەی بەکاردەهێنا بۆ بۆردومانکردنی جێگە چڕە مەدەنیەکان و کامپی پەنابەران. لەبری ڕاوکردنی ئەو کەسانەی کە هەڵدەستان بە کاری تیرۆرستی بەردەبوە گیانی خەڵکی مەدەنی و قورسترین چەکی لەسەر تاقی دەکردنەوە.
لە هەمو لایەکیش وا خۆیان دەردەخست کە لایەنی فەلەستینی شەڕ خوازن و هیچ ئامادەییەکیان بۆ دانوستان .
تەنانەت ڕاپۆرتی سیناتۆر جۆرج میتچێل لە ئیدارەی بۆشی کوڕ سەبارەت بە ئینتیفازەی دوەم ئەو ڕاستیە دەردەخات کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئەنقەست پەنا بۆ هێزی کوشندە دەبات و هانی توندوتیژی دەدات بەوەی کە خوێنڕێژێکی وەک ئەرێل شارۆن ڕێگە پێدەدات بچێتە مزگەوتی ئەقساوە .
هەرچۆنێک بێ ئینتیفازەی دوەم توانرا بە شێوەیەکی کاتی و بە دروستکردنی دیوارەکانی ئەپارتاید کپ بکرێتەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ٤٠ ٪ کەناری خۆرئاوا لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلدا بو ، واتە لکێندرا بە ئیسرائیلەوە . لە ناوچەی C لە ١٩٦٧ دا ٣٠٠ هەزار فەلەستینی دەژیان ، ئێستا تەنها پەنجا هەزاریان لێ ماوەتەوە . ژمارەی جولەکە لەم ناوچانە ئێستە نزیکەی ٤٠٠ هەزار تێئەپەڕێنێت.
لە ٢٠١٦ دەوڵەتی ئیسرائیل ٤٠٠ هەزار جولەکەی نیشتەجێی کەناری خۆرئاوا و کۆمەڵگاکانی بەڕەسمی ناساندن .
ترسناکترین مۆدێلی حوکمڕانی ( زیندانی ) ئەو مۆدێلەیە کە ئیسرائیل لە ٢٠٠٥ وە بەرامبەر کەرتی غەزە پەیڕەوی دەکات.
دەوڵەتی ئیسرائیل بۆی دەرکەوت کە مۆدێلی زیندانی کراوە ، هاوکاریکردن لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینی و بون بە پاشکۆی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە سەرینەگرت ، گەماڕۆدان و ئابڵۆقەی کەرتەکەش نەیتوانی ئەوان ملکەچ کات بە خواستی ئیسرائیل .
کشانەوەی شارۆن و جولەکە نیشتەجێکان لە کەرتی غەزە ، هەڵبژاردنی لەم کەرتە لە ٢٠٠٦ دا بەدوی خۆیدا هێنا حەماس یەکەمجار لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیدا سەرکەوت بەڵام پاشان لە ترسی کودەتای فەتح ، کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرا ، بەخۆی کەوت و لە کودەتایەکدا نەیارانی پاکتاوکرد ، لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک لە غەزە ئەنجام نەدراوە.
ئیسرائیلیش لەوەڵامدا گەماڕۆی ئابوری خستە سەر شارەکە ، حەماس وەک کاردانەوەیەک چەند موشەکێکی ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کرد ، ئەمە بو بە بیانو بۆ ئیسرائیل شەلم کوێرم ناپارێزم دوبارە ئاگربارانی غەزە بکات و ئەوە چەندین ساڵە ئیسرائیل لە هەمو ئۆپەراسیۆنێکدا لە دەریا و خاک و ئاسمانەوە خەڵکی مەدەنی غەزە دەکاتە ئامانج.
ئیسرائیل بە دڕندەترین شێوە کەوتە سزادانی خەڵکی غەزە و چەندین ئۆپەراسیۆنی لە دژیان بە کارهێنا ، یەکەم ئۆپەراسیۆن ناوی یەکەم باران بو ، ئەم بارانە بارانی ڕەحمەتی ئاسمان نەبو بەڵکو ئاگربارانی خەڵکێکی بێدیفاع بو لە ئاسمانەوە.
ئۆپەراسیۆنی یەکەم باران ئۆپەراسیۆنەکانی دیکەی وەک بارانی هاوینەی بەخۆیدا هێنا ، کە ڕێژنەی بۆمبی ئێف شانزە و تۆپبارانی ئەم شارە بێدیفاعە بو.
غەزە ، هاوشێوەی ئەو جێگایانەی کە بۆ ئامانجی ڕاهێنان و مانۆڕی سەربازی دروستدەکرێن ، بو بە شارێک بۆ مانۆڕی سەربازانی ئیسرائیلی تا نوێترین و پێشکەوتوترین چەکەکانی تیا تاقیبکەنەوە .
یەکێکە لەو ئۆپەراسیۆنانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەزە ئەنجامیدا ئۆپەراسیۆنی قوڕوشمی جۆشخواردو بو ، لێکۆڵەرەوان پێیان وایە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تاقیکاری بوە و بۆ تاقیکردنەوەی هەڵوێستی ناوخۆیی و جیهانی بوە ، وەڵامەکەشی پۆزەتیڤ بو بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل ؛ واتا هیچ لایەک هەڵوێستێکی جێی بایەخی نیشان نەدا دژی ئەم تاوانە جەنگیەی ئیسرائیل.
پاپێ پێی وایە کە دەوڵەتی ئیسرائیل هەمان شێوەی ٢٠٠٠ ساڵانی ( پاش شکستی ٢٠٠٦ ی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان بەرامبەر حیزبوڵا ) ڕق و تۆڵەی خۆی بە شارێکی بێ دیفاع دەڕشت ( بە تانک ، موشەک و بۆمبی قورس و تۆپبارانی چڕ لە دەریا و ئاسمان و وشکاییەوە ) کە لەسەر ڕوبەرێکی کەم ملیۆن و نیوێک دانیشتوانەکەی بو ؛ هەمو ئەما کارانەی ئیسرائیل لە غەزە دەچنە خانەی جینۆسایدەوە.
کشاندنەوەی نیشتەجێ جولەکەکان لە کەرتی غەزە بۆ ئەوە بو کە تا ئیسرائیل دەستکراوەتر بتوانێت سزای بە کۆمەڵی دانیشتوانی کەرتی غەزە بدات لە حاڵەتی یاخیبوندا
پاپێ دەڵێت لەهەمو ئۆپەراسیۆنەکاندا ئیسرائیل هیچ جیاوازی نەدەکرد لە نێوان ئامانجی مەدەنی و سەربازی، کوشتنی بێ مانا و هۆکار خۆبەخۆ تەواوی دانیشتوانی کردبە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل ، لەگەڵ هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێدا دەوەتی ئیسرائیلی پیشەسازی مرۆڤکوژی بۆ ئاستێکی نوێ بەرزدەکردەوە و هەمو ئامرازێکی بەردەم سوپای بەکاردەهێنا بۆ لەناوبردنی خەڵک ، لەگەڵ هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێدا ژمارەی کوژراو بریندارانیش چەند قات بەرز دەبویەوە ، لە کۆتایشدا خودی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بون بە ستراتیجی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرامبەر کەرتی غەزە.
هەمو ئەم تاوانانەش بە پاساوی ئەوەی غەزە بنکەیەکی تیرۆرستیەو ئامانجی لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە. دواتریش ئەوەی ئیسرائیل وێرانی دەکات بە کۆمەکی عەرەبی و لە خزمەتی سەرمایەی کەنداودا دوبارە بنیات دەنرێتەوە .
دەوڵەتی ئیسرائیل غەزەی کرد بە زیندانێکی ئەمنی توندو تۆڵ کە پێشتر هاوشێوەی نەبو لە فەلەستیندا ، زیندانێک کە پاسەوانانی لە دەرەوە بتوانن بەردەوام چاودێری بکەن ، سزایان بدەن ، گەماڕۆیان بخەنە سەر ، بەڵام هاوشێوی ئەو زیندانیانەی کە بە تۆمەتی قورس زیندانی کراون و ڕەوشی خراپی زیندان هیچ مانایەکی بۆ مرۆڤ بونیان نەهێشتوەتەوە ، لە حاڵەتی یاخیبوندا چیدی پاسەوانەکان نەوێرن بچنە ناو ئەم زیندانەوە بۆ سەرکەوتیان ، لە ناو زینداندا زیندانیان دەوڵەتێک بۆ خۆیان دروست دەکەن کە پاسەوان تەنها بە وێرانکردنی ئەتوانێت پێی تێبنێت.
ئیسرائیل گەورەترین زیندانی سەر ڕوی زەوی بۆ دانیشتوانی کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەزە دروستکردوە، سێیەم نەوەی فەلەستینیەکان لەم زیندانەدا گەورەدەبن ، ئەم زیندانە نەشکێنرێت خەبات بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەاتی ناوەڕاستدا مانای نابێت . خودی ئیسرائیل و پارێزبەندی و گوێنەدانی بەرامبەر یاسا نێودەوڵەتیەکان دەسەڵاتەکانی دیکەی ناوچەکەشی هانداوە بە ئارەزوی خۆیان پێی لێ ڕابکێشن و مافی مرۆڤ و دیموکراسی بە درۆ و قسەی سەر کاغەز بزانن.