نووسینی: جلبیر ئەشقەر
وەرگێڕانی: ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان
هەندێک جار لە کەسانێکەوە دەبیستین، کە دەخوازن کاریگەرییەکانی ئەو تاوانانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دوای ئۆپەراسیۆنی “لافاوی ئەقسا” ەوە دەیکات، کەم بکەنەوە، کە وەک لە هەموو بارەکاندا تاوانی ڕۆژانە و شەڕی خولیی ئەنجامداوە و دەستدرێژییە نوێیەکەی بۆ سەر غەززە جگە لە درێژەی ئەم شێوازە کۆن و هەمیشەییە هیچی تر نییە. گومانی تێدا نییە کە تاوان و شەڕانگێزی دوو پایەی بنەڕەتی دەوڵەتی زایۆنیستیە وەک دەوڵەتێکی پاوانخوازی – کۆلۆنیالیست کە لەسەر بنەمای شەڕ و “پاکتاوی نەتەوەیی” دامەزراوە. بەڵام کەمکردنەوە لە پێگەی ئەو دەستدرێژیەی ئێستا بۆ سەر غەززە و نکۆڵی کردن لە تایبەتمەندییە چۆنایەتییەکەی جیا لە هەموو ئەو کارەساتانەی کە گەلی فەلەستین لە دوای نەکبە تا ئەمڕۆوە بەدەستیەوە دەناڵێنن، لەگەڵ ئەو درۆیانەی کە زایۆنیستەکان و لایەنگرانیان هەوڵی بڵاوکردنەوەیان دەدەن یەکدەگرنەوە، کە دەڵێن ژمارەی ئەو کوژراوانەی لە غەززەوە دێن بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە زیادەڕەوییان تێدا کراوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە، کە ئەو دەستدرێژییەی ئێستا بۆ سەر غەززە دەکرێ، بە ڕوونترین شێوە، شەڕێکی جینۆسایدە، کە کوشتنی بەکۆمەڵ و “پاکتاوی ڕەگەزیی” لەخۆدەگرێت، کە دوو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین لە لیستی یاسای نێودەوڵەتیدا، لە ڕووی چۆنایەتییەوە هەموو ئەو تاوانانە تێدەپەڕێنن کە هێزە چەکدارەکانی زایۆنیزم لە ساڵی ١٩٤٩ تا ئەمڕۆ ئەنجامی داوە و هاوتایە لەگەڵ ڕووداوەکانی نەکبە، بەڵکو لە ڕووی چڕی کوشتن و وێرانکاری و ئاوارەییەوە لێی تێدەپەڕێت. نەکبەی ساڵانی ١٩٤٧-١٩٤٩ شەڕی دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەلەستین و پراکتیزەکردنی “پاکتاوی نەتەوەیی” بوو بەسەریدا، کە بەهۆیەوە زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی خاکە داگیرکراوەکان کرانە پەنابەر و ژمارەیەکیان، کە بە زیاتر لە یازدە هەزار کەس مەزەندە دەکرا لە نزیکەی ملیۆنێک و سێیەکی دانیشتوانی عەرەبی فەلەستین کوژران.
لەم دەستدرێژییەی ئێستا بۆ سەر غەززە، تا ئێستا، لە ماوەی کەمتر لە حەوت هەفتەدا، نزیکەی پانزە هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لانیکەم لە نزیکەی دوو ملیۆن و چوار سەد هەزار کەسی کەرتی غەززە، لەگەڵ ئاوارەبوونی زیاتر لە نیوەی دانیشتوان لە باکووری کەرتی غەززەوە بەرەو باشووری غەززە ، بۆ ئەوەی لە فەلەستین دەربچن، وەک دەزگاکانی زایۆنیستی ڕاستڕەوی توندڕەو دەیانەوێت، یان لانیکەم لە ئۆردوگاکانی پەنابەران لەسەر سنووری میسر کۆبکرێنەوە، کە وەک ئۆردوگای دەستبەسەرکردن لەژێر چاودێری سوپای ئیسرائیل بمێننەوە. ئەمانە تەنیا دەرئەنجامی قۆناغی یەکەمی دەستدرێژیی زایۆنیستەکانن کە بەشی باکووری کەرتی غەززەی کردە ئامانج و قۆناغی دووەمی بەدوادا دێت کە قورسایی دەخاتە سەر بەشی باشووری غەززە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵکشانی ژمارەی پێشووی قوربانیان.
دەستدرێژیی ئێستا بۆ سەر غەززە، لە ڕوونترین شێوەدا، شەڕێکی جینۆساید پێکدەهێنێت کە کوشتنی بەکۆمەڵ و “پاکتاوی نەتەوەیی” لەخۆدەگرێت، کە دوو تاوانی دژی مرۆڤایەتین لە لیستی یاسای نێودەوڵەتیدا.
ئەمەش دەرئەنجامی خولیای کوشتن و وێرانکارییە، کە ئاستی هەموو ئەو شەڕانەی جیهای دوای هێرشەکانی بۆمبی ئەتۆمی بۆ سەر ژاپۆن لە ساڵی ١٩٤٥ تێپەڕاند. بابەتەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، سەرەڕای بەشداری ڕاستەوخۆی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دەستدرێژییەکەدا، ترسناکیی ئەوەی ڕوودەدات ئاشکرا دەکات. ئەمەش لە وتارێکدا کە لەلایەن لۆرن لیزەربی نووسراوە و ٢٥ی ئەم مانگەدا بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی “دانیشتووانی مەدەنی غەززە، لە ژێر زەبری ئاگری ئیسرائیلدا، بە خێراییەکی مێژوویی دەکوژرێن”. نووسەری ڕاپۆرتەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو بابەتە تەنیا پەیوەندی بە خێرایی بۆردومانەکەوە نییە، کە تا کای ئاگربەستەکە گەیشتە پانزە هەزار لێدان، بەڵکو بە چۆنایەتیەکەشەوە، بەو پێیەی ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆمبی دوو هەزار پاوند، واتە 900 کیلۆگرام، بەکاردەهێنێت، کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و شەڕەکانی کۆریا و ڤێتنامەوە بە دەگمەن بەکارهێنراون.
ڕاپۆرتەکە لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاوە دەڵێن کە بڕیاربوو لەم سەدەیە هەرگیز کالیبەرێکی لەو شێوەیە بەکارنەهێنن، هەروەها خۆیان لە بەکارهێنانی بۆمبی 500 پاوندیش بەدوور گرتووە، چونکە زۆر لەوە گەورەترن کە بهاوێژرێنە شارە پڕ دانیشتووانەکان، وەک شاری موسڵ لە عێراق یان ڕەقە لە سوریا لە کاتی شەڕی داعش. لە ماوەی شەڕی موسڵ کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ دەستی پێکرد و ماوەی نۆ مانگی خایاند، نزیکەی دە هەزار کەس لەنێو قوربانیانی دەستی داعش و قوربانیانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کوژران، واتە دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەوانەی لە ماوەی کەمتر لە حەوت هەفتەدا بەهۆی هەڵمەتی ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون.
ئەوەی ئەم ژمارانە مەترسیدارتر و قێزەونتر دەکات ئەوەیە کە نزیکەی لەسەدا حەفتا ئەوانەی کە بە دەستی ماشێنی جینۆسایدی زایۆنیستی لە غەززە کوژراون ژن و منداڵن، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر گەورەیە کە لە هیچ شەڕێکی هاوچەرخدا هاوتای نییە. ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات کە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ماوەی حەوت هەفتەی ڕابردوودا لە ژێر هێرشی بۆمبەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، لە کۆی گشتی ئەو منداڵانە زیاترە کە ساڵی ڕابردوو لە هەموو ئەو شەڕانەی لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی جیهانیدا ڕوویانداوە، لە نێویاندا شەڕی ئۆکرانیا، کە لە مانگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێکردووە..
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ١٣ی ئەم مانگەدا بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە غەززە لە مانگی یەکەمی بۆردومانە شێتانەکەی ئیسرائیلدا کوژراون لە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شەڕەکانی یەمەن و عێراق کوژراون زیاتر بووە و گەیشتووەتە سێیەکی ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ماوەی دە ساڵی شەڕدا لە سوریا کوژراون. بۆ بەراوردکردن، ڕۆژنامەکە دەریخستووە کە لە ماوەی یەک مانگدا ٤ هەزار و ١٢٥ منداڵ لە غەززە کوژراون، بە بەراورد بەم ژمارەیەی خوارەوە بۆ ماوەی یەک مانگ شەڕ لە عێراق (١٩)، یەمەن (٤١)، ئەفغانستان (٥٦) و سوریا (١٠٠) منداڵ. شاراوە نییە کە کوشتنی منداڵان بەتایبەتی، تایبەتمەندییەکی ئاشکرای جینۆسایدە، چونکە دەربڕی ئیرادەی پاکتاوکردنی خەڵکەکەیە .
هەموو ئەم داتایانە گەورەیی مەترسی ئەو شەڕی جینۆسایدەی دەوڵەتی زایۆنیستی لە دوای ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا لە دژی خەڵکی غەززە بەڕێوەی بردووە، دەردەخات. ئەمەش جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە مەیلێکی توندی تۆڵەسەندنەوە لای جولەکەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ بوونی ڕاستڕەوی توندڕەوی زایۆنیستی لە دەسەڵاتدا کەڵەکەبوو، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە توندوتیژییەکی شێتانەی لەو شێوەیەی هەبێت. پێشبینیکردنی بابەتەکە ئاسان بوو، کاتێ مەترسییەکانی پشتیوانیکردنی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە دەستدرێژی زایۆنیستەکان بە بیانووی مافی ئیسرائیل بۆ “بەرگریکردن لە خۆ” (ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا کوشتوویەتی دە هێندەی ئەو کەسانەی تێپەڕاندووە کە لە “ لافاوی ئەلئەقسا” لەدەستی داون) و مەترسی چوونیان بۆ ئەو ئاستەی کە بانگەوازی ئاگربەست تا ئەمڕۆش ڕەت بکەنەوە، زۆر گەورەتر دەبوون. لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە ئەمە یەکەمجارە کە ئەم حکومەتانە بە ئاشکرا پشتیوانی شەڕی جینۆساید دەکەن. جگە لەوەش ئەمەریکا و ئەڵمانیا و هاوشیوەکانیان هێزی سەربازییان بۆ ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نارد، بۆ پشتیوانی کردن لە ئیسرائیل. ئەوەی لەوەش مەترسیدارترە ، تێوەگڵانی حکومەتەکانی وڵاتانی عەرەبییە، کە تا ئێستا ڕەتیانکردووەتەوە کە بەکارهێنانی چەکی نەوت ڕابگەیەنن، سەرەڕای ئاگاداربوونیان لەوەی کە بەهێزترین ئامرازی فشار بۆ وڵاتانی عەرەبی پێکدەهێنێت بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی فەلەستین .ئەمەش لەبەرئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئەمڕۆ ترسیان لە گەڕانەوەی نرخی نەوت هەیە بۆ بەرزبوونەوە، نەک تەنها لەبەر هۆکاری ئابوری تایبەت بە خۆیان، بەڵکو، بەر لە هەمووی، ئەم بەرزبوونەوەی نرخە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا دەکات لە دابینکردنی دارایی شەڕەکەی دژی ئۆکرانیا، کە ئێستا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.
جلبیر ئەشقەر، نووسەر و ئەکادیمیست و سۆسیالیستی لوبنانی