ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕووسیادا

لویس ئۆشی:
و. پێشڕەو محەمەد:
(لەبڵاوكراوەكانی ناوەندی لێكۆڵینەوەى سۆسیالیستیی – كوردستان)

[شۆڕشی ڕووسیا نەك تەنها ژیانی ژنانی گۆڕی، بەڵكو هەروەها لێدانێكی كوشندەش بوو لە سێكسیزم كە تا ئەو ڕۆژگارە هەرگیز هاوشێوەى ئەمە ڕووینەدابوو، تەنانەت تا ئەمڕۆش مەسەلەى تەڵاق، لەباربردن، كرێی ژنان، سێكسیزم، نەك تەنها وەك ئەوەى پێیدەڵێن جیهانی سێیەم و ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نەكراوە، بەڵكو لەجیهانی سەرمایەداریی نیۆلیبراڵیشدا بەڕێژەى بەرچاو ماوەتەوە؛ تا ئەمڕۆش ژنان بەشێوەیەكی بەرچاو دەكەونە بەر هێرشی سێكسیزم و چەوساندنەوە و هەموو بەرهەم و لێكۆڵینەوەى بیرمەندانی ئەم بوارە تا ئەمڕۆ دەریدەخەن، جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریی، بەهیچ شێوەیەك نەیتوانیوە بگاتە ئاستی شۆڕشی كرێكارانی 1917-وەرگێڕ].

پێشكەوتنەكانی ژنان لەمیانەى مانگەكانی دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917 – وەك لەباربردنی خۆڕایی بۆ ئەوانەى خۆیان داوای دەكەن، یاساییبوونی ژیانی هاوبەش بەبێ تۆماركردنی حكومی، ئازادیی مافی جیابوونەوە (تەڵاق)، گەرەنتیی پشتیوانیی دەوڵەت لە ژنانی بێ سەرپەرشت و منداڵەكانیان، لابردنی یاسای ناشەرعیی منداڵ، كرێی یەكسان، مۆڵەتی دایكانە بۆ هەموو ژنان، لابردنی سزا لەسەر هۆمۆسێكسوالیی، لابردنی تەمەنی گەشەى سێكسی، توانا كۆمەڵایەتییە ڕێكخراوەكان بە بودجەى دەوڵەتیی وەك خواردنە گشتییەكان، شوێنی جلوبەرگ شۆری لە ماڵەكان و دایەنگا سەرتاسەری و خۆڕاییە حكومییەكان – لەو جۆرە هەنگاوانەیە كە تا ئێستاش دوای 9 دەیە، هێشتا هیچ دەوڵەتێك نەیتوانیوە بەتەواوی بگات بەم دەستكەوتانە.
بەڵام ئەم سەركەوتنانە، وێڕای هەموو پێشڕەوبوونیان، تەنها بەشێكی حیكایەتەكەن. گۆڕانی هەلومەرج و پێگە و دەركی ژنانی كۆمەڵگای ڕووسیا بەهۆى بەشداریی جەماوەرییان لەتەنیشت پیاوان و لە خەباتی شۆڕشگێڕیدا دژی ڕژێمی قەیسەری و ئەو خاوەن كارانە بوو كە ژنانی مەحكوم كردبوو بە كاركردن لە هەلومەرجێكی نائینسانی و سێكسیزمدا.
وەرچەرخانی گەورە لە ئاراستە و وەزیفەكاندا كە ئەنجامی حەتمیی بەدەستەوەگرتنی كۆنتڕۆڵی دیموكراتییانەى كۆمەڵگا بوو لەلایەن چینی كرێكارەوە، ئەم قسەیەى لینین پشتڕاست دەكاتەوە، كە گوتبووی شۆڕشەكان، لەناو دڵی خۆیاندا، “كەرنەڤاڵی خەڵكی زەحمەتكێش”ن. ئەمە ژنانی كرێكار بوون تیشكی شۆڕشی شوباتی 1917یان ڕۆشن كردەوە. ژنانی كرێكار بەبێ ئەوەى وەك هاوڕێ پیاوەكانیان بە وریاییەوە بجوڵێنەوە، لە ڕۆژ جیهانیی ژناندا دەستیان لەكار كێشایەوە و بە ڕێپێویان لە شەقامەكانی پیترۆگراددا داوایان لە هەموو خەڵك كرد پەیوەندییان پێوە بكەن. ئەوان بەیەك دەنگ داوای كۆتاییهێنان بە جەنگ، گرانیی، برسێتیی، و مەحرومییەتی كرێكاران كرد.
یەكێك لە وەسفەكانی ئەو ڕۆژگارە پیشانی دەدات كە چۆن “ژنان بەشێوەى گروپیی، هەموو ئامرازی كاریان وەلانا، ئاشەكانیان بەجێهێشت و بەخێرایی و ئامانجخوازانە بەشێوەیەكی دەستەجەمعیی لە كارگەیەكەوە بەرەو كارگەیەكی دیكە ڕۆیشتن… ژنان سوودیان لەهەرشتێك وەردەگرت كە بەدەستیان دەگەیشت (بەرد و تۆپەڵە بەفر و دار و هتد)، دەرگا و دیواری كارگەكانیان شكاند و دەستیان بەسەر هەموو كارگە و باڵەخانەكاندا گرت.
كارەكانی ژنانی كرێكاری كاتالیزۆر بۆ كرێكارانی دیكە ئەنجام درا تا نەك تەنها پەیوەندیی بە مانگرتنی ئەوانەوە بكەن، بەڵكو دەستبكەن بە بونیادنانی بناغە دیموكراتییەكانی خۆیان بۆ تەحەداكردنی ڕژێم، خاوەن كاران و جەنگ كە دەوڵەمەندان بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بوون كرێكارانی بێشومار بكەنە قوربانی و ژمارەیەكی زۆر زیاتر هەژار بكەن. لە مانگی ئۆكتۆبەر، ئەم بناغە و پێكهاتانە بەناوی شوراكان (سۆڤێتەكان)، توانیان دوایین پاشماوەى حكومەتی سەرمایەداریی بڕوخێنن و حكومەتی كرێكاریی دابمەزرێنن.
بەهۆى جەنگەوە، ژنان ڕێژەیەكی بەرچاوی هێزی كاریان پێكدەهێنا، كە لە پیترۆگراد دەگەیشتە لە 40% و بەشداریی چالاكانەى ژنان لەوێ هۆكاری یەكاڵاكەرەوەى سەركەوتنی شۆڕش بوو. مادام بەشداریكردن لە شوراكاندا خۆویستانە بوو، فراوانیی ڕێز و ڕەفتار لەبەرانبەر هەمووان لە بزووتنەوەكەدا، ڕۆڵێكی گەورەى لە سەركەوتنی شۆڕشدا هەبوو.
ئەم ڕۆڵەى ژنان لە شۆڕشدا بووەهۆى بردنە ژێرپرسیاری چەوساندنەوەى ڕەگەزی و سێكسیزم كە ئەم دیاردەیە زۆر دەمێك پێش شۆڕش بوونی هەبوو. ئەو بیرۆكەیەى دەڵێت ژنان بەشێوەیەكی سروشتی دەبێت لە ماڵەوە بن، دەبێت منداڵان بەخێو بكەن و یان دەبێت خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتی پیاو بكەن، هەموو ئەم بیرۆكانە بە پێچەوانە و دژی بەرژەوەندییەكانی كرێكاران لەقەڵەم دران.
یەكێك لە ڕابەرانی ژنی بەلشەڤیی ئەم دیاردەیەى سێكسیزمەى لە میتینگێكی لاوانی شۆڕشگێڕیدا بینی. ئەو دەڵێت: یەكێك لە بابەتەكانی ئەو رۆژە بریتی بوو لەوەى هەموو ئەندامان دەبێت فێری دروومان ببن، كە لەو كاتەدا كوڕێكی لاوی بەلشەڤیی دەڵێت: “بۆچی دەبێت هەموومان فێری دروومان ببین؟ دیارە دەبێت كچان فێر ببن، چونكە لە داهاتوودا ئەوان دەبێت بتوانن قۆپچەى پانتۆڵی هاوسەرەكانیان ببەستن؛ بەڵام بۆ دەبێت ئێمە فێری ببین؟”.
خستنەڕووی ئەم ڕستانە تۆفانێكی تووڕەیی بەدوای خۆیدا هێنا. نەك تەنها كچان، بەڵكو هەمووان تووڕە و كەللەیی ببوون و لەسەر كورسییەكانیان ئارامیان نەدەگرت، “دەبێت بۆ هاوسەرانیان قۆبچە ببەستن؟ مەبەستت چییە؟ ئایا دەتەوێت درێژە بە یاساكانی كۆیلەیی ژنان بدەیت؟ هاوسەرێك، هاوڕێیەكی هاوسەرەكەیەتی، نەك خزمەتكارێك”. لە كۆتاییدا ئەو كوڕە لاوەى ئەم قسەیەكی كردبوو، بەناچاری پاشەكشەى لە قسەكەى خۆى كرد.
مادام بەلشەڤییەكان پابەندترین هێزی سیاسیی پەیوەست بە دەسەڵاتی كرێكاران بوون لە 1917دا، بۆیە ڕێكخراوێك بوون زۆرترین هەوڵی خۆیان بۆ ڕێكخستنی كرێكارانی ژنان تەرخان دەكرد. ئەوان لەنێو ژنانی جلشۆر و هاوسەری سەربازان، واتا دوو گروپی سەركوتكراوترینی ژنان، دەستیان بە ڕێكخستن كرد. ئەوان گەلێك نامیلكە و ئەدەبیاتیان بڵاودەكردەوە كە باسی هەلومەرجی تایبەتی ژنانی كرێكاری دەكرد. بەلشەڤییەكان لە پەیوەندیی نێوان چارەنووسی دەسەڵاتی كرێكاران و ئازادیی ژنان تێگەیشتبوون.
لە مانگی ئۆكتۆبەردا، ژنان بەشداریان لە ڕاپەڕیندا كرد و پەیوەندییان بە سوپای سورەوە كرد. ئەوان لە تەنیشت هەموواندا هێرشیان بردە سەر كۆشكی زستانی. ئەلێكساندرا ڕۆدیڤینۆڤا كرێكارێكی لاوی بەلشەڤیی بوو كە بەرپرسیارێتیی هەماهەنگیی كرێكارانی ترامی پترۆگرادی لەئەستۆ بوو. ئەلێكساندرا ئەو كاریگەرییە قوڵەى شۆڕشی ڕووسیا لەسەر ئەو و كەسانی دیكە هەیبوو، بەمجۆرە دەیگێڕێتەوە: “هەستم دەكرد هەموو ژیانم كە پێی گەورە ببووم، دەپچڕا و لێك دەترازا و من لەم دابڕان و ترازان و لەناوچوونەیەدا، هەستم بەخۆشی و شادی دەكرد”.
دواجار لە سۆڤێتدا هەموو دەستكەوتەكانی شۆڕش لەناوچوون. دژەشۆڕشی ستالین هەموو پاشماوەى دەسەڵاتی كرێكارانی وێرانكرد و بەم لەناوبردن و وێرانكردنە دەستكەوتەكانی ژنانیش لەناوبران. بەڵام ئەمە بەهیچ جۆرێك بە مانای ڕەتكردنەوەى دەستكەوتە شۆڕشگێڕییەكانی كرێكاران نییە لە ساڵی 1917دا. ئەم شۆڕشە دەسەڵاتی تێگەیشتن لە پۆتێنشیەڵی شۆڕشە كرێكارییەكانی بە ئێمە بەخشی؛ ئەو شۆڕشانەى هەموو فۆرمەكانی نایەكسانیی كۆمەڵایەتیی ڕووبەڕووی تەنگژە و تەحەدا دەكەنەوە.
ڕۆڵی جەماوەرانی كرێكاران، بەتایبەت ژنانی كرێكار، لە زۆربەى وەسفە سەرەكییەكانی ڕووداوەكانی شۆڕش لابراوە و یان لەبەرچاو ناگیرێت و فەرامۆشكراوە. ئامانجی ئەم مێژوونووسانە بەگشتیی بریتییە لە بێ ئیعتیباركردن و بێ بەهاكردنی سیاسەتی ڕادیكاڵ و ئەكتی جەماوەری و تەسلیمبوون و خۆڕادەستكردنی هەلومەرجی باڵادەست. بەڵام ڕووداوەكانی ساڵی 1917 ئەوەى سەلماند ئەڵتەرناتیڤی سەرمایەداریی بوونی هەیە.
ژنان لە شۆڕشی ئۆكتۆبەردا ئەوەیان پیشاندا كە چۆن ستەملێكراوان دێنە سەر سەكۆى شانۆكە و لە خەباتێكی شۆڕشگێڕیدا كۆمەڵگا دروست دەكەن، چۆنچۆنی سێكسیزم لە مەیدانێكی گشتیدا ڕووبەڕووی تەحەدا دەكەنەوە و چۆن چینی كرێكار دەتوانێت هێرش بكاتە سەر ڕۆح و دڵی هەموو فۆرمەكانی ستەم و چەوساندنەوە. تێگەیشتن لەم پرۆسەیە بۆ هەموو ئەو كەسانەى باوەڕیان بە ئازادیی ژنان هەیە، كارێكی تەواو زەروورییە.

Leave a Reply

ئەدرەسی ئیمایلەکەت بڵاو نابێتەوە... مەرجە ئەو بەشانەی ئەستێرەی لەسەر پڕبکرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەتان *

*