خۆراک و شۆرشی سۆسیالیستی

جۆن پیته‌رسۆن
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌- هێمن خالید
تێکچوون و شێوانی پەیوەندی ئەمریکیەکان بە خۆراکەوە زۆربەی جار لە میدیاو ئەکادیمیادا دەلاوێنرێتەوە یاخود جێگای گاڵتەجاریە. ئەوەی کە هەرگیز ڕوون نەکراوەتەوە و قسەی لەبارەوە نەکراوە هۆکاری ڕیشەیی ئەو تێکچوون و شێواویەیە. مارکسیزم ڕوونی دەکاتەوە کە هەلومەرجەکان دیاریکەر و یەکلایکەرەوەی هۆشیاری و ئاگاییە. ژینگەی کۆمەڵایەتی و ماتریالی تۆ بەشێوەیەکی کرداری کاردەکاتە سەر ئەو هەڵبژاردن و ئۆپشنانەن کە بەهۆی زۆرترین هەڵبژاردەکانەوە کە بەردەستن بۆت بڕیاری لەسەردەدرێت. بڕیاری زۆربەی ئەمریکیەکان سەبارەت بە خواردن لەسەر جزدان و کات و بەردەستی و بازاڕکردن و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانی جڤات و پەیوەندیە دووانەیەکانیان بناغەبەندبووە. ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتی و کلتوریانە هەروەکو هەڵبژاردنە فەردیەکان، بە هەلومەرجی ماتریاڵی و ئیمکانیاتەکان مەرجدارن.
ئەگەر خۆراکی هەرزان و گونجاو- بەشێوەیەکی زانستی خواست و پێوستی بایۆلۆژیانەمان بۆ چەوری و خوێ و کاربۆهیدراتەکان ڕێکبخات و دابینی بکات- زۆینەی خەڵک دەسیان پێیبگات و لەبارەی بزانن و توانای کڕین و بە بەدەستهێنانیان هەبێت، مەزەندە بکە چی هەڵدەبژێرن؟ بەڵام تێکچوون و شێواویەکە زۆر لەمە زیاترە. ئەمریکا دەوڵەمەندترین وڵاتە لەسەر زەوی، کەچی هێشتا ٤۹ملیۆن ئەمریکی-۱٥ملیۆن منداڵیشی لەناودا-خۆراکەکانیان بە ناتەندروست حسابی بۆ دەکرێت. وەزارەتی کاروباری کشتوکاڵی ئەمریکا، خۆراکی ناتەندروست وەک “دەستگیربوون و بەردەستی سنوردار یا نادڵنیایی ڕادەی پێویستی خۆرکسازیانە و خۆراکی سەلامەت یاخود ناتوانایی سنوردار و نادڵنیا بۆ کڕین و دەسکەوتنی خۆراکە پەسەندکراوەکان لە ڕێگا پەسەندکراوە کۆمەڵایەتیەکاندا” پێناسه‌ دەکات. ٤.۸ ملیۆن ئەمریکی بەساڵاچوو (خۆراک ناتەندروست) دەبێت هەڵبژاردنەکانیان لە نێوان خۆراک و دەرمان و گەرمیدا بێت، کە زۆربەیان لەکۆتایدا دەگەن بەو ئەنجامەی کە ناچارن خواردنی پشیلە بخۆن.
گۆڤار و کتێبەکانی چێشتلێنان و پرۆگرامە تیڤەیەکان و خۆراکەکانی ئنستاگرام(پۆرنی خۆراک) زیاد لە هەرکاتێکی تر پۆپیۆلارن و پەسندکراون. هەروەها بەهۆکاری کەمی، کات و پارە و کارامەی و لێزانی خۆراک دروست کردن ٥٠ملیۆن ئەمریکی پشت بە فاست فوودی ناتەندروست دەبەستن بۆ کەڵەکەکردنی کالۆری ناو جەستەیان ئەمەش هۆکارە بۆ پەتاو ئافاتی قەڵەوی و نەخۆشیەکانی دڵ و جۆری شەکرەی۲ و هەوکردنی جومگەکان و کێشەکانی هەناسەدان و تێکدانی جگەر و جەڵتە و چەندەهای تر. بەکارهێنانی هەڕەمەکیانەی مادە کیمیاویەکان ومێرووکوژەکان، سەرچاوەی خۆراکی و ژینگە ژەهراوی دەکەن . ٪۸٠ی ئەنتیبایۆتیکە بەکارهێنراوەکان لە ئەمریکا لەسەر کێڵگە و مەزراکان بەکارهێنراون و مەترسی دژە ئەنتیبایۆتیکی (چەشنێکی بەکتریایە کە دژ بە ئەنتیبایۆتیک بەرگری پەیدادەکات) زیاد دەکەن. سەرەڕای هەموو ئەمانەش بەروبووم و قازانج لەسەر خۆراکە ئاسایی و تەقلیدیەکان تەنها ٪۲٠ بۆ ٪۲٥ زیاترە لە چاو خۆراکە ئۆرگانیکی و بێ ئەنتیبایۆتیک و بێ مادە کیمیاویەکان. سەرمایەدارەکان خەریکی ئاڵوگۆڕ و بزنسی کاڵا بەرهەمهێنراوەکانن تا لە بازاڕەکان بیانفرۆشن نەک خۆراک. بەلایانەوە گرنگ نیە کام چەشنی خۆراک بەرهەم دەهێنرێت، بەڵکو ئامانج گەورەکردنی قازانجە. ئەوە پێوەری بەرهەم هێنانی خۆراک نیە کە زنجیرە و بازنەکە لە مەزراوە بۆ سەر مێزی نان خواردن تێک دەدا و دەشێوێنێت، بەڵکو هەڵپە و وێڵبوونە بۆ قازانج.
پرسیارەکە هەرتەنها ئەوە نیە کە بڕی چەند خۆراک بەرهەم دەهێنرێت، بەڵکو چۆن و بە چ شێوەیەکی عەقڵانی و کاریگەر خۆراکی بەرهەم هێنراو بەکارهێنراوە؟ بەپێی مەزەندەیەک لە ٪٤٠ی خۆراک لە ئەمریکادا لە ڕێستۆرانت و کۆگای سەوزە و میوە و عەمبارەکان و بەفرگری ماڵاندا بەفیڕۆدراوە یا ڕزیوە و فڕێدراوە، هەروەها لەجیاتی گەشەپێدانی سەرچاوە خۆنوێکەرەوە بێسنورەکانی ووزە، وەک با و پلازما و خۆر، ٪٤٠ی دانەوێڵەی پێگەیشتوو لە ئەمریکا بۆ سوتەمەنی ئیپانۆڵ بەکاردەهێنرێت و بەڕێگەیەکی نەشیاو بلیۆنان دۆلار لە سامانی گشتی بۆ پشتگیری دارایی ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە تەرخانکراوە کە لەگەڵ حکومەت دەستیان تێکەڵ کردوە بۆ چنینەوەی قازانجێکی زۆرو زەوەند. لەئێستادا مرۆڤایەتی خۆراکی تەواو بۆ ۱٠بلیۆن کەس پێدەگەیەنێت، کەچی هێشتاش ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوە یەکگرتوەکان مەزەندەی ئەوە دەکات کە بەنزیکی ۸۷٠ملیۆن لە کۆی ۷.۱ بلیۆن کەس لەجیهاندا بە دەست کەمخۆراکی درێژخایەنەوە دەناڵێنن، هەروەها ۱٠٠ ملیۆن منداڵ لە وڵاتە هەژارەکاندا کەمخۆراکن و یەک لەسەر چواریان تووشی وەستانی گەشەی جەستەیی بوون و ساڵانە ۳.۱ ملیۆن بەهۆی کەمی خۆراکەوە دەمرن. تەنها ۳.۲بلیۆن دۆلار خەرجی پێویستە بۆ تێرکردنی ٦٦ملیۆن مناڵی برسی لەو دونیا پێشکەوتوەدا کە بەسکی برسیەوە دەچن بۆ قوتابخانە- ئەمەش تەنها یەک لەسەر بیست وچواری پوختەی سامانی شاهانەیی(خێرخوازی گەورە) و دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بیڵ گەیتسە! ئەو بەربەریزمە سامناکەی ناو دنیایەکی پڕ قەهر و بوغزە، گوزارشت لە هۆڵۆکۆستێکی بێدەنگی ملیۆنان مرۆڤی کوژراو لە هەر ساڵێکدا لەلایەن لۆژیکی نەخۆشی سەرمایەداریەوە دەکات. زیاد لە ۷٥٠٠ ساڵ بەرلەئێستا شۆڕشی کشتوکاڵی چاخی نیۆلۆتیک خاڵێکی وەرچەرخانی یەکلایکەرەوەی ناو مێژووی مرۆڤایەتی نیشانداوە، بۆ یەکەمجار توانراوە خۆراکی تەواو بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی شارنشین بەرهەمبهێنرێت و ژمارەیەکی زۆری تریش لەوانی تر لە بواری جۆراوجۆردا تایبەتمەندی بەدەست بهێنن و لە کۆتایشدا بوو بەهۆکاری سەرهەڵدانی چینایەتی و دەوڵەت.
سەرەڕای ئەو گەشەسەندن و پێشکەوتنە مێژوویە مەزنە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگا و بەرهەمهێناندا، کشتوکاڵ بۆ هەزارەها ساڵ وەک نێچیر و قوربانیەک بۆ تارمای کەشوهەوا و مێروو و نەخۆشیەکان مایەوە. لە ڕابردوویەکی نزیکدا چەندەها مرۆڤ تەنها بەهۆکاری ئەوەی نەیانتوانیوە خۆراکی پێویست پێبگەیەنن یاخود بەهۆی لەناچوونی دانەوێڵەکان لەبرسا مردوون. لەڕاستیدا، جووتیاران ئەمڕۆ لە ئەساسدا پارە و کرێیان پێدەدرێت بۆ وێرانکردن و لەناوبردنی خۆراک نەک بۆ بەرهەمهێنانی. ملیۆنان تۆن خۆراک لە كۆگاکاندا بەشێوەیەکی ئەنقەست کەڵەکە دەکرێت بەخاتری بەرزکردنەوەی نرخ. ئەمڕۆ بێ خۆراکی و لەبرسا مردن دەرئەنجامی بارودۆخە سیاسی و بونیادیەکانە، نەک کەم توانایی و نەبوونی توانای بەرهەمهێنانی خۆراکی تەواو و پێویست. هاوزەمان بە پێشکەوتن و گەشەسەندنی تەکنەلۆژیاوە، ژمارەیەکی کەمی خەڵکانی کرێکار بەچەندین قاتی زیاتریشەوە دەیانتوانی بەشێوەیەکی بەردەوام خۆراکی هەموو هەسارەی زەوی دابین بکەن، کەچی ۱.٥ بلیۆن ئینسان پۆتانسێل و ووزەکانیان لە کڕاندنی بستە زەویەکی بچوکی ڕووت و بێبەرهەم بەفیڕۆدەدەن و زۆربەشیان هێشتا برسی و بێخۆراکن. هێشتاش تاڵانکاری خۆراک لە زۆربەی بەشەکانی جیهاندا باوە و وجودی هەیە، ئەویش نەک بەهۆکاری دەستنەکەوتنی خۆراک بەڵکو بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بەهۆکاری ئەوەی سەدان ملیۆن ئینسان توانا و قودرەتی کڕینیان نیە. دوای دەیەها چانس بۆ سەلماندنی پێچەوانەکەی، حوکم و بڕیارەکە ڕوونە: سەرمایەداری بێ توانایە و قودرەتی تێرکردنی هەموو دانیشتوانی سەر زەوی نیە. بێمانایی و ناماقووڵیەکە هیچ پەیوەندی بە توانا و پۆتانسێلە بەرهەم هێنەرەکانی ئینسانیەتەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بەو ستراکتۆرانەوە هەیە کە خۆمان دروستمان کردون.
پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانی خۆراکسازی و زانستە کشتوکاڵیەکان دەکرێ بواری بەرهەمهێنانی خۆراکی جۆراوجۆر و تەندروست و سەلامەت و بەتاممان بۆ هەموو کەسێک پێبدات. مرۆڤایەتی توانای بەرهەمهێنانی چەندەها جۆری خۆراکی هەیە، بۆ هەردوولایەنی، گەرەنتی ئاسایشی خۆراکی دژ بە نەخۆشی و مێرووەکان و گۆڕانی کەشوهەوا، لەڕێگای چاندن و کێڵگەی جۆراوجۆرەوە، هەروەها بۆ پاراستنی ژەمە خۆراکی سەرنج ڕاکێشیش. ژێرخان و بونیاد بۆ گەشەپێدانی تۆڕێکی فراوانی ڕێستۆرانتی گشتی بۆ پێشکەشکردنی خۆراکی سەرنجڕاکێش و بەلەزەت و فەراهەمکراو، وجودی هەیە. خواردن و چێشلێنانی ماڵەوە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵە چالاکیەکی چێژبەخشی کۆمەڵایەتی، نەک ئەشکەنجەیەکی ناچاری کە بۆ بلیۆنان ئەمڕۆ بۆتە بارگرانی و ئەشکەنجە.
بەکورتی، زانیاری و تەکنەلۆژیا و پۆتانسێڵی هەرەوەزی بۆ گۆڕینی تەواوەتی ئەو شێوازە خواردنەی ئەمڕۆی دنیا بوونی هەیە، بەڵام ئەوەی کە بوونی نیە بریتیە لە بونیاد و ستراکتۆرێکی کۆمەڵایەتی کە ڕێگا بە نزیکبوونەوەیەکی عەقڵانی و هاوسەنگ بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردن و ئامادەکردن و بەکارهێنانی خۆراک بدات. ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەیانەوێت سەبارەت بە خۆراک و کێشە پەیوەندیدارەکان بە ژینگەوە چەند کارێک ئەنجام بدەن، بەڵام لە ڕاستیدا و بەشێوەیەکی کرداری پڕۆژە و پێشنیارەکانیان بە پینەو پەڕۆکردنی ئەو سیستەمە هەنووکەیەوە سنوردارن یاخود داواکاری نیازی باش و عەقڵ و ئاوازی بەهێز و خەیاڵین، ئەمەش تەنها یۆتۆپیایە. لە سیستەمێکدا کە بە بەرهەمهێنانی کاڵا و پارە دەئاژورێ و دەناسرێتەوە، ئەوەی بەلای سەرمایەدارەکانەوە گرنگە نە کواڵیتی خۆراک و نە تەندروستی ئینسانە، بەڵکو تەنها قەبە کردنی قازانجەکانیانە. چارەسەر بۆ ئەو لێکترازان و پچڕانەی نێوان پۆتێنشیالیتە و واقیع ناکرێ لە سەرکۆنەکردنی تاکەکان بۆ(هەڵبژاردنە تاکگەریەکانیان)دا یاخود لە گۆڕینی ئەم یا ئەو دەرکەوتەی ڕەوش و بارودۆخەکە بدۆزرێتەوە، بەڵکو چارەسەر بۆ ئەو ناڕێکی و شێواویەی یەکێک لە سه‌ره‌كیترین توخمەکانی ژیانی مرۆڤ بە لەناوبردن و توڕهەڵدانی سیستەمە ناڕێک و لەکارکەوتووەکەی خودی سەرمایەداری دێتە دی.
سه‌رچاوه‌
http://www.marxist.com/food-and-socialist-revolution.htm
س

Leave a Reply

ئەدرەسی ئیمایلەکەت بڵاو نابێتەوە... مەرجە ئەو بەشانەی ئەستێرەی لەسەر پڕبکرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەتان *

*