نووسینی: جۆن مالینۆ
و. لە ئینگلیزییەوە: هێمن خالید
لە بڵاوکراوەکانی “ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان”
لە ئاکامی گۆڕانێکی خێرا و بێنەزمی کەش و هەوادا، دە، بیست یاخود پەنجا ساڵی داهاتوو مرۆڤایەتی ڕووبەڕوی
قەیرانێکی ژینگەیی کاریگەر و گەورە دەبێتەوە. لە ڕاستیدا قەیرانەکە پێش ئەمە لە جەریاندایە و لە زۆر شوێنی جیهان کاریگەریەکانی لە چەشنی ژێرئاوکەوتنی ئاستە نزمەکانی دوورگەکانی زەریای هێمن و سوودانی دووچار بە ووشکە ساڵی، هەستی پێدەکرێت.
جاروبار خەڵکی باس لە زەرورەتی ” ڕزگارکردنی هەسارەکە” دەکەن، بەڵام هەسارەی زەوی بەتەواوی لەو کارەساتە ڕزگاری دەبێت. لە واقیعدا ئەوە بوونەوەرانی زیندوون_ مرۆڤ و ئاژەڵەکان_ کە ئازار دەچێژن و بە ملیۆنان و سەدان ملیۆنیان لەناودەچن یاخود ڕووبەرووی فەوتانی یەکجارەکیش دەبنەوە.
لەبەردەمی ئەو قەیرانەدا پرسیارێکی جدی و بەرجەستە هەیە. دەبێت چی بکرێت تا گۆڕانی کەش و هەوا کۆنترۆڵ بکرێت و بەر بە کارەساتەکە بگیرێت. لەم ووتارەدا گفتوگۆی ئەمە دەکەم کە بۆ وەڵامی ئەم پرسە پێویستمان بە تێگەیشتنێکی مارکسیستانەی کۆمەڵگا هەیە و واقیعەن دەبێت ئەکتی زەروریانەی سیاسەتی سۆسیالیستیانە بگرینە بەر.
لە ئەساسدا کێشەکە زانستی یاخود تەکنیکی نیە. زانستی بنچینەیی گۆڕانی کەش و هەوا ڕوون و تەواو دامەزراوە، هەروەها بە شێوەیەکی فراوان لەلایەن هەموو ئەو زانایانەوە قبووڵ کراوە کە پاڵپشتی دارایی لە ئێکسۆن مۆبیل و هاوشێوەکانیان هاوشان بە قازانجێکی سەرمایەگوزاری بۆ نکۆڵی کردن لە کێشەکە، وەرناگرن. زانستە بنچینەیەکەش ئەمەیە کە گەرمبوونی زەوی هۆکارەکەی دەرچوون و زیادبوونی بڵاوبونەوەی گازە گەرمکەرەکانە لە چەشنی دووانەئۆکسیدی کاربۆن کە ڕووپۆشێک بەدەوری بەرگەهەوای زەویدا دروست دەکات و ناهێڵێت ئەو گەرمیەی کە لە خۆرەوە دێت، بچێتەوە ناو فەزا. لەڕووی زانستیەوە چارەسەرەکەش بەهەمان ڕادە ئاسان و ڕوونە : بەشێوەیەکی کاریگەر دەرچوون و بڵاوبونەوەی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و گازە گەرمکەرەکانی تر، کەمبکرێتەوە.
کەواتە کێشە ڕاستەقینەکە سیاسیە: بۆچی کۆمەڵگاکانمان هەروەک پێشوو لە بەرهەمهێنانی گازە گەرمکەرەکان لە ئاستێکی کارەساتباردا بەردەوامن؟ بۆچی هەنگاوی پێویستی ئاشکرا بۆ بەرگەگرتن بەو کارەساتە مەترسیدار و نزیکە نانرێت : گواستنەوە لە نەوت و گاز و خەڵوز وەک سەرچاوەگەلی سەرەکی ووزە بۆ ئەو سەرچاوانەی تری ووزە کە دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەرنادەن؛ چەشنی با و ووزەی خۆر و هەڵکشان و داکشانی دەریا. لەڕێگای پشت بەستن بە بەرەوپێشردنی فراوانی گواستنەوەی گشتی، ئۆتۆمبیلی تایبەت کە دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەردات، بخرێتەلاوە؛ بنیاتنانی پڕۆگرامێکی گشتی ڕووپۆشی ماڵان بەو ماددانەی کە ووزە بەفیڕۆنادەن.
لەو جێگایەدایە شیکاری مارکسیستی بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی ئەو شتانە نەکراون، شتێکی زەروری و ئەساسیە. مارکس ڕوونی کردۆتەوە کە هێزی بزوێنەری سەرمایەداری، پێویستی ئینسانی یا خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی یاخود تەنانەت ماف و هەڵبژاردنی مەسرەفکەریش نیە، بەڵکو زەرورەتی قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە. كاپيتاڵيزم له هه موو ئاستێكدا لەسەر كێبركێ وەستاوه-لەنێوان دوكانی كۆڵانەكان و سوپەرماركێتەكان، لەنێوان شەريكە نێودەوڵەتيەكان و ئابوريەنەتەوەيەكان- ئەوە تەنها چاوچنۆكي بۆس (boss) و بەڕێوەبەرەكان نيه؛ ئەو كێبركێ يه هەموو دەزگايەكی سه رمايە و ئابوری ئيجبار دەكات، تاوەكو هەوڵبدات قازانج و كەڵەكەكردني سەرمایەکەی، لەسەرحسابی دەرد و ئازاری مايەپوچي و دەست بەسەرداگرتن و ياخود مارژيناڵ كردن( دورخستنه وه و كردني به پله دوو) قەبەو زەبەلاح بكات. ” كەڵەكە بكە،، کەڵەکە بکە” ئەوە خواوەند و پێغەمبەرەكەيەتی…كەڵەكەكردن لەپێناو كەڵەكەكردن، بەرهەمهێنان بۆ خاتری بەرهەمهێنان.ئا بەمشێوەيه ماركس ياسا بنچينەيەکاني سەرمايەداري باس دەكات.
هەروەها مارکس باسی لەوەش کردووە کە لە کۆمەڵگا سەرمایەداریەکان، حکومەتەکان هەروەکو بانگەشەی بۆدەکەن خزمەتی کۆمەڵگا ناکەن، جگەلە بەرژەوندیەکانی چینی سەرمایەدار. ئەگەر گەرمبوونی زەوی لە بەرژەوەندی و قازانجی چینی سەرمایەدار دابێت، ئەوا حکومەتە سەرمایەدارەکان سەرەڕای هەموو لێدوان و دانووستانەکانیان سەبارەت بە پاکڕاگرتنی ژینگە، ڕێگە بەبەردەوامبونی دەدەن.
بەڵام بەدڵنیایەوە هەندێ کەس باس لەوە دەکەن کە بەرگرتن بەو کارەساتە ژینگەیە چەندێک لە بەرژەوەندی هەمووماندایە ئەوەندەش لە بەرژەوەندی سەرمایەدارەکانیش دایە. بەڵام دوو خاسیەتی سەرەکی سیستەمەکە هەیە کە ئەمە ناکاتە بابەتێکی جدی. شیکاری مارکسیستیانە ئەو دوو خاڵە سەرەکیە دەستنیشان دەکات: یەکەم خاڵ بریتیە لە هەیمەنە و حاکمیەتی جیهان لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاحی کەمەوە. مارکس ئاماژەی پێداوە کە ئەو کەڵەکە بوونەی سەرمایە بەرئەنجامی حەتمی کێبڕکێ بووە، هەروەکو دەڵێت ” سەرمایەدار هەمیشە ژمارەیەکی زۆر لەوانەی تر لەناودەبات” ،بەم هۆیەوە خاوەنداریەتی سەرمایە لە چەند دەستێکی زۆر کەمدا کۆدەبێتەوە.
ئەمانەی خوارەوە لە ئێستادا دە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهانن (بەگوێرەی ڕیزبەندی کۆمپانیای Fortune 500 ) داهات و قازانج بە پێی ملیۆن دۆلار دانراوە،
(Profit ($mill Revenues ($mill)
14,335 408,216 Wall-Mart
12,518 285,129 Royal Dutch Shell
19,280 284,650 Exxon Mobile
16,578 246,134 British Petroleum
2,256 204,106 Toyota
9 4,84 202,196 Japan Post Holdings
5,756 187,496 Sinopec
343 184,456 State Grid
5,012 175,25 AXA
10,272 165,496 China National Petroleum
بەم شێوەیە دەتوانین ئەمە ببینین کە چوار لە پێنج یەکەمەکان و حەوت لە دەیەمینەکانی ئەو کۆمپانیا زۆر بەهێز و زەبەلاحانە کۆمپانیای نەوت و گاز و ئۆتۆمبیلن و بەرژوەندی و قازانجی ڕاستەوخۆیان لە دەردانی گازە گەرمکەر و ژەهراویەکاندا هەیە. فاکتەری دووەم بریتیە لە کێبڕکێی جیهانی لە نێوان دەوڵەتاندا ( لەجیاتی سەرمایەدارە بەڕێزەکانیان ). ئەمەش واتا گەورەترین ژینگە پیسکەرەکانی جیهان_ ئەمریکا و ئەوروپا و چین و هیندستان و هتد_ وەک کێبڕکێکەر ڕووبەرووی یەکتر دەبنەوە و هەرکامیان ترسی ئەوەی هەیە کە ئەگەر بڕی پێویست لە کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکاندا ئەنجام بدات ئەوا بەرامبەر کێبڕکێکارەکەی توشی دۆڕان دەبێت و توانای ئاڵوگۆڕ لەدەست دەدات.
ئەم ئەنالیزەیە لە پراکتیکدا لەلایەن هەڵسوکەوتی ئۆباما و ئەمریکا لە دانوستانەکانی کۆبنهاگن لەساڵی ۲٠٠۹ دا سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، پشتڕاست کراوەتەوە. سەرەڕای ئەو فاکتەی کە ئۆباما جیا لە بۆش، بەدڵنیایەوە لە زانستی گۆڕانی کەشوهەوا تێدەگات و بەشێوەیەکی شەخسی تەداخولی کۆبنهاگنی کرد و هەوڵی لابردنی هەر ئامانجێکی ڕێگری کرد لە کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن.
ئەم ئەنالیزە مارکسیستیە بۆ سەرمایەداری وەک سەرچاوەی سەرەکی پیسکردنی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و بەربەستی سەرەکی لە ڕێگەگرتنی ئەم گۆڕانە، تەواو جیاوازە لەو دیدگایەی لەلایەن میدیا و سەوزەکان و بزوتنەوە ژینگەیەکانەوە، بڵاودەکرێنەوە و ئەم دیدگایە ڕەتدەکاتەوە کە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا چاوچنۆکی شەخسیە و چارەسەر بریتیە لەوەی کە دەبێت هەریەک لە ئێمە ” کاری خۆمان بکەین”. ئەمەش هیچ ئاکامێکی نابێت، چونکە توانا و دەسەڵات لە کۆمەڵگای سەرمایەداری بێئەندازە نایەکسانە. سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئاسایی خەرجیەکان کەمدەکەنەوە و قوربانی دەدەن بەڵام ئەمە هیچ کام لە کۆمپانیا گەورەکان لە بەکارهێنانی سوتەمەنی ناوەستێنێت.
بەهەمان شێوە ئەو ئایدیایە ڕەتدەکاتەوە کە کێشەکە بریتیە لە زۆربونی دانیشتوان. دەردان و بڵاوبونەوەی کاربۆن هاوڕێژەیە لەگەڵ ئاستی گەشەکردنی ئابوری سەرمایەداری نەک دانیشتوان. ئەمریکا 19.5 مەترتۆن بۆ هەرکەسێک و ئایرلەندا 10.6 ملیۆن و چین 2.9 ملیۆن و ئەسیوپیا تەنها 0.4 ملیۆن تۆن بەرهەمدێنێت. هەوڵدانیش بۆ جڵەوکردنی دانیشتوانی جیهان، کە هەمیشە ئاماژەگەلێکی ڕەگەزپەرستی و کۆنەخوازانە بووە، بەهیچ شێوەیەک کێشە سەنتراڵەکە چارەسەر ناکات.
هەروەها ناساندنی سەرمایەداری وەک گرفت و کێشەیەک، بریتیە لە دیاریکردن و ئاماژەدان بە چارەسەرکردن. ئەگەر کۆمپانیا و دەوڵەتە سەرمایەدارەکان ژینگە پیسکەری سەرەکین، کەواتە ئەوەی زەروری و پێویستیە بریتیە لە هێزێکی کۆمەڵایەتی کە زۆر بەهێزترە لە و کۆمپانیا و دەوڵەتانە. ئامانج و پۆینتی مارکسیزم_ کە ئایدیای سەنتراڵە لای مارکس_ بریتیە لەوەی کە هێزێکی لەو چەشنە لە شێوەی چینی کرێکاری جیهانی بوونی هەیە.
سەرمایەدارەکان لەهەموو جێگایەیەک پشت بە کرێکاران دەبەستن بۆ کۆی بەرهەمهێنان و قازانجەکانیان. بەبێ کاری کرێکاران سەرتاپای سیستەمەکە_ کارگەکانی، سەنتەری پەیوەندیەکانی، بارهەڵگرەکانی، فڕۆکە و شەمەندەفەر و مارکێتەکانی،هتد_ لەکاردەوەستێ و تا ئاستی شکست پەکی دەکەوێت. لەهەمان کاتدا لەگەڵ گەشەکردنی سەرمایەداری، ژمارەی چینی کرێکاریش زیاد دەکات_ لە ئێستادا چینی کرێکار زۆرینە پێکدێنێت لە چین و ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و هندستان، کە پێشتر جووتیار بوون_ و لە شارە گەورەکانی وەک قاهیرە و شەنگەهای و ساوپاولۆ کۆکراونەتەوە.
ئەوەی ئێمە لێرە بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا قسەی لەبارەوە دەکەین بریتیە لە هێزێکی شاراوە (Potential power ) و بۆ بەرجەستەبوونی ئەم هێزەش پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار بە ملیۆنانیان ئەکتیڤ بن و یەکگرتووبن لە خەبات. ئەمەش بەشێوەیەکی ئاسان بەدەستناهێنرێت، بەڵام هیچ هێزێکی تری کۆمەڵایەتی خاوەنی پۆتانسێڵێکی لەو چەشنە نیە.
ئەم شیکار و ئەنالیزەیە چەندین دەرئەنجام بەدوای خۆیدا دێنێت:
1. ئەو سۆسیالیستانەی سیاسەت و پۆلەسیان لەسەر مارکسیزم دادەمەزرێنن دەبێت پێشەنگی بونیادنانی بزووتنەوەی دژ بە گۆڕانی کەشوهەوا بن و ئەم تەنگژەیە و باسە بکەنە جێگای مشتومڕ و گفتوگۆ کردن.
2. سۆسیالیستەکان دەبێ کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاگایی کێشە ڕاستەقینەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکەن لەناو بزوتنەوە کرێکاریەکان و کرێکاران لە هەموو جێگاکانی کارکردن.
3. خەبات دژ بە گۆڕانی کەشوهەوا پێویستە بە هەموو خەباتەکانی تری چینی کرێکار پەیوەندیدار بێت وەک خەبات دژ بە راسیزم و جەنگ و بۆس و بەڕێوبەرە و خاوەن بانکەکان و بڕینی خەرجیەکان و هتد. لەناو هەموو ئەم خەباتانەشدا دەبێت کاربکرێت بۆ فراونکردنی فەهم و درکی چینی کرێکار کە پێویستە خۆیان بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بگرنە دەست.
ئەمەش تەنها شیمانەیەکە کە سەرمایەداری بەشێوەیەکی تیۆریانە پێش ئەوەی درەنگ بێت، توانای چارەسەرکردنی قەیرانی ژینگەیی هەیە، ئەمەش زیاتر وا دەردەکەوێت هەرگیز ڕوونەدات. ناشکرێت لە داهاتوودا چانسی تر دەستەبەر بکەین، چونکە داهاتووی کۆی مرۆڤایەتی بە ژینگەوە پەیوەستە.
جۆن مالینۆ کێیە؛
سۆسیالیست، چاڵاکوان و نووسەر. ئەو ئەندامی پارتی کرێکارانی سۆسیالیست – بەریتانیایە، سەرەرای ئەمانەش وانە دەڵێتەوە لە زانکۆی پۆرتسموس. جۆن مالینۆ بەدیاریکراوی ئەو بابەتانەی دەینووسێت لە سەر تیۆریی مارکسیستی و هونەرە.