ژینگە، مەسرەفگەرایی، سۆسیالیزم
كەڤین هاریمەن و كەڤین نانس
و. هێمن خالید
پێشمەرج و بونیادی فەلسەفی پشت ستراتیژیەتی مەسرەفگەرایی[ ئەو کەسەی کە پشتگیری لە پاراستنی کڕیار و مەسرەفکەران دەکات لە ریکلامی فریودەر] بریتیە لەو ئایدیایەی کە واقیعەن دەکرێت کۆمەڵگا لە ڕێگای هەڵبژاردنی کڕینەوە(purchasing) بگۆڕین. ئایدیاکە ئەوەیە، ئەگەر بتوانین زەینی هەمووان سەبارەت بە ڕۆڵیان بەرامبەر ژینگە بگۆڕین ئەوا دەتوانین کۆمەڵگا و ستراکتۆرەکانیشی بگۆڕین، ئەگەر بتوانین بەشێوەیەکی فەردیانە هەموو کەس قایل بکەین بەوەی کە زیاتر ئاگاداری ژینگە بن و ژیانی تایبەتیان بگۆڕین، ئەوا دەتوانین جیهانیش بگۆڕین. ئەم چەشنە لە بیرکردنەوە ڕیشەکەی لە قوتابخانەیەکی فەلسەفی دایە کە بە ئایدیاڵیزم ناسراوە. ئەم جۆرە ئایدیاڵیزمە نابێت لەگەڵ “پیادەكردنى ئایدیاڵی مەزن” و گەشبینیدا تێکەڵ بکرێت. ئایدیاڵیزم بەو مەفهومە بریتیە لەو باوەڕەی کە واقیعی بەرجەستە تەنها ریفلێکس و ڕەنگدانەوەی پەتی ئایدیا و فکرەکانمانە. بەگوێرەی ئەو جیهانبینیە واقیع و کۆمەڵگا تەنها و تەنها ڕەنگدانەوەی ئاگاییمانە. ئەگەرچی بەلای مارکسیستەکانەوە، ئاگایی و کۆمەڵگا لەناو هەلومەرجی ماتریاڵی جیهانەکەماندا دادەڕێژرێن نەک لە هەرێمی ئایدیاکاندا. ئایدیاکانمان جگەلە ریفلێکسی واقیعی ماتریاڵی هیچ شتێکی ترنین. لەبەرئەوە، بۆ گۆڕانی ڕیشەیی دروست و کاریگەر پێویستە هەلومەرجە ماتریاڵیەکان و ستراکتۆری کۆمەڵگا بگۆڕین نەک تەنها ئایدیاکانمان. لایەنگرانی نزیکبوونەوە لە مەسرەفگەرایی سەرەڕای نیەت باشیان شکست دەخۆن لە درککردنی ئەوەی کە خەڵک و ئابووری و کۆمەڵگاکان بێئەندازە ئاڵۆزن و بەبەردەوامی کارلەیەکتر دەکەن و لە بۆشایدا بوونیان نیە و بە پەیوەندیگەلی ناوەکی و دەرەکیەوە مەرجدارن. هیچ کەس _ گرنگ نیە چەند زیرەک و دڵپاکە یاخود ئیرادەی بەهێزە_ ناتوانێت بەهۆی کۆششی فەردی یاخود جەبری پەتی خواست و ئیرادە، جیهان بگۆڕێت. ئەوانەی خوازیاری گۆڕینی دونیان پێویستە سەیری ڕیشە و ستراکتۆرە قووڵەکانی بکەن، هەروەها دەبێت ئەو هەلومەرج و پڕۆسێسانە تەشخیس بکەن کە هۆکاری دەرکەوتنی ئەو بەڵا و خراپەکاریانەیە کە دەیانەوێت لەناوی بەرن. ئەگەر گیایەک لە ڕیشەوە هەڵنەکەنین ئەوا دووبارە گەشە دەکاتەوە. تا کۆتای بە هەموو کۆمپانیا و بەرهەم یاخود پڕۆسە وێرانکەرەکانی ژینگە نەهێنین و ئەو سیستەمە نەگۆڕین کە سەرچاوەی بوونیانە، ئەوا هێز و ویستێکی تر دەگەڕێتەوە جێگاکەی خۆی. دەبێت ڕوون بین، قەیرانی ژینگەیی تاوانی چینی کرێکار نیە. تاکە شت کە چینی کرێکار [تاوانبارە] بریتیە لەوەی کە تا ئێستا ئەم سیستەمە گەنیوەیان ژێراوژوور نەکردووە. لەسایەی سەرمایەداریدا، سەبارەت بەوەی چۆن سەرچاوە سروشتیەکان بەکارهێنراون یاخود بەرهەمهێنان چۆن ڕێکخراوە، زۆرینە شتێکی نیە بۆ ووتن، بەڵکو سەرمایەدارەکان لەپشت ئەو بڕیارانەوەن و پێوەری بڕیاردان بریتیە لە هەوڵ و وێڵبونیان بۆ قازانج. هەوڵی جدی ستراتیژی مەسرەفگەراکان ئەوەیە کە بارەکە بخەنە سەرشانی چینی کرێکار. لەکاتێکدا سەرمایەدارەکان گیرفانەکانیان بە قازانجی زەبەلاح پڕدەکەن، کرێکاران داوایان لێدەکرێت بە قوربانیدان بە ستانداردەکانی ژیانیان هەوڵبدەن بەربەست لەبەردەم کارەساتەکانی ژینگە دروست بکەن. ئەمە بەتەواوەتی دروستە کە کرێکاران توانا و بەرپرسیاریەتی باشتر کردن و چارەسەرکردنی کاریگەریەکانی گۆڕانی کەش و هەوایان هەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە سزادانی خەڵکی ئاسایی نیە بۆ ویستنی کوالیتیەکی باشی ژیان. چینی کرێکار قودرەتی گەرەنتی کردنی ئەوەی هەیە کە هەسارەکە بەتەواوەتی قابیلیەتی ژیانی بۆ هەموو کەس تێدایە، چونکە توانای شکستپێهێنانی سەرمایەداری هەیە. کرێکاران ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و کارگە و مەزراکان بەرێوەدەبەن، مانای وایە قودرەتی جڵەوکردنی کارەکانیان و گێڕانەوەی بەرهەمهێنانیان بۆ پلەیەکی هارمۆنی هەیە. لێرەدا بەشێوەیەکی ڕوون یەک نموونەی توانای مەزنی کرێکاران هەیە. چەندین کەس خوازیاری نەهێشتنی بەکارهێنانی خەڵوزن، کە زەوی پارەپارە دەکات و هەوا پیس دەکات، بەڵام کام ڕێگە بۆ وەستانی بەرهەمهێنانی خەڵوز کاریگەرترە: جیهان مەحروم بێت لە بەرهەمهێنانی خەڵوز ( کە مانای وایە دامەزراوەکانی تر ئەو پشکانە دەکڕن و بەرهەمهێنانی خەڵوز وەک پێشوو بەردەوام دەبێت ) یاخود یەکڕاست و بەشێوەیەکی دەستەجەمعی بەرهەمهێنانەکەی بوەستێنن و بەشێوەیەکی بەرفراوان وەبەرهێنان لە فۆڕمە خاوێنەکانی ووزەدا بکەن و لەهەمان کاتدا ئیشی نەوعی بۆ کرێکارانی پێشووی پیشەسازی خوڵوز دابین بکەن؟ تەنها چینی کرێکار دەتوانێت نەک هەر بەرهەمهێنانی خەڵوز، بەڵکو بەرهەمهێنانی سیستەمی کەڵەکەکردنی قازانجی سەرمایەداریش بوەستێنێت. تەسەورێکی تری هەڵە بریتیە لەوەی کە گۆڕان بەشێوەیەکی تەدریجی ڕوودەدات. مارکسیستەکان ڕوونی دەکەنەوە کە دژبەریی و ناکۆکیەکان جڵەوی گۆڕان دەکەن. ئەم دژبەریی و ناکۆکیانە بەپێی تێپەڕینی کات بەشێوەیەکی تەدریجی بونیاد دەنرێن، بەڵام لەدوایدا بەشێوەیەکی توند و لەناکاو واقیعی (actualize) دەبنەوە. بۆ نمونە، ئەمە لە کیمیادا زۆرباش زانراوە کە ئاو لە فشاری ئەتمۆسفێری ئاسایدا لە سەد پلەی سیلیزیدا دەکوڵێت، بەشێوەیەکی بەردەوام پلەی گەرمی زیاد دەکات، ئێستا پلەکە نەوەد و حەوتە، ئێستا نەوەد و نۆیە_ هێشتا ئاوەکە ناکوڵێت_ بەڵام لە سەد پلەدا مەرحەلەیەکی ئینتقالی دراماتیکی ڕوودەدات و ئاوەکە دەبێت بە هەڵم. هەندێ شتی هاوشێوە لە کۆمەڵگا و ئاگایی ئینسانەکاندا ڕوودەدات. کێشەکانی کۆمەڵگا دەردەکەون بەڵام دەستبەجێ بەرپەرچدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ نیە. لە مەرحەلەیەکی دیاریکراودا هەرکە خەڵک بڕیاریاندا تەواو ئیدی بەسە، ئەوا بەرپەرچدانەوەیان دەبێت. مارکسیستەکان لە زەروریەتی خۆ ئامادەکاریمان بۆ بەرپەرچدانەوە تێدەگەن. لەکاتێکدا پشتیوانی لەهەر خەباتێک دژ بە سەرمایەداری و کاریگەریە کوشندەکانی لەسەر ژینگە دەکەین، دیتنی وێنە گەورەکەمان لەبەرچاو وون نابێت. خەباتی دەستبەجێ و خەباتی دوور مەودا بۆ کۆتایهێنان بە سیستەمی قازانج، بەیەکەوە گرێدەدەینەوە. ئێمە هەر تەنها دژبهوێرانکاری ژینگەیی و هۆمۆفۆبیا[ ترس لە بێگانە] و راسیزم و کرێی کەم و هتد..خەبات ناکەین، بەڵکو هەموو ئەو خەباتانە هاوشان بە زەروریەتی سۆسیالیزم وەک تاکە قودرەتی چارەسەری حەلکردنی هەموو ئەو کێشانە دەبەستینەوە.
بەربەستە پراکتیکیەکان
چەندەها کێشە، زیاتریش کێشە پراکتیکیەکان ڕووبەروی بەرگریکارانی ستراتیژی مەسرەفگەرایی دەبنەوە. بۆ نموونە بەرهەمە ( سەوزەکان ) بەشێوەیەکی زەرووریانە خزمەت بە مارکێتی لاکۆڵان ( شوێنی گونجاوی هاوڕێی ژینگە ) دەکەن؛ تەنها کەمینەیەکی مەسرەفکاران( کڕیاران) ئاگایی و زانیاری و فرسەتیان هەیە بۆ بەشداریکردن لەو هەوڵانەی مەسرەف و کڕین. ناعەدالەتی سەرمایەداری جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە زۆرینەی خەڵک واقیعەن ناتوانن ” بە دۆلارەکانیان بڕیاردان ” بەدەست بێنن. ئەوان پێویستە زۆرترین هەڵبژاردەی ئابوری (economical choices ) ئەنجام بدەن هەروەها ئەم هەڵبژاردنانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پێشکەش کراون کە مارکێتی سوچ و کۆڵانەکان بۆ مەبەستی هێشتنەوەی نزمی نرخ و قازانجی زۆر، دادەبڕن. وەک دەرئەنجامێک، زۆربەی گەڕەک و ناوچە هەژارەکان دەستیان ناگات بە سوپەرمارکێت و کۆگا سەرەکیەکان و تەنها ئۆپشن و هەڵبژاردەی مارکێتی خۆراکە سروشتی و ئۆرگانیکەکانیان بۆ جێدەهێڵرێت. مارکێتیش وەک هەموو شتەکانی تر لەسایەی سەرمایەداریدا بەرپرس و بڕیاردەرە. هڵبژاردە و ئۆپشنە “سەوزەکان” بۆ زۆرینەی کڕیار و مەسرەفکەران ناتوانرێت بە قازەنجەوە بفرۆشرێن، لەبەرئەوە بۆیان بەردەست نین. دینامیکیەتی بازار بڕیار لەوەدەدات کام لە بژاردەکانی کڕیار بەردەستن و بۆ چ کەسێکیشن، هەروەها ئەمانەش بریتین لە هەمان ئەو دینامیکیەتانەی کە چاوی نووساو لەسەر وێرانکاریە ژینگەیەکان، ئۆرگانیزە دەکەن. کەمینەیەکی بچووک لە کڕیارانی (سەوزی) هۆشیار چەندەش ئاواتەخوازبن، ناتوانن ئەو دینامیکیەتانە بگۆڕن. تێبینی حاڵەتی کشتوکاڵی ئۆرگانیکی (سروشتی) بکە. کشتوکاڵ و کشاوەرزی کردن تەنها بە مێرووکوژە سروشتیەکان، مانای وایە دانەوێڵە و بەروبومی زیاتر لەناودەچێت. ئەمەش واتا پێویستە سەرچاوەی زیاتر لە تێرمی خاک و کاردا زیاتر بەکارببرێ بۆ بەرهەمهێنانی هەمان بڕی خۆراک. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە کە کشتوکاڵکردنی سروشتی بە بڕی ٪۲٥ کەمتر خۆراک لەچاو ڕێگا رەسمیەکان لەسەر هەمان خاک، بەرهەم دێنێت. بەروبومی زیاتر واتا خەرجی باڵاتر، ئەنجامی ئەمەش، ئەو کۆمپانیایانەی کە خۆراکی ئۆرگانیک بەرهەم دێنن، ناتوانن لەسەر ئاستێکی فراون کێبڕکێی بزنسە زەبەلاحەکانی خۆراک و کشتوکاڵی رەسمی بکەن، سەرەڕای ئەمەش ئەو غولانە خۆیان دەست بەسەر ئەو بزنسە قازانج بەخشەدا دەگرن. ئەوان لەوانەیە بتوانن خۆراکە گرانەکانیان بە هەندێ کۆگای خۆراکی راقی بفرۆشن، بەڵام هەرگیز قودرەتی جێگرتنەوەی مونافیسە ڕەسمیەکانیان نیە، وەک سەرەکیترین بەرهەمهێنەرانی خۆراک لەو کۆگایانەی خۆراکی زۆرینەی خەڵک دابین دەکەن. دەبێت تێڕوانینی هاوشێوە بۆ هەموو سێکتەرەکانی تری ئابووری لەبەرچاو بگیرێ، وەکو کانزاکاری و مانیفاکتۆری بەروبومی کیمیایی و گواستنەوە، هتد. لەژێر سایەی سەرمایەداریدا دەبێت هەموو بزنس و کاروبارەکان لە پێناو مانەوەدا کێبڕکێی یەکتربکەن و قازانجەکانیان فراوان بکەن. هەوڵ و تەقەلا فەردیەکان ناتوانن ئەو هۆکارە بونیادیە بەهێزانە تێک بشکێنن کە هۆکاری وێرانکاری ژینگەین. خودی ستراکتۆر و بونیادەکە دەبێت بەشێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕدرێت. سەرمایەداری شتێک نیە کە بکرێ ریفۆرم و چاکسازی تێدا بکرێت. ناکرێت چاکسازی لە شێرێکدا بکرێت، تا کەرەوز بخوات. ئەگەر ئاژەڵێکمان دەوێت ئیشتیهای شێری نەبێت، ئەوا پێویستمان بە ئاژەڵێکی تەواو جیاواز
بۆ ئابوریەکی سۆسیالیستی ڕێکخراو
ژینگە تەنها سەرچاوەیەکی سامان نیە تا ئیستسماربکرێت و سوودی لێببینرێت، بەڵکو سیستەمێکی بەیەکەوە بەستراو پەیوەندیدارە کە ئێمەش بەشێکین لەو. ئەمە بوونی جۆری ئینسانیەتە تا بەیارمەتی ئامێرەکان کار لە سروشتدا بکات و بەکاری بهێنێت. ئەمە تەنها ئێستا لە ڕۆژگاری سەرمایەداریدایە کە ئامێرەکان زۆر بەهێز و ترسناک بوون تا ببنە مایەی هەڕەشە لە وێرانکردنی ئەو سیستەمەی کە هەموو شتەکان بە ئێمەشەوە پشتی پێدەبەستین. ئەگەرچی ئێمە مەحکوم نین بەوەی کە یارمەتیدەر نەبین، بەڵکو ئینسان بوونەوەرێکی عاقڵ و خەلاق هۆشمەندە. ئێمە لەو ڕووەوە قودرەتی درک کردن و ناسینەوەی پێویستیی و سازان و گونجاویمان هەیە. کیشەکە بریتیە لەوەی کە ئابوری سەرمایەداری لە ژێر حوکم و فەرمانی هۆشمەندی و عەقڵی ئێمەدا نیە، بەڵکو لەژێر حوکمی ئەنارشیەتی بازاڕێکی نا ئینسانی دایە و بەشێوەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ هارمۆنیەتی ژینگەدا ڕێک نەخراوە. ئەوەی پێویستیی و زەروریە بریتیە لە هەنگاوی داهاتوو لە بەرەوپێشچوونی مرۆڤ. ئەو ئایدیای کە ” ژمارەیەکی زۆر” لە ئینسان لەسەر هەسارەکە هەیە، بەشێوەیەکی زانستی هەڵە و نادروستە، ئەگەرچی لە ژێرسایەی سەرمایەداری بابەتێکی جدیە. تەکنیکە پێشکەوتووەکان ڕێگە بە ژمارەیەکی کەمتری خەڵک دەدەن تا خۆراک و پێداویستیەکانی تری ژیان، زیاتر بەرهەم بێنێت. بەپێی EPA ” ئەگەر جوتیارانی ئەمریکا لەساڵی ۱۹۳۱ ویستبایان بەروبومی یەکسان بەهەمان بڕی دانەوێڵە وەکو جوتیارانی ئەمریکی لەساڵی ۲٠٠۸ بەرهەم بهێنن، ئەوا جوتیارانی ۱۹۳۱ پێویستیان بە ٤۸٠ ملیۆن هێکتار زەوی زیاتر دەبوو!”. بەرهەمهێنان لەوکاتەوە زۆر خێراتربووە و دەکرێ زیاتریش بکرێ، لەبەرئەوە پێوست ناکات سەبارەت بە ئیمکانیاتەکان ڕەشبینی هەبێت_ بۆیەک جار کە بارگرانیەکانی سەرمایەداریمان خستە لاوە. ئەوەی ناڕێک و ناهاوسەنگە بریتیە لەوەی چۆن سامان و سەرچاوەکان لە سایەی نەزمی هەنوکەیی بەهەدەر دەدرێن، چونکە ئەگەر ئەو پێویستیانە بەخۆڕایی یاخود بە نرخێکی نزمتر ببەخشرابان، ئەوا قازانجی سەرمایەدارەکان کەمتر دەبوو. واشینگتۆن پۆست باس لەوە دەکات ” هەموو ساڵێک لە ئەمریکا ٪٤٠ ی هەموو چەشنە خۆراکێک ناخورێت و بەفیڕۆ دەدرێت”، سامان و سەرچاوەی زەبەلاح_ لەم حالەتەشدا، زەوی چاندن و خۆراک_ بەهۆی چەندین هۆکارەوە، لەسەرووی هەمووشیان هۆکاری قازانج، بەفیڕۆ دەدرێت. ئێمە لە سیستەمی سەرمایەداریدا ڕێگە دەدەین زۆرینە و بڕێکی فراوانی ئابوری لەلایەن کەمینەیەکەوە بەشێوەیەکی نادیموکراتی دەستی بەسەردابگیرێ و بەڕێوە ببرێ. بەشێوەیەکی سادەوساکار، سەرمایەدارەکان بە شێوازێک شتەکان بەڕێوەدەبەن کە خزمەت بە بەرژەوەندی و قازانجی چینەکەی خۆیان بکات. لەچاوی سەرمایەدارەکانەوە زەوی جێگایەکە بۆ تاڵانکاری و بەکاربردن. چۆن دەکرێ مەودا و سنورە تەسکەکانی ئەم سیستەمە چارەسەرێک پێشکەش بکات؟ ستراتیژیەتی مەسرەفگەراکان پێشنیاری ئەوە دەکات کە ستاتۆیەکە دەکرێ بەردەوام بێت و درێژە بکێشێ لەبەرئەوەی سەرمایەدارەکان بەڵێن دەدەن کەمێک باشتربن بەرامبەر بە ژینگە. ئەمە بیرکردنەوەیەکی خۆزگە ئامێزە؛ چارەسەری ڕاستەقینە لە دووبارە ڕێکخستنەوەیەکی سەرتاپا دیموکراتیکیانەی ئابوریەکەماندایە. ئێمە پێویستمان بە سیستەمێکی سیاسی وئابوریە، کە نەک پەلامار، بەڵکو ستانداردەکانی ژیانمان بەجۆرێک بەرەو پێش بەرێت، کە ئازاری ژینگە نەدات. ئابوریەکی سۆسیالیستی بەشێوەیەکی دیموکراتیکانە لەلایەن هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بەڕێوەببرێ. کرێکاران لە هەموو بەشەکان، لە ناو هەموو کاروبارەکان گفتوگۆ بکەن و لە هەموو ئاستێکدا ڕێبەرێکی شایستە و بەتوانا هەڵبژێرن و لەگەڵ هەموو جێگاکانی کار و پیشەسازیەکان و ووڵاتەکان و لەکۆتایشدا لەگەڵ سەرتاپای جیهان لینک و پەیوەندی بونیاد بنێن. ئەمە دەبێتە سیستەمێکی تازەی سیاسی دیموکراتی ڕاستەقینەی بەرجەستە لە هەموو ستراکتۆرێکی ئابوری و هەموو کەسێک فرسەتی خستنەڕو و بەرەوپێشبردنی ئایدیا و باوەڕیەکانی، دەبێت. هەروەها مەیل و ئارەزوویەکی زۆرکەم بۆ بونیادنانی ئابوریەک دەبێت، کە دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگە یاخود پشت بە ماتریالە کوشندەکان دەبەستێت کە دەبنە هۆی بریندار کردن و کوشتنی کرێکاران. ئەم شتانە لەسایەی سەرمایەداریدا تەنها ” ڕووکەشین” ،بەڵام لە بابەت گفتوگۆی دیموکراتیکدا، دڵنیایین کە ئەمانە بەخێرای ڕیشەکێش دەکرێن. بە ئازادکردن و دوورخستنەوەی خۆمان لە مۆتیڤی قازانج و خاوەنداری تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، هەروەها لەڕێگای پەیوەندیەکی پڕاوپڕی مرۆڤەکان بە خودی خۆیان و ئەوانی ترەوە، دووبارە دەتوانن بە کارەکانیان و زەویش پەیوەندیدار ببنەوە. پوچیەتی سەرمایەداری دەکرێ لە ئەنتیکەبوونی پلانکراودا ببینرێت. پلانێک کە تێیدا کاڵا و ئالەتەکان بەمەبەستەوە وا دروستکراون کە لەماوەیەکی زەمەنیدا بێکەڵک دەبن، تا کاڵای تازە بکڕدرێت. ئیکۆنۆمیست باس لەوە دەکات ” گۆرەوی درێژی نایلۆنی ژنانە، حاڵەتێکی کلاسیکی کۆنبوون و بێکەڵکبوونی پلانکراو بوو. دڕان و هەڵوەشانی حەتمی لە گۆرەویەکاندا وای لە کڕیار دەکرد دانەیەکی تازە بکڕێت و ئەمەش بۆ چەندەها ساڵ هاندەرێک بوو بۆ مانیفاکتۆرەکان تا گۆرەویەکی تر لە قوماشێکی وا دروست نەکەن کە هەڵنەوەشێت. پیشەسازی پۆشاک لە هیچ حاڵەتێکدا مەیل و ئارەزووی گۆڕان و داهێنەرانەی نیە”. ماشێنەکان، گڵۆپی کارەبای، ئامێرە میکانیکیەکان، خانووەکان و چەندەها شت ومەکی تریش، سنورداریەکی دەستکردی مانەوە و ژیانیان هەیە. مرۆڤەکان لەسایەی سۆسیالیزمدا، دەتوانن شتەکان بۆ ماوەی درێژتر دروست بکەن و گونجاو و باشتربن، هەروەها سەرچاوەسروشتیە بەکارهێنراوەکان کەمتر و بچوکتر بکرێنەوە و پڕۆگرامەکانی ڕیسایکلین زۆر زیاتر فراوان بکرێن. بەرهەمە یەکجار بەکارهێنراوەکانی نموونەی بوتڵی پلاستیکی ئاو و کەوچکە پلاستیکیەکان کەمبکرێنەوە و بە ئەلتەرناتیڤی تر جێگایان بگیرێتەوە و لەکۆتایشدا بنەبڕ بکرێن. دەستبەجێ دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەنچینی کرێکارەوە، پێویستە دەست بە کاری گشتی (پەبلیک) فراوان و گەورە وپلانی ڕێکخستن و بنچینەیی، بکرێت. گواستنەوەی پەبلیک خێرا و کارا و گشتی تر دەکرێت و پارە و خەرجی گونجاوی بۆ تەرخان دەکرێت. لەسەر بنچینە و بنەمای ئابوریەکی ڕێکخراوی دیموکراتیانە، سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی شتە عەجیبەکان و پەروەردەی پێشکەوتوو، سازمان و تەندروستی و زانست، بەکاردەهێنرێت. قودرەتی داهێنەرانەی نووسەرانی ئەم ووتارە بەهۆی کۆت و بەندەکانی ئەم سیستەمەی تێیدا دەژین، بەشێوەیەکی ئاشکرا سنوردارکراون، بەڵام نەوەکانی داهاتوو دەتوانن پێویستیەکانی مرۆڤایەتی بەو ڕێگایانە بسازێنن کە ئەمڕۆ تەنها لە ڕۆمانە زانستیەکاندا مومکینن. کاتێک کرێکاران قودرەت و توانای ئەوەیان هەیە لە شوێنی کارەکانیان ببن بە داهێنەر، ئەوا گۆڕان و داهێنان دەکەن تاوەکو شتەکان دڵنیا و کارامەتر و زیاتر هاوڕێ و پشتیوانی ژینگە بن. هەموو ئەمانە و شتی زیاتریش مومکینە. هەروەکو مارکس و ئەنگڵس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا ئاماژەیان پێداوە ” پرۆلیتاریا، جگە لە زنجیرەکانیان هیچ شتێکی تریان نیە تا لە دەستی بدەن، ئەوان جیهانێکی ئازاد بەدەست دێنن” .