لەبەردەم دەروازەى شۆڕشێكدا

لیۆن ترۆتسكی:

و. پێشڕەو محەمەد:

ئەم وتارە لە بەرواری 18ی مارسی 1917دا نووسرا، واتا ئەو كاتەى یەكەم هەواڵی نائارامیی، لە پترۆگرادەوە گەیشتبووە نیویۆرك. [ئەم وتارە پێش تێزەكانی نیسانی لینین نووسراوە و پێش لینین پێشبینیی شۆڕشی ئۆكتۆبەری كردووە، هەر بۆیە لە تێزەكانی نیسانی لینیندا، تەنانەت زۆرێك لە بەلشەڤیكەكان دەڵێن لینین بووە بە ترۆتسكیست-و]

شەقامەكانی پترۆگراد بە زمانی ساڵی 1905 قسە دەكەن. دەقاودەق وەك قۆناغی جەنگی ڕووسیا و ژاپۆن، خەڵك خوازیاری نان، ئاشتیی و ئازادیین. ڕێك وەك ساڵی 1905، سەیارەكان لە شەقامەكاندا لەجوڵە كەوتوون و هیچ ڕۆژنامەیەكیش بەرچاو ناكەوێت. كرێكاران لێدەگەڕێن هەڵم لە بۆیلەرەكانەوە بێتە دەرەوە، كورسییەكانیان بەجێدەهێڵن و دەڕژێنە شەقامەكانەوە. حكومەت قۆزاقەكان تەعبییە دەكات. دەقاودەق وەك ساڵی 1905، هەمان دوو دەسەڵات لە شەقامدا ڕووبەڕووی یەكتر وەستاونەتەوە: كرێكارانی شۆڕشگێڕ و سوپای قەیسەر.
نەبوونی نان، تیشكەكانی بزووتنەوە ڕۆشن دەكاتەوە. دیارە ئەمە هۆكارێكی ڕێكەوتكرد نییە. لە هەموو وڵاتانی شەڕانگێز، نەبوونی نان، خێراترین و گەرمترین هۆكاری ناڕەزایەتیی و تووڕەیی نێو خەڵكە. كۆى شێتیی جەنگ لەم گۆشەیەوە بۆ ئەوان دەردەكەوێت: بەرهەمهێنانی پێویستییەكان لەم ڕووەوە مەحاڵە كە دەبێت ئامرازی مەرگ بەرهەمبهێنێت.
وێڕای ئەمە، هەوڵەكانی دامەزراوە هەواڵییە نیوە ڕەسمییە بریتانی و ڕووسییەكان بۆ شیكردنەوەى بزووتنەوەكە بە نوقسانیی كاتیی كەرەستەى خۆراك یان نەبوونی باركردن و گواستنەوە بەهۆى بارینی بەفرەوە، پێكەنیناویترین فۆرمی بەكارهێنانی سیاسەتە لەلایەن ئەو كەسانەوە كە هەروەك نەعامە سەریان دەخەنە ناو بەفرەوە. كرێكاران بەهۆى ئەو تۆفانانەوە نییە كە بۆ ماوەیەكی كاتیی گەیشتنی كەرەستەی خۆراكی دواخستووە كە كارگە و سەیارەكانی شەقام و چاپخانەكان دادەخەن و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڕاستەوخۆ لەگەڵ قەیسەردا دەڕژێنە شەقامەكانەوە.
خەڵك یادەوەرییەكی ماوەكورتیان هەیە. زۆرێك لەنێو ڕیزەكانی خۆماندا ئەوەیان لەبیر كردووە كە جەنگ، ڕووسیای لەناو بارودۆخی جۆش و خرۆشی بەهێزی شۆڕشگێڕیدا بینییەوە. دوای كارەساتی قورسی ساڵانی 1908 تا 1911، پرۆلیتاریا وردە وردە زیانەكانی خۆی لە ساڵانی دواتری خۆشبەختیی پیشەسازیدا تیماركرد؛ كوشتاری مانگرتووان لە ڕووباری لێنا لە نیسانی 1912، وزەى شۆڕشگێڕیی جەماوەری پرۆلیتاریای بێداركردەوە. زنجیرەیەك مانگرتنی یەك بەدوای یەك. لەو ساڵانەى بە جەنگی جیهانیی كۆتایی هات، شەپۆلی مانگرتنە ئابووریی و سیاسییەكان، هاوشێوەى مانگرتنەكانی 1905 بوو. كاتێك “پوانكارە”، سەرۆككۆماری فەڕەنسا، لە هاوینی 1914دا هاتە پترۆگراد (بۆ ئەوەى بە ڕۆژی ڕووناك لەگەڵ قەیسەردا باسی چۆنایەتیی ئازادیی نەتەوە بچووكتر و لاوازەكان بكات)، پرۆلیتاریای ڕووسیا لە قۆناغی گرژیی شۆڕشگێڕیی سەروئاساییدا بوو، و سەرۆككۆماری فەڕەنسا دەیتوانی بە چاوانی خۆی لە پایتەختی هاوڕێكەیدا، واتا قەیسەر، ببینێت چۆن یەكەم سەنگەرەكانی دووەم شۆڕشی ڕووسیا ڕوو لەدروستبوونن.
جەنگ، ڕێگرە لەبەردەم شەپۆلی ڕوولەهەڵكشانی شۆڕشگێڕیی. ئێمە دووبارەبوونەوەى ئەو شتەمان لە جەنگی ڕووسیا و ژاپۆندا بینیوە كە دە ساڵ پێشتر ڕوویداوە. دوای مانگرتنەكانی ساڵی 1903، ساڵێكی لە بێدەنگیی سیاسیی بەڕادەیەك نەشكێنراوی بەدوای خۆیدا هێنابوو، واتا ساڵی 1904، یەكەم ساڵی جەنگ. بۆ كرێكارانی سان پترزبۆرگ دوانزە مانگ كاتی ویست تا شوێنی خۆیان لە جەنگدا ببیننەوە و بە داواكاریی و ناڕەزایەتییەكانیانەوە بڕژێنە شەقامەكانەوە. 9ی كانوونی دووەمی 1905، لەڕاستیدا بەجۆرێك سەرەتای ڕەسمیی یەكەم شۆڕشی ئێمە بوو.
ئەم جەنگەى ئێستا [جەنگی یەكەمی جیهان]، بەرفراوانترین جەنگی ڕووسیا و ژاپۆنە. ملیۆنان سەرباز لەلایەن حكومەتەوە بۆ “بەرگریكردن لە وڵاتی باوكیان” تەعبییە كراون. ڕیزەكانی پرۆلیتاریا هەر بەم هۆیەوە پێكنەهاتووە. لەلایەكی دیكەوە. ڕەگەزە پێشڕەوترەكانی پرۆلیتاریا ناچار بوون لە زەینی خۆیاندا ڕووبەڕووی پرسیارگەلێك بە ڕەهەندە بێ پێشینەكانیان ببنەوە و ئەم پرسیارانەش هەڵبسەنگێنن: هۆكاری جەنگ چییە؟ ئایا دەبێت پرۆلیتاریا چەمكی “بەرگریكردن لە وڵاتی باوك” قبوڵ بكات؟ تاكتیكەكانی چینی كرێكار دەبێت لە سەردەمی جەنگدا چی بێت؟
لەم میانەیەدا، قەیسەرییەت و هاوپەیمانەكانی، گروپە باڵاترەكانی خانەدانێتیی و بۆرژوازیی، بەدرێژایی سەردەمی جەنگ بەتەواوی جەوهەری ڕاستەقینەى خۆیان ئاشكرا كردبوو – جەوهەری ئەو تاڵانچییانەى تەماعی بێ كۆت و بەند، ئەوانی كوێر و بێ توانا و ئیفلیج كردبوو. تەماع بۆ سەركەوتنی باندی حاكم، بەڕادەیەك گەشەى كرد كە خەڵك وردە وردە لە بێتوانایی كامڵی ئەوان بۆ چارەسەركردنی سەرەتاییترین كێشەكانی جەنگ، پیشەسازیی و ئامادەكارییەكانی سەردەمی جەنگ تێگەیشتن. هاوزەمان، هیلاكیی و فەلاكەتی خەڵك گەشەى كرد، قوڵتر بووەوە و زیاتر لەپێشوو ڕووەو كارەسات ڕۆیشت – ئەمە دەرەنجامێكی سروشتیی جەنگ بوو كە ئاژاوەى تاوانبارانەى قەیسەرییەتی ڕووسیای چەند قات كردبووەوە.
لەژێر چەتری جەماوەری گەورەدا، لەنێو ئەو خەڵكەدا كە لەوانەیە هەرگیز یەك وشەى پڕوپاگەندەشیان بەرگوێ نەكەوتبێ، ناخۆشیی و نائارامییەكی قوڵ لەژێر فشاری ڕووداوەكاندا كەڵەكەكرا.
هەر لەم میانەیەدا، پێشڕەوترین ڕیزەكانی پرۆلیتاریا، كۆتاییان بە هەزمكردنی ڕووداوە تازەكان دەهێنا. پرۆلیتاریای سۆسیالیستی ڕووسیا، دوای شۆكی كەوتنی ناسیۆنالیزمی كاریگەرترین بەشی ئەنتەرناسیۆنال هات، و بەم دەرەنجامە گەیشت كە سەردەمی نوێ، نەك وەستانی ئێمە، بەڵكو زیادبوونی خەباتی شۆڕشگێڕیمان دەخوازێت.
ڕووداوە هەنوكەییەكان لە پترۆگراد و مۆسكۆ، دەرەنجامی ئەم چالاكییە ئامادەكارییە ناوخۆییانەیە.
حكومەتێكی ناڕێكخراو، لەیەكترازاو و ترساو لە سەرەوە؛ سوپایەكی تەواو نائومێد، ناڕازیی، نادڵنیا و ترس لەنێو چینە خاوەن موڵكەكان؛ نائارامیی قوڵ لەنێو خەڵك و جەماوەر؛ پرۆلیتاریایەك كە لەڕووی چەندایەتییەوە بەهێزتر بوو لە هەر ڕۆژگارێكی دیكە، لە ئاگری ڕووداوەكاندا بەهێزتر ببوو. هەموو ئەمانە، پشتڕاستی ئەم قسەیە دەكاتەوە كە ئێمە سەرەتا و دەستپێكی دووەم شۆڕشی ڕووسیا دەبینین. وەرن ئومێدمان هەبێت كە زۆرێك لە ئێمە، دەبینە بەشدار و هاوبەش لەم شۆڕشەدا.

Leave a Reply

ئەدرەسی ئیمایلەکەت بڵاو نابێتەوە... مەرجە ئەو بەشانەی ئەستێرەی لەسەر پڕبکرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەتان *

*