دەرئەنجامەکان – بەشی نۆیەم لە پەرتووکی ” پێغەمبەر پرۆلیتاریا”
نووسینی: کریس هارمان،
وەگێرانی: پێشرەو محەمەد
پەرتووکی پێغەمبەر پرۆلیتاریا، تێروانین و شرۆڤە و ئەلتەرناتیڤێکی تەواو و کەمال جیاوازە لە چەپی ستالینی، چەپی سکۆلار و چەپی ڕەشۆکی ….هتد. دوای خوێندنەوەی پەرتووکەکە چاوەروانی سەرنج، ڕەخنە و پێشنیاری خوێنەرانین.
ئەم پەرتووکە ئێستا لە پەرتووکخانەکانی کوردستان دەست دەکەوێت. بۆ هاورێیانی دەرەوەی ولاتیش پەیوەندی بکەن بە ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان.
دەرەنجامەكان
كریس هارمەن
هەڵەیە ئەگەر بەشێكی سۆسیالیستەكان، بزووتنەوە ئیسلامگەراكان بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیك وەك كۆنەپارێز و “فاشیست” و یان بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیك وەك “دژە-ئیمپریالیست” و یاخود “پێشڕەو” ببینن. ئیسلامگەرایی ڕادیكاڵ، كە دەیەوێت كۆمەڵگا لەسەر بنەماى مۆدێلی محەمەد لە سەدەى حەوتەمی زایینی عەرەبستاندا بونیاد بنێتەوە، لەڕاستیدا “یۆتۆپیایەكە” كە لە لایەن بەشی هەژاری چینی ناوەڕاستەوە دێت. و وەك هەر “یۆتۆپیایەكی وردەبۆرژوا”[128]ی دیكە، هێزەكانی، لە پراكتیكدا، دەكەونە بەرانبەر دوو بژاردەوە: هەڵبژاردن لەنێوان جەنگێكی حەماسیی بەڵام بێ ئەنجام دژ بە حاكمانی كۆمەڵگا بۆ جێبەجێكردنی ئەو یۆتۆپیایە و یاخود سازش و مساوەمە لەگەڵیاندا و لە ئەنجامدا دەستەبەركردنی بەرگێكی ئایدیۆلۆژییانە بۆ بەردەوامیدان بە چەوساندنەوە و سەركوتكردن. هەر ئەمە بەناچاریی دەبێتە هۆى دروستكردنی دوو بەرەی تیرۆریست و ڕادیكاڵی ئیسلامگەرایی لەلایەك و لقی ڕیفۆرمیستی ئیسلامگەرایی، لەلایەكی دیكەوە. و لێرەوە بەشێكی ئیسلامگەرا ڕادیكاڵەكان چەكەكانی خۆیان بەرەو ئەویدیكە وەردەچەرخێنن و لەبری لەنێوبردنی “زاڵم” بۆ سەپاندنی ڕەفتاری “ئیسلامیی” بەسەر تاكەكاندا، فیشەكەكانیان دەتەقێنن.
دوژمنی سەرەكیی سۆسیالیستەكان وردەبۆرژوازیی یۆتۆپیانیست نییە. ئەم بەشەى وردەبۆرژوازیی بەرپرس نییە لە سیستەمی نێونەتەوەیی سەرمایەداریی و چەوساندنەوەى ملیۆنان نەفەر لەژێر پاڵنەری كوێری كەڵكەكردن، چەپاوكردنی تەواوی كیشوەرەكان بەدەستی بانكەكان و پیلانگێرییەكان كە دواى ڕاگەیاندنی “نەزمی نوێی جیهانیی” بەردەوام بووەتە هۆی بەرپاكردنی جەنگێكی تۆقێنەرانە. ئەوان بەرپرسی ترس و تۆقینەكانی جەنگی یەكەمی كەنداو نین كە سەدام حوسێن بۆ ماستاوكردن بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و شێخ نشینەكانی كەنداو دەستیپێكرد، جەنگێك كە بە تەداخولی ڕاستەوخۆی ئەمریكا بە پشتیوانیی عێڕاق كۆتایی هات. ئەگەر هێرشی فالانژیستەكان و تەداخولی سوریا دژ بە چەپ و داگیركارییەكانی ئیسرائیل لە لوبنان و كوشتار لەو ناوچەیەدا دۆخێكی هێنابێتە ئاراوە كە بووبێتە هۆى سەرهەڵدانی شیعەى شەڕخواز، ئەوا ناكرێت بۆ ئەمە سەرزەنشتی ئەوان بكەین. هەروەها ناتوانین ئەوان بە كەمتەرخەم بزانین لە جەنگی دووەمی كەنداو و “بۆمبارانی دەقیق”ی نەخۆشخانەكانی بەغدا و كوشتنی 80 هەزار كەس كە لە كوێتەوە بەرەو بەسرە ڕایاندەكرد. تەنانەت ئەگەر ئا ئێستا ئیسلامیستەكانی وڵاتانی وەك جەزائیر و میسر نەمێنن، هێشتا هەژاریی و دەربەدەریی، حكومەتی پۆلیسیی و سەركوتكردنی مافەكانی مرۆڤ لەم كۆمەڵگایانەدا هەر بوونیان دەمێنێت.
بەم هۆیەوەیە كە نابێت سۆسیالیستەكان دژی ئیسلامگەراكان بچنە بەرەى دەوڵەتەوە. بە ئەنجامدانی ئەم كارە بەناوی ئەوەى ئیسلامگەراكان هەڕەشەن بۆ بەها سیكۆلارەكان، ئەوا كارەكەى ئەوان بۆ كێشانی وێنەى چەپ وەك “كافر”، “سیكۆلار”، سازشكار یان “زاڵمان” دژی كۆمەڵانی خەڵكی هەژار، ئاسان دەكەن. و دەكەونە نێو هەمان هەڵەكانی چەپەكانی میسر و جەزائیرەوە: بە”پێشڕەو” سەیركردنی ڕژێمێك كە بەفیعلی هیچ هەنگاوێك لەپێناوی زۆرینەى جەماوەردا هەڵناهێنێت. ئەمە هەڵەگەلێكن زەمینەیان بۆ گەشەى ئیسلامگەراكان خۆشكرد. و ئەوەش لەبیر دەكەن كە هەرجۆرە پشتیوانییەكانی دەوڵەت لە بەها سیكۆلارییەكان شتێكی مەرجدار و كاتییە: ئەم پشتیوانییە كاتێكە كە بیەوێت ڕێككەوتن لەگەڵ ڕەوتی كۆنزەرڤاتیڤتری ئیسلامگەراكان لەسەر پیادەكردنی چەند بەشێكی شەریعەتدا بكات – بەتایبەت ئەو بەشانەى چەندین سزای قورس بەسەر خەڵكدا دەسەپێنن – و لە بەرانبەردا ئەوان دەیانەوێت ڕادیكاڵەكان لە تەحەداكردنی دەزگای سەركوتكردن دووربخەنەوە. ئەمە دەقاودەق هەر ئەو شتەیە كە لە پاكستانی ژێر حاكمییەتی زیا و لە سودانی ژێر حاكمییەتی نیمیری ڕوویدا و ئەمڕۆ حكومەتەكەى كلینتۆن بەئاشكرا ژەنەراڵەكانی جەزائیر بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە هان دەدات.
باڵام ناشبێت سۆسیالیستەكان پشتیوانیی لە ئیسلامگەراكان بكەن. ئەنجامی پشتیوانییەكی وەها تەنها و تەنها فۆرمێكی سەركوتكردن دەگۆڕێت بۆ فۆرمێكی دیكەى سەركوتكردن. لەڕاستیدا ئەم كردەوەیە كاردانەوەیەكە بەڕووی توندوتیژیی دەوڵەتیدا. كاردانەوەیەكە هاوڕا لەگەڵ نادیدەگرتنی كەمینە ئەتنیكی و ئایینییەكان، ژنان و نێربازەكان. و پیلانگێڕییەكە بۆ قوربانیكردنی هێزەكانی دیكە. و ئەمە هەلومەرج یان زەمینەیەك بۆ بەردەوامیدانی بێ كۆت و بەندی چەوساندنەوەى سیستەمی سەرمایەداریی دروست دەكات، ئەگەرچی فۆرمگەلی “ئیسلامی”یش بەخۆیەوە دەگرێت. ئەم سیاسەتە مانای وازهێنانە لە سیاسەتی سۆسیالیستیی سەربەخۆ كە لەسەر بنەما و بناغەى خەباتی كرێكاران بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی سەرجەمی مەحرومكراوان و چەوسێنراوان دامەزراوە. و لەبری ئەوە بەرەو یۆتۆپیایەكی ناڕوونی وردەبۆرژوازیی دەڕوات. یۆتۆپیایەك كە لە فۆرمە تایبەتییەكانیدا ناتوانێت خۆیشی بەرەو پێشەوە بەرێت.
ئیسلامیستەكان هاوپەیمانی ئێمە نین. نوێنەرانی چینێكن كە بەدواى نفوزەوەن لەنێو چینی كرێكاردا و هەرچەند زیاتر لەم كارەیاندا سەركەوتوو بن یان چینی كرێكار بەرەو سەركێشییەكی بێ كەڵك و كارەساتبار دەبەن و یاخود دەبنە هۆى كاردانەوەى كۆنەپارێزانە و پاشەكشەى چینی كرێكار لەبەرانبەر بە سیستەمی هەنوكەییدا – و یان بەپێی دۆخی باو، یەكەم [كە بریتییە لە سەركێشییەكی كارەساتبار] و پاشان بەدوایدا، دووەم [كە بریتییە لە پاشەكشەى چینی كرێكار].
بەڵام ئەمانە بەو مانایە نییە كە ئێمە لەوان ڕابكەین و نادیدەیان بگرین. ئەوان لەخاكی هەمان ئەو گروپە كۆمەڵایەتییە بەرفراوانانەدا دەڕوێن كە ئازار بەدەست كۆمەڵگای هەنوكەییەوە دەچێژن، و ئەگەر خەباتی ڕاپەڕیوی كرێكاران ڕێگایەك لە بەرانبەر بەواندا بكاتەوە دەكرێت هەستە ڕاپەڕیو و یاخییەكەیان بەرەو ئامانجە پێشڕەوەكان ئاراستە بكرێت. تەنانەت كاتێك كە لە ئاستی خەباتدا هێشتا بەرز نییە، سۆسیالیستەكان دەتوانن زۆرێك لەوان كە بەرەو نوسخە ڕادیكاڵەكانی ئیسلامیزم ڕاكێشراون، بخاتە ژێر كاریگەریی خۆیەوە – بەمەرجێك سۆسیالیستەكان لە بەرانبەر ئیسلامگەراكاندا سیاسەتێكی تەواو سەربەخۆ و بەدەر لەهەرجۆرە ئیسلامگەراییەك بگرنەبەر هاوڕا بێت لەگەڵ خواستی قۆستنەوەى سەرجەمی دەرفەتەكان بۆ هێنانە ناوەوەى ئەوان لەنێو خەباتێكی لەڕاستیدا ڕادیكاڵ.
ئیسلامیزمی ڕادیكاڵ پڕ پڕە لە ناكۆكیی و دژبەریی. وردەبۆرژوازیی هەمیشە بەرەو دوو ئاراستە كێش دەكرێت – ڕاپەڕینی ڕادیكاڵ دژ بە كۆمەڵگای هەنوكەیی یاخود سازشكردن لەگەڵیدا. بەم هۆیەوە بەردەوام ئیسلامیزم لەنێوان یاخیبوون و ڕاپەڕین بۆ زیندووكردنەوەى سەرتاپای كۆمەڵگای ئیسلامی و یان سازشكردن لەگەڵ ڕژێمدا بۆ پیادەكردنی “ڕیفۆرم”ی ئیسلامیدا دێت و دەچێت. بەناچاریی ئەم ناكۆكییانە خۆیان لەنێو پێكدادانە قورس و بەگشتی توندوتیژەكانی نێو گروپە ئیسلامییەكان و نێوانیاندا دەردەخەن.
ئەوانەى ئیسلامیزم وەك كۆنەپارێزێكی نامۆى یەكپارچە دەبینن، ئەوە لەبیر دەكەن كە لە جەنگی یەكەمی كەنداودا كاتێك ئێران و عەرەبستانی سعوودیی لە بەرانبەر یەكتریدا وەستانەوە، لەنێوان ئیسلامگەراكاندا چەندین پێكدانان لەسەر ئەم مەسەلەیە ڕوویدا. چەند هۆیەك هەبوون بۆ ئەوەى حزبی ڕزگاریی ئیسلامیی جەزائیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ پشتیوان و سەپۆرتكارەكەى خۆیدا، واتا سعوودیە، ببڕێت، و لە ڕەوتی جەنگی دووەمی كەنداودا ئیسلامگەراكانی توركیا بە پشتیوانیی دارایی مزگەوتەكانی سعوودیە چەندین خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیكردنی عێڕاق بەرپاكرد. هێشتا پێكدادانە چەكدارییە خوێناوییەكانی نێوان گروپە ئیسلامیستە نەیارەكان لە ئەفغانستاندا، لەئارادایە. ئەمڕۆ گەلێك مشتومڕ و بەریەككەوتن لەنێو ڕێكخراوی حەماس لەنێوان فەڵەستینییەكاندا لەسەر قبوڵكردن و یان ڕەتكردنەوەی هاوكارییكردنی دەوڵەتی تەسلیمبووی یاسر عەرەفات – و لە ئەنجامدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل –دا لە بەرانبەر بە پیادەكردنی یاساكانی ئیسلامییدا بوونی هەیە. هەركە ئیسلامی “ڕیفۆرمیست” لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەى لە سیستەمی جیهانیدا نقوم بوون، سازش بكات، ئەوا ناكۆكییەكان بەحەتمی خۆیان دەردەخەن. هەر یەكێك لەم ڕژێمانە نەیاری ئەویدیكەیە و بەدوای یەكێتییەوەیە لەگەڵ هێزە ئیمپریالیستییە باڵادەستەكاندا.
هەركاتێكیش ئاستی خەباتی كرێكاران بەرز دەبێتەوە، ئەمجۆرە ناكۆكییە چوونیەكانە دەردەكەون. پشتیوانانی دارایی ڕێكخراوە ئیسلامگەراكان دەیانەوێت هەرچی خێراتر ئەم خەباتانە بووەستێت. ئەگەر نەوەستا، دەبێت لەبەینیان بەرن. بەشێك لە ئیسلامیستە ڕادیكاڵە لاوەكان بەشێوەیەكی غەریزەیی پشتیوانیی لە خەباتەكان دەكەن. سەركردەكانی ئەم ڕێكخراوانە هەڵوێستێكیی مامناوەندییان وەرگرتووە و بە سرتەسرت داوا لە خاوەن كارەكان دەكەن دەستی خێرات درێژ بكەن و داواش لە كرێكاران دەكەن لێبوردە و لەسەرخۆ بن.
لەكۆتاییدا، گەشەی خێرا سەرمایەداریی، سەركردە ئیسلامیستەكان ناچار دەكات كاتێك لەگەیشتن بە دەسەڵات نزیك دەبنەوە، سەرمەقولات و تەقڵەى ئایدیۆلۆژیانە لێبدەن. ئەوان “بەها ئیسلامییەكان” لە بەرانبەر بە “بەها غەربییەكان” دادەنێن. بەڵام زۆربەى ئەم بەها غەربییانەش ڕیشەیان لەنێو كولتووریی ئەفسانەیی خۆرئاواییدا نییە، بەڵكو لە ئەنجامی گەشەى سەرمایەداریی دوو سەدەى كۆتاییدا دەركەوتوون. بۆ نموونە پێش سەدە و نیوێك ڕفتاری گشتیی لەنێو چینی ناوەڕاستی ئینگلیزیدا بەرانبەر بە سێكسوالیتە بەڕاشكاویی هەمان ئەو ڕەفتارانە بوو كە ڕابوونی ئیسلامیی ئەمڕۆ بانگەشەى بۆ دەكەن (پەیوەندیی سێكسیی لە دەرەوەى زەواج قەدەغە بوو، نەدەبوو ژنان تەنانەت گوێزنگی پێیشیان دیار بێت و گوناهێك كە بەخشینی بۆ نەبوو، زۆڵیی بوو) و ژنان لە زۆر ڕووەوە مافێكی زۆر كەمتریان لەو مافە هەبوو كە ئەمڕۆ نوسخە گشتییەكانی ئیسلام بۆ ژن دایدەنێن (میرات تەنها بۆ كوڕی گەورە بوو لەكاتێكدا لە ئیسلامدا كچ نیوەى پشكی كوڕ لە میراتییەكە دەبات، ژنان هیچ جۆرە مافێكی تەڵاقیان نەبوو، لەكاتێكدا ئیسلام لە هەلومەرجێكی زۆر سنوورداردا ئەم مافە بە ژن دەدات). ئەوەى ڕەفتاری ئینگلیزییەكانی گۆڕی شتێكی نێو دەروونی خۆرئاوایی و یان هەرجۆرە “بەها مەسیحی-یەهودی”یەكان نەبوو، بەڵكو كاریگەریی سەرمایەداریی گەشەكردوو بوو – سەرمایەداریی پێویستیی بە هێزی كاری ژنان هەبوو، بۆیە بەناچار گۆڕانی بەسەر هەندێك لە ڕەفتارەكاندا هێنا و گرنگتر لەوەش، ژنانی خستە نێو پێگەیەكی كۆمەڵایەتییەوە كە دەیانتوانی داوای گۆڕانكاریی زیاتر بكەن.
لەبەر ئەوەیە تەنانەت لەو وڵاتانەدا كە تیایاندا كڵێسای كاتۆلیك لەڕادەبەدەر هێزی هەبووە وەك ئیرلەندا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و ئیسپانا، ناچار بووە وێڕای ئارەزووەكەی، كەچی دەسەڵاتەكەى سنووردار و بەرتەسك بكاتەوە. ئەو وڵاتانە كە تیایدا ئیسلام ئایینی دەوڵەتە ناتوانن لە بەرانبەر بە فشارەكانی ئەمجۆرە گۆڕانكارییانە پارێزگاریی لەخۆیان بكەن. هەرچەندێكیش ئەگەر بە قورسی لە بەرانبەریدا بووەستنەوە.
ئەزموونی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم مەسەلەیە پشتڕاست دەكاتەوە. وێڕای هەموو ئەو بانگەشانەى كە دەیویست ڕۆڵی ژنان كورت بكاتەوە بۆ هاوسەرێتیی و دایكایەتیی و سەرەڕای تەواوی ئەو فشارانەى بۆ دەركردنیان لە هەندێك لە پیشەكانی وەك مافی پشكی ژنان لە هێزی كار وردە وردە بەرز بووەوە و ئێستا لە 28%ی كاری حكومی دەگرێتەوە، واتا هەمان ڕادەی زەمەنی شۆڕش[129]. هەر لەبەر ئەوە ڕژێم ناچاربوو هەڵوێستی خۆى بەرانبەر بە سیاسەتی كۆنتڕۆڵی لەدایكبوون بگۆڕێت كاتێك كە 23%ی ژنان ڕێگاكانی دژەسكپڕبوونیان بەكاردەهێنا[130]. و لەهەندێك لایەنەوە كەمێك هەڵوێستی خۆى لەبارەى حیجابەوە گۆڕی. ئەگەرچی ژنان لەزۆر بواری وەك یاساكانی میراتی و خێزان مافێكی یەكسانیی پیاوانیان نییە، بەڵام مافی دەنگدانیان پاراستووە (ئێستا دوو نوێنەری ژن لە ئەنجوومەندا هەن)، دەچنە قوتابخانە، پشكیان لە هەموو لقەكانی زانكۆكاندا هەیە و بۆ تێپەڕاندنی خوێندنی پزیشكیی و پەروەردە سەربازییەكان زۆر هاندەدرێن[131].
ئەبراهامیان لەبارەى خومەینییەوە دەنووسێت:
“مورید و شاگردە نزیكەكانی ئەو هەمیشە “نەریتگەراكان”یان بە “دواكەوتوو” لەقەڵەم دەدا و گاڵتەیان پێدەكردن. ئەوانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەى زیادەڕەویی لە خۆپارێزییدا دەكەن: كچەكانیان نەدەناردە قوتابخانە، سوورن لەسەر ئەوەى كچانی لاو تەنانەت ئەو كاتەى پیاو لە ماڵەوە نییە، دەبێت سەرپۆش لەبەر بكەن، چوون بەرەو سەرقاڵیی ڕۆشنبیرانەى وەك هونەر، مۆسیقا و یاری شەترەنج قەدەغە كرابوون و لەهەمووی خراپتر، سەیركردنی تەلەڤزیۆن و خوێندنەوەى ڕۆژنامە و گوێگرتن لە ڕادیۆش یاساغ بوو”[132].
هیچ یەكێك لەمانە نابێت تووشی واقوڕمانمان بكات. ئەوانەى سەرمایەداریی ئێران و حكومەتی ئێرانیان بەدەستەوەیە ناتوانن هەروا ئاسان واز لەهێزی كاری ژنان لە بەشە سەرەكییەكانی ئابوورییدا بهێنن. و ئەو بەشانەى وردەبۆرژوازیی كە ستوونی بڕبڕەى پشتی حزبی كۆماریی ئیسلامیی بوون بەدرێژایی ساڵەكانی 1970 كچەكانی خۆیان دەناردە زانكۆكان بۆ ئەوەى بتوانن كار پەیدا بكەن و دەرامەتی زیادە بۆ خێزانەكانیان بهێننەوە – بە ئامانجی بەرزكردنەوەى دەرامەتی خێزان و ئاسانكاریی بۆ زەواجی كچەكانیان. لە ساڵەكانی 1980 نەیاندەویست بەهۆى زوهدی ئاینییەوە چاو لەم توانستانە ببپۆشن.
هەروەك چۆن ئایدیۆلۆژییەكانی دیكە ناتوانن بەر بە گەشەى ئابووریی و لە ئەنجامدا گەشەى كۆمەڵایەتیی بگرن، ئیسلامیزمیش ناتوانێت. بەمجۆرە جارەهای جار بووە كە گەلێك گرژیی ڕووبدات و ئەمەش لە مشتومڕە قورسە ئایدیۆلۆژییەكانی نێوان هەوادار و لایەنگرەكانیدا خۆى دەردەخست.
بەگشتی، ئیسلامیستە لاوەكان بەرهەمی ڕۆشنبیر و زمانزانی كۆمەڵگای مۆدێرنن. ئەوان كتێب و ڕۆژنامە دەخوێننەوە و سەیری تەلەڤزیۆن دەكەن و ئاگایان لە كۆى مشتومڕ و ئەو ئینشیقاقانە هەیە كە لەنێو بزووتنەوەدا دەردەكەوێت. و لەهەندێك كاتدا لە بەرانبەر “سیكۆلارەكان”، چەپەكان و بۆرژوازییدا ڕیز دەبەستن، دیسان لە بەینیاندا گەلێك باسوخواس و مشتومڕی گەرم دروست دەبێت وەك ئەو مشتومڕانەى 30 ساڵ پێش لەنێوان لقەكانی هەوادار و لایەنگری چین و لقەكانی لایەنگری سۆڤێت لە بزووتنەوەى یەكپارچەى ستالینیستیدا سەریهەڵدابوو. و ئەم باسانە وردە وردە گومان لەنێو زەینی هەندێكیاندا دروست دەكات.
سۆسیالیستەكان دەتوانن سوود لەم ناكۆكییانە وەربگرن و بەوەفابوونی بەشێك لە ئیسلامگەرا ڕادیكاڵەكان بەرانبەر بە ڕێكخراوەكانیان بخەنە تەنگژەوە – بەڵام ئەم شتە تەنها كاتێك ڕوودەدات ئەگەر ئێمە ڕێكخراوگەلی سەربەخۆى خۆمان دابمەزرێنین. ئەو ڕێكخراوانەى نە وەك ئیسلامگەراكان هەڵوێست وەردەگرن و نە وەك دەوڵەتیش.
لەهەندێك پرس و كێشەدا ئێمە لەگەڵ ئیسلامگەراكاندا دژ بە ئیپمریالیزم و دەوڵەت دەوەستین. ئەمە ڕووداوێك بوو لە هەندێك وڵاتان لە كاتی جەنگی دووەمی كەنداو ڕوویدا. و لە فەڕەنسا و بریتانیا لە خەباتی دژە ڕەگەزپەرستییدا بەمجۆرە دەبێت. كاتێك ئیسلامگەراكان ئۆپۆزیسیۆنن دەبێت دروشمی ئێمە بەمجۆرە بێت: “هەندێكجار لەگەڵ ئیسلامگەراكان، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتدا هەرگیز”.
بەڵام تەنانەت لەم كاتانەشدا ئێمە لەسەر زۆر مەسەلەى سەرەكیی و ئەساسیی، لەگەڵ ئیسلامگەراكاندا ناكۆكین. ئێمە بەرگریی لە مافی ڕەخنەگرتن لە دین دەكەین، هەروەكچۆن بەرگریی لە مافی پراكتیزەكردنی دابونەریتی دینیش دەكەین. ئێمە بەرگریی لە مافی نەپۆشینی حیجاب دەكەین، لەكاتێكدا بەرگریی لە مافی ئەو ژنە لاوانەش دەكەین كاتێك لە وڵاتگەلی ڕەگەزپەرستیی وەك فەڕەنسادا دەیانەوێت حیجاب بكەن. ئێمە دژ بەو چەوساندنەوە و جیاكارییەین كە سەرمایە هەمووەكیی و گەورەكان لە وڵاتانی وەك جەزائیر بەسەر عەرەبزمانەكانیدا پیادە دەكەن – بەڵام لە هەمانكاتدا دژ بە چەوساندنەوە و جیاكاریی دەوەستینەوە كە لە بەرانبەر بە بەربەرزمانەكانی كەرتەكانی چینی كرێكار و چینە ناوەڕاستەكانی خوارەوە پیادە دەكرێت كە فەڕەنسیزمانن. لەهەمووی گرنگتر، ئێمە دژی هەرجۆرە كردەوەیەك دەوەستینەوە كە بەهۆى ئایین و ئەتنیكیی بەشێك لە چەوسێنەران و مەحرومان لە بەرانبەر بە بەشێكی دیكەدا دابنێت. و ئەمە واتا بەرگریكردن لە ئیسلامگەراكان لە بەرانبەر بە دەوڵەت و بەرگریكردن لە ژنان، نێربازان، بەربەرەكان، و قیبتییەكان لە بەرانبەر بە ئیسلامگەراكاندا.
هەندێك لە ئەركەكانمان كە كاتێك لەگەڵ ئیسلامگەراكاندا لەیەك ئاراستەدا وەستاوین، بریتییە لە خستنەژێرپرسیار و تەحەداكردنی بیروبۆچوونی ئەوانە – نەك تەنها بەهۆى شێوازی مامەڵەى ڕێكخراوەكانیان لەگەڵ ژنان و كەمینەكاندا، بەڵكو بەهۆی مەسەلە ئەساسییەكانی وەك ئەوەى ئایا كۆمەڵگا پێویستیی بە خێرخوازیی دەوڵەمەندان هەیە یان لەنێوبردنی پەیوەندییە چینایەتییە باڵادەستەكان.
چەپ لە ڕابردوودا لەبارەى ئیسلامگەراكانەوە دوو هەڵەى زەقی كردووە. یەكەم بەفاشیست سەیركردنی ئەوان و بەمجۆرە مەحاڵبوونی هەرجۆرە هاوبەشیكردنێك لەگەڵیاندا. دووەم بە “پێشڕەو”سەیركردن و ڕەخنە نەكردنیان. ئەم هەڵانە لەتەنیشت یەكتریدا كۆمەكیان بە ئیسلامیستەكان كرد تاكو بە زیانی چەپ لە بەشێكی گەورەى خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا گەشە بكەن. ئێمە پێویستمان بە ئاراستەیەك هەیە ئیسلامگەرایی وەك بەرهەمی قەیرانێكی كۆمەڵایەتیی قوڵ سەیر بكات. بەرهەمێك كە ناتوانێت چارەسەری قەیران بكات و شەڕ بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەباتگێڕە لاوانە دەكات كە بەدیدگایەكی زۆر جیاوازەوە، دیدگایەكی سەربەخۆ، دیدگای سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕییەوە خەریكی خەباتكردنن.