ئیسلامۆفۆبیا: شەپۆلی نوێی ڕاسیزمی خۆرئاوایی

ئێنزۆ تراڤێرسۆ(*)

و. پێشڕەو محەمەد

لە غەرب، شەپۆلی نوێی ئیسلامۆفۆبیا (ترس لە ئیسلام) لە هەڵكشاندایە. دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە ئەگەر سەرۆكایەتیی كۆمار بباتەوە، هەموو موسڵمانانی ئەمریكا دەكاتە دەرەوە؛ و لە یەكێتیی ئەوروپا، ڕەوتگەلێكی كۆنزەرڤاتیڤ دەستیانكردووە بە دانانی یاساگەلێك دژی ئیسلام. ئیلام وەك وەحشیگەرایی و هەڕەشەیەك دژی شارستانێتیی “جولەكە-مەسیحیی” غەربیی سەیر دەكرێت؛ ئەمانەش ئەو ئاراستە و مەیلانەن دوای زنجیرەیەك هێرشی تیرۆریستیی لە فەڕەنسا، سەریانهەڵداوە. لەم كولتوورەى ترس لە بێگانە و دەمارگیریی توند، دەكرێت بیر لەوە بكەینەوە هاووڵاتییانی موسڵمان، وەك جولەكەكانی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهان، ناچار بكرێن ئەستێرە و مانگێكی زەرد لەسەر جلەكانیان بنەخشێنن.

لە نیوەى یەكەمی سەدەى بیستەمدا، دژایەتیكردنی جولەكە لە هەموو ئەوروپادا، لە توێژە ئەرستۆكرات و بۆرژوازییەكانەوە (كە چەندین سنووری ڕەمزیی دروستكردبوو) تا دەگاتە خوێندەواران، دەستیپێكردبوو: زۆرێك لە گرنگترین دانەرانی دەیەى 1930 ڕقی خۆیان لە جولەكەكان نەدەشاردەوە. ئەمڕۆ فۆرم و ئامانجی ڕەگەزپەرستیی گۆڕانی بەسەرداهاتووە: كۆچبەرانی موسڵمان جێگای جولەكەكانیان گرتۆتەوە. ڕەگەزگەرایی “ڕاشیاڵیزم” (ئەو گوتارە زانستییەى لەسەر بنەمای تیۆرییە بایۆلۆژییەكان دامەزراوە) شوێنی خۆى بۆ دەمارگیریی كولتووریی چۆڵكردووە كە جەخت لەسەر بنەمای جیاوازیی بنچینەیی ئەنترۆپۆلۆژیی نێوان ئەوروپای “جولەكە-مەسیحیی” و ئیسلام دەكاتەوە. دیاردەى نەریتیی دژایەتیكردنی جولەكە، كە بۆ ماوەی یەك سەدە هەموو ڕەوتە ناسیۆنالیستەكانی ئەوروپای پێكدەهێنا، ئێستا چووەتە پەراوێزەوە؛ و بەپێچەوانەوە، مۆنۆمێنت و یادكردنەوەكانی هۆلۆكۆست جۆرە “ئایینێكی مەدەنیی”یان لە یەكێتیی ئەوروپادا دروستكردووە. و وەك كۆمەڵێكی حاڵەتە بەیەكەوە بەستراوەكان، دژایەتیكردنی جولەكەی پێش جەنگ كۆتایی پێهاتووە و ئیسلامۆفۆبیا دەستیپێكردووە. نواندنەوەى پاش-فاشیستیی بۆ دوژمن سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەى هەمان پارادایمی ڕەگەزی كۆنە: “تیرۆریستی ئیسلامیی”، وەك “بەلشەڤیكی جولەكە”، بەگشتیی بەپێداگریكردن لەسەر خەسڵەتە فیزیكییەكان دەخرێتە ڕوو كە جەخت لەوە دەكاتەوە ئەو “ئەویدیكە”یە.

وێڕای ئەمە، لوتبەرزییە فیكرییەكانی پاش-فاشیزم بەڕادەیەكی زۆر كەم بوونەتەوە. لە ئێستادا شتێكی هاوشێوەى فەڕەنسای جولەكەی ئێدویار درۆمۆن یان بنچینەكانی سەدەى نۆزدەی هسۆتۆن ستوارت چەمبەرلین و یان نامیلكەكانی هانس گانتەر یان ئەندرە زیگفرید دەربارەى ئەنترۆپۆلۆژیای ڕەگەزیی نابینینەوە. ترس لە بێگانە لەمڕۆدا نووسەرانێكی وەك لیۆن بلۆی، لویس فێردینان سیلین و پییەر دریۆلا روشێل نەیانخوڵقاندووە، چ بگات بە نموونەی فەیلەسوفانی وەك مارتین هایدیگەر و كاڕڵ شمیت. بەرهەمە ئەدەبییە شایانی باسەكانیش خۆراكیان بە مەیدانی كولتووریی سەردەمی پاش-فاشیزم نەداوە؛ لەوانەیە گرنگترین دەركەوتەى ئەمە ڕۆمانی خۆبەدەستەوەدانی میشێل ڤۆلبیك بێت كە دەریدەخات فەڕەنسا لە ساڵی 2022 دەگۆڕێت بۆ كۆمارییەكی ئیسلامیی و كەمپینێكی بەرفراوانی بۆ ڕاكێشانی سەرنجی میدیاكان بەگەڕ خست. زۆرێك لە دەموچاوە سیاسیی و فیكرییەكان، كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن، و گۆڤارە عەوامییەكان كە بێگومان فاشیست نین، بەشدارییەكی قوڵیان هەبووە لە خوڵقاندنی ئەم مەیدانە كولتوورییەدا. دەتوانین ئەم گوتە بەناوبانگەى ژاك شیراك لە ساڵی 1991 دەربارەى “دەنگ و بۆن”ی بیناكانی شوێنی نیشتەجێبوونی كۆچەرانی مەراكیشی بەبیر خۆمان بهێنینەوە؛ یان نووسینە پڕ لە ئیلتیهابەكەى ئۆریانا ڤالاچی دەربارەى ئەو موسڵمانانەى “وەك مشك زاوزێ دەكەن” و بە دیوارەكانی كڵێساكانمانییەوە هەڵدەواسن؛ یان بەراوردی وەزیرە ڕەشپێستەكان بە مەیمون لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا؛ و چەندین ئاماژەى سوكایەتیئامێز بە ئیسلام وەك “ئەحمەقانەترین ئایین”. جۆرج موس گوتوویەتی لە فاشیزمی كلاسیكدا، وشە زارەكییەكان گرنگتر بوون لە دەقە نووسراوەكان. لە سەردەمێكدا كە “ڤیدیۆ” شوێنی “دەق”ی گرتۆتەوە، جێگای سەرسوڕمان نییە كە گوتاری پاش-فاشیستیی زیاتر لە هەمووان لەڕێگای میدیاكانەوە بڵاو دەبێتەوە و ڕیزبەندیی دووەم بە بەرهەمەكانی بیرمەندان دەدات، بەرهەمگەلێكی وەك خۆبەدەستەوەدان كە تەنها بەڕادەیەك گرنگن كە ببن بە ڕووداوی میدیایی.

پێموایە، گرنگترین لێكچوونەكانی نێوان ئیسلامۆفۆبیای ئەمڕۆ و دژایەتیكردنی جولەكەى ڕابردوو بریتین لە بەبیرهێنانەوەى ئیمپراتۆری ڕایشی ژەرمەنەكان لە كۆتایی سەدەی نۆزدەدا، نەك كۆماری سێیەمی فەڕەنسا. لە ڕۆژگاری حیكایەتی درایفوس بەدواوە، دژایەتیكردنی جولەكە لەلایەن فەڕەنسییەكانەوە بەرانبەر كۆچەرانی جولەكەى پۆڵەندا و ڕووسیا هەبوو، بەڵام ئامانجە سەرەكییەكەى ئەو بەرپرسە باڵایانە بوو كە لە كۆماری سێیەمدا، پۆست و پلەى زۆر گرنگییان لە سیستەمی ئیداریی، سوپا، دامەزراوە ئەكادیمیی و حكومییەكاندا هەبوو. ئەفسەر درایفوسیش یەكێك لە ڕەمزەكانی ئەم جۆرە گەشە كۆمەڵایەتییە بوو. لە سەردەمی بەرەى خەڵكدا، لیۆن بلوم ئامانجی پێكان بوو لەلایەن نەریتی دژایەتیكردنی جولەكەوە: ئەو شیكپۆشە جولەكە و هاوڕەگەزبازە كە وەك بەرجەستەكەری داگیركردنی كۆمار دادەنرا لەلایەن هێزی “دژەفەڕەنسییەوە”. پێیانوابوو جولەكەكان “دەوڵەتێكن لەناو دەوڵەتدا، ئەو شوێنەى بێگومان یەكسان نییە بە بارودۆخی هەنوكەیی كەمینە موسڵمانە ئەفریقی و عەرەبەكان كە زۆر كەمتر بەراورد بە دانیشتووانی خۆیان لە دامەزراوە حكومییەكانی وڵاتانی ئەوروپادا ئامادەن. كەواتە بەراوردكردن بە ئەڵمانیا لە سەردەمی ئیمپراتۆریی ڤیلهێلمدا دروستترە: لەوێدا جولەكەكان بەوردبینییەوە لە ڕێكخستنەكانی دەوڵەت دەردەكران و ڕۆژنامەكان دژی “هێرشی جولەكەكان” هۆشداریان دەدا كە دەیانەوێت پێكهاتەى ئەتنیكیی و ئایینیی ڕایش بگۆڕن. لەوێدا، دژایەتیكردنی جولەكە وەك “كۆدی كولتووریی” وابوو كە ڕێگای بە ژەرمەنەكان دەدا پێناسەیەكی نەرێنییان بۆ خودئاگایی نەتەوەیی هەبێت، ئەویش لە ڕۆژگارێكدا كە بەمۆدێرنكردنی خێرا و چڕی جولەكەكان لە شارە گەورەكانیدا (بەو جۆرەى وەك دینامیكترین گروپی ئەو شارانە دەردەكەوت) مایەی دەردەسەریی وڵات بوو. بە دەربڕینێكی دیكە، “ژەرمەنێك” لەپێشەوە و زیاتر لە هەر شتێكی دیكە “ناجولەكە” بوو. بەمجۆرە، ئەمڕۆ ئیسلام بووە بە كۆدێكی كولتووریی تا هەر فەردێك بە سنووركێشانی نەرێنیی بتوانێت شاهیدی لەدەستچوونی “شوناسی فەڕەنسیی”، دەرگیر و داری پرۆسەى بەجیهانیكردن بێت. ئەم ترسە لە فرەكولتوورخوازیی دەركەوتنی هەمان خەمۆكیی و نیگەرانیی كۆنە دەربارەى “تێكەڵبوونی خوێنەكان”. ئەمڕۆ زمان گۆڕاوە: ئالن فینكڵ كروات باس لە “شوناسە نیگەرانكەرەكە”ی دەكات لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوو دوژمنی وەك فرەكولتوورخوازیی و فرەڕەگەزبوون “فەڕەنسای چەند ئەتنیكی” كە بەبۆچوونی ئەو نابەجێیەكەى ئەو وەك ئایدیاڵ دەبینین؛ بەڵام گوتەكانی ئەو جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ گوتەكانی هاینریش فۆن ترایچكەدا نییە. ئەم مێژوونووسە گەورەیە لە ساڵی 1880دا گلەیی لە “دزەكردن”ی جولەكەكان بۆ نێو كۆمەڵگای ئەڵمانیی دەكرد و دەینووسی كە ئەوان عورف و عاداتەكانی “كولتووری ئەڵمانی”یان تێكداوە و وەك هێزێكی گەندەڵكار دەجوڵێنەوە. دەرەنجامگیریی نائومێدانەى فۆن ترایچكە گۆڕا بۆ دروشمێك: “جولەكەكان خەمی ئێمەن”.

هەرچەندە بەشی سەرەكیی تێپەڕین لە دژایەتیكردنی جولەكەیی كۆنەوە بۆ ئیسلامۆفۆبیای ئەمڕۆ لە میدیاكانی فەڕەنسادا سەریانهەڵداوە، لەكۆتاییدا دەكرێت دەركەوتەكەى لە شەخسییەتێكی ئەدەبیدا ببینینەوە: ڕینۆ كاۆ، نووسەرێك كە پەیوەندییەكانی بە “بەرەى خەڵك”ـەوە ناشارێتەوە. پێش پانزە ساڵ، كامۆ لە گۆڤارەكەى خۆیدا گلەیی لە ئامادەیی ترسناكی جولەكەكان لە میدیا كولتوورییەكانی فەڕەنسادا كرد؛ بەڵام، لە ساڵەكانی دواتردا، سەرنجی ئەو بەرەو موسڵمانان وەرچەرخاوە كە كۆچی فراوانیان بووە بە “شوێنگۆڕكێی گەورە” یان بەدەربڕینێكی دیكە “بەئیسلامیكردنی فەڕەنسا”. میشێل ڤۆلبیك، كە لە نەوەى لاوترە و دەیەوێت ببێتە لویس سیلینی سەدەى بیست و یەك، هەمان “شوێنگۆڕكێی گەورە” وەك خاڵی دەستپێكی خۆبەدەستەوەدان سەیر دەكات. هەر ئەم ئایدیایە جەوهەری میدیایەكی سەركەوتووی دیكە (بە فرۆشتنی پێنج سەد هەزار نووسخە لە شەش مانگدا)ی ئەریك زیمۆرە بەناونیشانی خۆكوژیی فەڕەنسیی. لە نموونەیەكی تازەتردا، بەشێكی سەروتارەكانی ڕۆژنامەى فیگارۆ بەرگریان لە ئایدیای “شوێنگۆڕكێی گەورە” كردووە. پاش-فاشیزم، لەسەرووی دەستكەوتەكانی هەڵبژاردنەكانییەوە، ئەمجۆرە هەژموونییە كولتوورییەى خۆى دەخوڵقێنێت.

بەڵام ئیسلامۆفۆبیا تەنها شوێنگرەوەى دژایەتیكردنی جولەكەی پێشوو نییە؛ بەڵكو ڕیشەگەلێكی كۆنی بە قوتابخانەى تایبەتی خۆیەوە هەیە: كۆڵۆنیالیزم. ڕیشەكانی ئیسلامۆفۆبیا لەنێو ئەو بیرەوەرییەى پێشووی كۆڵۆنیالیزمی درێژماوەى ئەوروپا و لەنێو جەنگی جەزائیردا نووستووە، كە فەڕەنسییەكان بەرپایان كرد. كۆڵۆنیالیزم، بەدوالیزمی نێوان هاووڵاتییان و ڕەعییەتەكانی كۆڵۆنیالەكان، ئەنترۆپۆلۆژیایەكی سیاسیی تایبەتی دروستكرد كە سنوورە كۆمەڵایەتی، شوێنی، ڕەگەزیی و سیاسییەكان بەهێز دەكات. ئەگەرچی ئەو جیاكردنەوە یاساییەى لە ڕۆژگاری كۆماری سێیەمدا فۆڕمی یاسایی پێدرا، لەنێو چووە، بەڵام كۆچەرانی موسڵمان كە بوونە هاووڵاتییانی فەڕەنسیی، كەم تا زۆر ڕووبەڕووی پەرچەكردارەكانی ترس لەبێگانە بوونەتەوە كە لەم ئەنترۆپۆلۆژیا سیاسییەوە دروستبووە و ئەوان وەك ڕەگەزەكانی بەگەندەڵیكردن و تێكدا و “نەتەوەیەكی ناو نەتەوە” لەقەڵەم دەدەن. ماترێكسی كۆڵۆنیالیی ئیسلامۆفۆبیا دەتوانێت ئەم دوژمنایەتیی و مانەوەیە دیاریبكات. میتۆدێك بۆ لێكۆڵینەوە لە واقیعی بابەتیی ئەم سنوورە شوێنی و ڕەگەزیی و سیاسییانە ئەوەیە كە تێكەڵبوونی سروشتیی ناوەكانی كۆچەرانی ئیتاڵیی، پۆڵەندیی و ئیسپانیی لە ناوەكانی خانەوادەیی فەڕەنسیدا ببینینەوە، پرۆسەیەك كە بە گشتیی سێ نەوە دەخایەنێت. ئەم تێكەڵبوونە مانەوەى ناو و ناوی خێزانە ئەفریقیی و عەرەبییەكان دەردەخات؛ كە خاوەنەكانیان ڕاستەوخۆ سەر بە ڕیزێكی تایبەت و دەرەجە دوو دەناسێنن: “هاوردەكردنی كۆچەران”.

ماترێكسی كۆڵۆنیالیزمی ئیسلامۆفۆبیا كلیلی تێگەیشتنی گۆڕانی ئایدیۆلۆژیانەى پاش-فاشیزمە: بزووتنەوە ڕاستگەرا توندڕەوەكانی وەك بەرەى نەتەوەیی لە فەڕەنسا، لیگا نۆرد لە ئیتاڵیا، پیگیدا لە ئەڵمانیا و ڕەوتەكانی هاوشێوەى لە وڵاتانی دیكەى ئەوروپادا. ئەم ڕەوتانە ئەم سەوداگەرییە ئیمریالیستیی و داگیركارییانەیان بەجێهێشتووە تا ژێستێكی بەجۆرێك موحافەزەكارانەتر و بەرگریكارانەتر بەخۆوە بگرن. ئەمانە بەدوای داگیركردنەوە نین بەڵكو بەدوای دەركردنەوەن (و تەنانەت لە جەنگە نیۆئیمپریالیستییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانییەوە لە سەرەتای دەیەى 1990 بەدواوە دەدەنە بەر ڕەخنە). كۆڵۆنیالیزمی سەدەى نۆزدە لەڕێگای داگیركارییەكانی خۆیەوە لە دەرەوەى ئەوروپا بەدوای بەدیهێنانی “بەرپرسیارێتیی بەشارستانێتیكردن”ی خۆیەوە بوو؛ بەڵام ئیسلامۆفۆبیای پۆست-كۆڵۆنیالیزم لەژێر چەتری هەمان بەهاكاندا بەدوای خەباتەوەن دژی دوژمنێكی ناوخۆیی. “دەركردن” جێگای “داگیركردن”ی گرتۆتەوە، بەڵام پاڵنەرەكان نەگۆڕاون: لە ڕابردوودا داگیركردنی وڵاتان بەدوای چەوساندنەوە و بەشارستانێتیكردنی بەربەرەكانەوە بوو؛ ئەمڕۆ دەركردن و ڕەتكردنەوە بەدوای پارێزگاریكردن لە نەتەوەیە لە بەرانبەر نفوزە زیانبەخشەكانیدا. هەر ئەم خاڵە دەتوانێت باسە دووبارەیی و بەردەوامەكان دەربارەى سیكۆلاریزم و حیجابی ئیسلامیی ڕوون بكاتەوە كە بووەتە هۆى دانانی چەندین یاسای ئیسلامۆفۆبیانە بە پێشڕەوایەتیی فەڕەنسا لە دە ساڵی ڕابردوودا كە حیجاب لە شوێنە گشتییەكاندا قەدەغە دەكات. ئەم ڕێككەوتنە دەستەجەمعییە لەسەر تێگەیشتنی نیۆكۆڵۆنیالیستیی و چەوساندنەوەئامێز بۆ سیكۆلاریزم پشك و بەشدارییەكی زۆری هەبووە لە مانابەخشین بە ڕەوایەتیدان بە پاش-فاشیزم.

ئەم شەپۆلەى ئیسلامۆفۆبیا، بەم دروشمە دوژمنكارانەیەوە “ئێمە لەجەنگداین دژی تیرۆریزم”، ئیسلام لە شوێنی تەنها دوژمنی پاساودەری نەزمی خۆرئاوایی دادەنێت، كە لە كۆتاییدا، خۆی خۆراك بە تیرۆریزم دەدات. هەروەها شەڕكەران دژی “فاشیزمی ئیسلامی” و بەرگریكارانی “بەها ئینسانییەكان” گەیشتوون بە دەرەنجامێكی گرنگ: قوربانیانی جەنگەكانی خۆرئاواییەكان لە عێڕاق، لیبیا و سوریا (كە ژمارەیان زۆر زیاترە لە قوربانیانی تیرۆریزمی ئیسلامی لە ئەوروپا) بەگشتیی فەرامۆشكراون و لەبیر دەكرێن.

(*) ئێنزۆ تراڤێرسۆ بیرمەندێكی ماركسیستیی ئیتاڵییە و بەزمانەكانی فەڕەنسیی، ئیتاڵیی و ئینگلیزیی و ئەڵمانیی دەنووسێت، تا ئێستا هیچ كارێكی نەكراوە بەكوردیی، من كتێبێكیم كردووە بەكوردیی بەم زووانە چاپ دەبێت: “بۆهیمیا، مەنفا و شۆڕش: چەند تێبینییەك دەربارەى ماركس، ترۆتسكی و بنیامین” لە ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام.

Leave a Reply

ئەدرەسی ئیمایلەکەت بڵاو نابێتەوە... مەرجە ئەو بەشانەی ئەستێرەی لەسەر پڕبکرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەتان *

*