سۆسیالیزم و خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان
جێس سپەیر
و. پێشڕەو محەمەد
بزووتنەوەى هەنوكەیی ژنان، لەسەر شانی ژنانێكی بێ ئەژمار ڕاوەستاوە كە دژی ستەم، لە هەموو فۆرمەكانیدا، خەباتیان كرد و گەیشتن بە ڕیفۆرمگەلێكی سەرەكیش. لە بزووتنەوەى لەباربردنەوە بیگرە تا دەگاتە بزووتنەوەى كرێكاریی و مافە مەدەنییەكان، ژنان لەڕیزی یەكەمی خەباتدا بوون بۆ مافەكانی تەواوی خەڵكی ستەملێكراو. ئەمە “ڕۆزا پاركۆس” و (ژنانی دیكەى ڕەشپێستی پێش ئەو) بوو كە لە پاسە جیاكراوەكانی مۆنت گۆمری (ویلایەتی ئالاباما) كورسییەكەى خۆى نەدا بە پیاوێكی سپی پێست و هەر ئەمە تیشكەكانی بزووتنەوەى مافە مەدەنییەكانی ڕۆشن كردەوە. ئەمە “دایكە جۆنز” بوو دژی كاری منداڵان لە سەرەتاكانی سەدەى بیستەمدا جەنگی ڕاگەیاند و بووە هۆى ئەوەى چاوانی نەتەوەیەك بەڕووی ئەم بابەتەدا بكرێتەوە. لەگەڵ بوونی نەریتێكی لەم جۆرە دایە كە ژنانی ئەمڕۆ، ڕابەرایەتیی ڕەوتی خەبات بۆ لانیكەمی كرێی 15 دۆلار لە سەعاتێكدا دەكەن.
“مارتینا فلیپس” و “كارۆلین دورۆشەر” دوو لەیەكەم كرێكارانی فاست فود بوون لە شوێنی كاری خۆیان لە سیاتڵ چوونە دەرەوە و دەستیان بە مانگرتن كرد. “كشما سوانت” دوای سەركەوتنی لە كورسی شورای شاردا، كەمپینی ناسراو بە “15 Now”ی بۆ پشتیوانیكردن لە لانیكەمی كرێی 15 دۆلاری لە سەعاتدا، بەگەڕخست. هەموو ئەمانە تیشكەكانی بزووتنەوەیەكی ڕۆشن كردەوە كە شاهیدی ئەوە بوو سیاتڵ دەبێتە یەكەم شاری گەورەى وڵات كە ڕێك یەك ساڵ دواتر وا لە وڵات دەكات دەنگ لەسەر لانیكەمی كرێی 15 دۆلار بدرێت. ئەم سەركەوتنە لەدوای دەیان شكستی بزووتنەوەى كرێكاریی بەدیهاتووە و دەسەڵاتی ئەكتێكی ڕێكخراو لەدەوری داخوازییەكی شەفاف و ڕۆشن دەردەخات.
بەیاننامەى ئەم دواییانەى فرۆشگای زنجیرەیی “واڵ مارت” لەسەر ئەوەى تا شوباتی 2016 بڕی پێدان بە كرێكاران نابێت لە 10 دۆلار لە سەعاتدا كەمتر بێت – هەڵكشانێك بۆ زیاتر لە 500 هەزار كرێكار لە ئاستی وڵاتدا – نیشانەیەكی دیكەیە لەسەر ئەوەى كرێكاران لەگەڵ چوونە ناو خەباتەوە، دەستكەوتگەلی مەلموس بۆ كۆی دانیشتووانی هێزی كار بەدەستدەهێنن.
نایەكسانیی لە داهاتدا
ئەگەرچی ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕوولە ئەزموونی باشتربوونێكی ئابوورییە، بەڵام قەیران و سستییە [ئابوورییەكە] زۆر قوڵە. زۆرێك لە خەڵك هێشتا درێژە بە خەبات دەدەن لەژێر بارێكی قورسی بێكاریی، كارپێدانیی ناكافیی، كرێی نایەكسان یان نزم و تێچوونە ڕوولەزیادەكانی ژیان. ژنان، زۆرینەى كرێكاران بە كرێی كەم و نزمەوە پێكدهێنن؛ ژنان زۆرینەى كرێكارانی بێ بەش و مەحرومن كە 2 دۆلار و 13 سەنت لە سەعاتێكدا، واتا بەڕادەى كەمتر لە لانیكەمی كرێ، وەردەگرن؛ بەم هۆیەوە ژنان بەشێوەیەكی نەگونجاو، كەوتوونەتە ژێركاریگەرییە خراپەكانەوە.
مافەكانی شوێنی كار و دیاریكردنی لانیكەمی كرێی 15 دۆلار لە سەعاتێكدا بۆ كرێكارانێك بە مافگەلی نزمەوە كە زۆرینەیان ژنانن، بە شێوەیەكی بەرچاو كۆمەك بە باشبوونی هەلومەرجی ئابووریی و هێزی كۆمەڵایەتیی ژنان دەكات. ئەگەر گروپەكانی ڕەوتی سەرەكیی مافی ژنان و یەكێتییە كرێكارییە گەورەكان خەبات بۆ 15 دۆلاریان دەبەستەوە بە خەباتێكی فراوانتر دژی چەوساندنەوەى ڕەگەزیی و سێكسیزم، ئەوسا هەردوو خەباتەكە بەیەكەوە بەهێز دەبوو. خەبات بۆ 15 دۆلار، بریتییە لە یەكێتیی نێوان ژنان و پیاوانی كرێكار ئەوانەى كرێی نزمیان هەیە كە خاوەن یەك دوژمنی هاوبەشن: كۆمپانیا زەبەلاحەكان. ئەم یەكێتییە دەتوانێت هەنگاوێكی گەورە بێت بەرەو زاڵبوون بەسەر ئەو درز و بۆشاییانەى سەرمایەداریی بەسەر ئێمەیدا دەسەپێنێت.
لەناوبردنی سێكسیزم و توندوتیژیی دژی ژنان
نایەكسانییەكانی نێوان پیاوان و ژنان و توندوتیژیی دژی ژنان، لەم ئایدیا بەقوڵی كۆن و بەسەرچووەوە سەرچاوە دەگرێت كە ژنان، موڵكی پیاوانن، بۆ ڕازیكردن و تێركردنی پێداویستییەكانی پیاوان بوونیان هەیە و دەبێت وابەستەى پیاوان و ئەڵقەلەگوێی ئەوان بن. ئەم ئایدیایانە لە ڕۆڵی ژنان لە میراتی بەرهەمهێنانەوە و خاوەندارێتیی لە كۆمەڵگا چینایەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت. ژیانی سێكسوالیی ژنان، كورت دەكرێتەوە بۆ بەرهەمهێنان و خستنەوەى ئەو منداڵانەى سەروەت و سامان و موڵكی پیاوان بە میراتی دەبەن، و بۆیە ژنان خۆیان وەك موڵكی ئەوان دەبینی.
ستەمی ئابووریی لەسەر ژنان، خۆی بریتییە لەم توندوتیژییە سیستەماتیكە. هۆكاری یەكەمی ئەوەى ژنان هێشتا لەگەڵ هاوبەشانی شەڕانگێزی خۆیان دەمێننەوە، ئەوەیە كە هاوبەشەكانیان كۆنتڕۆڵی دەستگەیشتنی ئەو ژنانەیان بۆ پارە كردووە و بەمجۆرە توانایی ئابووریی بۆ ڕاكردن لەم پەیوەندییانە بۆ ئەوان ناهێڵنەوە.
لە زانكۆوە بیگرە تا سوپا و شوێنەكانی یاریزانانی “لیگی نەتەوەیی تۆپی پێ”، سێكسیزم و توندوتیژیی دژی ژنان بریتییە لە ئیپیدم و نەخۆشییەكی سەرتاپاگیر. لە سەرەوەى ئەو توندوتیژییەى دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، شاردنەوە و حەشاردانێكی فراوانی خودی ئەم دامەزراوانە هەیە كە خەریكی ستەمی زیاتر لە قوربانیان و بەرگریكردن لە تێوەگلاوانی ئەم جۆرە هەنگاوانە دەبن؛ واتا كولتووری دژەژن و ستەم كە دەبێت تێكبشكێن.
لەمیانەى ساڵانی دواییدا، نەوەیەكی نوێی ژنان و ناڕازییان بەرانبەر بە سێكسیزم، ڕووی لە خەبات و بەرهەڵستیی بووە. دەستدرێژیی و پەلاماردان لە زانكۆكاندا، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی ئەو ژن و پیاوە لاوانە بووەتەوە كە خوازیاری یاسا و پارێزگاریی توندن لە قوربانیان. بەتایبەت كەمپینی CarryThatWeight# ئیلهامبەخشی ژنان بوو بۆ چوونە پاڵ هاوپشتیی بۆ قوربانییەكی دەستدرێژیی تا كۆمەكی پێبكەن بتوانێت باری ئەم ئەزموونە هەڵبگرێت و ئەم بێ وەڵامییە ئازاردەرەى زانكۆ مەحكوم بكات. لە ساڵی 2011، هەزاران كەس لە سەرتاسەری جیهان بەشدارییان لە “ڕێپێوانی سۆزانیان” (slutwalk) كرد تا تەحەدای مەحكومكردنی قوربانیان بكەن.
مێژوو جارەهای جار پیشانی دەدات بۆ لاوازكردنی ئایدیاكانی سێكسیزم، هیچ شتێك كاریگەرتر نییە لە یەكێتیی ژنان بۆ گێڕانی ڕۆڵێكی كامڵ لە كۆمەڵگا و بەرهەمهێناندا و هەروەها ڕێكخستن و خەباتی دەستەجەمعیی ژنان و پیاوان بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان.
پێش ئەوەى ژنان بەدرێژایی جەنگی دووەمی جیهان بەشێوەیەكی فراوان بڕۆنە ناوەندەكانی كارەوە، چاوەڕوانیی ئەوەیان لێدەكرا منداڵانی خۆیان گەورە بكەن، خۆراك دروست بكەن و پاكوخاوێنیی ماڵەوە ڕابگرن و ئەڵقەلەگوێی هاوبەش و مێردی خۆیان بن. مادام جەنگ پێویستی بە زۆرینەى گەورەى پیاوانەوە هەبوو، زۆرێك لە كارگەكان و ناوەندەكانی كار بەبێ كرێكاری پێویست مایەوە، ژنان بۆ یەكەم جار لەژمارەیەكی زۆر گەورەدا چوونە نێو سوپای هێزی كارەوە. وێڕای ئەوەى جەنگ تەواو بوو، زۆرێك لە ژنان لە شوێنەكانی كار مانەوە، شان بەشانی پیاوان كاریان كرد، دەریانخست یەكسانن و لەتەنیشت پیاوان بۆ هەلومەرجەكان و كار و كرێی باشتر دەستیان بەخەبات كرد. ئەم ئەزموونە كۆمەكی بە لاوازكردنی ئایدیاكانی سێكسیزم و چەوساندنەوەى ڕەگەزیی لە شوێنەكانی كار و كۆمەڵگا بەشێوەیەكی گشتیی كرد و هەم بناغەیەكی بۆ بزووتنەوەى ژنان لە دەیەكانی 60 و 70دا دروست كرد و هەم مۆدێلێكی بۆ چۆنایەتیی بەردەوامیی خەبات بۆ كۆتاییهێنان بە سێكسیزم، دەستدرێژیی و توندوتیژیی دژی ژنان بەرهەمهێنا.
بەدەستهێنانی مافی ڕاستەقینەى هەڵبژاردن
مافی لەباربردن و مافی هەڵبژاردن، شتێكی زیاترە لە تەنها هەلومەرجی یاسایی لەباربردن. ئەو ژنانەى هێشتا توانای زاڵبوون بەسەر بەربەستە زۆر تێچووەكانی وەك سەفەری درێژیان بۆ نزیكترین عەیادە، قۆناغەكانی 72 سەعاتیی چاوەڕوانیی و ڕاوێژكارییە ئیجبارییەكانیان نییە كە هەموویان دەتوانێت چەندین ڕۆژ ئیجازە و پشووی بەدواوە بێت، مەحروم بوونە لە گەیشتن بە تەندروستیی سكپڕیی و حامیلەیی.
سۆسیالیستەكان لایەنگر و بەرگریكاری مافی ڕاستەقینەى هەڵبژاردنن: دەستگەیشتنی هەموو ژنان بە چاودێرییە خۆڕاییەكان و بە چۆنایەتییەكی بەرز بۆ بەرگرتن لە سكپڕی و هەروەها لەباربردنی خۆڕایی و سەلامەت. سۆسیالیستەكان هەروەها خوازیاری دابینكردنی هەموو شتێكن كە ژنان و خێزانەكان بۆ هەڵبژاردنی ژیان پێویستییانە. بەبێ ئاساییشیی ئابووریی، چاودێریی خۆڕایی لە منداڵان، چاودێرییە پزیشكییەكان، دەستگەیشتن بە خۆراكی تەندروست، نیشتەجێبوون و پەروەردەى گونجاو، زۆرێك لە ژنان هەست دەكەن بێ پشتیوانین و توانای چاودێرییە گونجاو و پێویستەكانیان بۆ پەروەردەكردنی منداڵان نییە.
سۆسیالیزم و قەزیەی ژنان
ستەمكردن لە ژن، شتێك نییە كە لە “DNA” مرۆڤدا سەلمێنرابێت. ڕیشە ماتریالییەكانی ئەم دیاردەیە، هەمان كۆمەڵگای چینایەتییە كە تیایدا دەژین و هەمان سیستەمی ئابووریی سەرمایەدارییە كە بۆ مانەوەى خۆى، وابەستەیە بە كۆمەڵگایەكی ئاواوە. هەرجۆرە ستراتیژییەتێك بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافی زیاتر بۆ ژنان و دواجار كۆتاییهێنان بەستەمكردن لەسەر ژنان، بەبێ دەستبردن بۆ ڕیشەكان ناتوانێت سەركەوتنی بەردەوام و پتەو بەدەست بهێنێت.
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دوای لەناوبردنی ڕیشەكان، ئێمە چ شتێك لەجێگای ئەو دەچێنین؟
لەژێر هەیمەنەى سیستەمی سەرمایەداریدا، بڕیارەكان لەسەر بنەماى زۆركردنی قازانجی كەمینەیەكی ناچیز و بێ بایەخ – خاوەن پشكەكان و خاوەن سەرمایەی دارایی – دەدرێن. لەگەڵ لاوازبوونی بەرهەڵستیی چینی كرێكار لەڕێگای جیاكاریی جێندەریی، ڕەگەزیی، ئایینیی و شوناسی سێكسوالیی، كرێكاران ڕازی دەكرێن بەرگەى ئەمجۆرە درزانە بگرن. بە زاڵبوون بەسەر ئەم درزانەدایە كە ئێمە دەتوانین بەشێوەیەكی كاریگەر دەست ببەین بۆ ڕێكخستن و خەبات بۆ سەركەوتنێكی كۆنكرێتیی و مەلموس، لەگەڵ ئەوەى كۆى سیستەمی سەرمایەداریی ڕووبەڕووی تەحەدا بكەینەوە.
لەڕێگای خەباتی دەستەجەمعییەوە بۆ باشتركردنە كۆنكرێتیی(دیار) و بابەتییەكان – لانیكەمی كرێی 15 دۆلار لە سەعاتێكدا، چاودێریی و پەروەردەى خۆڕایی منداڵان، نیشتەجێبوون و كاری شایستە بۆ هەمووان و هتد – ئێمە پەرە بە متمانەبەخۆبوون و ئەم باوەڕە دەدەین كە دەبێت دەسەڵاتی ئابووریی و سیاسیی لە دەستی بەڕێوەبەرانی باڵای كۆمپانیا زەبەلاحەكان وەربگرینەوە و بیخەینە دەستی چینی كرێكارەوە. هەركە دەسەڵات بەدەستی چینی كرێكارەوە بوو، ئەوا دەكرێت كۆمەڵگایەكی سۆسیالیستیی دیموكراتیی دابمەزرێت و بەمجۆرە بڕیارە ئابوورییەكان لەسەر بنەماى دابینكردن و بەرزكردنەوەى پێداویستیی خەڵك و ژینگە و نەك بەگوێرە و بۆ زۆركردنی قازانجی كەمینەیەكی بچووك، دەدرێن.
ڕیشەكانی سێكسیزم و ستەمكردن لە ژنان
بزووتنەوەى ژنان لە دەیەكانی 1960 و 1970، بۆ مافەكانی لەباربردن، كرێی یەكسان بۆ كاری یەكسان، و ڕەفتاری یەكسان لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، لە وەرزشەوە بیگرە تا شوێنی كار، دەستی بە خەبات كرد و سەركەوتنی بەرچاویشی بەدەستهێنا. وێڕای ئەمە، ئەو دەستكەوتانە یەك لەدوای یەك خەریكن وەردەگیرێنەوە، بەتایبەت دەستگەیشتن بە چاودێرییەكانی سكپڕیی بەشێوەیەكی تەندروست و بە نرخی كەم.
هێرشكردنە سەر مافی ژنان، نەوەیەكی نوێی ژنان و پیاوانی لاوی ناچاركردووە ئەم پرسیارە بكەن: بۆچی دەبێت درێژە بەخەبات بۆ هەمان ئەو مافانە بدەین كە دایەگەورەكانمان بەدەستیان هێناوە؟! ئێستا یەك دونیا ژن لە نووسینگەكان، ژنانێكی زۆر لە كارە دیار و بەرچاوەكانی وەك پزیشكیی، ئەندازیارییدا هەن و ژنان بەڕادەیەكی زۆر لەهەموو بوارێكدا كاردەكەن كە بۆ پیاوان هەیە. ئەى باشە بۆچی هێشتا ئایدیا سێكسیستییەكان و دژەژنیی هەر ماوەتەوە؟
ئەم پرسیارانە، زۆرێكی بەو دەرەنجامە گەیاندووە ە كێشەكە برتییە لە باوكسالاریی و ئیمتیازی تایبەتی پیاوان بەرانبەر بە ژنان و لە ئەنجامدا تەنها ڕێگاچارە، بریتییە لە گۆڕینی ئاراستەو ڕەفتاری پیاوان بەرانبەر بە ژنان، ئەویش لەڕێگای پەروەردەوە، تا پیاوان فێرببن كۆتایی بە ئیمتیازاتە تایبەتەكانی خۆیان بهێنن، و لەڕێگای هاندانی ژنان بۆ گێڕانی ڕۆڵ و نەخشەكانی ڕابەرایەتیكردن، ئەگەرچی فێركردنی پیاوان دەربارەى پرسەكانی ژنانان و هاندانی ژنان بۆ گێڕانی ڕۆڵ و نەخشەكانی ڕابەرایەتیكردن هەنگاوگەلی گرنگن بەرەو یەكخستنی پیاوان و ژنان لە خەباتی هاوبەشدا بۆ ڕزگاریی هاوبەش، بەڵام لەڕاستیدا سێكسیزم و باوكسالاریی ناكەنە ئامانجی سەرەكیی خەباتەكەیان. ئەوان پیاوان بە كەمتەرخەم دەبینن – ئەمە خۆى درز دەخاتە ناو كرێكارانەوە – و نەك ئەو هەلومەرجانەى ئایدیاكانی سێكسیزم و توندوتیژیی پیاوانە بەرهەم دەهێنن.
ڕیشەى سێكسیزم و باوكسالاریی چییە و چۆن دەكرێت لەڕێگایەكی كاریگەرترەوە بیخەینە دەرەوەى بناغەكانی كۆمەڵگای مرۆیی و بگەین بە ڕزگاربوونی ژنان؟
نایەكسانیی نێوان پیاو و ژن شتێكی “سروشتیی” نییە كە هەمیشە بوونی هەبووبێت و بوونی دەبێت. زانیارییەكانی ئەنترۆپۆلۆژیا ئەوە دەردەخەن پیاوان و ژنان بەدرێژایی بەشێكی گەورەى مێژووی مرۆڤ – پێش دەركەوتنی شارستانێتیی كە خۆی لەگەڵ دەركەوتنی كشتوكاڵدا سەریهەڵدا – بەگشتیی وەك دوو ڕەگەزی بەرانبەر سەیر دەكران. سەرهەڵدان و پەیدابوونی كۆمەڵگای چینایەتیی و دابەشكردنی كۆمەڵگا لەنێوان ئەو كەسانەى كاریان بۆ گوزەرانی ژیانیان دەكرد – كرێكاران یان چینی كرێكار – و ئەو كەسانەى كۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتیان بەسەر سەرچاوە پێویستەكان بۆ بەرهەمهێنان هەیە و لەسەر بەرهەمی كرێكاران دەژین – لە ڕابردوودا خاوەن كۆیلەكان و ئاغایانی دەرەبەگ و فیودال – هۆكارێك بووە ژنان لەلایەن پیاوانەوە بچەوسێنرێنەوە. بەڵام نەك بەبێ خەبات!
مێژووی شارستانێتیی، مێژووی ئەو پیاو و ژنانەیە كە بۆ خەباتیانكردووە بۆ گەڕاندنەوەى هەموو ئەو شتانەى لەسەردەمی گەشەكردنی كۆمەڵگای چینایەتیدا هەبوون: واتا كۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی تەواو و یەكسان لەسەر زەحیرە و سەرچاوەكان و هێزی دیاریكەر و یەكاڵاكەرەوەى داهاتووی خۆیان. كەواتە كۆتاییهێنان بە ستەمكردن لە ژنان، پەیوەندییەكی پتەوی بە خەبات بۆ كۆتاییهێنان بە كۆمەڵگای چینایەتیی و خەبات بۆ سیستەمێكی ئابووریی كۆنتڕۆڵكراو و بەڕێوەبراوی دیموكراتیی بۆ بەرژەوەندیی كۆى ئەو خەڵكەوە هەیە كە كاردەكەن. ئەمەش ئەو شتەیە لەڕێگای زاڵبوون بەسەر درز و بۆشایی نێوان پیاوان و ژنان بەدیدێت.
هەروەكچۆن “هێلن كیلەر” لە ساڵی 1913دا لە خەبات بۆ مافی دەنگدانی ژنان گوتی:
“وڵات بۆ دەوڵەمەندان، بۆ كۆمپانیاكان، خاوەن بانكەكان، بۆرسبازانی موڵك و ماڵەكان و چەوسێنەرانی كار بەڕێوە دەبرێت. بێگومان پێش ئەوەى بتوانین ژنان ڕزگار بكەین، ئێمە دەبێت ژنان و پیاوان بەیەكەوە ڕزگار بكەین. زۆرینەى مرۆڤایەتیی، كرێكارن. مادام خواست بۆ مافەكانیان – خاوەندارێتیی و كۆنتڕۆڵی ژیان و بژێویان – بە سووك سەیر بكرێت، ئێمە نەدەتوانین مافی پیاوانمان هەبێت و نە مافی ژنان”.
بۆ چوونە نێو خەباتێكی گاریكەر لەپێناوی كۆمەڵگایەكدا كە لەبەرژەوەندیی 99%دا بێت، لەو كۆمەڵگایەدا كە ژنان دەگەن بە كرێی یەكسان لەبەرانبەر كاری یەكسان، چاودێرییە خۆڕاییەكانی منداڵان، پەروەردەى خۆڕایی و دەستگەیشتنی ئازاد و یەكسان بە چاودێرییە پزیشكییەكانی سكپڕیی، ئەوا زەروورییە زۆرترین یەكێتیی لەنێوان هەموو ئەوكەسانەدا واتا چینی كرێكار بەدیبهێنین كە لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە دەچەوسێنرێنەوە.
یەكێك لە گەورەترین بەربەستەكان لەبەرانبەر ئەم خەباتە هاوبەشەدا، مانەوەى پتەوی ئایدیا سێكیستییەكانە دەربارەى پیاوان، ئەم ئایدیایانە لەم ڕووەوە بەهێز دەكرێن كە سیستەمی هەنوكەیی وردەنانێكی زیاتر بە پیاوان دەدات كە هی ژنان كەمترە لەو وردەنانە. ژنان و پیاوان پێویستیان بە خەباتێكی هەمیشەیی دژی سێكسیزم لەهەموو فۆرمەكانیدا هەیە. كاریگەرترین ڕێگا و میتۆد بۆ زاڵبوون بەسەر پێشبڕیارەكان و جیاكاریی، بریتییە لە خەباتی یەكگرتووانە.