جەستەی ئایدیاڵ و پێرفێکت لە سیستەمی سەرمایەداریدا
ئێزا ئال ماسری
وەرگێڕانی /هێمن خاليد
بەشێک لە وتارەکەیە نەک تەواوی وتارەکە.
دەخوازم قەشەنگ بم، جوانپۆش بم، باریک و لاوازبم ، وەک ئەو کچانەی لە گۆڤارەکان دەیان بینم، وەک کچانی ناو ڕۆمانە پۆپیولارەکان، وەک ئەوانەی ناو تیڤی و ڕیکلامەکان. ئەرێ ئەوان دڵڕفێن و سەرنجڕاکێش نین؟ چۆن فیگەر و شێوەیان بەو جۆرە دەهێڵنەوە؟ ئەوان ئایدیاڵ و مۆدێلی منن. ئا بەم جۆرەیە بێشومار ژنان و تەنانەت کچانی تەمەن یازدە ساڵیش خەون و ئارەزوویانە وایان لێبێت. دەیانەوێت بەهەرنرخێک بێت، فیگەری ئەو ژنە نەناسراوانە لەخۆیاندا بەرجەستەکەن و هاوشێوەی ئەو ژنە فابریک و ساختانە ببنە بابەتی ئارەزووی پیاوان. چۆن پێیان بڵێین کە تەنانەت ئەو ژنانەی لەسەر کەڤەری گۆڤار و ناو ڕیکلامی تیڤیەکاندا دەردەکەون، واقیعی و ڕاستەقینە نین. ئەوان بە دروشم و بیرۆکەی هاندەر بۆ کڕینی زیاتر و زیاتری کاڵاکان، بەنج دەکرێن تا خۆیان لەو ژنە ماشێن و ڕۆبۆتیانەی سەر شاشەی تیڤیەکان و بەرگی گۆڤارە بریقەدارەکاندا، بتوێننەوە. لەبەرئەمە، تا چ مەودایەک هەبوونی سایزی جەستەی پێرفێکت و کامڵ، هەڵبژاردە و خواستی ژنانە؟ ئایا واقیعەن ژنان دەیانەوێت خاوەنی جەستەیەکی پێرفێکت و ئایدیاڵ بن یاخود ئەمە سەرمایەداریە ئەوەی دەوێت؟ لەڕاستیدا سەرمایەداری بە یارمەتی کلتوری مەسرەفگەرایی و ئەدەب و ڕیکڵامکردن و لەڕێگای دروشمەکانی بەرهەمی مارکێت و بەرهەمهێنانەوەی وێنا کاڵایەکان، خورافەی جوانی پێرفێکشن بەژنان دەفرۆشێتەوە. مارکس و ئەنگڵس ئایدۆلۆژیا وەک ئاگایەکی ساختەی جێبەجێکراو بەسەر خەڵکدا کە شەرعیەت بە چەوسانەوەکەیان دەبەخشێت، پێناسەدەکەن. واتا وزەیەکی هەڵە و ساختەیان تێدا ناونشین دەکات و لەهەمان کاتیشدا هێز دەبەخشێتەوە ئایدیای حاکم. ئەمە لە کتێببەکەی نەوامی ۆڵف ( ئوستورەی جوانی : چۆن وێناکانی جوانی دژ بە ژنان بەکاردەهێنرێن ) دووبارە ئاماژەی پێکراوەتەوە. لەڕاستیدا ۆڵف بەباکارهێنانی بۆچوون و ڕێبازی مارکسیستی و فۆکۆیانە قسە لە ئایدیای جوانی دەکات؛ وەک پەرچەکردارێکی توندوتیژی نێرانە دژ بە بزوتنەوەی فێمێنیزمی کە گەرەنتی ئازادی سیاسی و وەچەخستنەوەی بۆ ژنان کردووە. ئەم ئوستورەی جوانیە لەڕێگای کلتوری مەسرەفکردن و ماس میدیاوە بەهێزکراوەتەوە و ئامرازێکی هاوچەرخە کە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە ژنانی خستۆتە ناو داوی بازنەیەکی نەفرین لە ترس و هەست بە تاوان کردن و شکست. سەرمایەداری سیستەمێکی ئابوری و سیاسیە کە قازانج گرنگترین و تاکە ئامانجیەتی. ئامرازەکانی بەدەستهێنانی ئەم قازانجە ڕوون و پوختن ؛باوەڕ بەخەڵک بێنە ئەوشتەیان دەوێت کە دەفرۆشرێت. سەرمایەداری _ بەتایبەتیش سەرمایەداری ئەمریکی _ لەو جیهان بینیە تاک لایەنەوە حوکم دەکات و بریتیە لە دۆگمای نوخبە و دەوڵەمەند و پاسەوانەکانی، هەروەها ئازار و مەینەتی ئەو چینە بەدبەختانەیە کە لە ئیمتیازاتەکانی ئەم ئایدۆلۆژیایە مەحومکراون. بەمانایەکی تر ئایدۆلۆژیای باڵادەست ئایدۆلۆژیای چینی حاکمە، کە مارکس و ئەنگڵس لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە (ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی) دەیخەنەڕوو. ئەم تیۆرە، کە دەکرێ بەسەر کۆمەڵگای ئەمڕۆشدا جێبەجێ بکرێت، ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئایدیاکانی مەسرەفکردن و ئامانج و ئارەزووەکانی چینی سەرو وەک جۆرێک لە ئاگایی لەلایەن چینی حاکمەوە لەناو جەماوەردا ناونشین کراون تا دەسەڵاتێکی نادیاریان بەسەر جوڵانەوە و بەکاربردنیان لە کۆمەڵگادا پێببەخشێت. مارکس و ئەنگڵس بەهۆی دەرخستنی پەیوەندی وابەستەیی نێوان دەسەڵات و چینی ئابوری، هەرچۆنێک بێت خاڵێکی دەستنیشانکەر سەبارەت بە هەلومەرجی کۆمەڵگا خۆرئاوایەکانی سەرەتای سەرمایەداری پێشکەش دەکەن کە لەڕێگای گڵۆبالیزەیشن و بەشێوەیەکی سەرەکیش لەڕێگای بەکارهێنانی ماس میدیاوە، پڕوپاگەندە بڵاودەکەنەوە. بەمانایەکی تر ئەم بیرمەندانە، وەک جۆرێک لە ئایدۆلۆژیا کە لەلایەن چینی باڵادەستەوە لەگەڵ سایک و ڕۆحی چینی خواروودا جێگیردەکرێت و دەستبەجێ لەلایەن خەڵکەوە وەک ڕێککەوتنێکی یونیڤێرساڵی و دیدگایەکی ماقووڵ وەردەگیرێت، قسەی لەبارەوە دەکەن. واتا هەتاوەکو خەڵک زیاتر لایەنگر و پشتیوانی ئەم ئایدۆلۆژیانەی سەرمایەداران بکات کە خاوەنی سەرچاوە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن، زیاتر ملکەچی چەوسانەوە دەبن. بەو مانایە، دەتوانین ئەنالیزەکەی ۆڵف لە ئوستورەی جوانی بە ئایدیاکەی فۆکۆ سەبارەت بە جەستە و ملکەچی لە ڕێگای دەسەڵاتە لۆژیکی و بزێوەکان، ببەستینەوە. ئایدیای جوانی بریتیە لە دۆگمایەکی سیاسیانە کە لەڕێگای مەسرەفگەرایی و ماس میدیاوە خزمەت بە جێبەجێکردن و بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی نێرینە دەکات. هاوشێوەی ئایدیای مارکس و ئەنگڵس سەبارەت بە ئاگایی ساختە، فۆکۆش لە ( دیسپلین و سزا ) قسە لەبارەی دیسپلینێک دەکات کە زۆر جیاوازە لە بەکارهێنانی توندوتیژی یاخود هێز بەمەبەستی ملکەچکردنی جەستە، بەڵکو بریتیە لە پرۆسەیەک لەخودی خۆیدا لەڕێگای دەسەڵاتە لۆژیکی و بزێوە فۆرمولەکراوەکان کۆنترۆڵی جوڵەکانی جەستە دەکات و جەستە خۆیشی بەهۆی پێگە فەرمی و ئۆتۆریتەوەکانەوە تەحریک کراوە و لەناو دامەزراوە گشتیەکانی وەکو پەروەردە و سوپا و ماس میدیاوە بەرهەم دەهێنرێتەوە. بەمەش فۆکۆ تەرکیز دەخاتە سەر جەستەی کۆمەڵایەتی و ئەو پەیوەندیانەی دەسەڵات کە تەحەکومی بەسەردا دەکات. ئەگەر لە ڕابردوودا” ژیانی نایاب و چێژبەخش ” بە گوزەران کردن و ژیانکردن بناسرێتەوە، ئەوا لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوەوە گۆڕاوە بۆ مەسرەفکردن. لەگەڵ داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت جیهان لەبەردەم دەسەڵاتی داگیرکاری و ئیمپراتۆری ئەمریکی بەچۆکدا هاتووە. پەرەسەندی خێرای ماس میدیای ئەمریکی و ” شێوازی ژیانی ئەمریکیانە” بۆ پەخشکردنەوەی پەیامگەلی بەهێز و نۆرم و بەها و سیستەمگەلێکی باوەڕی، بەتایبەتیش ” ژیانی نایاب و چێژبەخش ” و مەسرەف کردن، تەرخانکراوە. ژنانی ووڵاتانی تر پێش دزەکردنی کلتوری ئەمریکی، بە تەوژمی جەستەی مێینەی خۆرئاوایی کاریگەرنەبوون و هەڵگری ئایدیاڵەکانی باریکی و خۆبرسیکردن و مەسرەفگەرایی نەبوون. ئیمپریالیزمی ئەمریکی بەهەر ڕێگایەک بێت شتەکانی گۆڕیوە. نەوەیەکی تازەی مەسرەفکەری جیهانی، پارەی زیاتر خەرجدەکەن و هاندراون تا بە ستایڵێگەلێکی دیاریکراوی ژیان رازی بن کە بۆ سیستەمی پاڵپشتی سەرمایەداری ئەمریکی مایەی قازانجە. لەڕاستیدا ئەم سیستەمە هێز بە کۆمەڵێک بەها دەبەخشێت کە دەیکات بەخاوەن ئیمتیاز بەسەر ئەوانی تردا و جەخت دەکاتەوە لەسەر سەرکەوتنی بازرگانی و فوتێکردنی کۆمەڵایەتی و لە هەمووشیان گرنگتر بەرخۆری و کێبڕکێ کە زەرورن بۆ ریالیزەبونەوەی “ژیانی باش” ی ماتریاڵی و ئایدیاڵی ” جەستەی پێرفێکت” کە هەردووکیان دوو ئوستورەن کلتوری مەسرەفگەرایی درێژە پێدەدەن. کلتوری بەرخۆری لەڕێگای هەڵسوکەوتی نەخۆشانەی بەرخۆری و کاڵاپەرستی وەهمی قایلبوون بەرجەستەدەکات. تاکەکان بەو باوەڕە فریودەدات کە پارەی بێشومار و کەڵەکەکردنی شتومەکە مادیەکان خۆشبەختی و ئاسودەیی و ژیانێکی باڵا (هاوسەرگیری دەوڵەمەندانە) دێنێت. لەڕاستیدا، هەندێ جار کلتوری بەکاربەر ئەم ئایدیاڵەی “ژیانی چێژبەخش و باش” لەناو کایەی گشتی و تایبەتی دەخاتەپاڵ ئەم قایلبوونە و گەرەنتی بۆ خۆشبەختی و پەیوەندی پتەو دەکات. تاکە ڕێگاش بۆ ئەنجامدانی ئەمە بریتیە لە بازاڕ_ بازاڕکردنی بەردەوام. واتا كڕینی ئەو کەلوپەلە ماتریاڵیانەی کە لەلایەن مۆدێڵە ئایدیاڵیزەکراوەکانەوە ڕیکلامیان بۆ دەکرێت هەرتەنها واتلێناکەن دڵڕفێن و کەشخە دەرکەویت بەڵکو خۆت لە ستایڵی ژیانی ئەوانیشدا تواندۆتەوە. بیرۆکەی نموونەیی (ئایدیاڵیزەکراو) جەستەی پێرفێکت بانگەشەی وێنایەکی دیاریکراوی بێئەندازە باریکی (ultra thinness ) دەکات کە لەلایەن نوخبەوە قبوڵکراوە و خەڵکی (ئاسایی و عەوام ) بەدوایدا وێڵن. ئەگەر شوێن تێڕوانینی مارکس بکەوین سەبارەت بە ئایدۆلۆژیا وەک ئاگاییەکی ساختە، ئەوا ئەم ئوستورە ئایدیالیزەکراوانەی ” جەستەی پێرفێک ” و ” ژیانی نایاب و چێژبەخش” ئایدیای چینی حاکمن واتا جەمعیەی سەرمایەدار و نوخبەکان. ئایدیا باڵادەستەکان کە وەکو عەقڵی باو (common sense ) خۆیان دەشارنەوە بریتین لە تاکتیک و تەڵەیەکی چەوساندنەوە و کۆنترۆڵکردن کە لەگەڵ فۆکۆدا بەهۆی کۆنتڕۆڵی جەستەی کۆمەڵایەتی درکی ئەمە دەکەین. لەبەرئەوە ئەگەر بێئەندازە باریکی بەتایبەتی لەلایەن ژنانەوە جێگای ئاوات و ئارەزوو بێت ئەوەلەبەرئەوەیە کە مۆدێڵە بەنموونەیی کراوەکانی وەکو بیۆنسێ و کیم کارداشیان ئەم بەها پێوانەیانە پێشدەخەن. ئێمە لە کۆمەڵگایەکی بێئەندازە بەمیدیاکراودا دەژین، کۆمەڵگایەک تێیدا نوخبەیەک دەکات بەخاوەن ئیمتیاز بەسەر ژنان و پیاوانی بێئاگا و لەبەرامبەردا سیستەمگەلێکی بەها و باوەڕیان تێدا ناواخن دەکاتەوە وەک هەوڵێک بۆ بوون بە کەسێکی سەرکەوتو و کاریگەر بەوێنەی مۆدێڵەکانیان ” لەبەرئەوەی ئەو مۆدێڵانە تەعریفی پێوەری خۆشبەختی و سەرکەوتن و جوانی، دەکەن” . کلتوری مەسرەفگەرای کاریگەری هەیە لەسەر تێڕوانینی جەستەی ئایدیاڵیزەکراو، لەبەرامبەردا تەسوری ئایدیاڵیزەکراوی ” ژیانی خۆش و چێژبەخش ” کە ژن تێیدا ئەو پیاوە پلەباڵایە دەدۆزێتەوە و ژیانێکی ئاسودە لەڕێگای کڕینی ئەو کەلوپەلانەی کە دەیگەیەنن بەو ئامانجە، بەسەردەبات. لەئەنجامدا شێوازی ژیانی ماددیانە بەمەبەستی بەدەستهێنانی وێنەیەکی ئایدیاڵی، ژنانی بەرەو پێچاوپێچێکی خولیای بازاڕکردن و ناڕەزایبوونی بەردەوامی جەستە و ڕێگا مومکینە مەترسیدارەکان، بردووە . بەئاگا هێنانەوەی ژنان زەروریەتێکە: ژنان پێویستە ببن بە بکەری پەروەردەی میدیایی تا شفرەی ئەو مەسجە هێمایانە هەڵوەشێننەوە کە بڵاوکەرەوە و ڕیکلامەکان لەڕێگای ڕیکلامکردن و نمایشی کاڵاکانیان پەرەی پێدەدەن. بە ئەنجامدانی ئەمەش لەوانەیە بزوتنەوەیەکی نوێی فێمێنیستی وادەرکەوێتە مەیدان کە بۆئەبەد ژیان لە جەستەی ئایدیاڵ و نموونەیی ڕزگار بکات: ژنانی جیهان یەکگرن.